مارمێلکەی لۆچدار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-01-23:45:00 - کۆدی بابەت: 9659
مارمێلکەی لۆچدار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مارمێلکەی لۆچدار یان ئەژدیهای لۆچدار (بە ئینگلیزی: Frilled lizard، بە عەرەبی: سحلیة مزرکشة)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی خشۆکەکانە، نشینگەکەی دەکەوێتە ئوستوڕالیا و گینیای نوێ، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە دارستانەکانی هێڵی کەمەرەیی، کە ئەم بوونەوەرە زیاتر لە ناوچە گەرمەکان و  لە ساڤانادا دەژی و بەگشتی لەسەر درەختەکان دەبینرێت، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی ئەم جۆرە مارمێلکەیە بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵەی تایبەت بە خۆیان دروستناکەن، جگە لە وەرزی زۆربوون نەبێت کە پێکەوە دەبینرێن.

ناوەکەی لە ئەو لۆچانەوە بەدەستهێناوە کە لە دەوروبەری قوڕگیدا هەن، هەروەها مارمێلکەی لۆچدار گیانەوەرێکی خێرایە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٤٨ کیلۆمەتر ببڕێت، بەڵام بوونەوەرێکی کۆچەری نییە و لە هەموو وەرزەکاندا لەهەمان جێگەی خۆیدا جێگیرە، تەنانەت جیاواز لە زۆرینەی گیانەوەران لە وەرزی زستاندا چالاکترە بە بەراورد بە وەرزە وشکەکان، هەروەها ناشچێتە سوڕی متبوونەوە، ژمارەی تاکەکانی زۆر کەم نییە بەڵام لەناوچوونی دارستانەکان و زیادبوونی ژمارەی پشیلە بکوژەکان سەرەکیترین مەترسییەکانن.

هەروەها ئەم جۆرە مارمێلکە تاکە ئەندامە لە خێزانەکەیدا و جۆری جیاوازی نییە، بەڵام هەندێک گۆڕانکاری لە ڕەنگی ئەندامەکاندا هەیە کە بە گوێرەی نشینگەکانیان دەگۆڕێت، ژمارەیەک لە خەڵکی ئارەزووی ماڵیکردنی دەکەن و لە وڵاتەکانیشدا ڕێگەپێدراوە، بەڵام ماڵیکردنی گرنگیپێدانی تایبەتی پێویستە، ئەم مارمێلکەیە ژەهراوی نییە وەک ئەوەی کە هەندێک لە خەڵکی لۆچەکانی بە ژەهراوی دەزانن، بەڵکو ئەو لۆچانە تەنها بۆ شڵەژاندنی ڕاوچییەکانییەتی.

شێوەی دەرەوەی

جیاکەرەوەترین تایبەتمەندی ئەم مارمێلکەیە کلکێکی درێژە، لەگەڵ پێستی درێژەوەبوو لە ملیدا کە وەک لۆچێک دەردەکەوێت، جەستەی بە پوولەکە داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک قاوەیی، ڕەش، زەرد، لەگەڵ ڕەنگی کاڵی تر وەک بێجی، پوولەکەکانی جەستەی هاوکاری دەکات هەتاکوو لە ناوچە گەرمەکاندا ڕێژەی شێی جەستەی بپارێزێت، ئەم مارمێلکە قەبارەیەکی گەورەی هەیە بەڵام کێشی تەنها لە نێوان ٠.٥-١ کیلۆگرام دەبێت لە کاتێکدا درێژییەکەی لە نێوان ٦٠-١٠٠ سانتیمەتر دەبێت، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە مارمێلکەیە ئەوەیە کە دەتوانێت لەسەر پەلەکانی دواوەی بوەستێت و ڕابکات، هەروەها چنگەکانی بەجۆرێکن کە بەئاسانی دەنووسێت بە قەدی درەختەکانەوە و پاشان بەخێرایی سەردەکەوێت.

