کتێبی خوانی خۆشەویست ﷺ

له‌لایه‌ن: - شنۆ نەوزاد شنۆ نەوزاد - به‌روار: 2024-01-27-19:57:00 - کۆدی بابەت: 11899
کتێبی خوانی خۆشەویست ﷺ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کتێبی خوانی خۆشەویست (بە ئینگلیزی: Meal of Beloved ، بە عەرەبی: وجبة او طعام الحبيب ) لە نووسینی د.زانا ئەحمەد کتێبێکە بە شێوەیەکی ورد باس لە ئەتەکێتی نانخواردن و خواردن و خواردنەوە دەکات.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب خوانی خۆشەویست
ناوی نووسەر د. زانا ئەحمەد (بۆرد لە پزیشکی هەناودا)
پێداچوونەوەی ئایینی د. عیماد عەبدولستار گوانی(دکتۆرا لە سیاسەتی شەرعی، پێش نوێژ و وتارخوێن)
پێداچوونەوەی زمانەوانی د.هێمن عومەر خۆشناو (دکتۆرا لە زمانی کوردی  نوسەر و توێژەر)
دیزاینی بەرگ ناوەندی ڕێنوێن
دیزاینی تێکست زەردەشت کاوانی
نۆبەتی چاپ یەکەم ٢٠٢١
چاپ ناوەندی ڕێنوێن
تیراژ (١٠٠٠) دانە 
ژمارەی لاپەڕە ٢٤٦ لاپەڕە
ژمارەی سپاردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارە (١٨٧٥)ی ساڵی ٢٠٢٢ی پێدراوە.

پێشەکی کتێب

خواردن پێویستییەکی سەرەکی ژیانە، چی زیندەوەر هەیە بەبێ خواردن ناتوانێت بە زیندوویی بمێنێتەوە، بۆیە ئایینەکان گرنگییەکی زۆریان پێداوە، بەتایبەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام. (سوننەت)ی پێغەمنەر (ﷺ) کە شەرعزانان بە کورتییەکەی بە (بە گفتار و کردار و بڕیارەکانی پێغەمبەر) پێناسەی دەکەن، پڕە لە ڕێنماییی دەربارەی چەندێتی و چۆنێتی خۆراک و خواردن. سەرجەم ڕێنماییەکان لەڕێی پەیامبەرەوە گەیەنراوە بە مەخلوقە هۆشمەندەکانی. 

زۆر بە ڕوونیش لەڕێی ئایەتەوە بۆی ڕوونکردوونەتەوە کە (پێغەمبەر هەرچی دانێ لێی وەربگرن و هەرچیشی نەدانێ و وتی لێی بگەڕێن لێی بگەڕێن). جا پابەندبوون بە سوننەتی ئەو زاتە (ﷺ) ئەوە نییە هەر بۆ ئەو دونیا سودی هەبێت بەڵکو بۆ ئەم دونیاش سودی زۆرە.

بۆیە موسڵمانی ژیر دەبێت بەردەوام هەوڵ بدات لە ڕێنماییەکانی ئەو زاتە شارەزا بێت و پێیانەوە پابەند بێت، کەچی جێگەی داخە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەسانی وا لە نێو موسڵماناندا دەرکەوتون کە ئەوەندەی ئەوان تانە لە فەرموودە دەدەن خەڵکی دژە دین نایدەن، بۆیە جێی خۆیەتی لە بەرامبەر ئەو شەپۆلەدا هەوڵی گەشانەوە بە سوننەت بدرێت.

ناوەڕۆک

لەم کتێبەدا باس لەم بابەتانە کراوە کە هەریەکەیان بە وردی ڕوونکراوەتەوە:

  • گرنگی و پێگەی خواردن لە تەندروستی و ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا
  • ئەتەکێتی نانخواردن
  • ئاکارەکانی کۆبوونەوە لەسەر خوان
  • بەرەکەت و قوربانی
  • ئاو
  • خواردنەوەکان
  • چەندێتی خواردن
  • زیادەڕەویکردن
  • خواردنی حەڵاڵ و پاک
  • قاپ و قاچاخ
  • ژەمەکان
  • خۆراکی پێویست و جۆراوجۆر
  • کاربۆهیدرات
  • هەنگوین
  • شیر
  • پڕۆتین
  • چەوری
  • زەیتوون و زەیتەکەی
  • ڕیشاڵ و سەوزەکان
  • ڤیتامین و میوەکان
  • خورما
  • چەند خواردنێکی جۆراو جۆر
  • ددان پاراستن
  • شێوازی خواردنی خۆشەویست (ﷺ) لە هۆنراوەکانی "نامی" دا

