هۆکارەکانی ئازاری لای ڕاستی مل 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-17-23:01:00 - کۆدی بابەت: 9884
هۆکارەکانی ئازاری لای ڕاستی مل 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی ئازاری لای ڕاستی مل (بە ئینگلیزی: Causes of pain in the right side of the neck، بە عەرەبی: أسباب ألم الجانب الأيمن من الرقبة)، هەستکردن بە ئازاری لای ڕاستی مل لەنێو خەڵکدا کێشەیەکی باوە. ئەم ئازارە دەکرێت بەهۆی کشانی ماسولکە یان هەر هۆکارێکی تر ڕووبدات. هەندێکجار ئازارەکە کاتییە و بە تێپەڕبوونی کات چارەسەر دەبێت، بەڵام لەکاتی هەبوونی ئازارێکی توند بۆ ماوەیەکی زۆر وا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ ئەوەی زیانی لاوەکی لێ نەکەوێتەوە. مل بەشێکی سەرەکی لەشی مرۆڤە. ئێسک، ماسولکە و شانەکانی بڕبڕەی پشت لەخۆ دەگرێت. جیاواز لە بەشەکانی تری جەستە، بەهۆی زۆر جووڵاندنی لە تەواوی ڕۆژەکەدا، دەکرێت بە ئاسانی زیانی بەربکەوێت و لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری ئازاری مل ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت لەو ناوچانەی پەیوەندییان بە ملەوە هەیە و لێوەی نزیکن کەسەکە هەست بە ئازار بکات وەکوو ناوچەی شان، پشت، شەویلگە و سەر.

هۆکارەکانی ئازاری لای ڕاستی مل

بەهۆی تێکشکاندن یان زیانگەیاندن

لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا، بڕبڕە و دیسک، کە وەک پاڵپشتییەک لە نێوان بڕبڕەکاندا وایە دووچاری تێکشکاندن دەبن. لەگەڵ تێکشکاندنی ئەم پێکهاتانە کەسەکە دووچاری ئازارێکی درێژخایەن و بەردەوام دەبێت. تێکشکاندنی بڕبڕە و دیسک و بەشەکانی تری مل دەکرێت بەهۆی هەندێک حاڵەتی پزیشکییەوە ڕووبدات، وەکوو: 

  • هەوکردن
  • دروستبوونی پەستانێکی زۆر لەسەر دەمارەکان بەهۆی ئێسک، ماسولکە، کڕکڕاگە و ماسولکەبەستەکانی دەوروبەرەوە. 
  • هەوکردنی ماسولکەکان 
  • تێکشکاندنی دیسک

هەڵبژاردنی شێوازێکی نەگونجاو بۆ خەوتن 

هەستکردن بە ڕەقبوون و ئازاری شان و پشت و مل لەدوای هەستان لە خەو کێشەیەکی باوە. شێوازی خەوتن، ژمارەی ئەو سەرینانەی کەسەکە بەکاریدەهێنێت، هەروەها نەرمی دۆشەکەکە کاریگەری لەسەر کەسەکە دەبێت لەدوای هەستان لە خەو لە بەیانیاندا. بەکارنەهێنانی پاڵپشتییەکی وەک سەرین بۆ ژێر سەر و مل ئەگەری تووشبوون بە ئازاری مل و ناوچەکانی دەوروبەر زیاد دەکات. خەوتن لەسەر سک و نوشتانەوەی مل بە لایەکدا بە یەکێک لە هەرە خراپترین شێوازەکانی خەوتن دادەنرێت لەکاتی ئازاری ملدا، ئەم شێوازی خەوتنە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستانێکی زۆر لەسەر مل. ئەو کەسانەی لەسەر سک دەخەون ئەگەری تووشبوونیان بە ئازار زیاترە بە بەراورد بە ئەو کەسانەی لەسەر پشت یان لەسەر لا دەخەون. 

فشار و دڵەڕاوکێ

لە کاتی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ، ماسولکەکان گرژ دەبن. ئەم گرژبوونە زیاتر ماسولکەکانی مل و شان و پشت دەگرێتەوە. هەتا دڵەڕاوکێ و فشارت زیاتر بێت، گرژی ماسولکەکان زیاد دەکات و زیاتر هەست بە ئازار دەکەیت.

