بایەرن میونخ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-23-01:50:00 - کۆدی بابەت: 8756
بایەرن میونخ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یانەی تۆپی پێی بایەرن میونخ (بە ئینگلیزی: FC Bayern Munich, بە عەرەبی: بایرن میونخ). ناوی کورتکراوەکەی (بایەرن)ـە، یانەیەکی تۆپی پێی ئەڵمانییە لە خولی ژمارە یەکی ئەڵمانی بۆندسلیگا یاری دەکات و لە شاری میونخی ئەڵمانیا دامەزراوە، ناوێکی تر بۆ یانەکە باڤاریەکانە و یانەی بایەرن میونخ سەرکەوتووترین یانەی ئەڵمانییە لە مێژوودا. ناوی یاریگای یانەکە (ئالیانز ئارینا)ـیە و جێگەی ٧٥،٠٠٠ هاندەری تێدا دەبێتەوە، جلوبەرگی سەرەکی یانەکە سوورە و بە یانە سوورەکەی ئەڵمانیا ناسراوە.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوی یانە یانەی تۆپی پێی بایەرن میونخ
ناوی تر بۆ یانەکە ئەستێرەکەی باشوور، باڤارییەکان و یانەی تۆپی پێی هۆڵیوود
ناوی کورتکراوە بایەرن، ئێف سی بی FCB
بەرواری دامەزراندن ٢٧\٢\١٩٠٠
یاریگا ئالیانز ئارینا
جێگەی هاندەر ٧٥٠٠٠
سەرۆکی یانە هاربەرت هاینەر
بەڕێوەبەری یانە ئۆلیڤەر کان
ڕاهێنەر جولیان ناگێلسمانن
خول خولی ژمارە یەکی ئەڵمانیا بۆندس لیگا 

مێژوو

ساڵی ١٩٠٠ - ١٩٦٥

یانەی بایەرن میونخ لەلایەن ئەندامانی یانەی وەرزشوانی ئێم تی ڤی MTV لە ساڵی ١٩٠٠ دامەزراوە. کاتێک ئەو ئەندامانەی یاریزانی تۆپی پێ بوون ئاگادار کرانەوە ناتوانن لە یاری تیمە نێودەوڵەتییەکەیان بەژدار بن بەهۆی ئەوەی کە یاریزانی یانەیەکی فەرمی نین بڕیاریاندا یانەی بایەرن میونخ دابمەزرێنن. دوای چەند مانگێک یانەکە سەرکەوتنێکی ئێجگار زۆری بەدەست هێنا، توانی بگاتە یاری پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیای باشوور و چەندین نازناوی ناوخۆیی بەدەستهێنا، لە ساڵی ١٩١٠ بایەرن بەژداری خوولی باڤاری کرد و هەر یەکەم ساڵ لە خوولەکەدا نازناوەکەی بەدەستهێنا، بەڵام پاش ئەوەی نەیتوانی نازناوەکە بەدەستبهێنێت تاکوو سەرەتاکانی جەنگی جیهانیی یەکەم، جەنگەکە کاریگەری تەواوەتی لەسەر یانەکە و لەسەر تۆپی پێ بە گشتی هەبوو، لە ساڵی ١٩٢٠ یانەکە لە ٧٠٠ ئەندام پێکهاتبوو کە زۆرترین ژمارەی ئەندام بوو لەسەر ئاستی ئەڵمانیای باشوور. پاش جەنگی جیهانیی یەکەم بایەرن دووبارە چەندین نازناوی لاوەکی بردەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٢٦ توانی یەکەم نازناوی جامی ئەڵمانیای باشوور بەدەستبهێنێت. دوای ئەوەی یانەکە بە سەرکردایەتی ڕاهێنەر ڕیچارد کۆهن توانی بگاتە خوولی ژمارە یەکی ئەڵمانیا، لە ساڵی ١٩٣٢ توانی یەکەم نازناوی خوولی ژمارە یەکی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت.
کاتێک ئەدۆڵف هیتلەر دەسەڵاتی گرتە دەست شێواوییەکی زۆر لەناو یانەکە و بە گشتی لە هەموو ئەڵمانیا ڕوویدا، بەهۆی ئەوەی کە ئەدۆڵف هیتلەر ڕێگەی بە جوولەکە نەدەدا لە ئەڵمانیادا، بەڕێوەبەر و ڕاهێنەری یانەکە وڵاتەکەیان جێهێشت. پاشان یاسایەک دروستبوو کە چیتر نابێت یاریزانی تازە پێگەیشتوو لە یانە فەرمییەکاندا بوونیان هەبێت و بەژداری یارییە فەرمیەکان بکەن، یانەی بایەرن میونخ چەندین یاریزانی خۆی لەدەست دا و بەم هۆیانەشەوە ئاستی زۆر دابەزی.
پاش جەنگی جیهانیی دووەم و لە ساڵی ١٩٤٥ ئەڵمانیا بۆ ٥ پارچە دابەش بوو، یانەی بایەرن دووبارە پەیوەندی کردەوە بو خوولی باشووری ئەڵمانیا. یانەکە لە ساڵی ١٩٤٥ تا ١٩٦٣، نزیکەی ١٣ ڕاهێنەری گۆڕی. پاش هەموو ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر یانەکەدا هات، توانییان لە ساڵی ١٩٥٥ بگەڕێنەوە خوولی ژمارە یەکی ئەڵمانیا و بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا توانییان نازناوی تسچامەر پۆکاڵ بەدەست بهێنن. 
پاشان لە ساڵی ١٩٦٣ خوولی ئەڵمانی بۆندسلیگا دامەزرێنرا و تەنها ٥ یانەی باشووریان قبووڵ دەکرد، قبووڵکردنەکەش بەپێی ئاستی یانەکە بوو لە ١٢ ساڵی پێشوودا واتە ئاستی یانەکە لە ساڵی ١٩٥٠-١٩٦٢. یانەی بایەرن میونخ لە ڕیزبەندی شەشەمدا لە پاڵەوانێتییەکەدا قبووڵ نەکرا بەڵام پاش ئەوەی زلاتکۆ چاجکۆڤسکی وەکوو ڕاهێنەری یانەکە دامەزرا، توانی ئاستی یانەکە بەرز بکاتەوە و پاشان لە ساڵی ١٩٦٥ بایەرن میونخ وەکوو یانەیەکی پاڵەوانێتی خوولی بۆندسلیگا قبووڵکرا.

