چۆن پەیوەندییە تایبەتەکانم بپارێزم؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-12-16-21:36:00 - کۆدی بابەت: 10684
چۆن پەیوەندییە تایبەتەکانم بپارێزم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن پەیوەندییە کەسییەکان بپارێزم؟ (بە ئینگلیزی: How to Maintain my Interpersonal Relationships، بە عەرەبی: كيف أحافظ على علاقاتي الشخصية) پەیوەندییە کەسییەکان هەموو ئەو پەیوەندییانە دەگرێتەوە کە مەودای پێویستی جەستەیی و سۆزداری پڕدەکەنەوە، واتە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نزیکترینن لە ژیانتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە پەیوەندییە ڕۆمانسییەکان کەسیین، لەگەڵ ئەوەش پەیوەندی لەگەڵ خێزان و هاوڕێی نزیکیشدا کەسی و تایبەتین. بەڵام پەیوەندی لەگەڵ دراوسێ و ئەو کەسانەی کە تەنها دەیانناسیت و بەشێوەیەکی بەردەوام بەرکەوتنی سەرەتاییت لەگەڵیان هەیە پێی دەوترێت پەیوەندی دووەمی.
بۆ بوونی لایەنێکی باشی سۆزداری و جەستەیی، مرۆڤ پێویستە فێربێت کە چۆن پەیوەندییەکانی بەرەوپێش ببات و بیانهێڵێتەوە.

قۆناغەکانی پەیوەندی

پەیوەندی بەشێوەیەکی لەناکاو بەرەوپێش ناچێت، دەروونزانێک بە ناوی جۆرج لێڤینگەر لە ساڵی ١٩٨٠ پێنج قۆناغی پەیوەندی تایبەتی دانا. کە بریتی بوون لە:

  1. ناسین و ئاشنابوون
  2. بنیادنان
  3. بەردەوامی
  4. دوورەپەرێزی و دوورکەوتنەوە
  5. کۆتاییهاتن

پەیوەندی تایبەتی سەرکەوتوو تەنها بە سێ قۆناغی سەرەتادا تێدەپەڕێت. بەڵام پەیوەندییەک کە کۆتایی بە جیابوونەوە دێت بە هەر پێنج قۆناغەکەدا تێدەپەڕێت.
هەروەها مەرج نییە هەموو پەیوەندییەکانیش قۆناغی یەکەم تێپەڕێنن و بچنە دوو قۆناغەکەی ترەوە، بەڵکوو دەکرێت تەنها ناسینێکی ئاسایی بێت. 

گرنگیی پەیوەندییەکان 

پەیوەندییە کەسییەکان بۆ دڵخۆشی و باشی لایەنی سۆزداری و جەستەیی گرنگن. پەیوەندی یارمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنهایی دەدات و وات لێدەکات هەست بە ئامانجی ژیانت بکەیت.
بۆ نموونە نزیکیت لە خێزان و هاوڕێکانتەوە بەشێکی گرنگی هەستکردنە بە پاڵپشتی کۆمەڵایەتی. جگە لە پەیوەندی خێزانی و ڕۆمانسی پەیوەندییەکانی لایەنەکانی تری ژیانت دەکرێت کاریگەری ئەرێنییان لەسەرت هەبێت، بۆ نموونە کۆبوونەوەت لەگەڵ چەند کەسێک کە تەنها یەکتر دەناسن و بەسەربردنی کات لە شتێکدا کە هەمووتان حەزتان لێیەتی.
هەموو پەیوەندییە کەسییەکان لەسەر بنەمای دڵسۆزی، پاڵپشتی و متمانە بنیاد دەنرێن. پەیوەندیە نزیکەکان دەکرێت لەسەر بنەمای خۆشەویستیش بنیاد بنرێن.
ڕێزگرتن و ئاڵوگۆڕکردنی ئەم بنەمایانەش لەلایەن هەردوو لاوە بۆ هێشتنەوەی هەموو پەیوەندییەکان گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت تەنها یەکلایەنە بن.

