کاریگەری بەکارهێنانی ئێکسسوارات لەسەر ستایل

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-01-12-11:06:00 - کۆدی بابەت: 11837
کاریگەری بەکارهێنانی ئێکسسوارات لەسەر ستایل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری بەکارهێنانی ئێکسسوارات لەسەر ستایل (بە ئینگلیزی: The effect of using accessories on style، بە عەرەبی: تاثير استخدام اكسسوارات علی ستايل) ئێکسسواراتەکان بۆ تەواوکردنی ستایل و جلوبەرگ دروست دەکرێن، تا لەگەڵ ئەوان جوانتر دەربکەویت. بەکارهێنانی ئێکسسوارات ڕێگایەکە بۆ ئەوەی جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەربکەویت، دەکرێت ئێکسسواراتەکان بەتەنیا یان لەسەر جل و قژەکانتان بەرکاربهێنرێن و جوانتر دەرتان بخەن.

جۆرەکانی ئێکسسوارات

گرنگە سەرەتا باس لە جۆرەکانی ئێکسسوارات بکەین، زۆر جۆری ئێکسسوارات هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەکرێن بە دوو بەشەوە:

  • ئەو ئێکسسواراتانەی دەپۆشرێن: ئەم جۆرە ڕاستەوخۆ دەبن بە بەشێک لە ستایل و شێوازی پۆشینت. وەکوو پارچەی قژ، بۆینباخ، کڵاو، دەستکێش، کاتژمێر.
  • ئەو ئێکسسواراتانەی کە هەڵدەگیرێن: وەکوو جانتا، چاویلکەی بەر هەتاو، چەتر، باوەشێن، مەدالیا. 

 دیارترین ئێکسسواراتەکان بۆ جوانترکردنی ستایل

گوارە 

ئێکسسواراتی شیک هەمیشە سەرنجڕاکێش دەرت دەخات، گوارەش یەکێکە لەو ئێکسسواراتانەی کە ئەو تایبەتمەندییەی هەیە و زۆر بەکاردەهێنرێت.  بۆ بەکارهێنانی گوارە لە ساتایلدا، دەبێت گوارەیەک هەڵبژێن کە گونجاو بێت لەگەڵ جۆری جل و شێوازی قژت.

ئەنگوستیلە

ئەنگوستیلە یەکێکە لە ئێکسسواراتە خۆشەویستەکان کە دەتوانێت جوانی و کەسایەتی زیاترت پێ ببەخشێت. بۆ بەکارهێنانی ئەنگوستیلە لە ستایلدا، دەبێت لەگەڵ شێوازی جلوبەرگ بگونجێنرێت، بۆ نموونە کاتێک جلێکی سادە و کلاسیک دەپۆشیت، دەتوانیت ئەنگوستیلەیەکی سادە و شیک بە نەخشی سادەوە هەڵبژێریت.

ملوانکە

ملوانکە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە وەک ئێکسسوارات کە تەواوکەر و دەرخەری جوانی ستایل و سەرنجڕاکێشیەتی. بەڵام لەکاتی بەکارهێنانی ملوانەکدا دەبێت ڕەچاوی بەشەکانی تری ستایلت بکەیت تا هەماهەنگ و گونجاو بن بەیەکەوە، وەکوو جلوبەرگ، ئێکسسواراتەکانی تر، مۆدێلی قژ یان لەچک، هەروەها گونجانه درێژی و کورتی ملوانکە لەگەڵ ستایلدا زۆر گرنگە. 

دەستبەند یان دەستەوانە

دەستبەندیش وەکوو ئێکسسواراتەکانی تر دەتوانێت کاریگەری لەسەر ستایل هەبێت و جوانتری بکات. گرنگە دەستبەندیش لەگەڵ جل و ئێکسسواراتەکانی تر گونجاو بێت. ئەگەر جلەکەت نەخشدارە ئەوا باشترە دەستبەندەکەت سادە بێت تاکوو سەرنج لەسەر نەخشی جلەکەت بێت. هەروەها دەکرێت بە تێکەڵکردنی دەستبەند لەگەڵ ئێکسسواراتەکانی تر ستایلەکەت تەواو بکەیت، بۆ نموونە ئەگەر دەستبەندەکەت ئاڵتوونی یان زیوی بووە، بە هەڵبژاردنی گوارە یان ئەنگوستیلەک لە هەمان جۆر و ڕەنگ ستایلەکەت شیک و جوان نیشان بدەیت.