ساڵی ١٩٦٥ - ١٩٧٩

لە یەکەم وەرزی یانەکە لە بۆندسلیگادا بایەرن میونخ لە ڕیزبەندی سێیەمدا هات و خوولی پۆکاڵییان بردەوە کە ئەمەش وایکرد بتوانن بەژداری جامی ئەورووپای وەرزی داهاتوو بکەن، لە یاری کۆتایی جامی ئەورووپا توانییان بەرامبەر یانەی سکۆتلەندی ڕەینجەرس یارییەکە ببەنەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا نازناوی جامی ئەورووپا بەدەستبهێنن. پاشان لە ساڵی ١٩٦٩ بە سەرکردایەتی ڕاهێنەر برانکۆ زێبێک توانییان هەردوو خوولی پۆکاڵ و بۆندسلیگا بەدەستبهێنن، یەکەم جاربوو لە مێژووی یانەکەدا هەردوو نازناوە گرنگە ئەڵمانییەکە بەدەست بهێنن. یانەکە لە ساڵی ١٩٧٢، ١٩٧٣، ١٩٧٤ نازناوی بۆندسلیگای بەدەست هێنا و لە ساڵی ١٩٧٤ لە یاری کۆتایی جامی ئەورووپا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی توانی ٤ گۆڵ تۆماربکات و ببێتە براوەی جامی ئەورووپا بۆ ساڵی ١٩٧٤.

پاشان لە ساڵی ١٩٧٥ لە یاری کۆتایی جامی ئەورووپادا ڕووبەڕووی یانەی ئینگلیزی لییدس یونایتد بوونەوە و توانییان بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ دووبارە جامی ئەورووپا بەدەستبهێنن، بەهەمان شێوە لە ساڵی ١٩٧٦ دووبارە بایەرن میونخ جامی ئەورووپای بردەوە و بوو بە سێیەم یانە لە مێژوودا کە سێ جار بەدوای یەکدا جامی ئەورووپا بەدەستبهێنێت.

