حەسەن قزڵجی

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-07-28-23:35:00 - کۆدی بابەت: 9597
حەسەن قزڵجی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەسەن قزڵجی (بە ئینگلیزی: Hassan Qzlji)، نووسەر، وەرگێڕ، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوانێکی کورد بوو، لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩١٤ لە شاری بۆکان لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار لە دایکبووە، حەسەن لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن، سەرەتا لە لای باوکی مەلا عەلی و سەید حوسەین باغڵووجە دواتر لە لای مەلا ئەحمەد فەوزی و مەلا ئەحمەد تورجانیزادە خوێندوویەتی، پاش چەند ساڵ خوێندن بووەتە فەرمانداری شاری مەهاباد، دەیان بابەتی ئەدەبی لە زمانەکانی فارسی، تورکی، بولگاری و عەرەبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها چەندین بابەتی زمانەوانی بڵاو کردووەتەوە. حەسەن قزڵجی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بوارەکانی، چیرۆک، وتار، ڕەخنە، لێکۆڵینەوە، زمانەوانی و وەرگێڕان.

حەسەن قزڵجی یەکێک بووە لەو پیاوانەی ڕۆڵێکی ڕووناکبیری و ڕامیاریی باشی هەبووە لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی محەممەد، لە کاتی لاویەتیدا لە ساڵی ١٩٤٢ لەگەڵ چەند کەسی ئازادیخواز و ڕووناکبیری تر، لەژێر ناوی نهێنی (ژیر) پەیوەندی کردووە بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، ڕۆژنامەی هەڵاڵە و بۆکان، ئەم نووسەرە لە گۆڤارەکانی کوردستان، ئاوات و هەڵاڵە نووسینەکانی بڵاو کراونەتەوە، هەروەها سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری وێژەیی و ڕامیاریی گشتیی هەڵاڵە بووە کە لە ساڵی ١٩٤٦ لە بۆکان و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا دەردەچوو.

حەسەن قزڵجی پاش کۆماری کوردستان وەک زۆربەی نیشتمانپەروەران بە ناچاری لە باشووری کوردستان جێگیر بووە. سەرەڕای ژیانی نهێنی و چەرمەسەری درێژەی بە نووسین داوە و لە بڵاوکراوەکانی هیوا، ڕۆژی نوێ، نووسەری کورد و بەیاندا بابەتەکانی بڵاو کردووەتەوە.

لە ساڵی ١٩٥٣ بە بیانوی ئەوی خەڵکی عێراق نییە، لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە تەسلیم بە ئێران کراوەتەوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی لە دەستی پۆلیسی ئێران ڕزگار کردووە و خۆی گەیاندووەتە شاری هەڵەبجە و لەوێ نیشتەجێ بووە. پاشان چووەتە لای هەژار موکریانی لە شاری بەغداد و لەوێوە بۆ وڵاتی بولگاریا، لەوێ لە ڕادیۆی پەیکی ئێران بووەتە بێژەری هەواڵی ڕامیاری بە زمانی کوردی، پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیی ئێران، لە ڕیزەکانی حیزبی توودەی ئێران، وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەڵک کە بە کوردی دەردەچوو، کاری کردووە.

لە ساڵی ١٩٨٣ حەسەن قزڵجی دەستبەسەر کراوە و خراوەتە زیندان، ئەو کاتەی لە بەندیخانە دەستگیر کراوە، تەمەنی ٧٠ ساڵ بووە و پاش ئەوەی ١٠ مانگ لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە، لە ڕۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٨٥ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارە دراوە و لەژێر چاودێریی حکوومەت تەرمەکەی لە گۆڕستانی بەهەشتی زارای تاران لە شوێنێکی نادیار بە خاک سپێردراوە.

شێوازی نووسینی

حەسەن قزڵجی زمانەوان و شارەزای هەموو زار و بن زارەکانی زمانی کوردی بووە، زۆربەی نووسینەکانی قزڵجی بە موکریانین، بەڵام هەورامی و ئەردەڵانییشی بەکارهێناوە. چیرۆکەکانی ساکار و ڕەوان نووسراون و قەڵەمەکەی چەکێک بووە بۆ شۆڕشی چینایەتی و ئاوابوون لە دەرەبەگایەتی، ژن لە چیرۆکەکانی قزڵجیدا ڕۆڵی هەیە بەڵام تەنیا لە یەک داستاندا قارەمانی سەرەکییە، هەروەها وەکوو کەسایەتییەکی ئازادیخواز باسی لە کوردستان و داگیرکەرانیشی کردووە.

بەرهەمەکانی

بەرهەمی چاپکراو

  • ئاشتیخوازیی لادێیی و پەیمانی دوولایی لە نووسینی: حەسەن قزڵجی و عەبدولڕەحمان زەبیحی، بەغداد ١٩٥٩.
  • پێکەنینی گەدا

بەرهەمی چاپنەکراو

  • تیۆریی ئەدەبی وەرگێڕان لە بولگارییەوە
  • زاراوەی سیاسی کۆمەڵایەتی (وەرگێڕان)
  • کورتە چیرۆکەکانی ئەنگیل کارالچیڤ وەرگێڕان لە بولگارییەوە


سەرچاوەکان



275 بینین