ناوهڕۆك
گریان
شاعیر: کامەران موکری
بەرهەم: ئاوات و ڕەنج
هۆنراوە: گریان
چاوت کە فرمێسکی تێ زا
تیشکی ڕووت تیا شکایەوە
وەکو گوڵێ لە پایزا
ئارامم تیایا توایەوە
***
وەک دڵۆپی بارانی خەم
بۆ ناو دەریای چاوت تکام
نزیک برژانگ ئەی چاوەکەم
لەناو شەپۆلا ئەگریام
***
پشکۆی ئاگر، شووشەی شکاو
هەستی منیان گرتە باوش
تا ئەو شوێنەی بڕ ئەکا چاو
دوای تاوێک ڕەنگ کرا بە ڕەش
***
نەختێکی مابوو بخنکێم
بەڵام کەشتیی زەردەخەنە
کەوتە فریام و گەیشت پێم
هاتم تا ئەو بەرگەردنە
***
ماچم کرد لاملت ئازیز
وتت ناگریم هاوڕێی ژیان
وتم من نەمدیوە هەرگیز
کارتم وا تێ بکا گریان
سەرچاوەکان
416 بینین