سۆنەر

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-06-01-17:57:00 - کۆدی بابەت: 13091
سۆنەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سۆنەر (بە ئینگلیزی: Ultrasound یان Sonogram، بە عەرەبی: الموجات فوق الصوتية) بریتییە لە پشکنینێکی پزیشکی وێنەگرتن کە شەپۆلی دەنگ بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی وێنەی ئەندامەکان، شانەکان و پێکهاتەکانی تری ناو جەستە و دیاریکردنی حاڵەت و کێشەی تەندروستی لەو ئەندامانەدا ئەگەر هەبێت. ڕێگە بە چاودێری تەندروستی دەدات بەبێ نەشتەرگەری بچێتە ناو جەستەوە.

سۆنەر دەتوانرێت بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشیی بەکاربهێنرێت، بەڵام بەزۆری بەکاردێت بۆ یارمەتیدان:

  • چاودێری تەندروستی و گەشەی منداڵێکی لە دایک نەبوو لە کاتی دووگیانیدا. سۆنەری سکپڕی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پشکنینی ئەوەی کە ئایا منداڵەکەت بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە دەکات. دەتوانێت هەندێک حاڵەتی دیاریکراو دەستنیشان بکات، وەک کەموکوڕییەکانی لەدایکبوون. هەروەها دەتوانێت چارەسەری کێشەکانی دووگیانی بکات. بۆ نموونە، سۆنەر دەتوانێت نیشانی بدات کە ئایا وێڵاشەکەت (ئەو ئەندامەی کە ئۆکسجین و خۆراک دەهێنێت بۆ منداڵەکە) لە شوێنی ڕاستدایە. سۆنەر وەک تیشکی (x-ray) نییە چونکە تیشکدانی نییە لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بۆ بینینی گەشەی منداڵ بەکاردێت لە ماوەی دووگیانیدا.
  • دەستنیشانکردنی هۆکاری چەندین حاڵەتی پزیشکی. سۆنەر بە باشترین شێوە بەکاردێت بۆ فێربوون دەربارەی ئەو حاڵەتانەی کە شانە نەرمەکانی تێدایە، وەک ئەندامەکان، ڕژێنەکان و بۆرییەکانی خوێن. سۆنەری دەستنیشانکردن لەوانەیە بەکاربهێنرێت ئەگەر نیشانەی کێشەیەکت هەبێت و لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردن یان دەرکردنی هۆکارەکان.
  • ڕابەری هەندێک ڕێوشوێنی بایۆپسی دەکات. هەندێک لە بایۆپسیەکان دەرزیەک بەکاردەهێنن بۆ لابردنی نموونەی شلە یان شانەی لەش بۆ پشکنین. سۆنەر دەتوانێت ناوچەی نائاسایی بدۆزێتەوە و دەرزیەکە ڕێنمایی بکات بۆ شوێنی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی نموونەکە.

سۆنەر بۆچی بەکاردێت؟

سۆنەری سکپڕی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ:

  • قەبارە، شوێن، لێدانی دڵ و تەمەنی منداڵە لە دایک نەبووەکە.
  • بۆ بینینی ئایا زیاتر لە منداڵێک هەیە.
  • پشکنینی نەخۆشییە بۆماوەییەکان وەک نەخۆشیی مەنگۆلی، کەموکوڕییەکانی لەدایکبوون لە دڵ، مێشک، دڕکەپەتک یان بەشەکانی تری لەش.
  • پشکنینی بڕی شلەی سەراو (ئەو شلەی لە منداڵداندا دەوری ئاولەمەکە دەدات) و شوێنی وێڵاش.

سۆنەری دەست نیشانکردن چەندین بەکارهێنانی هەیە. بۆ نموونە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە:

  • دۆزینەوەی هۆکاری ئازار، هەڵئاوسان و نیشانەکانی تر.
  • گەڕان بەدوای بەربەست، گەشەکردن و کێشەی پێکهاتەیی لە ئەندامەکان و ڕژێنەکان و بۆرییەکانی خوێن.
  • جیاوازی لە نێوان کیس و لووە ڕەقەکان (گرێ).
  • هەروەها لە بواری بەنجکردنیشدا بەکاردێت وەک ڕێبەرییەک.

