نەجمەدین مەلا

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-29-23:14:00 - کۆدی بابەت: 10068
نەجمەدین مەلا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەجمەدین مەلا (بە عەرەبی: نجم الدين ملا، بە ئینگلیزی: Najmadeen Mala)، ناوی تەواوی نەجمەدین غەفور عەلی ئیبراهیمە و ڕۆژنامەنووس و مامۆستای خوێندنگا و نووسەرێکی کورد بووە. لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە خێزانێکی ئایینی و ڕۆشنبیر گەورەبووە و لەلایەن باوکییەوە فێری خوێندنەوە و نووسین بووە و دواتر لەسەر دەستی شێخ مستەفای قازی بڕوانامەی لە بواری زانستە ئایینییەکانی بەدەستهێناوە، لە ٢١ نیسانی ساڵی ١٩٦٢ لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکردووە.

نەجمەدین مەلا
لەدایکبوون ١٨٩٨، سلێمانی
مردن ١٩٦٢، سلێمانی
شوێنی گۆڕ شاخی ئەزمەڕ
پیشە مامۆستا، ڕۆژنامەنووس
زمان کوردی، فارسی
نەتەوە کورد
خوێندن سلێمانی (قوتابخانەی دواناوەندی مەلەکی)
بواری کارکردن ئەدەبی کوردی، شیعر

ژیان

نەجمەدین مەلا کوڕی مەلا غەفوری کوڕی مەلا عەلییە، خوێندنی لە حوجرە تەواو کردووە و پاشان دواناوەندی لە مەلەکی تەواو کردووە، بەڵام حەزی لە مەلایەتی نەکردووە بۆیە زۆربەی ژیانی بە وانەوتنەوە لە قوتابخانەدا بەسەربردووە، ماوەیەک لە ڕانیە بە مووچە خۆری دەمێنێتەوە و پاشان لەپێناو پەیداکردنی بژێویدا لە شاری حەلەب ماوەیەک ماوەتەوە دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی، لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا چیرۆک و شیعر و وتار و گەلێک بابەتی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بڵاوکردووەتەوە.

لە سلێمانی حوجرەیەکی لەشێوەی خوێندنگەیەکی تایبەتی بەناوی کەشتی نوح کردووەتەوە بۆ فێرکردنی خوێندەواری، هەر لەم حوجرەیەشدا کتێبخانە‌یەکی دامەزراندبوو، کە کتێب و ڕۆژنامە بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی تیادا دەفرۆشت و لەم حوجرەیەوە نزیکەی حەوت هەزار کەسی فێری خوێندەواری کردووە و ژمارەیەکی تریشی فێری زمانی فارسی کردووە. مامۆستا نەجمەدین مەلا هاوکارێکی هەمیشەیی ڕۆژنامەی ژین بوو، لە ڕێگەی ئەو ڕۆژنامەیەوە ژیاننامەی زۆربەی شاعیر هێشتەوە و نزیکەی ٩٠ چیرۆکیشی بڵاوکردەوە کە زۆربەیان چیرۆکی فۆلکلۆرین، جگە لە ئەمانە بەدەست و خەتی خۆی دیوان و بەرهەمەکانی کۆمەڵێک شاعیری پاراستووە لەوانە دیوانەکانی حەمدی و مەولەوی و سالم و نالی و کوردی نەجمەدین مەلا، کۆمەڵێک دەستنووسی لەدوای خۆی جێهێشتووە کە بوونەتە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە بواری ئەدەب و مێژووی کوردیدا.

کۆچی دوایی

لە ٢١ نیسانی ساڵی ١٩٦٢ لە شاری سلێمانی هەر لە حوجرەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی و پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێک تەرمەکەی لە چیای ئەزمەڕ بە خاک سپێردرایەوە.


سەرچاوەکان



607 بینین