بۆچی خوێن تامی کانزا دەدات؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-21-20:50:00 - کۆدی بابەت: 9942
بۆچی خوێن تامی کانزا دەدات؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

بۆچی خوێن تامی کانزا دەدات (بە ئینگلیزی: why does blood taste like metal، بە عەرەبی: لماذا طعم الدم مثل المعدن)، دەکرێت دەستی خۆت بڕیبێت و خوێنی لێ هاتبێت، لەو کاتەدا کلێنست لا نەبووبێت و خوێنەکەت خواردبێت، یان کاتێک ددانێکت لەقیووە و دواتر کەوتووە، ناو دەمت پڕ بووە لە خوێن و زۆر حاڵەتی تر، هەموو کەس ڕۆژێک لە ڕۆژان بەڕێکەوت یان بەئەنقەست تامی خوێنی خۆی کردووە، بێگومان هەستت کردووە خوێنەکە تامی کانزا یان ئاسن دەدات، و لەوانەیە بە تامەکەی بێزار بووبێتیت. دەکرێت ئەو پرسیارە لەلات دروست بووبێت کە ئایا بۆچی خوێن تامی کانزا دەدات.

خوێن چییە؟

خوێن شلەیەکی تایبەتی لەشە، بە بەردەوامی بە لەشدا دەسوڕێتەوە. ماددە پێویستییەکانی وەک خۆراکە ماددە و ئۆکسجین بۆ خانەکان دەگوازێتەوە، هەروەها پاشەڕۆکان دەکاتە دەرەی لەش. خوێن لە چوار پێکهاتەی سەرەکی پێکهاتووە، ئەوانیش بریتیین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن، خڕۆکە سپییەکانی خوێن، پەڕەکانی خوێن و پلازما. خوێن چەندین ئەرکی جیاواز جێبەجێ دەکات وەک: 

  • گواستنەوەی خۆراکە ماددە و ئۆکسجین بۆ سییەکان و شانەکانی لەش.
  • دروستکردن و بەرهەمهێنانی خوێنی مەییو بۆ ئەوەی ڕێگری لە خوێنبەربوون بکات. 
  • لە چەندین خانە و دژەتەن پێکهاتووە بۆ پارێزگاریکردنی لەش لە تووشبوونە میکرۆبییەکان.
  • پاشەڕۆکان بۆ جگەر و گورچیلە دەگوازێتەوە و دەیانکاتە دەرەوەی لەش. 
  • پلەی گەرمیی لەش ڕێک دەخات.

بۆچی خوێن تامی کانزا دەدات؟

هۆکاری تامی کانزا لە خوێندا بۆ بوونی ئاسن لە هیمۆگڵۆبین دەگەڕێتەوە. هیمۆگڵۆبین پێکهاتەیەکە وا دەکات خڕۆکە سوورەکانی خوێن ئۆکسجین هەڵمژن و بۆ خانەکانی لەش بیگوازنەوە. لە هەمان کاتدا کاتێک کەسێک بڕێکی زۆر لە خوێن لەدەست دەدات، دەکرێت هەست بە بۆنی مس لە خوێنەکەدا بکات. پلازمای خوێن یەکێکە لە پێکهاتەکانی خوێن کە وا دەکات خوێن بە ناو خوێنبەر و خوێنهێنەرەکاندا بجوڵێت. پلازما لە پڕۆتینێک بە ناوی سێرەلۆپلازمین (ceruloplasmin) پێک دێت، ئەم پڕۆتینە یارمەتی گواستنەوەی مس بۆ مۆخی ئێسک دەدات، لە ئەنجامدا مس لە ناوچەکەدا کۆدەبێتەوە و خڕۆکەی سووری نوێ دروست دەکات. لەبەر ئەم هۆکارە بێجگە لەوەی خوێن تامی کانزا دەدات لەگەڵ ئەوەشدا بۆنی مسی لێ دێت.


سەرچاوەکان



458 بینین