خۆراک

ئەم جۆرە مارمێلکەیە بوونەوەرێکی هەموو شتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتین لە مێروو و قرتێنەر لەگەڵ جاڵجاڵۆکەکان، لەناویشیاندا مێرووەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، هەروەها دەشتوانێت مارمێلکەی بچووکتر و مەمکدارە بچووکەکانیش بخوات، کاتی ڕاوکردنی لە خۆرهەڵاتن و خۆرائاوا بووندایە کە لە نزیک جێگەی نێچیرەکەی دەوەستێت هەتاکوو دەردەکەوێت، پاشان گیانەوەرەکە دەگرێت و ناهێڵێت بجووڵێت، ئەم بوونەوەرە بەوە بەناوبانگە کە لە یەکجاردا سەدان و هەزاران مێروولەی سپی دەخوات، دواتر بۆماوەی چەندین مانگ لە خواردنی دوور دەکەوێتەوە.

بەڵام مارمێلکەی لۆچدار خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک باڵندە ڕاوکەرەکان و پشیلە بکوژەکان یاخود مارمێلکەی قەبارە گەورەتر، ئەو لۆچانەی کە هەیەتی لە دۆخی ئاسایدا بە دەوروبەری ملیدا درێژبوونەتەوە، بەڵام کاتێک هەست بە مەترسی دەکات ئەوا هەوڵی ترساندنی ڕاوچییەکانی دەدات، هەوڵدانەکە بە کرژکردنی لۆچەکانی دەبێت و بڵاویان دەکاتەوە، بەهۆیەوە قەبارەی مارمێلکەکە گەورەتر دەردەکەوێت کە تیرەی لۆچەکە کرژبووەکە دەگاتە نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر، هەروەها لە هەمان کاتدا دەمی دەکاتەوە و دەنگی وەک فیشکەکردن (فیکەلێدان) دەردەکات.

لە زۆرینەی جارەکانیشدا ئەم مارمێلکەیە شەڕانگێزی نانوێنێت، لە بری گەستن و شەڕکردن ئەوا هەڵدێت و ڕادەکات و بەخێرایی لە مەترسییەکە دوور دەکەوێتەوە، بۆیە ئەو کرژکردنەی لۆچەکانی ملی تەنها بۆ شڵەژاندنی ڕاوچییەکانییەتی، لەئەنجامدا بەدەستهێنانی کاتی پێویست هەتاکوو هەڵبێت و ڕابکات بۆ سەر درەختەکان، هەروەها بەهۆی ڕەنگیشیانەوە بەئاسانی خۆیان دەشارنەوە لەسەر قەد و چڵی درەختەکان.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن دەکەوێتە پایزەوە کە نێرینەکان پێشبڕکێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی هاوبەشێک، نێرینەکان شەڕانگێز دەبن لەگەڵ یەکتریدا و لۆچەکانیان کرژ دەکەن، هەروەها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان سەریان دەجووڵێنن بۆ سەرەوە و بۆ خوارەوە، دوای یەکگرتن مێینەکان لە قووڵایی زیاتر لە ٢٠ سانتیمەتر لە خۆڵدا هێلکەکانیان دادەنێن، جێگەی هەڵکۆڵینی چاڵەکانیش لە خۆرەتاودا دەبێت هەتاکوو گەرمی بۆ هێلکەکان دابین بکەن، مێینەکان ٨-١٤ هێلکە دەکەن بەڵام ناوەندە ڕێژەی ژمارەی ئەو بێچووانەی هەڵدێن دەگاتە ١٢ دانە، پاش تێپەڕبوونی ٢-٣ مانگ بێچووەکان هەڵدێن و هەر لەسەرەتادا بەبێ هیچ گرنگیپێدانێکی دایک و باوکیان توانای ژیانکردنیان دەبێت، کە بێچووە خوشک و براکان پێکەوە دەمێننەوە و مێرووەکان دەخۆن، لەدوای ١٠ ڕۆژیش جێگەکەیان جێدەهێڵن و پشتبەخۆیان دەبەستن، سوڕی ژیانی ئەم جۆرە گیانەوەرە لە نێوان ١٠-٢٠ ساڵ دەبێت، بەڵام هەندێکیان بەهۆی نەبوونی ڕێژەی پێویست لە ڤیتامین D و کالسیۆم تووشی نەخۆشی دەبن.


سەرچاوەکان



330 بینین