هەروەها لەوانەیە یارمەتیدەربێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە پزیشکییەکان کە زۆرێک لە بەشەکانی لەش دەگرێتەوە، وەک:

  • دەمەوانەی دڵ و دڵ. پزیشکی پسپۆڕ بەکاریدێنێت بۆ بینینی دڵ و لوولە خوێنەکان بە بەکارهێنانی (echo، سۆنەری تایبەتی دڵ).
  • ئەندامەکانی ناو سک، لەوانە جگەر، زراو، پەنکریاس، یان سپڵ
  • ئەندامەکانی ناو حەوز، لەوانە ڕێڕەوی میز و ئەندامی زاوزێی نێر و مێ
  • ڕژێنی غوودە (سایرۆید و پاراثیرۆید)
  • گورچیلە
  • سنگ
  • مێشک، پشت و ڕیخۆڵە لە منداڵاندا
  • هەروەها لەکاتی هەوکردن و هەڵئاوسانی ڕیخۆڵە کوێرەشدا بەکاردێت بۆ پشکنین، بەڵام بوونی گاز و چەوری لە ڕیخۆڵەکان زۆرجار دەبێتە هۆی بلۆککردنی شەپۆلە دەنگییەکان و پشکنینە ئەستەمتر دەکات.
  • لەمنداڵی بچووکدا سۆنەر بەکاردێت بە دانانی ئامێرەکە لەسەر بەشێکی سەری منداڵەکە، دەتوانین پشکنینی هەر حاڵەتێکی نائاسایی بکەین کە لە مێشکیدا هەبێت.

لەماوەی پشکنینی سۆنەردا کەسەکە پاڵدەکەوێت لەسەر جێگایەک دکتۆرەکە ئامێرێک دەجوڵێنێت بەسەر بەشەکانی لەشدا بەو ئامێرە دەڵێین ترانسدووسەر (transducer)، ئەو ئامێرە شەپۆلی دەنگەکە دابەش دەکات، بازدەدات و تێپەڕدەبێت بۆ شانەکانی ناوەوەی لەش، هەروەها ئەو ئامێرە شەپۆلە دەنگییە گەڕاوەکە دەگیرێتەوە، ئامێری سۆنەرەکە وێنەیەک دروست دەکات لەو شەپۆلە دەنگییانە.

سۆنۆگرافەرەکە جێلێکی تایبەت لەسەر پێستت لەسەر ئەو ناوچەیەی کە پشکنینیان بۆ دەکرێت بڵاودەکاتەوە. جێلەکە ڕێگری دەکات لەوەی هەوا لە نێوان ئامێرەکە و پێستتدا بێت، کە ڕێگری دەکات لە شەپۆلی دەنگ لە چوونە ناو جەستەت. شەپۆلەکانی دەنگ زۆر بەرزن، بۆیە ناتوانیت گوێیان لێبگریت و هەستیان پێ بکەیت. دوای تەواوبوونی پشکنینەکە، سۆنۆگرافەرەکە جێلەکە لەسەر پێست دەسڕێتەوە.

بۆ هەندێک پشکنین، ئامێری سۆنەری تایبەت دەخرێتە ناو جەستەیەکی کراوەوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوونتر بەدەست بهێنرێت. بەپێی ئەو ئەندامانەی کە پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئامێرەکە دەتوانرێت لە:

  • زێ. ئەمە پێی دەوترێت ترانسڤاجینال سۆنەر، یارمەتی بینینی سک و هێلکەدان دەدات.
  • ڕێکە. ئەمە پێی دەوترێت ترانسڕێکتەر سۆنەر. بە شێوەیەکی گشتی بۆ بینینی ڕژێنی پرۆستات ئەنجام دەدرێت.
  • سورێنچک (ئەو بۆرییەی کە دەم و گەدەت بەیەکەوە دەبەستێتەوە). ئەمە پێی دەوترێت ترانسئیسۆفاجییەڵ ئیکۆکاردیۆگرام (TEA)، بۆ ئەوەی وێنەی دڵ ڕوون بێت بەکاردەهێنرێت.

