ناوهڕۆك
سەرەتا
کەسایەتیی لاواز (بە ئینگلیزی: weak personality)، بریتییە لەو کەسایەتییەی کە لەکاتی هەبوونی هەر پاڵەپستۆیەک یان بارودۆخێکی ناهەمواری ژیان زوو خۆیان بەدەستەوەدەدەن، كەسایەتییەکی نەرێنی و ڕەشبینن و بەدوای هەڵبژاردەی ئاسانەوەن. ئەوان وتنی وشەی نەخێر لەلایان قورسە و داواکاری ئەوانی تر ڕەتناکەنەوە، ئەو کەسانەی لە ڕووی دەروونییەوە لاوازن هەمیشە کەسانی تر تاوانبار دەکەن بۆ ئەو هەڵانەی کە ئەنجامی دەدەن.
نیشانەکانی کەسایەتیی لاواز
 • دوودڵی
 • بێتوانایی لە بڕیاردان، چاوەڕێی کەسانی ترە بۆ ئەوەی بڕیاری بۆ بدەن
 • ناتوانێت دەسپێشخەربێت لە کارەکانی
 • بێتوانایی لە دەربڕین و ڕوونکردنەوەی باری دەروونی خۆی 
 • ئارەزووی هیچ ناکات
 • نەبوونی چالاکی 
 • هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی، سەرکۆنەکردنی کەسانی تر 
 • گۆشەگیری، دوورکەوتنەوە لە خەڵکی
 • پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی تر ڕووکەشە
 • هیچ ئاواتێکی نییە، پابەند نییە بە بەڵێنەکانیەوە
 • متمانەی بەخۆی نییە
 • ناتوانێت ڕاست و هەڵە لێکجیاکاتەوە
 • ئارەزووی بەرزەخوازی نییە 
 • بێتوانایی لە بەڕێوەبردن
 • ڕەشبینی
 • بۆ بچووکترین شتەکان دەگرین لای کەسانی تر
 • بیر و هۆشییان لای خۆیان نییە و بێ ئەوەی هیچ کارێک ئەنجامبدەن بەردەوام دەروونیان سەرقاڵە
 • زیادەڕۆیی لە متمانەکردن بە کەسانی تر 
 • هەمیشە خۆیان وەک قوربانی دەبینن
 • بەزەیی هاتنەوە بە خودی خۆیان 
 • زیادەڕۆیی لە لێکدانەوە و بیرکردنەوە
 • ڕەتکردنەوەی داوای لێبووردنی کەسانی تر، درێژەدان و هێشتنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان
هۆکارەکانی لاوازبوونی کەسایەتی
کۆمەڵە هۆکارێک هەن وادەکەن کەسایەتیی مرۆڤەکان لاواز بکەن:
- باش پەروەردەنەکردن: گومان لەوەدا نییە کە پەروەردەکردنی منداڵ ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە دروستبوونی کەسایەتی، لەبەرئەمەش پەروەردەی ناتەندروست وادەکات لاوازی لە کەسایەتی دروست ببێت، دەستتێوەردان لە وردەکارییەکانی ژیان و بڕیاردان لەبری منداڵ و لێدان و ترساندنی منداڵ هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کەسێکن کە لە ڕووی دەروونەوە لاوازە.
- گێچەڵکردن: گاڵتەکردن بە شێوە و سەرخستنە سەر منداڵ وادەکات ترس و لاوازی دروست ببێت، ئەمەش زیاتر لە قوتابخانەکان ڕوودەدات.
- ترسی لە ڕادەبەدەر: ترس لە ئەزموون و گەڕان و گۆڕانکاری و دەربڕینی بیروڕا، ترس یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی لەدەستدانی بڕوابەخۆبوون.
- ڕەتنەکردنەوە و ڕازیبوون بە هەموو ڕەفتاری کەسانی چواردەوری بەپێی کات دووچاری لاوازی لە کەسایەتی دەکات.
- خۆبەراوردکردن: زیاتر بەهۆی پەروەردەی دایک و باوک ڕوودەدات، بەرواردکردن بە هاوڕێ و هاوپۆلەکان تەنانەت لە سادەترین شتیشدا.
- سەرەزەنشتکردن: سەرزەنشتکردنی منداڵ و هەرزەکاران بە بەردەوامی وادەکات کەسایەتی بڕووخێت.
- بوونی کەسانی ڕەشبین و کەسە نەرێنییەکان، بیرکردنەوەی بەردەوام لە شکست و بێتوانایی، هەموو ئەم هۆکارانە کەسایەتییەکی لاواز دروست دەکەن دەبنە هۆی داڕووخانی دەروون.
چارەسەرکردنی کەسایەتیی لاواز
ئەم هەنگاوانە یارمەتی زاڵبوون دەدات بەسەر لاوازی لە کەسایەتیدا:
- هاندانی کەسی لاواز بۆ تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵگە، هەروەها هاندان بۆ زاڵبوون بەسەر ترس لە قسەکردن و دەربڕینی بیروڕاکانی.
- لە چالاکییە کردارییەکان لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگە بەشداریان پێ بکرێت.
- بەرپرسیارێتی سووک بخرێتە ئەستۆی و هاندانی لەسەر جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی کارەکان.
- لە ڕووی ماددی و مەعنەوی پاڵپشتی لێبکرێت، هەروەها بوونی کەسی ئەرێنی و گەشبین لە چواردەوریان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە بەهێزکردنی کەسایەتییان.
- هەوڵی زیادکردنی متمانەبەخۆبوون.
- ڕێزگرتن لە خودی خۆیان، سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی کە دێنە پێشی.
- هاندان بۆ دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیری و تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵ و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
- خۆدوورخستنەوە لە کەسە نەرێنییەکان و ڕەشبینی کە وادەکەن کەسایەتی زیاتر لاواز بێت و هەستەکانیان سەرکوت ببێت.
- ئارامگرتن و پشتبەستن بە خوا لە کاتی ناخۆشییەکان نیشانەی بڕوادارە بەهێزەکانە.
- ڕووخۆشی بنەمای چاندنی متمانەیە لە کەسەکە خۆی و کەسانی دەوروبەریش.
- گرنگیدان بە شێوازی دەرەوە و جل و بەرگ چونکە ئەمانە متمانەبەخۆبوون زیاتر دەکەن.
- بەشداریکردن لە خوولی گەشەپێدانی کەسایەتی.
- خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی کە گەشە بە کەسایەتی دەدەن و بەهێزی دەکەن.
- چاوپێکەوتن و ناسینی کەسانی نوێ و گەشتکردن یارمەتیدەرێکی باشن بۆ چاوکردنەوە و ئاشنابوون بە جیهان.
 
                                     
                             
                             
                                     
                                     
                                     
                                     
                                    