ساڵی ١٩٧٩ - ٢٠٠٧

سەرەڕای ئەو کێشە داراییانەی یانەکە تووشی بوو لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو توانییان ئاستێکی ئێجگار زۆر بەرز پێشکەش بکەن بە بردنەوەی خوولی ژمارە یەکی ئەڵمانی بۆندسلیگا لە ساڵی ١٩٨٠ و ١٩٨١ پاشان بە سەرکردایەتی ڕاهێنەر ئودۆ لاتێک توانییان لە ٦ ساڵدا ٥ جار خوولی ژمارەی یەکی ئەڵمانی بۆندسلیگا بەدەست بهێنن. پاش ئاستی نزمی یانەکە لە ساڵی ١٩٨٧ - ١٩٩٥ لە ساڵی ١٩٩٥ فرانک بێکنباوەر بوو بە ڕاهێنەری یانەکە و توانی یانەکەی سەربخات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی یو ئی ئێف ئەی UEFA و پاشان لە ساڵی ١٩٩٧ توانی نازناوی بۆندسلیگا بەدەستبهێنێت.
پاشان لە ساڵی ١٩٩٩ بایەرن توانی بگاتە یاری کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنس لیگ) و بە ئەنجامی ١-٢ بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی یاریەکەی دۆڕاند، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠ بایەرن بۆ سێیەم جار لە مێژووی یانەکەدا توانی نازناوی هەردوو جامە گرنگەکەی ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت. لە ساڵی ٢٠٠١ توانی بگاتە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و بەرامبەر یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی بە لێدانی سزا یاریەکەیان بردەوە و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایان بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠٠٥ فێلیکس ماگاث بوو بە ڕاهێنەری یانەکە و توانی هەردوو نازناوی خولی ژمارە یەکی ئەڵمانیا بۆندسلیگا و پۆکاڵ بباتەوە، پاشان هەر لە هەمان ساڵدا یاریگای بایەرن گواسترایەوە بۆ ئالیانز ئارینا. لە ساڵی ٢٠٠٧ یانەکە ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد و ماگاث لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی دوورخرایەوە و هیتزفێڵد هاتە جێی بەڵام ئاستی یانەکە وەکوو خۆی مایەوە.

