هاندان

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا - به‌روار: 2021-12-28-16:07:00 - کۆدی بابەت: 7417
هاندان

ناوه‌ڕۆك

هاندان چییە؟

هاندان (Motivation) بریتییە لە پڕۆسەی داڕشتن و ڕابەری کردن و پارێزگاری کردن لەو ئامانجانەی مرۆڤ خواستی بەدیهێنانیانی لەسەرە و ئەو هۆکارەیە وادەکات مرۆڤ بەردەوام بێت لە بچووکترین بۆ گەورەترین کار لە ژیانیدا، هەر لە خواردنی پەرداخێک ئاوەوە بۆ بەدەست هێنانی زانیاری و ئەو ئامانجە گەورەی هەیەتی.
هاندان لایەنی زیندەیی و هەستی و کۆمەڵایەتی و توانای مێشکی دەگرێتەوە کە دەتوانێت ڕەفتارەکان چالاک بکات، هەروەها وشەی هاندان ئەم پرسیارە ڕوون دەکاتەوە کە “بۆچی کەسێک شتێک ئەنجام دەدات” وەڵامی پشت ئەم پرسیارە دەبێتە ئەو هاندانەی وا لە مرۆڤەکە دەکات کار بۆ ئامانجەکەی بکات.
هاندان تەنیا بریتی نییە لە ئاماژە کردن بەو هۆکارگەلەی دەبنە هۆی ڕەفتارکردن، بەڵکو بریتیشە لە هۆکارەکانی ئاڕاستەکردن و پاراستنی ئەو ئامانجانەی کە هەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاندانانە بە دەگمەن دەتوانرێت بە ڕاستەوخۆیی تێبینی بکرێن، لە ئەنجامدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هۆکارەکانی پشت کردنی هەرکارێک کە مرۆڤ دەیکات بنیادنەری ئەو ڕەفتارانەن کە تێبینی دەکرێن و دەبینرێن.

جۆرەکانی هاندان

- هاندانە دەرەکییەکان: بریتین لەو هاندانانەی کە لە دەرەوەی ناخی مرۆڤدا، پێشکەش بە مرۆڤەکە دەکرێن وەک هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی خواست و هێز و توانای مرۆڤەکە و بەردەوام بوونی لەسەر ئەو کارەی کردوویەتی، بۆ نموونە وەک خەڵاتەکانی ڕێزلێنان، پێدانی پارە وەک پاداشتێک و هەروەها پیاهەڵدانی مرۆڤەکە.

- هاندانە ناوەکییەکان: بریتین لەو هاندانانەی کە لە ناخی تاکەکاندایە، بۆ نموونە جێبەجێ کردنی ئەرکی قوتابخانە بە هۆی ئەوەی حەزت لە بابەتەکەیە هاندانێکی ناوەکییە چونکە ئارەزووەکەت وا دەکات بخوێنیت، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەرکەکانت لەبەر ئەوەی سزا نەدرێیت، هاندانێکی دەرەکییە چونکە بەهۆی هێزێکی دەرەکییەوە تۆ هانی خۆت دەدەیت.

بەکارهێنانەکانی هاندان

چەندەها بوار هەن هاندان تێیاندا بەکاردەهێنرێت وەک هێزێکی ڕێنوێنیکار بۆ هەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤ هەروەها تێگەیشتن لەوەی چۆن کاردەکەن و هۆکارەکانی چین ڕەنگە کاریگەری بخەنە سەر ژمارەی ڕێگەکانی هاندان، تێگەیشتن لە هاندان دەتوانێت:

- یارمەتی بەرەوپێش بردنی کارامەیی خەڵکی بدات کاتێک کار لەسەر ئامانجەکانیان دەکەن.
- یارمەتی خەڵکی دەدات بۆ ئەوەی کرداریان هەبێت.
- دەبێتە هۆی هاندانی خەڵکی بۆ کردنی ئەو ڕەفتارانەی تەندروستییان باشتر دەکات.
- یارمەتی خەڵکی دەدات لە دوورکەوتنەوەیان لە کاری ناتەندروست وەک ئالوودەبوون.
- وا دەکات زیاتر هەست بە ڕێکخراوی ژیان بکەیت
- هەستی کامەرانی و دڵخۆشی زیاد دەکات.

کاریگەری هاندان

هەر کەسێک کە ئامانجێکی هەبێت وەک ئەوەی بیەوێت 20 هەزار دینار لە دەست بدات یان ماراسۆنێک بکات و براوە بێت، پێویستە بزانێت کە تەنیا هەبوونی ئارەزوو بۆ بەدەستهێنانی شتێک بەس نییە، هێنانەدی ئامانجێکی لەو شێوەیە پێویستی بە توانای بەردەوامبوون هەیە لە رێگەی کۆڵنەدان سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگ و ڕێگری، هاندان ٣ پێکهاتەی سەرەکی هەیە ئەوانیش بریتین لە چالاک بوون، بەردەوام بوون و جدی بوون.
- چالاک بوون:  بریتییە لە بڕیاردان بۆ کردنی کارێک وەک ناونوسین لە خولێکی دەروونناسیدا.
- بەردەوام بوون: هەوڵدانە بەردەوامەکانە کە بۆ ئامانجەکان دەدرێت وێڕای هەبوونی ڕێگر و بەربەست و نموونەش بۆ بەردەوامبوون بریتییە لە وەرگرتنی خولی زیاتری دەروونناسی لە پێناو بەدەست هێنانی نمرە و پلەی باشتر، ئەگەر چی پێویستی بە تەرخانکردنی سەرمایەیەکی باش و کات و وزە و سەرچاوەی زۆر باش هەیە.
- جدی بوون: بریتییە لە بیرکردنەوەی ورد و چوست و چالاک بوون و شوێن کەوتنی ئامانجەکان، بۆ نموونە خوێندکارێک هیچ هەوڵێک نادات بۆ سەرکەوتن و باکی بە خوێندن نییە بەڵام خوێندکارێکی دیکە بە پێچەوانەیەوە هەمیشە لەهەوڵداندا بێت و زانیاری و سەرچاوەی دەرەکی پەیدا بکات و سوودی لێوەربگرێت و ئەمانەش هەمووی دەبنە هۆی سەرکەوتنی، قوتابی یەکەم کەم و کورتی لە جدی بووندا هەبوو لەکاتێکدا دووەم خوێندکار بەدووی ئامانجە پەروەردەییەکەیدا ڕۆشت و بەڕادەیەکی زۆر باش جدیبوو لە بەدەست هێنانیدا.

چەند خاڵێک بۆ دۆزینەوەی هاندان

هەموو کەسێک لە کاتی ئەزموونکردنی هانداندا تووشی شپرزەیی و کەمبوونەوەی هێزی ویستن و خواستنی ئامانجەکەی دەبێتەوە، هەندێک جار ڕەنگە زۆر بە گوڕوتینەوە بیەوێت ئامانجەکەی بەدی بهێنێت و هەندێک کاتی دیکەش هەیە کە تووشی شپرزەیی و نادڵنیایی دەبێت لەوەی کە چی دەوێت و چۆن بەدەستی دەهێنێت، هەرکاتێک هەستت بە کەمبوونەوەی هاندان کرد، ئەوا چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ بەردەوام بوون ئەوانیش بریتین لە: ئامانجەکانت ڕێکبخە و سەرنج بخەرە سەر ئەو شتانەی کە بەڕاستی بۆت گرنگن.


سەرچاوەکان



6259 بینین