ئینستاگرام

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-28-23:44:00 - کۆدی بابەت: 10055
ئینستاگرام

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئینستاگرام (بە ئینگلیزی: instagram، بە عەرەبی: إنستغرام) تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی ئەمریکییە بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتە و دانانی ستۆری ڕۆژانە، ئەم بەرنامەیە ڕێگە بە دەستکاریکردن و چاککردنی وێنەکانت دەدات لە ڕێگەی بەکارهێنانی فیلتەر بۆ جوانترکردن و باشترکردنی وێنەکە، دەشتوانیت بڵاویان بکەیتەوە بۆ ئەوەی جیهان بیبینێت یاخود تەنیا لەلایەن شوێنکەوتووانت (followers) لە پڕۆفایلی تایبەت بە خۆت ببینرێت، ئینستاگرام لەلایەن کێڤن سیسترۆم و مایک کریگەر دامەزرێنراوە.

مێژوو و پێشکەوتنی ئینستاگرام

ئینستاگرام لە ئاداری ٢٠١٠ لە شاری سان فرانسیسکۆ لە ئەمریکا دەستی بە کارکردن کرد و تەنیا تایبەت بوو بە سیستمی ئای ئۆئێس، ئینستاگرام هەر زوو ناوبانگی دەرکرد و توانی بەکارهێنەرێکی زۆر لە خۆی کۆبکاتەوە و خەڵک تامەزرۆی بەکارهێنانی بێت، ئەمەش وای کرد وەشانی تایبەت بە ئەندرۆیدیش بڵاوبکرێتەوە لە نیسانی ٢٠١٢ لە کەمتر لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە یەک ملیۆن جار داببەزێنرێت، بەهۆی ئەمەوە ڕێژەی بەکارهێنەران گەیشتە یەک ملیۆن کەس لە دوو مانگدا و دە ملیۆن کەسیش لە ساڵێکدا، لە ساڵی ٢٠١٣ کۆمپانیاکە هەوڵیدا ئینستاگرام بەرەو پێش بچێت و ڕێگەی بە بەکارهێنەرانی دا گرتە (vedio) ٣٠ چرکەیی بڵاوبکەنەوە، تاکوو ساڵی ٢٠١٥ـش ژمارەی وێنە بڵاوکراوەکانی ئینستاگرام گەیشتە ٤٠ بلیۆن، پاشان لە ساڵی ٢٠١٦ لە وەشانە نوێیەکەدا دەتوانرا گرتەی ٦٠ چرکەیی بڵاوبکرێتەوە، هەروەها تاکوو ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینستاگرام لە توانایدا بوو بگاتە یەک بلیۆن کەس و بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە، لە سەرەتادا خەڵکی هەوڵیاندەدا وێنەی نەشیاو لە ئینستاگرام بڵاوبکەنەوە و بینەر بۆ خۆیان ڕابکێشن، بەڵام کۆمپانیاکە ڕێگری کرد لەم حاڵەتە و چەندین حاڵەتی تری ترسێنەر.

