ڕێڕەوکاری (نێتۆرک)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-08-16:15:00 - کۆدی بابەت: 9328
ڕێڕەوکاری (نێتۆرک)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێڕەوکاری یان ڕاوتین (بە ئینگلیزی: Routing، بە عەرەبی: توجيه) بریتییە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێڕەوێک بۆ هاتووچۆ لە نێو تۆڕێک، یان لە نێوان چەند تۆڕێکدا. بە شێوەیەکی بەرفراوان، ڕێڕەوکردن لە زۆر جۆری تۆڕدا ئەنجام دەدرێت، لەوانە تۆڕەکانی سویچی سووڕ (circuit-switched networks)، وەک تۆڕی تەلەفۆنی گۆڕدراوی گشتی (PSTN)، و تۆڕەکانی کۆمپیوتەر وەک ئینتەرنێت. 

لەڕێی ڕێڕەوکارییەوە نێتۆرکەکان دەتوانن یەکتری بناسن و لەنێو خۆیاندا زانیاری بگوازنەوە بۆ نێتۆرکە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆیان، یان بۆ ئەو نێتۆرکانەی ناونیشانیان جیاوازە لەنێو هەمان نێتۆرکی ناوخۆییدا.

لە نێتۆرکەکانی گۆڕینی پاکەتدا، ڕێڕەوکاری بڕیاردانێکی ئاست بەرزترە کە پاکەتەکانی تۆڕ لە سەرچاوەکەیانەوە بەرەو شوێنی مەبەستیان دەگوازێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک میکانیزم و پرۆتۆکۆڵی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت. پاکەت فۆردوۆردینیش بریتییە لە گواستنەوەی پاکێتی تۆڕ لە ڕووکارێکی تۆڕەوە بۆ ڕووکارێکی تر. ئەم کردارانەش لەسەر کۆمەڵێک ڕەقەکاڵای نێتۆرک ئەنجام دەدرێت، وەک: ڕاوتەر، گێتوەی، دیواری ئاگرین، یان سویچ. هەروەها کۆمپیوتەرەکانی مەبەستی گشتیش (General purpose computer) پاکەتەکان دەنێرن و ڕێڕەوکردن ئەنجام دەدەن، هەرچەندە هیچ ڕەقەکاڵایەکی تایبەتیان نییە بۆ ئەو ئەرکە.

پلانی گەیاندن

پلانەکانی ڕێڕەو لە چۆنیەتی گەیاندنی پەیامەکان جیاوازن:

یونیکاست: پەیامێک دەگەیەنێتە یەک ئامێری دیاریکراو بە بەکارهێنانی پەیوەندییەکی یەک بە یەک لە نێوان نێرەر و شوێنی مەبەست: هەر ناونیشانێکی مەبەست بە شێوەیەکی تایبەت یەک خاڵی کۆتایی وەرگر دەناسێتەوە.

پەخش یان برۆدکاست: پەیامێک دەگەیەنێتە هەموو ئامێرەکانی ناو تۆڕەکە بە بەکارهێنانی پەیوەندییەکی یەک بە هەموو؛ یەک پاکێت لە یەک نێرەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو ئەو خاڵە کۆتاییانەی کە پەیوەندییان بە ناونیشانی پەخشەوە هەیە. تۆڕەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی داتاگرامەکان بەپێی پێویست دووبارە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بگاتە هەموو وەرگرەکان لە چوارچێوەی پەخشەکەدا.

ماڵتیکاست: پەیامێک دەگەیەنێتە کۆمەڵێک ئامێر کە ئارەزووی وەرگرتنی پەیامەکەیان دەربڕیوە بە بەکارهێنانی پەیوەندییەکی یەک بۆ زۆر، یان زۆر بۆ زۆر؛ مالتیکاست جیاوازە لە پەخش لەبەرئەوەی تەنیا بۆ کۆمەڵێک دەنێرێت، نەک بۆ هەمووان. 

ئەنیکاست: بریتییە لە شێوازێكی ڕاوتین كە ئایپی ئەدرێسێك یەك ئامانجی هەیە بەڵام دەتوانێت بە چەند ڕێگەیەكدا بڕوات، كە ڕاوتەرەكان هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی باشترین ڕێگا بەپێی: هەنگاو (Hop)، دووری، كەمیی تێچوو، خێرایی. ئەنیكاست زیاتر لە نێتۆركی گەیاندنی بەرهەم (content delivery network)ـدا بەكاردێت، بۆ ئەوەی زانیارییەكان بە خێراترین شێوە بگات بە بەكارهێنەران.

یونیکاست فۆڕمی باڵادەستی گەیاندنی پەیامە لە ئینتەرنێتدا. ئەم بابەتە سەرنج دەخاتە سەر ئەلگۆریتمەکانی ڕێڕەوکاریی یونیکاست.

