مافی بەدەستهێنانی زانیاری چییە؟

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-03-30-19:57:00 - کۆدی بابەت: 12387
مافی بەدەستهێنانی زانیاری چییە؟

ناوه‌ڕۆك

چەمکی ماف چییە؟

چەمکی ماف کە لە زمانی عەرەبیدا بە (الحق) و لە زمانی ئینگلیزیدا بە (Right) هاتووە، لەڕووی زمانەوانیەوە چەند واتایەک لەخۆدەگرێت, کە باوترینیان لای هەموو وڵاتان و هەموو مرۆڤەکان ئەوەیە کە: بە واتای ڕاستی هاتووە، وەک دەگوترێت: "فڵانە کەس هەق دەڵێت" یاخود وەک شوێنی بەیەکگەشتنی بڕیاردان و جیاکردنەوەی هەق لە ناهەق ئاماژەی پێدراوە وەک دەگوترێت: "فڵانە کەس مافی هەیە یان مافی لەسەرە"، هەندێکیش واتای ئەو وشەیەیان وەک زاراوە بە زاراوەکانی هەق (صواب)، دادوەری (عدل)، لایەنی ڕاست (جانب الایمن) هاوتا کردووە. هەندێک لە بیرمەندانی یاسا بۆچوونیان وایە سەرچاوەی ماف ڕەنگدانەوەی یاساکانی سروشتە، و هەندێکی دیکە پێیانوایە ماف لە یاسا و ڕێساکانی خوداوەندەوە سەرچاوەی گرتووە، لەبەرانبەریشدا ڕایەکی دیکە هەیە کە سەرچاوەی مافی بۆ ویستی خودی مرۆڤ گێڕدراوەتەوە.

دیدێکی دیکەش هەیە ڕای وایە ماف لە ململانێی دوو فەلسەفەدا دەسوڕێتەوە، یەکەمیان: پێداگری لەسەر (تاک) دەکات لەماف و ئەرک و بەشداریکردنیدا و بە ڕێبازی تاکەکەسیی ناودەبرێت و مافیش بە ڕەها دادەنێت. دووەمیشیان: ماف لەچوارچێوەی ڕێژەییدا هەڵدەسەنگێنێت و وابەستەی هەڵسوکەوت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەکات، و بەرژەوەندیی گشتیش لە پێشەوەی بەرژەوەندییە تایبەتیەکان دادەنرێت کە ئەمەش لە ڕوانگەی ڕێبازی سۆسیالیستییەوەیە.

هەندێکی دیکەش لە بیرمەندانی یاسا بوونی ماف ڕەتدەکەنەوە و لەسەروو هەموشیانەوە بیرمەندی بواری یاسای فەڕەنسی لێون دگی (Lewon Duguit) کە بە سەرسەخترین بەرهەڵستکاری ڕێبازی تاکەکەسی هەژماردەکرێت، و ڕای وایە ئەو مافە کەسییەی باسدەکرێت بۆچونێکی میتافیزیکییە و بوونی نییە وەک چۆن دژی مافە سروشتیەکانی پەیوەست بە مرۆڤ و پێش دروستبوونی کۆمەڵگە و دژی ئەو مافانەشە کە یاسا بۆ تاکەکانی فەراهەمدەکات. هەروەها یاساناسی نەمسایی هانس کلسن (Kelsen)، دانی بە بیرۆکەی (ماف)دا نەناوە و ڕای وایە یاسا کۆمەڵێک ئەرک بۆ تاک دروستدەکات نەک ماف.

ئەم تێڕوانینە جیاوازانەی لەبارەی "ماف" ەوە هەن وایانکردووە ئەو چەمکە چەند خەسڵەتێکی جیاواز لەخۆ بگرێت بەشێوەیەک کە لەلایەن یۆنانیەکانەوە خەسڵەتێکی فەلسەفی، و خەسڵەتێکی یاسایی لەلایەن ڕۆمانیەکانەوە، و ئاینی لەلایەن پیاوانی ئاینی کەنیسەی کاسۆلێکی, و دواجاریش خەسڵەتێکی سیاسی لەکاتی شۆڕشی فەڕەنسیدا پێوەلکاوە. 

