بوونی خوێن لە میزدا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-07-14:56:00 - کۆدی بابەت: 9309
بوونی خوێن لە میزدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بوونی خوێن لە میزدا (بە ئینگلیزی: hematuria) نیشانەیە بۆ چەندین حاڵەت و نەخۆشیی جیاوازی وەک هەوکردن، نەخۆشیی گورچیلە، شێرپەنجە و نەخۆشییە دەگمەنەکانی خوێن. دەکرێت خوێنەکە بە چاو ببینرێت، یاخود بڕێکی کەم بێت و بە یارمەتی مایکرۆسکۆپ (ئامێرێکە تەنە ورد و بچووکەکان گەورە دەکات تاوەکوو لێکۆڵینەوە لەسەریان ئاسانتر ببێت) ببینرێت.

هۆکارەکانی بوونی خوێن لە میزدا

١- هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ

هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ بەهۆی چوونە ناوەوەی بەکتریا لە ڕێگەی بۆری میزەوە (بۆرییەکە میز لە گورچیلەوە بەرەو میزڵدان دەگوازێتەوە) بۆ ناو لەش ڕوودەدات.

نیشانەکانی هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ بریتین لە:

  • بە بەردەوامی میزکردن.
  • ئازار و هەستکردن بە سووتانەوە لە کاتی میزکردندا.
  • هەندێک کاتیش بەتایبەت لە پێگەیشتوواندا هیچ نیشانەیەکی ئاشکرا نابینرێ.

٢- هەوکردنی گورچیلە

کاتێک بەکتریا لە ڕێگەی خوێن یان لە ڕێگەی بۆری میزەوە دەچێتە ناو گورچیلەکان دەبێتە هۆی هەوکردنی گورچیلە. هەوکردنی گورچیلە زیاتر دەبێتە هۆی تا و ئازاری کەلەکە (ئەو بەشەی لەش کە لەنێوان پەراسوو کڵۆتدایە).

٣- بەردی میزڵدان و گورچیلە

لەناو میزدا کانزاکان هەن ئەم کانزایانە کریستاڵەکان دروست دەکەن، بە تێپەڕبوونی کات کریستاڵەکان لە دیواری گورچیلەکان و میزڵداندا دەبنە بەردی ڕەق و بچووک.

٤- گەورەبوونی پڕۆستات

پڕۆستات ڕژێنێکە دەوری ملی میزڵدان دەدات، کاتێک پیاوان  بە تەمەندا دەچن ئەم ڕژێنە گەورە دەبێت و دەبێتە هۆی بوونی خوێن لە میزدا.

٥- شێرپەنجە

شێرپەنجەی گورچیلەکان، میزڵدان و پڕۆستات دەبنە هۆی بوونی خوێن لە میزدا، هەندێک کاتیش لە سەرەتای تووشبوون بەم شێرپەنجانە کەسەکە هیچ نیشانەیەکی نییە تاوەکوو شێرپەنجەکەی دەستنیشان بکرێت.

٦- دەرمان

هەندێک دەرمانی وەک پەنسلین کە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەکاردێت دەبێتە هۆی بوونی خوێن لە میزدا، هەروەها دەرمانەکانی وەک ئەسپرین و هێپارین وەک دژەمەیاندن بەکاردێن دەبنە هۆی تووشبوون بەم حاڵەتە.

٧- ڕاهێنانی زۆر سەخت

هەرچەندە ئەم حاڵەتە دەگمەنە، بەڵام ڕەنگە وەرزشی زۆر سەخت ببێتە هۆی وشکبوونەوە و تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و بوونی خوێن لە میزدا.

٨- برینداربوونی گورچیلەکان

ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن

  • تەمەن: پیاوان کە دەگەنە تەمەنی ٥٠ ساڵی بەهۆی گەورەبوونی پڕۆستاتیان زیاتر دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە
  • هەوکردن: بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەکان
  • مێژووی خێزانی: ئەو کەسانەی لە خێزانەکانیان کەسی تووشبوو بە نەخۆشیی گورچیلە و بەردی گورچیلە هەیە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەم حاڵەتە هەیە

نیشانەکان

  • ئەو کەسانەی بە چاو و بەبێ یارمەتی مایکرۆسکۆپ لەناو میزەکەیاندا خوێن دەبینن ڕەنگی میزیان پەمەیی، سوور یان قاوەیی دەبێت، تەنانەت کەمێک خوێن لە میزدا دەتوانێت ڕەنگی میز بگۆڕێت
  • ئازاری میزڵدان و پشت ئێشە

چۆنییەتی دەستنیشانکردن

  • پرسیارکردن و تۆمارکردنی زانیاری دەربارەی تەندروستی نەخۆشەکە
  • پشکنینی جەستەیی: ئەو پشکنینانە دەگرێتەوە کە لەلایەن پزیشکەوە ئەنجام دەدرێن، بۆ نموونە: بەشێوەیەکی نەرم دەکێشێت بە سک و پشتی نەخۆشەکەدا تاوەکوو بزانێت ئایا ئازار لە میزڵدان و گورچیلەکاندا هەیە.
  • پشکنینی میز
  • ئەگەر بڕێکی زۆر خڕۆکە سوورەکان لە میزی نەخۆشەکەدا هەبوو ڕەنگە پزیشکەکە پشکنینی خوێن یان وەرگرتنی نموونەیەک لە گورچیلە ئەنجام بدات

چارەسەرکردن

بۆ چارەسەرکردن، چارەسەری ئەو هۆکارە بنەڕەتیانە دەکرێت کە بووەتە هۆی تووشبوون بەم حاڵەتە بۆ نموونە:

  • دژە زیندەیی بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن کە بووەتە هۆی بوونی خوێن لە میزدا بەکاردێت
  • بەردی بچووکی گورچیلە ڕەنگە بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنییەکان لابچێت
  • بۆ لابردنی بەردی گەورە لە گورچیلەکان نەشتەرکاری پێویستە

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

لە کاتی بینینی خوێن لە میزدا زۆر گرنگە سەردانی پزیشک بکرێت، هەندێک دەرمانی دژەقەبزی و خواردن وەک چەوەندەر، ڕێواس و شاتوو دەکرێت ببنە هۆی تووشبوون بەم حاڵەتە.

بوونی خوێن لە میزدا بەهۆی دەرمان یان خواردن جیاوازە لە بوونی خوێن بەهۆی نەخۆشییەوە، بەڵام ئەم جیاوازییە لەلایەن نەخۆشەکەوە ناتوانرێت هەستی پێ بکرێت، لەبەرئەوە باشترە لە کاتی بینینی خوێن لە میزدا سەردانی پزیشک بکرێت.


سەرچاوەکان



2090 بینین