هۆکارێکی نەزانراو

زۆربەی جار هۆکاری ئازاری مل نادیارە، واتە هۆکارێکی دیاریکراو نییە پەیوەندی بە ئازارەکەوە هەبێت. لە هەندێک حاڵەتدا چارەسەری پێویست نییە و بە تێپەڕبوونی کات و دوای نزیکەی چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک چاک دەبێتەوە. بە پێچەوانەوە لە هەندێک کەسدا بۆ ماوەیەکی درێژ ئەم ئازارە دەمێنێتەوە. ئەگەر کەسێک تووشی ئازاری مل بوو بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ ئەوا بە حاڵەتێکی مەترسیدار دادەنرێت و وا باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات. لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت هۆکاری ئازارەکە بە وردی و دڵنیاییەوە دیاری بکرێت، بەڵام چەند ئەگەر و گریمانەیەک هەیە کە لەوانەیە هۆکاری ئازارەکە بگەڕێتەوە بۆ ماندووبوونی زۆر، دانیشتن و بەرزکردنەوەی مل بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ جووڵاندن، هەروەها هۆکارەکانی تری وەک نیگەرانی، دڵەڕاوکێ و فشار. ئەم جۆرەی ئازاری مل کە هۆکارەکەی نەزانراوە لە هەموو جۆرەکانی تر باوترە.

ڕەقبوونی مل

ڕەقبوونی مل حاڵەتێکە تیایدا سەر بۆ یەکێک لە لایەکان وەر دەگەڕێت یان دەسوڕێت، زۆرجار هۆکاری ئەم ڕەقبوونی ملە نەزانراوە. پزیشکەکان گومان دەکەن هۆکارەکەی بۆ وەرگەڕانی ئێسکەبەندی بچووک یان ماسولکەکانی مل بگەڕێتەوە، هەروەها بەرکەوتنی مل بە پلەی گەرمییەکی نزم واتە ژینگەیەکی سارد بۆ ماوەیەکی درێژ دەکرێت بە یەکێکی تر لە هۆکارەکان دابنرێت. ڕەقبوونی مل بە زۆری لە شەواندا ڕوودەدات، واتە کەسەکە هیچ کێشەیەکی نییە لە کاتی خەوتن، بەڵام لەدوای هەستان لە خەو دووچاری ئەم ئازارە دەبێت، هەندێک کەس دوای چەند ڕۆژێک چاک دەبنەوە واتە ئازارەکە کاتییە. ئەگەر ئەم حاڵەتە ماوەیەکی زۆری خایەند وا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، چونکە دەکرێت ئەمە نیشانەیەک بێت بۆ حاڵەتێکی مەترسیداری وەک هەبوونی گرێ و تووشبوونە میکرۆبییەکان یان یەکێک بێت لە زیانە لاوەکییەکانی بەکارهێنانی دەرمانێکی دیاریکراو.

برینی تۆڕی لوولەدەماریی بازوو

کۆمەڵەی ئەمریکا بۆ نەشتەرکاری دەست وشەی لوولەدەماریی بازوو بە کۆمەڵێک دەمار کە دڕکەپەتک بە دەست پەیوەست دەکەن پێناسە دەکەن.

ئەگەر هەر زیانێک بەر لوولەدەماریی بازوو بکەوێت ئەوا ئەگەری هەیە ئازار لە دەستەکانیشدا ڕووبدات. یەکێک لە هۆکارەکانی زیانگەیاندن و برینداری لەم بەشەی جەستە دەگەڕێتەوە بۆ زەبری بەهێزی کوڵ، ئەگەری هەیە لە کاتی ڕووداوی ئۆتۆمبێل ڕووبدات.

وەرگەڕانی مل

وەرگەڕانی مل بەهۆی ڕووداوی ئۆتۆمبێل یان هەر هۆکارێکی تر دەبێتە هۆی کشانی ماسولکەکان یان زیان گەیاندن بە شانەکانی مل. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی جیاواز وەک سەرئێشە، دڵەڕاوکێ، ماندوویەتی، گرژبوونی ماسولکەکان، هەستکردن بە ئازار لە ناوچەی مل، پشت و شاندا، هەروەها ڕەقبوونی مل بەشێوەیەک، کەسەکە توانای جوڵاندنی نەبێت.

نەخۆشی بڕبڕەی مل

ئەم حاڵەتە لەلایەن خەڵکەوە بە پوکانەوەی دەمار ناسراوە. پوکانەوەی ئەو دەمارەی لە بەشی دڕکەپەتکی ملدا هەیە، دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازار و ئەم ئازارە بۆ قۆڵەکانیش دەگوازرێتەوە. نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بریتیین لە: 

  • سڕبوونی قۆڵ
  • هەستکردن بە ئازاری قۆڵ
  • هەستکردن بە ئازار یان لاوازی لە بەشێکی دیاریکراوی قۆڵدا

تووشبوون بەهۆی هۆکارە دەگمەنەکانەوە

دەکرێت ئازاری مل بەهۆی هەندێک حاڵەتی دەگمەنەوە ڕووبدات، وەک:

شێرپەنجە

نەخۆشییەکانی ئێسک

تووشبوونە میکرۆبیەکان 

زیانگەیاندن بە دەمار یان دڕکەپەتک

بریندارییەکی گەورە


سەرچاوەکان



1234 بینین