پاییزی ڕوو زەرد - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-17-18:14:00 - کۆدی بابەت: 9060
پاییزی ڕوو زەرد - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

پاییزی ڕوو زەرد

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: دیاری

هۆنراوە: پاییزی ڕوو زەرد

پاییزی ڕوو زەرد، پاییزی غەمگین
دیسان ژیانی باخی کرد بە شین

بەرگی بەسامی ماتەمی پۆشی
لە خوێنی گوڵی گوێ چەمی نۆشی

پۆپەی نەرمی تەڕ شکایە ناو ئاو
وەری، تاڵ تاڵی گوڵی زەرد و خاو

پەڕەی لالەی ناشت لە توێ توێی خاکا
لەگەڵ برووسکە و ناڵەی ناپاکا

پەڵەی هەوری ڕەش ئاسمانی پڕ کرد
ئەو خونچە جوانەی دوێنێ تەڕ بوو، مرد! 

ملوانکەی شەونم لە ملی گۆڵا
بە بای ڕەنگ زەردی پەشێوی پچڕا

گوڵی زەرد و سوور کەوتە لیتەوە
پاییز ئەڵێ – دەک هەڵنەسیتەوە –

هوزار، خزایە ناو هێلانەی خەم
خڵتانی خوێنە، بەری چاوی تەم

ئەی بەهار، ئەی گوڵ، ئەی لالەی نازدار
ئەی چڵی نەرم، ئەی مەل و هوزار

خەم مەخۆن گەرچی ئەمڕۆ ماتەمە
پاییزی زەردە، جەخارە، خەمە

ئەگەرچی ڕەنگی بەهار پژاوە
کاسەی شەونمی شیرین ڕژاوە

بەڵام سبەینێ بەهار دێتەوە
ئەو تۆوەی ڕژا هەڵەسێتەوە

ئەو چڵەی شکا دێتە شنە شن
گژوگیا و گوڵزار ئەڕوێ تا گەردن

خۆرەتاوی زێڕ لە سەر گوڵی جوان
بریسکەی ئەدا لە سنگی ئاسمان

ئەی پاییز، بەسە هەڕەشە و ناڵە
ئەم ژینەی ئەمڕۆ وا ترش و تاڵە! 

ناگاتە ئەوەی مردن بخوازین
بە هیوای (گەش و ئاڵمان) ئەنازین

باخی ژین زۆری دیوە لەم چەشنە
بەڵام هەر شادی هاتۆتە شنە

من لە ناو دڵما هەر لالەزارە
هەمیشە بەهار ڕۆژی بەهارە

ئاسۆی دڵ گەشە، ڕووناکە، جوانە
پڕ لە ئاهەنگی خۆشی ژیانە!


سەرچاوەکان



558 بینین