هێشتنەوە و پاراستنی پەیوەندی

هێشتنەوەی هاوڕێیەتی و پەیوەندییەکانی تر پێویستی بە کار لەسەرکردنە. یەکەمین و گرنگترین هۆکاری هێشتنەوە بریتییە لە پەیوەندی بەردەوام، ئەمەش پێویستی بە تاوتوێکردنی ڕووبەڕووە دەربارەی هەستەکانت. هەروەها نامەناردن و پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی دەکرێت هەندێک کات گرنگی خۆی هەبێت، بەڵام زۆر جار هەمان کاریگەری یەکتر بینینەکەی نابێت.
لە هەندێک کاتدا لە پەیوەندییەکدا ناکۆکی ڕوودەدات، شێوازی مامەڵەکردنت لەگەڵ ئەو ناکۆکییەدا دەبێت بەپێی ئەوە بێت کە ئایا مامەڵەکردنەکەت دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییەکەتان یان نا.  جگە لەوەی کە باشترە دووربیت لە مشتومڕ و ململانێ، گرنگە کە قسە لەسەر هۆکاری ناکۆکییەکە بکەن و گوێ لە لایەنی بەرانبەریش بگیرێت. 
ئەگەر لەسەر کارەکەت یان قوتابخانە شتێک بێزارت دەکات ئەوا قسە بکە. ئەگەر لەگەڵ هاوڕێ، ئەندامی خێزان، یان هاوبەشی ژیانتدا شتێک هەیە کە بێزارت دەکات کێشەی بۆ دروست کردوویت ئەوا پێیان بڵێ. بە شێوازێک کە بێڕێزی تێدا نەبێت و بە ڕێز و ڕاستگۆییەوە گفتوگۆ بکرێت، تاکوو بەرانبەر بە هەمان شێوە کاردانەوەی هەبێت.
جگە لە ڕاستگۆیی و پەیوەندی کراوە، گرنگە کە:

  1. سنووری کەسایەتییەکان بپارێزیت.
  2. گوێگرێکی چالاک بیت.
  3. هەمیشە ڕێز پشانی بەرانبەر بدەیت.
  4. هەڵسوکەوتت ئەرێنی بێت.
  5. گوێ لە ڕەخنەی ئەرێنی بگرە و کاردانەوەت بۆی هەبێت بەبێ ئەوەی ڕێگە بە هەست و سۆزت بدەیت بەسەرتدا زاڵ ببێت.

وتنی ماڵئاوایی

هەموو پەیوەندییەک تاکوو کۆتایی ژیان نامێنێتەوە. لە ڕاستیدا دەکرێت هەندێک پەیوەندی لە قۆناغی ناسین زیاتر تێنەپەڕێت، کە ئەمە شتێکی ئاساییە، هەروەها ئاساییە کە پەیوەندییەکی نزیک کۆتایی پێ بێت. چەندین هۆکار هەیە کە کاردەکەنە سەر بەردەوامی پەیوەندییە نزیکەکان.
کاتێک بیر لە کۆتایی پەیوەندییەکی کەسی و نزیک دەکەیتەوە، ئەوەی دێتە مێشکت دەکرێت جیابوونەوە لە خۆشەویست یان هاوسەر بێت. بەڵام دەکرێت پەیوەندی تری نزیکیش کۆتایی بێت.
بۆ نموونە کاتێک قوتابخانە تەواو دەکەیت، دەکرێت هەمان پەیوەندیت لەگەڵ هەموو هاوڕێ و مامۆستاکانی قوتابخانەت نەبێت. کاتێک کارەکەشت بەجێدەهێڵێت بەهەمان شێوە هەمان پەیوەندی پێشترت لەگەڵ هاوکارەکانت نامێنێت.
مەحاڵە کە بتوانیت هەموو پەیوەندییەکانی ژیانت بە نزیکی بهێڵیتەوە.

پوختە

پەیوەندییە تایبەتەکان کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنێکی ژیانت هەیە. بەبێ بوونی پەیوەندی بەهێز، دەکرێت هەست بە تەنهایی و بێ بەهایی بکەیت. هەروەها هەست بکەیت کە هیچ پاڵپشتییەکی کۆمەڵایەتیت نییە.
لەسەردەمی پێشکەوتوودا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە سەردانیکردن و یەکتر بینین کەمتر بووەتەوە و پەیوەندی تەلەفۆنی و نامە ناردن جێگای گرتووەتەوە. هاوڕێ و خێزان زیاتر بە تەلەفۆن هەواڵی یەکتر دەپرسن و کەمتر بۆ ژەمێک کۆ دەبنەوە و کات بەیەکتر دەبەخشن. 
هەمیشە کاتێک دابنێ بۆ بینینی خێزان و هاوڕێکانت لە نزیکەوە. هەروەها تاکوو پەیوەندیت لەگەڵ خۆت باش نەبێت و زیاتر خۆت نەناسیت، ناتوانیت پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ دەوروبەریش دابنێیت. بۆیە هەمیشە کات بۆ خۆت و دەوروبەرت تەرخان بکە.


سەرچاوەکان



808 بینین