ناوهڕۆك
فریاگوزارییەكان
پێویستە هەموو دایك و باوكێك فریاگوزاری سەرەتایی بزانێت لەكاتی ڕوودانی هەر كێشەیەك یارمەتی منداڵەكەی بدات، تاوەكو دەگاتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت:
خنكان
زۆر جار منداڵان بەهۆی قوتدانی شتی جۆراوجۆر، یان قوتدانی پارووی گەورە ڕووبەڕووی خنكان دەبنەوە، پێویستە لەوكاتەدا منداڵەكە سەراو بن بكەیت و قاچەكانی بگریت و بەرزیبكەیتەوە و لەپشتی بدەی، تا ئەوەی لەدەمیدا هەیە بێتەخوارەوەو قوڕگی خاوێن ببێتەوە. هەرگیز پەنجە مەكە بەقوڕگی منداڵەكەدا، لەوانەیە حاڵی خراپتر بكەیت و زیاتر پاڵ بەو شتەوە بنێی كە لە قوڕگیدا ماوە.
خواردنی نەوت یان شتێكی دیكەی ژەهراوی
ئەگەر منداڵەكەشت نەوت یان شتێكی دیكەی ژەهراوی خواردەوە، هەوڵ مەدە بیڕشێنیەوە، بەڵكو هەندێ ماستی پێ بدە .
گرتنی کارەبا
ئەگەر منداڵەكەت كارەبا گرتی، سەرەتا هەوڵبدە كارەبایەكە ببڕی، پاشان سنگی بشێلە و هەوڵبدە هەناسە بدات.
لەكاتی خوێنبەربوون و كەوتنە خوارەوە لەشوێنی بەرز
هەوڵبدە خوێنەكە ڕابگریت بە دانانی پارچەیەك قوماش لەسەر برینەكەو بەستانەوەی هەندێك بەتوندی، یان بەدەستت فشاری بخەسەر. لەكاتی بەربوونەوەش پێوستە سەرەتا دڵنیابیت لەوەی هیچ شوێنێكی نەشكاوە، ئینجا هەوڵبدەی بیجوڵێنیت، چونكە لەكاتی شكان جوڵاندن خراپە و لەوانەیە كێشەكەی گەورەتر بكەیت.