قایش

قایش ئامڕازێکی گرنگە لە ستایلدا کە لەگەڵ زۆر جۆری جیاوازی جلوبەرگدا بەکاردەهێنرێت و دەبێتە تەواوکەر. لە بەکارهێنانی قایشدا دەبێت ڕەچاوی جۆری ستایل و جلەکەت بکەیت، بۆ نموونە ئەگەر ستایلەکەت  فەرمییە، قایشی چەرمی سادە گونجاو دەبێت. ئەگەریش ساتیلێکی کاژوەڵت هەیە ئەوا قایش بە نەخش و جۆری جیاواز گونجاو دەبێت، وەکوو قایشی پارچەیی، قایشی کاری دەستی، قایشی چەرم بە وردەکارییەوە.

چاویلکەی بەر هەتاو

چاویلکەیەکی شیک ستایلەکەت شیر تر دەکات. لە بەکارهێنانی چاویلکەدا دەبێت ڕەوچاوی ئەم شتانە بکەیت:

شێوەی ڕووخسار: شێوەی ڕوخسار زۆر گرنگە، بۆ نموونە ئەگەر ڕووخسارت خڕە، باشترە چاویلکەیەک هەڵبژێریت کە شێوازێکی درێژکۆلەی هەبێت.  

جۆری چواویلکەکە: چاویلکەکان جۆری جیاوازیان هەیە  بۆ بموونە جۆری کلاسیک، وەرزیش و مۆدێرن.

کڵاو

کڵاو ئامڕازێکی گرنگ و تەواوکەرە لە ستایلدا، هەروەها دەتوانێت لە تیشکی خۆر بتپارێزێت. بۆ هەڵبژاردنی کڵاو ڕەچاوی ئەم شتانە بکە:

شێوەی ڕووخسار: بۆ نموونە ئەگەر شێوەی ڕووخسارت خڕە باشترە کڵاو سایزی بچوک هەڵبژێریت.  

جۆری کڵاو: ئەمیش بە هەمان شێوە جۆری جیاوازی هەیە و دەبێت بەپێی ستایلەکەت جۆری گونجاو هەڵبژێریت.

پەتی چاویلکە

پەتی چاویلکە ئامڕازێکی گرنگە کە جگە لە سوودەکەی لە راگتنی چاویلکەدا، دەتوانێت تەواوکەری ستایل بێت و جوانتری بکات. بۆ هەڵبژاردنی پەتی چاویلکە دەبێت ڕەچاوی پێکهاتەکەی بکەیت، زۆر جۆری هەیە وەکوو چەرم، پەت، مورو و زنجیر. هەروەها ڕەنگەکەی کە دەبێت لەگەڵ چاویلکە و جل و ئێکسسواراتەکانی تر گونجاو بێت، بەڵام بەگشتی ڕەنگی سادە و بێ نەخش هەڵبژاردنێکی باشترە.

چ ئێکسسواراتێک لەگەڵ چ جلێک

ئەو هەڵەیەی کە ڕەنگە زۆر کەس دووچاری ببێت لە هەڵبژاردنی ئێکسسواراتدا، هەڵبژاردنی ئێکسسواراتی قەڕەباڵغە بۆ جلی قەڕەباڵغ. ئەگەر جلوبەرگەکەت نەخشدار و بە نقێم و زەنگیانەوە بێت، بەکارهێنانی ئێکسسواراتی نەخشدار یان ڕێژەیەکی زۆر لە ئێکسسوارات گونجاو نییە و باشترین هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئێکسسواراتی سادە و ناسکە. بەڵام ئەگەر جلەکە سادە بێت، دەتوانیت بەئاسوودەیی ئێکسسواراتی نەخشدار و گەورە و دیار بەکار بهێنیت.

سەرنج بخەنە سەر یەک یان دوو شوێن. بۆئەوەی نەبیت بە تابلۆی بازرگانی! باشترە تەنیا دوو شوێن هەڵبژێریت بۆ ئێکسسوارات کە باشترە مەوداشیان هەبێت. هەروەها ئەگەر ملوانکەیەکی گەورەت بەکار هێنا، باشترە شتەکانی دیکە زۆر دیار و لەبەرچاو نەبن.


سەرچاوەکان



155 بینین