ئامرازەکانی چاککردن و تایبەتمەندییەکان

ئینستاگرام چەندین تایبەتمەندی و ئامرازی هەیە بۆ چاککردنی وێنە و گرتەکان بە ئارەزووی خۆت، تەڵخکردن و تاریککردنی وێنەکان و زیادکردنی ڕووناکی وێنەکە و چەندین تایبەتمەندی تریش کە وای دەکرد بەکارهێنەران زیاتر ئارەزووی بەکارهێنانی بکەن بە پێچەوانەی فەیسبووکەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ ئینستاگرام دانانی ستۆری زیادکرد بۆ بەرنامەکە بەهۆی وەرگرتنی ئیلهام لە سناپچاتەوە کە وای دەکرد خەڵکی ڕۆژەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکانیان بەش بکەن کە دوای ٢٤ کاتژمێر دیار نەدەما، تایبەتمەندی لە دانانی ستۆریشدا زیاد کرد کە دەتوانرا وێنەکێشان و چاککردن ئەنجام بدرێت و لینک و ئیمۆجی بەکاربهێنرێن بۆ سەر وێنەکە، تا ئێستا ڕۆژانە خەڵکی زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن ستۆری بڵاودەکەنەوە هەروەها بەهۆی ئاگادارکردنەوەکان لە بڵاوکراوەکانی هاوڕێ و دۆستان ئاگاداریان ببیت لە کاتی دانانی ستۆری یاخود بڵاوکردنەوە وێنە و گرتەکانیان، ئەم تایبەتمەندییەش تەنیا لە ڕێگەی چالاککردنی دەتوانرا بەدەست بهێنرێت، لە کاتی دانانی ناوت لەسەر وێنەیەک (tag) لەلایەن هاوڕێکانت دەتوانی لای ببەیت و چیتر لە پڕۆفایلی تایبەت بە خۆت دەرنەکەوێت، هەروەها قسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانت کە بەردەوام و تاکوو ئێستاش لە پێشکەوتن و گۆڕاندا بووە بۆ ئەوە لەگەڵ ئارەزووی بەکارهێنەراندا بگونجێت، تایبەتکردنی پڕۆفایلەکەت لە ئینستاگرام یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکان کە ڕێگەنادات کەسانی نەناسراو وێنە و گرتە و ستۆرییەکانت ببینن، ئەنجامدانی ئەمە و ناردنی نامە لە کەسێکی نەناسراوەوە تەنیا لە ڕێگەی داواکاری بوون بە شوێنکەوتووت (Follow request) و وەڵامدانەوەی نامە (messege request) ڕازیبوون بە داواکارییەکەوە دەبێت، هەروەها تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگی تری ئینستاگرام کە لە هیچ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی تردا بوونی نییە کردنەوەی چەندین هەژمارە لە یەک کاتدا کە زیاتر ڕێگە بە کەسانی بازرگان دەدات هەژماری تایبەتی و هەژماری بازرگانیکردن لە هەمان کاتدا بکەنەوە و سوودی لێوەربگرن، لە نوێترین زیادکراوەکانیشدا دەتوانرێت وێنە دڵخوازەکانت ببینرێت و هەر بڵاوکراوەیەک ئارەزووت لێبوو لای خۆت هەڵی بگریت و لە کاتی پێویستیدا بەکاریانبهێنیتەوە، نووسینی هەر شێوازێکی نووسین لە (bio)ـی خۆت و سڕینەوەی مێژووی گەڕانەکانت و بازرگانیکردن و بەدەستهێنانی پارە کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی تری ئینستاگرامن.

چۆن لە ئینستاگرام پارە بەدەست دەهێنرێت؟

بەدەستهێنانی پارە لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە بووە بە کارێکی باو، دانانی فرۆشگا و هەژمار لە ئینستاگرام باوترین ڕێگەی پەیداکردنی پارەن، لە ئێستادا خەڵکی جل و بەرگ و پێڵاو و جانتا و چەندین کەلوپەلی تر و خواردەمەنی و شیرینی لە ڕێگەی هەژماری گشتی لە ئینستاگرام دەفرۆشن و بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن، هەروەها هەندێک خەڵکی تر لە ڕێگەی ڕێکلام کردن لەلایەن بەکارهێنانی کەسە دیار و ناسراوەکانەوە و کەسانی تر هان دەدەن بۆ کڕینی بەرهەمێک یان کەلوپەلێک کە لە بەرامبەردا کەسی خاوەن بەرهەمەکە بڕە پارەیەک دەبەخشێت بەو کەسەی ڕێکلامی بۆ ئەنجام دەدات، ڕێگایەکی تری بەدەستهێنانی پارە لە ڕێگەی بوون بە کەسایەتییەکی کاریگەر و ناسراو (influencer) کە ژمارەی شوێنکەوتووانت بڕی ئەو پارەیە دیاری دەکات کە ئینستاگرام پێتی دەبەخشێت، کەسە ناودارەکان لە هەر پۆستێک کە دەیکەن بڕێکی زۆر پارە بەدەستدەهێنن لە ڕێگەی بینەرەوە و پارەکەیان ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکەیان.


سەرچاوەکان



1593 بینین