ئایا پێویستە هیچ شتێک بکەم بۆ ئەوەی خۆم ئامادە بکەم بۆ پشکنینەکە؟

ئامادەکارییەکان بۆ پشکنینی سۆنەر پشت دەبەستێت بەوەی چی بەشێکی جەستەت پشکنینی بۆ دەکرێت. هەندێک لە پشکنینەکانی سۆنەر پێویستیان بە هیچ ئامادەکارییەک نییە. پزیشکەکەت پێت دەڵێت ئەگەر پێویست بکات خۆت ئامادە بکەیت بۆ پشکنینەکە و چی بکەیت.

بۆ نموونە، ئەگەر تۆ سۆنەر بۆ بینینی میزەڕۆ دەکەیت، لەوانەیە پێویستت بە ئاو خواردنەوە بێت بۆ ئەوەی میزڵدانێکی تەواوت هەبێت و وێنەیەکی ڕوون بەردەست بێت. بۆ هەندێک سۆنەری دیکە لەوانەیە پێویست بکات بەڕۆژوو بیت (نە خواردن و خواردنەوە) بۆ چەند کاتژمێرێک پێش پشکنینەکە.

ڕەنگی جیاواز لە سۆنەردا ئاماژەن بۆچی؟

زۆربەی وێنەی پشکنینی سۆنەر بەشێوەی ڕەش و سپییە (black &white)، بەڵام دەتوانیت جیاوازی بکەی لە سێبەری ئەو ڕەنگە  ڕەش و سپییەی کە لە وێنەکەدا هەیە، بەشێوەیەک ڕەنگەکە جیاوازی دەبێت و دەگۆڕێت بەپێی جیاوازی لە چڕی ئەو ناوەندەی کە دەنگەکەی پێدا تێپەڕدەبێت بەم شێوەی خوارەوە:

ئەگەر خانە یان شانەیەکی ڕەق بێت وەک ئێسک ئەوا لە وێنەکەدا بەشێوەی سپی دەردەکەوێت، لەبەرئەوەی ڕووی دەرەوەی بەرپەرچی دەنگەکە زیاتر دەداتەوە.

ئەگەر شانەیەک بێت پێکهاتەی شلە ماددەی زۆر بێت وەک منداڵدان (uterus) ئەوا بەشێوەی تاریک دەردەکەوێت. وێنەی سۆنەر بەشێوەیەکی باش لەسەر ناوەندی گاز ئیش ناکات، لەبەرئەوە ئەو ئەندامەی کە پڕبێت لە هەوا و گاز وەک سییەکان ئەوا بەشێوەیەکی گشتی بە سۆنەر پشکنین و تشخیصی پێناکرێت.

ئەو نوسین و ژمارانەی لە بەشی سەرەوەی سۆنەردا هەیە ئاماژەیە بۆچی؟

زۆربەی نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی پشکنینی سۆنەر بۆشاییەک بەکاردێنن لەسەرەوەی وێنەکەدا بۆ چەند مەبەستێک وەک ناوی کەسەکە و نیشاندانی ژمارەی نەخۆشخانە و چەند داتایەکی دیکە کە ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە گرنگی پشکنینەکەوە.

