دڵ دەسوتێ بە شیبهی مۆم، ئەو لە داخ و حەسڕەتێ - شێخ ئەحمەدی کۆر

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-06-07-23:25:00 - کۆدی بابەت: 8933
دڵ دەسوتێ بە شیبهی مۆم، ئەو لە داخ و حەسڕەتێ - شێخ ئەحمەدی کۆر

ناوه‌ڕۆك

دڵ دەسوتێ بە شیبهی مۆم، ئەو لە داخ و حەسڕەتێ

شاعیر: شێخ ئەحمەدی کۆر 

بەرهەم: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر 

هۆنراوە: دڵ دەسوتێ بە شیبهی مۆم، ئەو لە داخ و حەسڕەتێ

دڵ دەسوتێ بە شیبهی مۆم، ئەو لە داخ و حەسڕەتێ
عاشقی جەماڵی ڕووی تۆم، کوشتوومی خاڵی جەبهەتێ

کوشتمی خاڵی ڕووی تۆ جانە، خاڵی ڕەش نەقش و نیشانە
پێی بدەی هەر دوو جیهانە، هەرزان دەبێ بۆ قیمەتێ

هەرزانە شۆخ و شیرینە، پێم نەماوە عەقڵ و دینە
قیمەتی مەککە و مەدینە، بیفرۆشی خاڵ و خەتێ

بیفرۆشی تاڵان و غارەت، هەر کەسێ بیکا زییارەت
بۆی دەبێتە شکڵ و قامەت، میسلی کەعبە و قیبلەتێ

میسلی کەعبە و قیبلەی عالەم، شوکر و لیللا هەر تۆی خاتەم
حەق لە نەسڵی پاکی ئادەم، بابی جەمعی ئوممەتێ

بابی جەمعی ئینس و جانی، سەییدی هەر دوو جیهانی
جەوهەری تیغی دەبانی، هەم لە دنیا و ئاخرەتێ

لە دنیا و ئاخیرەت موختاری، دەری خەزنەی کردگاری
بۆ دەوای دەرد و بیماری، لوتف کە جامی شەربەتێ

لۆتف کە جامی شەڕابە، دڵ دەسووتێ وەک کەبابە
وەختە ببمە قەترێک ئابە، مردم لە داخ و حەسڕەتێ

مردم لە داخی جەبینت، جەبهەتی ڕووی گوڵینت
زوڵف و گێسووی موشکینت، سووڕەتی شکڵی حیکمەتێ

سووڕەتی شکڵی شەفافە، شکڵی سووڕەت نووری سافە
جارێکی بتکەم تەوافە، ناتدەم بە ڕووزەی جەننەتێ

نامەوێ بێ غەیری تۆیە، حەق بدا بتکەم بە بۆیە
بێ‌شکە جەننەت بە تۆیە، جێ و مەکانی ڕاحەتێ

جێ و مەکانی خاس و عامان، دڵبەری مەست خەرامان
مەڵحەمی بۆ جەڕح و زامان، مەیبەرە ئاخیرەتێ

با نەچێتە قیل و قالە، ئەز فیدات کەم جان و ماڵە
وا دەکێشم ئاهـ و ناڵە، داییم ئاهـ و ناڵەتێ

داییم هەر ناڵین و شینە، کار و پیشەم هەر گرینە
غەیری تۆ هیچ کەسم نینە، کە بۆم بکا شیفاعەتێ

لوتفەکەت داد و کەرەمە، عەفوو کە گوناهان لەمە
بۆ خاتری شەوی دووشەمە، چوویە میعراج بۆ ئۆممەتێ

بۆم بکا تکاو ڕەجایە، محەممەدەلمستەفایە
بۆ خاتری شەوی ئیسرایە، میعراجت بوو بۆ ئوممەتێ

چوویە میعراج هێنات خەڵات، گوفت‌وگۆت بوو دەگەڵ خودات
چووی و هاتیەوە دەر سەعات، لە لامەکانی وەحدەتێ

'ئەحمەدی کۆری مەهدەران'، سینگی تۆم تەختی گەوهەران
بێنەدەر بۆ برادەران، مەیبەرە ئاخیرەتێ


سەرچاوەکان



544 بینین