چۆن ببیت بە قسەکەرێکی باش؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-01-21:03:00 - کۆدی بابەت: 10109
چۆن ببیت بە قسەکەرێکی باش؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن ببیتە قسەکەرێکی باش (بە ئینگلیزی: How to become a good speaker، بە عەرەبی: كيف تصبح متحدثاً بارعاً)، قسەکردن لەناو خەڵکدا یەکێکە لەو ترسە گەورانەی زۆربەی خەڵک هەیانە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک تەنها لە ١٠% خەڵکی ئەمریکا چێژ لە ئەنجامدانی دەبینن. قسەکردنیش هونەرێکە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی هەیە. بنیاتنانی توانای قسەکردن لەناو خەڵکدا و لە شوێنە گشتییەکاندا، وا دەکات زۆر سوودمەند بیت بە تایبەتی لە لایەنی پیشەییەوە، هەروەها چەندین دەرفەت دەخاتە بەردەمت لە کاتێکدا زۆر کەسی تر لێی بێبەش دەبن. لەگەڵ جێبەجێکردنی چەند تەکنیکێک و هەروەها ڕاهێنانکردنی بەردەوام دەکرێت ببیت بە قسەکەرێکی زۆر باش و لێهاتوو. 

گرنگی بوون بە قسەکەرێکی باش 

لە هەردوو ژیانی کۆلێج و ژیانی پیشەییدا، ئەگەر قسەکەرێکی باش و بەهێز بیت ئەوا زیاتر هەست بە بڕوابەخۆبوون دەکەیت و هەروەها ڕۆڵی بوون بە سەرکردەت پێ دەبەخشێت. قسەکردن لەناو خەڵکدا وا دەکات ئەو زانیارییانەی پێتە بە خەڵکی بگەیەنیت و هەروەها کاریگەری لەسەر کەسانی گوێگر دروست بکەیت. تەنانەت وا دەکات کەسێکی ڕێکخراوتر دەربکەویت، شێوازی نووسین و پەیوەندیکردنت لەگەڵ کەسانی دەوروبەردا بەرەوپێش دەبات. هەموو ئەو کەسانەی دەیان بینیت و زۆر بە بڕوابەخۆبوونەوە لەسەر سەکۆکان دەردەکەون ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ترسەوە دەستیان پێ کردووە، ئەوانیش لە سەرەتادا ترسیان هەبووە لە بەردەم کەسانێکی زۆردا قسە بکەن. بە زاڵبوون بەسەر ئەم ترسەدا، ڕاهێنانکردن و بڕوابەخۆبوون دەتوانیت قازانجێکی زۆر لە ژیان بەدەست بهێنیت. 

چۆن ببیتە قسەکەرێکی باش  

بە جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک دەتوانیت لە ڕووی  قسەکردنەوە بەرەوپێش بچیت و ببیت بە قسەکەرێکی باش و لێهاتوو. 

١. تەماشای قسەکەرە لێهاتووەکان بکە

سەیرکردن و فێربوون لە قسەکەرە لێهاتووەکانەوە یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ بەرەوپێشبردنی توانای قسەکردن. بە دوای ئەو نموونانەی قسەکەرێک لەناو خەڵکێکی زۆردا قسە دەکات بگەڕێ، کاتێک تەماشای ئەم کەسانە دەکەیت سەرنجی زمانی جەستەیان و ئەو تەکنیکانە بەکاری دەهێنن بدە. ئەم کەسانە لە کاتی قسەکردندا دەستیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی قسەکانیان زیاتر واتا بگەیەنێت، واتە دەستەکانیان بەیەکەوە نانووسێنن یان لە یەک شێوە تا کۆتایی وتارەکە نایهێڵنەوە. هەروەها ئەو بۆشاییەی بۆ کەسەکە دابینکراوە بە فراوانی بەکاری دەهێنێت، واتە تا کۆتایی بەتەنها لە یەک شوێندا نامێنێتەوە. زۆر بە وردی سەرنجی ئەوە بدە چۆن کەسەکە هەنگاوەکانی دەنێت، دەبینیت کاتی خۆیان بە تەواوەتی وەردەگرن و ئەو وشانەی لە زمانیان دێتە دەرەوە مەبەستێکیان لە پشتە. هەروەها جارجار لەنێوان قسەکانیاندا دەوەستن بۆ ئەوەی وا لە ئامادەبووان بکەن پەیوەستی بابەتەکە بن و کاتی ئەوەیان هەبێت بیر لە قسەکان بکەنەوە. 

٢. زمانی جەستەت ئارام بکەوە

ترس لە قسەکردن لەناو خەڵکیدا دەکرێت وات لێ بکات هەست بە ناڕەحەتی بکەیت، ئەمەش بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر جەستە دەکات. باشترین قسەکەر ئەو کەسەیە شێوازی وەستانی جەستەیی و جووڵەکانی بە گونجاوی دەهێڵێتەوە و بە شێوەیەکی سروشتی دەجووڵێت. هەبوونی زمانێکی جەستەیی گونجاو وا دەکات وتارەکە بە شێوەیەکی ناوازە بەڕێوەبچێت و هەروەها یارمەتی ئامادەبووان دەدات لەبیریان بێت چی دەڵێیت. لە نووشتانەوە یان لە دەست خستنە ناو گیرفان دووربکەوە، لەجیاتی ئەوە دەستەکانت بخەرە لاتەنیشتەکان و دەست پێ بکە، دواتر لەگەڵ قووڵبوونەوەی بابەتەکەدا هەوڵبدە دەستەکانت بەکاربهێنیت و جووڵەیان پێ بکەیت. سەیری ئامادەبووان بکە، سەیری زەوییەکە یان ئەو تێبینیانەی کە نووسیوتەتەوە مەکە. دوای ئەوەی هەستت بە بڕوابەخۆبوون کرد، هەوڵبدە پەیوەندی چاو لەگەڵ ئەو کەسانەی گوێت بۆ دەگرن بنیات بنێیت. 