بەشێک لە نووسینەکانی ئەم کتێبە

کارەساتی گەورە لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە ڕووی دا، دوای ئەوەی جۆرەها کارگەی خۆراکسازی دامەزرێنران و شوێنی بەرهەم هێنانی خواردن لە ماڵەکانەوە گوازرایەوە بۆ کارگەکان، ئەو خواردنانەی لە کارگەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن بەهای خۆراکییان کەمە و وزەی زۆر دەبەخشن، قەڵەوی دەخەنەوە،

لە قورئانی پیرۆزدا لە زۆر شوێندا باسی خواردن هاتووە، ناوی یەکێک لە سورەتە درێژەکان (المائدە)یە کە بە مانای (خوانی خواردن) دێت خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا کە نیعمەتەکانی بەسەر مرۆڤدا باس دەکات داوای لێدەکات لە خواردنەکەی ورد بێتەوە.

پەندێکی ئینگلیزی دەڵێت: مەژی بۆ خواردن، بخۆ بۆ ژیان.

ئەوەی خواردن وەک دەرمان نەخوات ڕۆژێکی بەسەردا دێت کە دەرمان وەک خواردن بخوات.

ئەوەی دەبێتە هۆی دیاریکردنی کێشی لەشی کەسێک بریتییە لەو بڕە خواردنەی کە دەیخوات نەک ئەوەی ئەو بڕە بە چەند ژەم دەخوات.

زۆر جار بۆ هەڵگرتنی میوەکان پەنا دەبرێتە بەر وشککردنەوەیان بەڵام ئەم کارە دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی شەکرەکەی ناویان، ئەوانەی شەکرەیان هەیە وا باشە میوەی وشککراو نەخۆن، میوە ئەو کاتە سودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە کە بە تەڕی بخورێت نەک بە وشککراوەیی.

لە تەسەوفدا گرنگییەکی زۆر بە کەم خۆری دەدرێت و بەشێکە لەوەی پێی دەڵێن 'ڕیازە' یەحیای کوڕی مەعازی  دەڵێت: " بە شمشێری 'ڕیازە' ڕووبەڕووی نەفست ببەوە ڕیازەش بە چوار شت دەبێت: خواردنت تیکەنانێک و خەوتنت سەرخەو شکانێک و ئاخاوتنت پێویست بێت و بەرگەی ئازاردانی هەموو بنیادەمێک بگریت، کەمخواردن دەبێتە مایەی مردنی ئارەزووەکان و کەم خەوی دەبێتە مایەی ڕوونبوونی ویستەکان و کەمدووانیش مایەی سەلامەتییە لە دەرد بەڵاکان" . 

پیرەمێردی شاعیر لە هۆنراوەیەکدا دەڵێت:

بەڵام ئەوانەی خوایان خۆش ئەوێ
بە بار قورسی نەوس شانیان نانەوێ
کە هیوای دایە فیکر  و  یادی خوا
هەرچی کە ویستی لە بەهەشت ئەیخوا

شێوازی خواردنی خۆشەویست (ﷺ) لە هۆنراوەکانی مەلا عەبدولکەریمی مودەریسی

مەلا عەبدولکەریمی مودەریسی لە هۆنراوەیەکیدا لە کتێبی "بارانی ڕەحمەت" کە ساڵی ١٩٨٢ بڵاوکراوەتەوە باس لە " ئەعزا و بەدەن و شێوە و ڕەنگ "ی پێغەمبەر دەکات بەشێکی تایبەت کردووە بە شێوازی خواردنی دەڵێت:

دەستی ئەشۆرێ و (بسم اللە)ی ئەکرد
ئەو جارە دەستی بۆ تەعام ئەبرد
ڕەخنەی نەدەگرت لە چێشت و تەعام
ئەمیانە وشکە و ئەویانە بێتام
یا تەرکی ئەکرد یاخۆ زوو بە زوو
لێی ئەخوارد شتێ بەپێی ئارەزوو
قەت جیا نەبوو نانی لە یاران
چ لە دەوڵەمەن، چ لە هەژاران


سەرچاوەکان



263 بینین