جۆرەکانی پڕۆتۆکۆڵی ڕێڕەوکاری

پڕۆتۆکۆڵەکانی ڕاوتین ٧ دانەن:

  • Routing information protocol (RIP)
  • Interior gateway protocol (IGRP)
  • Enhanced interior gateway routing protocol (EIGRP)
  • Open shortest path first (OSPF)
  • Exterior Gateway Protocol (EGP)
  • Border gateway protocol (BGP)
  • Immediate system-to-immediate system (IS-IS)

دابەشکردنی تۆپۆلۆجی

دوو جۆر شێوازی ڕێڕەوکاری بوونیان هەیە، ڕێڕەوکاریی ستاتیک (Static routing) و ڕێڕەوکاریی داینامیک (Dynamic routing)، تۆڕە بچووکەکان لەوانەیە خشتەی ڕێڕەوی دەستی ڕێکخراو بەکاربهێنن، چونکە بچووکترن و ئاسانتر گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، بەڵام تۆڕە گەورەکان تۆپۆلۆجی ئاڵۆزیان هەیە کە دەتوانن بە خێرایی بگۆڕدرێن، ئەمەش وا دەکات دروستکردنی دەستیی خشتەکانی ڕێڕەوکاری نەتوانرێت ئەنجام بدرێت.

ڕێڕەوکاریی داینامیک هەڵدەستێت بە دروستکردنی خشتەکانی ڕێڕەوکردن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن پرۆتۆکۆڵەکانی ڕێڕەوکردنەوە هەڵدەگیرێن، ئەمەش نیمچەسەربەخۆییەک بە تۆڕەکە دەدات لە بەڕێوەبردنی کارەکانی. ڕێڕەوکاریی داینامیکی لە نێو ئینتەرنێتدا زۆرترین بەکارهێنانی هەیە. نموونەی پرۆتۆکۆڵ و ئەلگۆریتمەکانی ڕێڕەوی داینامیکی بریتین لە پرۆتۆکۆڵی زانیاری ڕێڕەو یان ڕیپ (RIP)، یەکەمجار کورتترین ڕێڕەوی کراوە یان ئۆ‌ئێس‌پی‌ئێف (OSPF) و پرۆتۆکۆڵی ڕێڕەوی دەروازەی ناوەوەی بەرزکراوە یان ئی‌ئای‌جی‌ئاڕ‌پی (EIGRP).

ئەلگۆریتمەکانی ڤێکتەری مەودا

ئەلگۆریتمەکانی ڤێکتەری مەودا (Distance vector algorithms) ئەلگۆریتمی بێلمان-فۆرد بەکاردەهێنێت. ئەم ڕێڕەوکارییە لەسەر ژمارەی ڕاوتەرەکانی نێوان نێرەر و شوێنی مەبەست بەندە، بۆ نموونە ئەگەر نێوان ڕاوتەری یەک و ڕاوتەری پازدە، لە لایەک ١٢ ڕاوتەر هەبێت و لە لایەک ١٤ ڕاوتەر هەبێت، ئەم ئەلگۆریتمە ١٢ ڕاوتەرەکە هەڵدەبژێرێت تەنانەت ئەگەر توانایان لە ١٤ ڕاوتەرەکە کەمتر بێت و هێواشتر بن.

ڕاوتەرەکان بە بەردەوامی هەر چەند چرکەیەک جارێک نامەیەک بۆ یەکتری دەنێرن کە خشتەی ڕێڕەوکارییەکەی تێدایە، بەمەش یەکێک لە کێشەکان دروست دەبێت کە بەکارهێنانێکی زۆری بیرگە و دروستبوونی کەلێنی ئاسایشە. لەم جۆرەدا هەموو ڕاوتەرێک تەنیا زانیاری دەربارەی باڵەکانی خۆی هەیە و زیاتر لەوە نازانێت. هەروەها لەسەر بنەمای Classfull دامەزراوە.

ئەلگۆریتمەکانی دۆخی بەستەر

ئەلگۆریتمەکانی دۆخی بەستەر (link state routing algorithm) لە کاتی بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکانی ئەم دۆخەدا، هەموو ڕاوتەرێک نەخشەی گرافیکی تۆڕەکە و ئەو زانیارییە بنەڕەتیانە دەزانێت کە لە نێتۆرکەکەدا هەیە. سەرەتا هەر ئامێرێک هەموو زانیارییەکی نێتۆرکەکە وەردەگرێت و شوێنی هەموو ڕاوتەرەکان دەزانێت، پاشان هەر ئامێرێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم زانیاریانە کۆدەکاتەوە بۆ نەخشەیەک. بە بەکارهێنانی ئەم نەخشەیە، هەر ڕاوتەرێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕێڕەوی کەمترین تێچووی لە خۆیەوە بۆ هەموو ڕاوتەرێکی تر دیاری دەکات، ئەمەش بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمێکی ستانداردی کورتترین ڕێڕەوەکان، وەک ئەلگۆریتمی Dijkstra

ئەم جۆرە لەسەر بنەمای Classlessـە و زانیاری دەربارەی هەموو ڕاوتەرەکان و کێبڵەکانی نێوانیان و تواناکانیان دەزانێت، بۆ ئەوەی کورتترین ڕێگا دیاری بکات، نەوەک کەمترین ژمارەی ڕاوتەر.