ساڵی ٢٠٠٨ - ٢٠٢٢

لە ساڵی ٢٠٠٨ یانەی بایەرن میونخ گۆڕانکارییەکی زۆری لە یاریزانەکاندا کرد. لەو یاریزانانەی گرێبەستییان لەگەڵ کردن (فراک ڕیبێری، کلۆزە و لوکا تۆنی)، یانەکە توانی بۆ ئەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و بۆندسلیگا و پۆکاڵ بباتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ گۆڵپارێزی یانەکە ئۆلیڤەر کان وازی لە یاریکردن هێنا و یانەکە گۆڵپارێزێکی ئاست بەرزییان نەبوو ئەمەش وایکرد لەو وەرزەدا لەسەر ئاستی بۆندسلیگا و خولی یانە پاڵەوانەکان ئاستێکی نزم پێشکەش بکەن پاش ئەوەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی خوولەکەدا توانی ٤ گۆڵ بەرامبەر یانەکە تۆماربکات و لە پاڵەوانێتییەکە دووریبخاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٠ یانەکە گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی هۆڵەندی ڕۆبن و ڕاهێنەری هۆڵەندی لویس ڤان خال بەست، ڕۆبن و ڕیبێری لەگەڵ شێوازی یاریکردنی یانەکە دەگوونجان بە جووڵەی خێرا لە باڵی یاریگاکەوە و پاشان گۆڵ دروستکردن بۆ سەرەڕم. لە ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ توانییان جێگرەوەی ئۆلیڤەر کان بگرنەوە بە گۆڵپارێز مانوێل نۆیەر و ئاستێکی تاڕادەیەک باشیان پێشکەش کرد بەڵام یانەی ڕکابەریان برووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی توانی بۆندسلیگا و پۆکاڵ بەدەستبهێنێت. بەڵام سەرنجی یانەکە لەسەر خوولی یانە پاڵەوانەکان بوو، لە یاری کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکان یانەی بایەرن میونخ لە جێمی دووەم بە گۆڵیکی تۆماس مۆلەر پێشکەوت بەڵام لە لێدانێکی سووچەوە یاریزانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی دیدیەی درۆگبا بە لێدانێکی سەر ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە و بە لێدانی یەکلای کەرەوە چێڵسی توانی نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ ساڵی ٢٠١٢ بەدەست بهێنێت. پاشان لە ساڵی ٢٠١٣ پێپ گواردیۆلا بوو بە ڕاهێنەری یانە باڤارییەکە و تیاگۆ ئەلکەنتارای لە یانەی بەرشەلۆنەوە گواستەوە بۆ بایەرن میونخ. بایەرن نازناوی بۆندسلیگا و پۆکاڵی بەدەستهێنا بۆ دەیەم جار لە مێژووی یانەکەدا. لە ساڵی ٢٠١٤ سەرۆکی یانە ئولی هۆنێب بەهۆی نەدانی باجەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە و سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی ٣ ساڵ بەسەردا سەپێنرا و جێگرەکەی کارل هۆپفنەر بوو بە سەرۆکی یانەکە، هەر لە هەمان ساڵدا یانەکە گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی سەرەڕم ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی بەست و لە ساڵی ٢٠١٦ هەردوو نازناوەکەی ئەڵمانیایان بەدەست هێنا. دوای ڕۆشتنی پێپ گواردیۆلا یانەکە گرێبەستیان لەگەڵ ڕاهێنەری ئیتاڵی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەست و لە ساڵی ٢٠١٧ پاش ئەوەی ئۆلی دووبارە بووەوە بە سەرۆکی یانە، یانەکە گۆڕانکارییەکی زۆریان کرد لەڕووی یاریزانەوە، گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانان (کینگسلی کۆمان، سێرج گنابری و خامێس ڕۆدریگێز) بەست. پاش ئاستە لاوازەکەی یانەکە پێشکەشی کرد لەژێر دەستی ئەنچێلۆتی، ڕاهێنەرەکە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە و نیکۆ کۆڤاج بوو بە ڕاهێنەری یانەکە، تا نزیکەی ناوەڕاستی وەرزەکە تێپەڕیبوو بەڵام بایەرن لەدوای برووسیا دۆرتمۆندەوە بوو لە بۆندسلیگا، بەڵام یانەکە ڕەخنەکانی هاندەرەکانیان شاردەوە و ڕێگەیان نەدا کاریگەری هەبێت لەسەر ڕاهێنەرەکە بەڵام ئەنجامە خراپەکان بەردەوام بوون و لە دەسپێکی خوولی یانە پاڵەوانەکان یانەی بایەرن میونخ کرایە دەرەوە.
پاشان لە ساڵی ٢٠١٩ هانس فلیک بوو بە ڕاهێنەری یانەکە و ئاستییان ئێجگار بەرز بووەوە و توانییان وەرزی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ نازناوی بۆندسلیگا و پۆکاڵ بەدەست بهێنن. ئەم وەرزە بە باشترین وەرزی یانەکە هەژمار دەکرێت لە مێژووی یانەکەدا پاش ئەوەی ٨-٢ توانییان لە یانەی ئیسپانی بەرشەلۆنە ببەنەوە و لە یاری کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ڕووبەڕوی یانەی فەڕەنسی پاریس سەینت جێرمان بوونەوە و توانییان بە گۆڵێکی یاریزانی فەڕەنسی کینگسلی کۆمان یاریەکە ببەنەوە و نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەدەست بهێنن. 
لە ساڵی ٢٠٢١ ئاستە بەرزەکەی یانە باڤارییەکە بەردەوام بوو و توانی بۆ ٩ وەرزی بەدوای یەک نازناوی بۆندسلیگا بەدەست بهێنێت و لە ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە بۆندسلیگای بەدەست هێنا کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ١٠ ساڵی بەدوا یەک بایەرن پاڵەوانی خوولی ژمارەی یەکی ئەڵمانی بۆندسلیگا بووە، بەڵام لە پاڵەوانێتی پۆکاڵدا بە دۆڕانێکی سەخت و بە ئەنجامی ٠-٥ بەرامبەر یانەی ئەڵمانی میونشن گلادباخ یاریەکەی دۆڕاند و لە جامی ئەڵمانی پۆکاڵ کرایە دەرەوە.

جلووبەرگ

جلوبەرگی سەرەکی

لە سەرەتادا ڕەنگی جلوبەرگی سەرەکی یانەکە شین و سپی بوون پاشان گۆڕانکاری بەسەردا هات تاوەکو ١٩٠٥ بوو بە بلووسی سپی و شۆرتی ڕەش. لە ساڵی ١٩٦٨ بلووسەکەیان بوو بە ڕەنگی سوور کە خەتی ستوونی شینی تیابوو، پاشان لە ١٩٦٩-١٩٧٣ بلووسی سوور کە خەتی ستوونی سپی تیابوو لەگەڵ شۆرتی سپی و گۆرەوی سوور بوو بە جلوبەرگی سەرەکی یانە و لە ساڵانی دواتریش بە هەمان شێوە بەردەوام بوو. لە ساڵی ٢٠٠٠ جلی یانە گۆڕا بۆ بلووسی سوور کە سەرقۆڵەکانی شین بوون و لە ساڵانی دواتریش سوور و شین بە ڕەنگی جلوبەرگی سەرەکی یانە دیاریکران.

