شیکاری ئەنزیمەکانی دڵ چییە؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-07-16-18:57:00 - کۆدی بابەت: 13556
شیکاری ئەنزیمەکانی دڵ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شیکاری ئەنزیمەکانی دڵ چییە؟ (بە عەرەبی: ما هو تحليل إنزيمات القلب، بە ئینگلیزی: What is heart enzymes or cardiac marker examination) ئەنزیمەکانی دڵ پشکنینیان بۆ دەکرێت یان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت بۆ دیاریکردنی ئاستی ئەو پرۆتینانەی کە لە دڵدا هەن کە بە ترۆپۆنین T (TnT)، ترۆپۆنین I (TnI) و مایۆگلۆبین ناسراون، هەروەها ئەنزیمەکانی کریاتین فۆسفۆکاینەیز (بە ئینگلیزی: Creatine phosphokinase)، کە بە کورتکراوەی CPK دەناسرێت. شایەنی ئەوەیە بزانین ئەم ئەنزیم و پرۆتینانە لە ئاستێکی بچووکدا لە دۆخێکی ئاساییدا دەبینرێن، بەڵام لە ئەگەری تێکچوونی دڵدا، بەشێک لەم پرۆتین و ئەنزیمانە لە دڵەوە دزە دەکاتە ناو خوێنەوە و بەم شێوەیەش ئاستی ئەوان لە خوێندا سنووری ئاسایی بەرز دەبێتەوە. هەرچەندە زیادبوونیان ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ زیانگەیاندن بە ماسولکەکانی دڵ و کەمبوونەوەی دابینکردنی ئۆکسجین و ئەگەری تووشبوونی کەسێک بە جەڵتەی دڵ، بەڵام مەرج نییە زیادبوون هەمیشە بەو مانایە بێت کە ئەوانەی سەرەوە ڕوویانداوە چونکە هەندێک لەم ئەنزیم و پرۆتینانە لە ئەندامەکانی تری جەستەدا هەن، زیانگەیاندن بەم ئەندامانە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەوان لە خوێندا. هەر بۆیە پشکنینی جەستەیی، زانینی سروشتی نیشانەکان بە کەسی پەیوەندیدار و ئەنجامدانی پشکنینی تر پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی نەخۆشییەکە.

هۆکارەکانی ئەنجامدانی شیکاری ئەنزیمەکانی دڵ

بەشێوەیەکی گشتی ئەنزیمەکانی دڵ شیکاری دەکرێن بە ئامانجی دیاریکردنی زیانەکانی ماسولکەکانی دڵ لە ئەنجامی جەڵتەی دڵ یان بەهۆی بەرکەوتن بە یەکێک لە جۆرەکانی هەوکردن کە کاریگەری لەسەر دڵ هەبووە بە گشتی باشتر وایە ئەم پشکنینە ئەنجام بدرێت لە ئەگەری گومانی هەریەکێک لەوانەی سەرەوە و لەنێو ئەو نیشانانەی کە ئاماژەن بۆ ئەگەری تێکچوون کە لەوانەیە دڵ پێویستی بەم پشکنینە هەبێت، بریتین لە: 

  • هەستکردن بە ئازار و فشار لە ناوچەی سنگ.
  • ڕشانەوە و سکچوون.
  • هەستکردن بە سەرگێژخواردن و ماندوێتی گشتی.
  • پێست ساردی و ئارەقکردنەوە.
  • هەناسەتەنگی.

چۆنیەتی شیکار کردنی ئەنزیمەکانی دڵ

پشکنینی ئاستی ئەنزیمەکانی دڵ پشکنینێکی ئاسانە هاوشێوەی پشکنینە دووبارەکانی تری خوێن، بە تایبەت کە پێویستی بە هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە نییە، چونکە تەنها نمونەی خوێن لە کەسی پەیوەندیدار وەردەگیرێت بەزۆری لە قۆڵی، بە بەکارهێنانی دەرزییەکی تەنک لەگەڵ هەستکردن بە ئازارێکی کەم، و پشکنینەکە پێویستی بە زیاتر نییە لە چەند خولەکێک. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پێویستە پزیشک لە هەموو ئەو دەرمانانە ئاگادار بکرێتەوە کە کەسەکە بەکاریدەهێنێت، بەهۆی ئەگەری کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکە لە پشکنینەکە.

