پڕۆتۆکۆڵی ڤیلان ترەنکین (VTP)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-04-00:39:00 - کۆدی بابەت: 9271
پڕۆتۆکۆڵی ڤیلان ترەنکین (VTP)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پڕۆتۆکۆڵی ڤیلان ترەنکین (بە ئینگلیزی: VLAN Trunking (VTP)) پڕۆتۆکۆڵێکی تایبەتمەندی کۆمپانیای سیسکۆیە کە پێناسەی ڤیلانەکان (VLAN) لەسەر تەواوی لانەکانی تۆڕێک بڵاودەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش VTP زانیارییەکانی VLAN دەگوازێتەوە بۆ هەموو سویچەکانی ناو دۆمەین و بوارێکی VTP. دەتوانرێت ڕێکلامەکانی VTP لە ڕێگەی 802.1Q، و ISL trunks بنێردرێت، کە دووەمیان تەنیا تایبەتە بە سیکسۆ و یەکەم ستانداردە. VTP لەسەر زۆربەی بەرهەمەکانی خێزانی سیسکۆ کاتالیست بەردەستە. بە بەکارهێنانی VTP، هەر سویچێک ئەمانەی خوارەوە لەسەر دەروازەکانی ترەنکەکەی بڵاو دەکاتەوە:

  • دۆمەینی بەڕێوەبردن
  • ژمارەی پێداچوونەوەی ڕێکخستن
  • VLAN ناسراوەکان و پارامیتەرە تایبەتەکانیان

سێ وەشانی VTP هەیە، ئەوانیش وەشانی یەکەم، وەشانی دووەم، وەشانی سێیەم. ستانداردی IEEE کە دەتوانرێت وەک ڤی‌تی‌پی بەکار بهێنرێت، کە لەلایەن بەرهەمهێنەرانی ترەوە بەکاردەهێنرێت بریتییە لە GVRP یان MVRP.

نموونە

با بڵێین تۆڕێکت هەیە کە ٢٠ سویچ و ٥٠ ڤیلانی تێدایە. بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێت کەسی ئەدمین لەسەر هەر سویچێک هەستێت بە دروستکردنی هەر ٥٠ ڤیلانەکە. کە ئەمەش کاتێک زۆر دەبات و دەکرێت تووشی هەڵە ببێت، بۆیە پڕۆتۆکۆڵێک هەڵدەستێت بە یارمەتیدانمان بەناوی ڤی‌تی‌پی VTP (VLAN Trunking Protocol)، کە ڕێگەت پێدەدات لەسەر یەک سویچ ڤیلان دروست بکەیت و لەوێوە بە سویچەکانی تردا بڵاوی بکەیتەوە.

شێوازی کارکردن

سێ جۆر سویچ لە نێو کاری پڕۆتۆکۆڵەکەدا هەن، کە بریتیین لە: (سێرڤەر، کلاینت، ترانسپارێنت). ئێمە یەک سێرڤەری VTPمان هەیە کە ئەو سویچەیە کە ڤیلانی تێدا دروست دەکەیت/دەستکاری دەکەیت یان دەیسڕیتەوە. سویچەکانی تر بریتین لە VTP clients. ڕێکخستنی VTP ژمارەیەکی پێداچوونەوە (revision number)ی هەیە کە کاتێک گۆڕانکارییەک دەکەیت زیاد دەکات. هەر جارێک کە گۆڕانکارییەک لەسەر ڕاژەکاری VTP ئەنجام دەدەیت ئەمە هاوکات دەکرێت لەگەڵ کرێدەرەکانی VTP. بۆ ئەوەی VTP کار بکات پێویستە ناوی دۆمەینی VTP دابنێیت کە شتێکە تەنها دەتوانیت دروستی بکەیت، بە مەرجێک دەبێت لەسەر هەموو سویچەکان کە بڕیارە پێکەوە کاربکەن لە یەک بواردا یەک ناویان هەبێت.

جۆری سێیەم ترانسپارێنت (transparent)ـە. ڤی‌تی‌پی ترانسپارێنت ڕیکلامەکان دەنێرێت بەڵام کار لەسەر خۆی ناکات. لە جۆری ترانسپارێنت دەتوانیت ڤیلان دروست بکەیت، چونکە ترانسپارێنت زانیارییەکان لە ڤی‌تی‌پی سێرڤەرەوە وەرناگرێت وەک کلاینت.