جلوبەرگی لاوەکی (دووەم)

بە تێپەڕینی ساڵەکان جلوبەرگی دووەمی یانە چەندین ڕەنگی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە لەوانە (شین، ڕەش، ئاڵتوونی و سەوز).

هێمای یانە

بەپێی ساڵەکان هێمای یانەکە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لە ساڵی ١٩٠١ هێمای یانەکە ئاڵایەکی سپی بوو کە خەتی ئاسۆیی شینی تێدا بوو بەڵام لە ١٩٠٢ گۆڕا بۆ نیمچە بازنەیەکی شین کە پیتەکانی کورتکراوەی یانەکەی تێدابوو، پاشان لە ساڵی ١٩٠٦ بوو بە پیتی B ئینگلیزی بە گەورەی و پیتەکانی C,M,Sـی تێدا بەدی دەکرێت بە ڕەنگی سوور، لە ساڵی ١٩١٩ هەشتلایەکی ڕەنگ ئاڵتوونی کە لە ناوەڕاستەکەیدا بە هەمان ڕەنگ وشەی Bayern نوسراوە و لە بەشی خوارەوەی باجەکە چوارگۆشەیەک بەدی دەکرێت کە پێکهاتووە لە ڕەنگەکانی سوور و سپی. لە ساڵی ١٩٢٥ باجەکە بوو بە پیتی C بە گەورەی و پیتی M,F,B تێدا بەدی دەکرا هەموو باجەکە ڕەنگی سوور بوو. لە ساڵی ١٩٥٤ بوو بە بازنەیەکی سوور کە لە ناوەڕاستەکەیدا خەتی زگزاگی شین و سپی تێدایە و ناوی تەواوەتی یانەکەی تێدا نووسراوە و لە ساڵانی دوای ئەوە تەنها ناوەکە لە Bayern munich EV گۆڕاوە بۆ Bayern munich و بازنەیەکی باریکی ڕەنگ شین بۆ چواردەوری بازنە سوورە گەورەکە زیادبووە.

یاریگا

لە سەرەتای دروستبوونی یانەکە لە یاریگای سایرێنپلاتز ڕاهێنانیان دەکرد پاشان لە ١٩٠١ شچوابینگ بوو بە یاریگای یانە باڤارییەکە. لە ساڵی ١٩٢٥ بایەرن میونخ و یانەی میونخی ١٨٦٠ لە یەک یاریگادا ڕاهێنانیان ئەنجام دەدا.
لە ساڵی ١٩٧٢ بەهۆی ئەوەی ئۆڵۆمپییاتی ئەو ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکرا هەستان بە دروستکردنی یاریگایەک لە شاری میونخ بە ناوی ئۆڵیمپیاستادیۆن و بوو بە یاریگای یانەی بایەرن میونخ. ئۆڵیمپیاستادیۆن جێگەی ٥٩،٠٠٠ هاندەری تێدا دەبێتەوە و بەهۆی ئەندازیارییە ناوازە و ئامێرە تازەکانی تیایدا بە یەکێک لە باشترین و خۆشترین یاریگاکانی ئەوکات دەستنیشانکرا.
دوای گفتوگۆیەکی زۆر لە ساڵی ٢٠٠٠ یانەی بایەرن میونخ و یانەی میونخی ١٨٦٠ بڕیاریاندا یاریگایەک دروست بکەن. بەپێی ئەوەی ئۆڵمپیاستادیۆن چیتر لەگەڵ ئاستی بەرزی یاریگاکانی تری فیفا نەدەگونجا سەرپەرشتیارانی وەرزش لە وڵاتی ئەڵمانیادا بڕیاریاندا ئالیانز ئارینا دروست بکەن، ئەم یاریگایە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە بەکاردەهێنرێت و لە سەرەتای دروستکردنەکەیدا جێگەی ٦٦،٠٠٠  هاندەری تێدا دەبووەوە پاشان زیادکرا بۆ ٦٩،٩٩١ هاندەر، لە ساڵی ٢٠١٢ زیادکرا بۆ ٧١،٠٠٠ و دووبارە لە ساڵی ٢٠١٥ لە ئێستادا جێگەی ٧٥ هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە.