دیاریکردن و بینینی قۆناغەکانی گەشەی منداڵ لەماوەی دووگیانیدا لە پشکنینی سۆنەر

دەتوانی بەشی دەرەوەی منداڵدان دیاریبکەین لە وێنەی سۆنەردا بە دۆزینەوەی هێڵێکی ڕەنگ سپی یان خۆڵەمێشییەکی ڕوناک لە لێواری وێنەی سۆنەرەکە، بەڵام تەنها کاتێک کە ناوەوەی ئەو هێڵە ڕوبەرێکی ڕەنگ ڕەش بێت کە ئەوەش بریتییە لە شلەی نێو منداڵدان (amniotic fluid)، ئەگەر سەرنج بدەن لە بەشی دووەم ئاماژە بەوە کرا کە ئەگەر شانەیەک بێت پێکهاتەی شلە ماددەی زۆر بێت ئەوا بەشێوەی تاریک دەردەکەوێت، بەڵام ئەوە بزانە کە لێوار و قەراغی منداڵدان لەوانەیە کۆی گشتی هەموو وێنەکە نەگرێتەوە چونکە لەوانەیە پسپۆڕەکە شوێنی ئەو ئامێرەی کە دایدەنێ لەسەر سکی کەسەکە  لەناوەند داینەنێت، بۆیە ئەگەر تەنها لە لایەک یان دوولای وێنەکەوە ڕەنگی سپی یان خۆڵەمێشیەکی ڕوناک بینرا ئەوا دەشێت ئەوە دیوی دەرەوەی منداڵدان بێت.

دیاریکرن و بینینی منداڵەکە لە ناو  منداڵداندا

منداڵەکەش زۆر جار ڕەنگێکی خۆڵەمێشی یان نزیک سپی دەنوێنێت لەناو وێنەی سۆنەردا. ئەو وردەکاری و گۆڕانکاریانەی کە دەیبینی لەناو وێنەی سۆنەرەکەدا پشت دەبەستێت بە قۆناغ و ماوەی دووگیانییەکە، بۆ نموونە: لەماوەی هەشت هەفتەییدا منداڵەکە شێوەیەک دەنوێنێت و لە ماوەی ١٢ هەفتەی قۆناغی دووگیانیدا لەوانەیە تەنها توانای ناسینەوە و دیاریکردنی سەری منداڵەکەت هەبێت، ئەمە لەکاتێکدا کەلە ماوەی ٢٠ هەفتەییدا لەوانەیە توانایی دیاریکردن و بینینی بڕبڕەکان، دەست،  قاچ، دڵ و چاوی منداڵەکەت هەبێت. لە دەوروبەری ١٨ ـ ٢٠ هەفتەییدا ئەوا دەتوانیت چاودێری گەشەی منداڵەکە بکەی لە سۆنەردا و دیاریکردنی هەر کێشەیەک ئەگەر هەبێت، هەروەها تێبینی کردنی ڕەگەزی منداڵەکە لەم ماوەیەدایە.

لە سۆنەردا چۆن وێنەکە دەگرێت؟

دەستەواژەی سۆنەر ئاماژەیە بۆ ئەو دەنگەی کە مرۆڤ توانای بیستنی ئەو لەرەرەی نییە (frequency)، کاتێک بۆ پشکنین و شیکاری بەکاری دێنین ئەوا لەرەلەرەی دەنگەکە لەنێوان 2_18 MHZ مێگا هێرتزدایە، هەتا لەرەلەری دەنگەکە بەرزتربێت ئەوا وێنەیەکی کوالێتی بەرزترمان نیشاندەدات، بەڵام بەخێراتر و یەکسەری هەڵدەمژرێت لەلایەن پێست و شانەکانی دیکە بۆیە ناتوانێت بڵاوبێتەوە بەقوڵی وەک ئەوەی لە لەرەلەری نزمدا هەیە، لەبەر ئەوە ئەگەر دەنگەکە فریکوێنسی نزمتر بێت ئەوا قوڵتر دەڕوات بەڵام کوالێتی وێنەکە زۆر باش نابێت، بۆ نموونە کاتێک دەنگەکە بڕوات بەناو خوێندا لە ژوورەکانی دڵدا کە گەیشتە زمانەکانی دڵ و بوو بەڕێگرێک ئەوا دەنگ دەداتەوە و دەگەڕێتەوە دواوە لەو کاتەدا وێنەکە دروستدەبێت. نموونەیەکی دیکە ئەگەر بۆ زراو بەکاریبهێنین ئەوا دەنگەکە ڕاستەوخۆ دەڕوات ئەگەر هیچ بەردێکی زراو بوونی نەبێت بەڵام ئەگەر بەردی زراو هەبێت ئەوا دەنگەکە دەگەڕێتەوە و وێنەکە لەوکاتەدا دروست دەبێت.


سەرچاوەکان



101 بینین