کێنتاکیی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-13-22:15:00 - کۆدی بابەت: 10995
کێنتاکیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کێنتاکیی یان کنتاکی (بە ئینگلیزی: Kentucky، بە عەرەبی: كنتاكي)، بە فەرمی کۆمۆنوێڵتی کێنتاکیی، ویلایەتێکە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا و یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەپەر ساوس. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٣٧ـەم گەورەترین ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٢٦ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی وڵاتە. کێنتاکیی لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتەکانی ئیلینۆیس، ئیندیانا و ئۆهایۆ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڤێرجینیای ڕۆژاوا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڤێرجینیا، لە باشوورەوە لەگەڵ تێنێسی و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ویلایەتی میزۆریدا هاوسنوورە. پایتەختی ویلایەتەکە شاری فرانکفۆرتە و گەورەترین شاریشی لویسڤیلە. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کێنتاکیی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا نزیکەی ٤,٥ ملیۆن کەس بوو. ئەم کۆمۆنوێڵتە لە یەکی حوزەیرانی ساڵی ١٧٩٢ـدا بوو بە ١٥ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا. کێنتاکیی بە "ویلایەتی بلوگراس" ناسراوە، کە ئاماژە بە جۆرە گیایەکی سەوز دەکات کە لە زۆرێک لە لەوەڕگەکانیدا بەرچاو دەکەوێت.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی کێنتاکیی ١٠٤,٦٥٦ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٠٢,٢٦٩ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٢,٣٨٧ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٢,٢٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٤٤ کەس و لە پلەی ٢٣ـی وڵاتدا بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کێنتاکیی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بە ٤,٥٠٥,٨٣٦ کەس دیاریکرد. لە یەکی تەممووزی ساڵی ٢٠١٦ـدا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە ٤,٤٣٦,٩٧٤ کەس مەزەندە کرا، کە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە بە ڕێژەی ٢,٢٪ زیادیکرد. ئەمیش بەهۆی زیادبوونی سروشتی (٧٣,٥٤١ کەس) و کۆچکردنی دانیشتووانی شوێنەکانی تر (٢٦,١٣٥ کەس) بوو بۆ ویلایەتەکە. لە ئێستادا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٠,٤٧٪ و لە پلەی ٣٤ ویلایەتەکانی وڵاتدایە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، نزیکەی ١٤٩,٠١٦ دانیشتووی ویلایەتەکە لەدایکبووی بیانی بوون کە ٣,٤٪ـی کۆی دانیشتووانیان پێکهێنابوو.

شوێنی لەدایکبوون

٩٥,١١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی کێنتاکی لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٦٨,٠٣٪ـیان لە کێنتاکی لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٢,٣٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

ڕەگەز

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٣ـدا ٢٠,٢٪ـی کۆی دانیشتووانی ویلایەتی کێنتاکیی ئەمریکی بوو. لە ساڵی ١٩٨٠ـدا، پێش ئەوەی لە سەرژمێرییە فەرمییەکەدا نەژادی ئەمریکی بەردەست بێت، گەورەترین ڕەگەزەکانی دانیشتووان بریتی بوون لە ئینگلیزی (٤٩,٦٪)، ئێرلەندی (٢٦,٣٪) و ئەڵمانی (٢٤,٢٪). بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی کێنتاکیی بریتی بوون لە:

  • سپی پێست: ٨٦,٢٥٪
  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ٨,١٠٪
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: ٢,٨٠٪
  • ئاسیایی: ١,٥٣٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ١,٠٨٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠,٠٧٪

زمان

لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٩٦,١٪ـی کۆی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و گەورەتری ویلایەتی کێنتاکیی لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٠ کە ٩٧,٥٪ بوو کەمیکردووە. لە دوای زمانی ئینگلیزی زمانی ئیسپانی دووەم زمانە کە زۆرترین قسەپێکەری هەیە لە ویلایەتەکەدا.

ئایین

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا کە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کێنتاکیی ٤,٣٣٩,٣٦٧ کەس بوو گرووپە ئایینییەکان و ڕێژەی پەیڕەوکەرانیان بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • بێ ئایین: ٤٨٪
  • مەسیحی پرۆتستانت: ٤٢٪
  • مەسیحی ئینجیلی: ٣٣٪
  • پرۆتستانتی کۆنەپارێز: ٧,١٪
  • بلاک پرۆتستانت: ١,٥٪
  • کڵێسای کاسۆلیکی: ٨,٣٪
  • مۆرمۆن: ٠,٧٤٪
  • پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر: ٠,٦٠٪ (٠,٢٦٪ مسوڵمان، ٠,١٦٪ جوولەکە، ٠,٠٦٪ بوودی، ٠,٠١٪ هیندۆس، مەسیحی تر، هتد)

کەشوهەوا

کێنتاکیی دەکەوێتە ناو بەشی ناوەوەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باکوور. بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای گوپن، کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە. تەنها ناوچە بچووکە بەرزەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسییان هەیە. بەزۆری پلەکانی گەرما لەم ویلایەتەدا لە بەرزترین پلەی گەرمی هاوین کە ٣١ پلەی سەدییە تا نزمترین پلەی گەرمی زستان کە ٥- پلەی سەدیە دەگۆڕێت. هەروەها ساڵانە بە تێکڕای ١,٢٠٠ مللیمەتر باران لە ویلایەتەکەدا دەبارێت. کێنتاکیی چوار وەرزی جیاوازی هەیە و جیاوازییەکی هەستپێکراو لە نێوان توندی وەرزی زستان و هاوینیدا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٨ـی تەممووزی ١٩٣٠ـدا تۆمارکرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٨- پلەی سەدی بوو کە لە ١٩ـی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ـدا تۆمارکرا.


سەرچاوەکان



268 بینین