ڕکابەرەکان

بایەرن میونخ یەکێکە لە سێ یانە ئاستبەرزەکەی شاری میونخی وڵاتی ئەڵمانیا، یانەی ١٨٦٠ میونخ یەکێکە لە ڕکابەرە هەرە سەرسەختەکانی بایەرن میونخ، یانەی ١٨٦٠ میونخ لە ١٩٥٠ ئاستێکی ئێجگار بەرزیان هەبوو و هەمیشە ڕکابەرێکی بەهێزی بایەرن میونخ بوون. دێربی میونخ بە یاری نێوان بایەرن میونخ و میونخی ١٨٦٠ هەژمار دەکرێت و هەر لە سەرەتایی دروستبوونی ڕکابەری نێوانیان هاندەران بەپەرۆش بوون بۆ ئامادەبوون و سەیرکردنی ئەو یاریە ئاگرینانە.

لە ساڵی ١٩٢٠ـەوە یانەی نورنبێرگی ئەڵمانی ڕکابەرێکی سەرسەختی بایەرن میونخ بووە تەنانەت یاریزان و کاپتنی پێشووی بایەرن ئاماژەی بەوە داوە کە یاریکردن بەرامبەر نورنبێرگ هەمیشە تایبەتە و چێژی تایبەتی خۆی هەیە. لە سەرەتای ڕکابەریەکەدا و لە ساڵەکانی ١٩٢٠ـدا نورنبێرگ یانەیەکی زۆر بەهێزتر و سەرکەوتووتر بوو بەپێی ئەوەی توانیبووی ٥ نازناوی خوولی ژمارە یەکی ئەڵمانیا  بباتەوە، بەڵام ٦٠ ساڵ دوای ئەوە بایەرن توانی ببێت بە یانە ئەڵمانییەکەی کە زۆرترین نازناوی خوولی ئەڵمانی بەدەست بهێنێت.
لە ڕووی ڕکابەرەکانییەوە لە دەرەوەی خوولی ئەڵمانی ڕکابەری سەرەکی یانە باڤاریەکە بە یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی دەستنیشان دەکرێت. بەپێی ئەوەی کە تاوەکوو ئێستا ٢٤ جار لە جامە ئەورووپییەکان ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و هاندەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید نازناوی دڕندە ڕەشەکەیان بە یانەی بایەرن بەخشیووە. لەگەڵ ئەوەی ٢٤ جار ئەم دوو یانەیە ڕووبەڕوی یەک بوونەتەوە هیچ کام لەو جارانە لە یاری کۆتاییدا نەبووە.

یاریزانە ئەفسانەییەکانی

  • ساڵی ١٩٣٠ـاکان: کۆنراد هێیدکامپ (ئەڵمانی) 
  • ساڵی ١٩٧٠ـاکان: فرانز بێکنباوەر (ئەڵمانی)، گێرد مولەر (ئەڵمانی)، ئولی هۆنێب (ئەڵمانی)، پاوڵ برێیتنەر (ئەڵمانی) سێپ مایەر (ئەڵمانی)، هانس جۆرج شوارزێنبێک (ئەڵمانی)، فرانز ڕۆث (ئەڵمانی)
  • ساڵی ١٩٨٠ـاکان: کاڕل هاینز ڕوومێنیگ (ئەڵمانی)، کڵاوس ئۆگنثالەر (ئەڵمانی)  
  • ساڵی ١٩٩٠ـەکان: لۆثەر ماتیوس (ئەڵمانی)، ستیفان ئێفنبێرگ (ئەڵمانی)
  • ساڵی ٢٠٠٠ـەکان: ئۆلیڤەر کان (ئەڵمانی)، مێهمێت سکۆڵ (ئەڵمانی)، بیکسێنت لیزارازو (فەڕەنسی)، جیۆڤانێ ئێلبەر (بەڕازیلی) 
  • ساڵی ٢٠١٠ـەکان: فلیپ لام (ئەڵمانی)، باستیان شوانشتایگەر (ئەڵمانی)

نازناوە گرنگەکان

  • بۆندسلیگا: ٣٢ جار
  • جامی پۆکاڵ: ٢٠ جار
  • خوولی یانە پاڵەوانەکان: ٦ جار
  • جامی ئەورووپا: ١ جار


سەرچاوەکان



592 بینین