ئەنجامی شیکاری ئەنزیمەکانی دڵ

وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، ئەم جۆرە شیکارییە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئاستی هەردوو جۆری ترۆپۆنین و ئەنزیمی کریاتین فۆسفۆکینازە، هەروەها ئاستی ئەم ئەنزیمانە بە نانۆگرام لە هەر ملیلیترێکدا (بە ئینگلیزی: ng/ml) دەپێورێت، بە زانینی ئەوەی کە تاقیکردنەوەی ترۆپۆنین باوتر و وردترە و سەبارەت بە لێکدانەوە ئەنجامی پشکنینی ئەنزیمەکانی دڵ؛ جێگای سەرنجە کە ئەنجامێکی ئەرێنی پشکنینەکە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ بوونی کێشەیەک یان تێکچوونی دڵ، وەک جەڵتەی دڵ، بۆ نموونە. بەڵام ئەم پشکنینانە بەس نین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، بەڵکو پشکنینی زیاتر پێویستن. پزیشک ئارەزووی زانینی ئەو نیشانانەی هەیە کە کەسی پەیوەندیدار گلەیی لێدەکات، و بەزۆری هێڵکاری لێدانی دڵ (ECG) ئەنجام دەدات.

پێش ئەوەی ئاستی ئاسایی ئەو ئەنزیمانە بخەینەڕوو کە لە سەرەوە باسمان کرد، ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئاستی ئاسایی ئەم ئەنزیمانە لە تاقیگەیەکەوە بۆ تاقیگەیەکی تر دەگۆڕێت، بۆیە دەستنیشانکردنی باری کەسەکە لەلایەن پزیشکەوە بەندە بە مەودای ئاسایی ئەو ئەنزیمانە بەپێی تاقیگە، هەروەها تەندروستی گشتی نەخۆشەکە، و هەندێک هۆکاری تر. بەمجۆرە ئەگەر ئەنجامی شیکارییەکە جیاواز بێت لەوەی لە خوارەوە هاتووە؛ مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە کێشەیەک هەبێت. دەتوانرێت ڕێژە سروشتییەکانی بەم شێوەیە باس بکرێت:

ئاستی ئاسایی ئەنزیمەکان

  • ترۆپۆنین I کەمتر لە ٠.٠٣ نانوگرەم/میلی لیتر.
  • ترۆپۆنین T کەمتر لە ٠.١ نانوگرەم/میلی لیتر.
  • کاینەیز هەردوو جۆری (CPK-MB) سفر بۆ ٣ mcg/L.

پشکنینەکانی تر

لەوانەیە پزیشک پەنا بۆ ئامرازەکانی تری دەستنیشانکردن ببات، جگە لە پشکنینی ئەنزیمەکانی دڵ، بەو پێیەی لەوانەیە هێڵکاری لێدانی دڵ یان ‌هێڵکاری خوێنبەری تاجی ئەنجام بدات، هەروەها ڕەنگە قەستەرەی دڵ ئەنجام بدرێت، هەروەها ڕەنگە پشکنینی دڵ بکرێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سۆنەر، کە پێی دەوترێت سۆنەری دڵ هەروەها دەتوانێت ئاستی هەندێک هۆکاری دیکە لە خوێندا بپشکنێت، لەوانە: 

  • پشکنینی تەواوەتی ژمارەی خوێن.
  • چەوریەکان، وەک کۆلیسترۆڵ و ترایگلیسیراید.
  • گازەکانی وەک ئۆکسجین.
  • ئەلکترۆلایتەکان، وەک: سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، و کلۆر.
  • شەکری گلوکۆز.
  • پێپتیدی ناتریۆریتیکی مێشک 


سەرچاوەکان



105 بینین