ئەلگۆریتمی باشترکراوی ڕێڕەوی دۆخی بەستەر

ئەلگۆریتمێکی ڕێڕەوکردنی دۆخی بەستەرە کە بۆ تۆڕە تایبەتەکانی مۆبایل باشتر کراوە و بە پرۆتۆکۆڵی ڕێڕەوی دۆخی بەستەر (OLSR یان Optimized Link State Routing algorithm) دەناسرێت. ئەم جۆرە پەیامەکانی سڵاو و کۆنترۆڵی تۆپۆلۆجی (TC) بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی دۆخی بەستەر لە ڕێگەی تۆڕی تایبەتی مۆبایلەوە.

پرۆتۆکۆڵی ڤێکتەری ڕێڕەو

پرۆتۆکۆڵی ڤێکتەری ڕێڕەو (Path-vector protocol) ڤێکتەری مەودا و ڕێڕەوی دۆخی بەستەر هەردووکیان پرۆتۆکۆڵی ڕێڕەوی ناو یەک بوارن. لەناو یەک سیستمی ئۆتۆنۆمیدا (autonomous system) بەکاردەهێنرێن، بەڵام لە نێوان چەند سیستمێکی ئۆتۆنۆمیدا بەکارناهێنرێن. هەردوو ئەم پرۆتۆکۆڵانەی ڕێڕەوکردن لە تۆڕە گەورەکاندا دەبنە چارەسەرنەکراو و ناتوانرێت لە ڕێڕەوکردنی نێوان بوارە جیاوازەکاندا بەکاربهێنرێن.

بۆیە ڕێڕەوی ڤێکتەری ڕێڕەو بۆ ڕێڕەوی نێوان دۆمەینەکان یان لەنێوان سیستمە ئۆتۆنۆمییە جیاوازەکان بەکاردێت. هاوشێوەی ڕێڕەوی ڤێکتەری مەودایە. پێی وایە یەک سیستمی ئۆتۆنۆمی وەک یەک هەنگاوە بۆ ڕێڕەوکاری، تەنانەت ئەگەر ترافیکی زۆریش بێت.

پرۆتۆکۆڵی دەروازەی سنوور یان بی جی پی (BGP) نموونەی ئەم جۆرە پڕۆتۆکۆڵەیە.

هەڵبژاردنی ڕێڕەو

هەڵبژاردنی ڕێڕەو بریتییە لە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک کاری ژمێریاری بۆ دیاریکردنی باشترین ڕێگە بۆ ناردنی داتا بۆ شوێنی مەبەست. زۆربەی ئەلگۆریتمەکانی ڕێڕەوکردن لە یەک کاتدا تەنها یەک ڕێڕەوی تۆڕ بەکاردەهێنن. ڕێڕەوی فرەڕێڕەو و بە تایبەتی تەکنیکەکانی ڕێڕەوی فرەڕێڕەوی یەکسان (equal-cost multi-path routing) بوونی چەندین ڕێڕەوی جێگرەوە چالاک دەکەن.

لە تۆڕەکانی کۆمپیوتەردا، ڕێڕەو لەڕێی چەند شێوازێکی تایبەتەوە دیاری دەکرێت، وەک باندویث (bandwidth)، دواکەوتنی تۆڕ (network delay)، ژمارەی هۆپ (hop count)، تێچووی ڕێڕەو (path cost)، بار (load)، زۆرترین یەکەی گواستنەوە (maximum transmission unit)، متمانەپێکراوی (reliability) و تێچووی پەیوەندییەکان (communication cost). خشتەی ڕێڕەو تەنها باشترین ڕێگای بەردەست لەخۆی دەگرێت، لە کاتێکدا داتابەیسی دۆخی بەستەر یان تۆپۆلۆجی ڕەنگە هەموو زانیارییەکانی تریش هەڵبگرێت.

لە حاڵەتی سەریەککەوتن یان یەکسانبوونی ڕێڕەوەکان، ئەلگۆریتمەکان ئەم توخمانەی خوارەوە بە ڕیزبەندی لەبەرچاو دەگرن بۆ ئەوەی بڕیار بدەن کام ڕێگا بخەنە پێشتر بۆ گواستنەوەی داتا:

درێژی پێشگر (Prefix length): ئەو خشتەی ڕێڕەوکارییەی کە درێژترین سەبنێت ماسکی هەیە هەمیشە باشترە چونکە شوێنی مەبەست بە وردی دیاری دەکات.

پێوەر (Metric): لە کاتی بەراوردکردنی ئەو ڕێگایانەی کە بەردەستن و هەمان ڕاوتین پڕۆتۆکۆڵ بەکار دەهێنن، کەمترین پێوەر باشترینە. بەڵام ناتوانرێت لەنێوان پڕۆتۆکۆڵە جیاوازەکان بەکار بهێنرێت.

مەودای کارگێڕی (Administrative distance): لە کاتی بەراوردکردنی نووسراوەکانی خشتەی ڕێڕەوەکان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە وەک پرۆتۆکۆڵی جیاوازی ڕێڕەو و ڕێکخستنی ستاتیک، مەودای کارگێڕی کەمتر ئاماژەیە بۆ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوتر و بەم پێیەش ڕێڕەوێکی پەسەندکراوترە.


سەرچاوەکان



529 بینین