٣. ڕاهێنانی دەنگ و کۆنتڕۆڵی هەناسە بکە

لەوانەیە قسەکردن لەناو خەڵکدا وا لە کەسەکە بکات بە شێوەیەکی خێراتر قسە بکات بەبەراورد بە حاڵەتی ئاسایی. هەوڵبدە گرنگی بەم خاڵە بدەیت و ئاگاداربیت، قسەکردن بە شێوەیەکی ڕوون و لەسەرخۆ دەمارەکان خاو دەکاتەوە و وا دەکات ئامادەبووان باشتر لەو قسانەی دەیڵێیت تێبگەن. هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی هەناسەدانیش یارمەتیدەرێکی زۆر باشە، ڕاهێنان بکە و بە بەکارهێنانی سکت پاڵ بە هەواوە بنێ بۆ ناوەوە و دەرەوەی سییەکان، پێش ئەوەی دەست بکەیت بە قسەکردن دە هەناسەی هێواش و قووڵ بدە. 

٤. ئەو خاڵانەی دەتەوێت ئاماژەیان پێ بدەیت دیاریان بکە 

پێش ئەوەی لەبەردەم ئامادەبوواندا دەست بە قسە بکەیت، هەوڵبدە ئەو خاڵانەی دەتەوێت ئاماژەیان پێ بکەیت و بۆ ئامادەبووانی شی بکەیتەوە دیاریان بکەیت. پێش دەستپێکردن قسەکانت ڕێکبخە و بەو بابەتانە دەست پێ بکە کە دەتەوێت لە سەرەتاوە تەواویان بکەیت.

٥. بەردەوام ڕاهێنان بکە

یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ باشترکردنی قسەکردن لەناو خەڵکیدا بریتییە لە ڕاهێنانکردن. پێش ئەوەی دەست بە قسەکردن بکەیت بۆ ئامادەبووان، چەند جارێک پێش ئەوە ئەو شتانەی ئامادەت کردوون دووبارەیان بکەوە، ئەگەر تۆماری دەنگی خۆت بکەیت ئەوا زۆر باشترە، چونکە بە گوێگرتنەوە لە دەنگی خۆت دەتوانیت هەڵەکانت دیاری بکەیت و بەم شێوەیە لە کاتی قسەکردن بۆ ئامادەبووان ڕووبەڕووی کێشە نابیتەوە. هەروەها دەتوانیت بە کامێرای موبایلەکەت تۆماری خۆت بکەیت، لەم کاتەدا سەرنجی زمانی جەستە و دەربڕینی ڕووخسارت بدە. 

٦. بۆچوونی هاوڕێکەت وەربگرە

پەیوەندی بە هاوڕێیەکتەوە بکە کە متمانەی پێ دەکەیت و ڕێگەی پێ بدە شێوازی قسەکردنت و زمانی جەستەت هەڵبسەنگێنێت. گوێ بۆ بۆچوونەکانی بگرە و هەوڵبدە ئەو هەڵانەی دەیکەیت و پێت دەڵێت چاکیان بکەیت. 

٧. ئەو شتانەی دەینووسیتەوە لەبەریان مەکە

هەندێک لە قسەکەرەکان پێیان وایە باشترین ڕێگە بۆ پێشکەشکردنی وتارێک بریتییە لەوەی تەواوی بابەتەکە وشە بە وشە لەبەر بکەیت. بەڵام ئەمە یەکێکە لە خراپترین شتەکان تۆ وەک قسەکەرێک ئەنجامی بدەیت. لەبەرکردنی شتەکان وا دەکات دەنگت بە خراپی و ناسروشتی دەربکەوێت، ئەگەر لەکاتی قسەکردندا شتێکت لەبیر بچێتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە لە قسەکردن بووەستیت، ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوا لەوانەیە بشڵەژێیت و نەتوانیت قسەکانت تەواو بکەیت، لە ئەنجامدا وتارەکەت تێک دەچێت. باشترین ڕێگە ئەوەیە سەرەتا لە بابەتەکە تێبگەیت و تەنها سەرەتای ئەو بابەتانەی دەتەوێت باسیان بکەیت لەبەر بکەیت. ئەمەش وا دەکات قسەکانت زۆر سروشتییانە دەربکەوێت و دووچاری لەبیرچوونەوە نەبیت. 

٨. لە ژوورێکی پڕژاوەژاو ڕاهێنان بکە

زۆربەی کەس هەوڵ دەدەن لە شوێنێکدا ڕاهێنان بکەن کە هیچ کەسێک سەرقاڵیان ناکات، بەڵام ئەمە ڕێگایەکی بەسوود نییە و وا دەکات بۆ پێشکەشکردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامادە نەبیت. لە قسەکردنی ڕاستیدا دەکرێت هەموو حاڵەتێک ڕووبدات، بۆ نموونە دەکرێت ڕێک لەو کاتەی تۆ قسە دەکەیت و لە بابەتەکە قووڵ بوویتەتەوە کەسێک زەنگی تەلەفۆنی بۆ بێت یان لەوانەیە ئامادەبووان بە شێوەیەکی نەرێنیانە بۆچوونی خۆیان بڵێن، لەبەرئەوە پێویستە خۆت بۆ هەموو حاڵەتە جیاوازەکان ئامادە بکەیت. کەواتە وا باشترە لە شوێنێک ڕاهێنان بکەیت تا ڕادەیەک لە شوێنە ڕاستەقینەکە نزیک بێت.


سەرچاوەکان



1870 بینین