VTP Modes

لەم نموونەدا گەر ٢٠ ڤیلان لەسەر ڤی‌تی‌پی سێرڤەرەکە دابنێیت، بەمشێوەیە هەنگاوەکان جێبەجێ دەبن:

  • بیست ڤیلان لەسەر سێرڤەری ڤی‌تی‌پی دروست دەکەیت.
  • ژمارەی پێداچوونەوە (revision number) زیاد دەکات.
  • ڕاژەکاری ڤی‌تی‌پی نوێترین ڕێکلام دەنێرێت کە دەگاتە سویچی ڤی‌تی‌پی ترانسپارێنت.
  • ڤی‌تی‌پی ترانسپارێنت زانیارییەکان لە خۆیدا تۆمار ناکات، بەڵکوو ڕێکلامەکە دەنێرێت بۆ ڤی‌تی‌پی کلاینت.
  • ڤی‌تی‌پی کلاینت خۆی لەگەڵ نوێترین زانیارییەکان هاوکات دەکات.

دۆمەینی VTP

دۆمەینی ڤی‌تی‌پی لەلایەن هەموو ئەو سویچانە پێناسە دەکرێت کە هەمان ناوی VTP Domain هاوبەشیان هەیە. سویچێک دەتوانێت تەنها لە یەک دۆمەیندا بێت. بە شێوەیەكی بنەڕەتی، سویچەكانی سیسكۆ ناوی دۆمەینی VTPـیان بۆ دیاری نەكراوە. کاتێک ڕیکلامێکی ڤی‌تی‌پی لە ڕێگەی بەستەرێکی ترەنکەوە وەردەگرن، ناوی دۆمەینەکە و ژمارەی پێداچوونەوەی ڤی‌تی‌پی کە لە نامەکەدا دەدۆزرێتەوە بۆ خۆیان تۆمار دەکەن. دەتوانرێت ناوەکە بە شێوەیەکی دەستی ڕێکبخرێت بە بەکارهێنانی کۆماندی vtp name.

هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەسەر سێرڤەری ڤی‌تی‌پی ئەنجام دەدرێن تەنها بۆ سویچەکانی ناو دۆمەینی ڤی‌تی‌پی بڵاودەکرێنەوە. ئەگەر سویچێک هەبێت کە بە ناوی دۆمەینی ڤی‌تی‌پی جیاواز ڕێکخراوە، ئەوا ڕێکلامەکان قبووڵ ناکات و داتابەیسی ڤیلانی خۆی نوێ ناکاتەوە.

بڕینی ڤی‌تی‌پی (VTP Pruning)

لە کاتی بەکارهێنانی ڤی‌تی‌پی هەموو سویچەکان هەموو ڤیلانەکانیان هەیە، چونکە ڤی‌تی‌پی سێرڤەر، داتابەیسی ڤیلانی هەموو ئامێرەکانی ناو دۆمەینەکە هاوکات دەکات لەگەڵ خۆی. ئەگەر بۆ نموونە تۆپۆلۆجی تۆڕێک ١٠٠ ڤیلانی هەبێت، هەر سویچێک ئەم ١٠٠ ڤیلانەی لە بنکەدراوەدا هەیە و ڕێگەپێدراوە لەسەر بەستەرەکانی ترەنک، ئەوکات هەر سویچێک فرەیمی BUM لە هەموو ڤیلانەکانەوە وەردەگرێت.

بەڵام چی ئەگەر کۆتا سویچ تەنیا ٣ ڤیلانی دەویست، بۆچی دەبێت برۆدکاستی ٩٧ ڤیلانی تر وەربگرێت و فڕێیان بدات. ئەمەش بەفیڕۆدانی هێز و ئامێرەکانی نێتۆرکەکەیە. هەر بۆیە تایبەتمەندی VTP pruning ناسێنراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. VTP Pruning ڕێگری لە هاتووچۆی ئەو فرەیمانە دەکات کە داتای ڤیلانێکیان هەڵگرتووە کە لەو سویچەدا نییە بۆی دەڕۆن، بۆیە پێش ئەوەی فرەیمەکە دەست بە ڕۆشتن بکات دەزانێت ئەو سویچەی بۆی دەچێت ئامێرێک لە هەمان ڤیلانی فرەیمەکە هەیە یان نا، بەمەش فرەیمەکە بەرەو سویچەکە ناڕوات.

کۆنفیگکردن

کۆنفیگەرکردنی VTP بۆ سێرڤەرەکە

نووسینی ناوی دۆمەینی ڤی تی پی SW1(config)#vtp domain study-ccna
دانانی پاسۆردی داتابەیسی ڤی تی پی SW1(config)#vtp password cisco

کۆنفیگەرکردنی VTP بۆ کلاینت

دیاریکردنی جۆری ڤی تی پی سویچەکە  SW2(config)#vtp mode client 
نووسینی ناوی دۆمەینی ڤی تی پی SW2(config)#vtp domain study-ccna 
دانانی پاسۆردی داتابەیسی ڤی تی پی SW2(config)#vtp password cisco

دروستکردنی ڤیلان لەسەر سویچی سێرڤەر

دروستکردنی ڤیلانی ٣٠

SW1(config)#vlan 30

پێشاندانی گۆڕانکارییەکان لەسەر کلاینت


سەرچاوەکان



609 بینین