چەمکی زانیاری چییە؟

زانیاری چەمکێکی ئاڵۆزە و فرە ڕەهەندە کە زانا و پسپۆڕ و تیۆڕیکارانیش لە هەوڵی پێناسە یان تێورێکی دیاریکراودان بۆ زانیاری، بەڵام تا ئێستا زانا و پسپۆڕان لەسەر پێناسە و تێورێکی دیاریکراو بۆ "زانیاری" ڕێکنەکەوتون. لەچەند فەرهەنگێک بەم شێوەیە پێناسەی بۆ کراووە:

  • لەفەرهەنگی ئەلمونجید: زانینێکە لە فۆڕمێکدا بە کەسێک دەدرێت کە تێبگات.
  • لەفەرهەنگی لاروس: هەواڵە یان لێکۆڵینەوەیە یاخود هەرشتێک کە دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی ڕاستیەکان و ڕونکردنەوەی کاروبارەکان.
  • لە ئینسایکلۆییدیا: زانیاری مانایی ئەو داتا داڕێژراوانە دەگەیەنێت کە ئامانجدارن بۆ ئەوەی ببنە بنەمایەک بۆ بڕیاردان یان زەمینەسازی بۆ پڕۆسەی بڕیاردان دەکەن.

وشەی زانیاری لە بنچینەدا لە وشەی (information)ی لاتینی وەرگیراوە و مانای ڕاڤەکردن و ڕونکردنەوەی شتێک دەگەیەنێت و لەناوەڕۆکیشدا بۆ پڕۆسەی گەیاندن (اتصال) بەکاردەهێنرێت بەئامانجی گەیاندنی ئاماژە یان پەیامێک کە دەربارەی زانیاری و ڕاگەیاندن بێت و لەگەڵ چەند چەمک و وشەیەکی دیکەی وەکوو "ڕاگەیاندن" و "گەیاندن" تێکەڵدەبێت کە لە زمانی ئینگلیزیدا لەجیاتی چەمکی گەیاندن (Communication) و گەیاندنی جەماوەری (Communication Mass) بەکاردەهێنرێت، هەروەها لەبەرامبەر چەمکەکانی ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە و زاراوەی دیکەیش بەکاردەهێنرێت. 

مافی بەدەستهێانانی زانیاری

مافی بەدەستهێنانی زانیاری یان (مافی زانین) یەکێکە لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ کە دەشێت بزانێت و ئاگاداربێت لە هەموو ئەوانەی ڕوودەدەن و دەگوزەرێت بەتایبەت بە ئاگابوون لەو زانیارییانەی لەلای دەسەڵاتە گشتیەکان پارێزراون، هەروەها لە جاڕنامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانیشدا وەک مافێکی سەرەکی دانپێدانراوە و لە دەوڵەتانیش پابەندکراون کە بەیاسا ئەو مافا بۆ هاوڵاتیانیان دەستەبەر بکەن. لەڕووی زمانەوانیەوە لە زمانی ئنگلیزیدا بە (The right to get access to information) و (Freedom information) دێت.

لە فەرهەنگی زاراوەکانی بەڵگەنامە و ئەرشیفی (عەرەبی ـ فەڕەنسی ـ ئینگلیزی)یدا، مافی بەدەستهێنانی زانیاری بە مافی بەئاگابوون (حق الاطلاع)ی عەرەبی و (La constabbilute)ی فەڕەنسی و (Right of access)ی ئینگلیزی هاتووە و پێناسەکراوە بەوەی مافی جەماوەرە ئاگاداری بەڵگەنامە ئەرشیفیە متمانەپێکراوە گشتییەکان و هەموو بەڵگەنامە متمانەپێکراوەکانی دیکە بێت، جگە لەوانەی بەپێی یاسای دیاریکراو سنوردارکراون و پارێزی "تەحەفور"یان لەسەرە.

لە سادەترین پێناسەدا مافی بەدەستهێنانی زانیاری مافێکی سەرەکی مرۆڤە لە کۆمەڵگای هاوچەرخی زانیاریدا. هەروەها پێناسەکراوە بەوەی بریتییە لە توانای دەستڕاگەیشتن بەو زانیارییانەی لەلایەن دەوڵەت و دەستە گشتییەکانەوە هەڵگیراون بەتایبەتیش ئەو زانیارییانەی هاوڵاتیان بەمەبەستی بنیاتنانی بیر و بۆچون دەربارەی پرس و بابەتی جیاواز پێویستمان پێیەتی و لێی سودمەند دەبن، لەهەمانکاتدا بەرپرسیارێتی دەوڵەت و دەستە گشتیەکانە زانیارییە جیاجیاکان ئاشکرابکەن و بڵاوبکەنەوە لەکاتێکدا ئەگەر داواکاریش لەلایەن کەس یان  لایەنێکەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو زانیارییانە بوونی نەبوو.

لەپێناسەیەکی دیکەشدا جەخت لەسەر ئەو بۆچونە کراوەتەوە بەوەی مافی جەماوەر و تاکەکانە لە بەدەستهینانی هەموو ئەو زانیارییانەی دەسەڵاتە گشتییەکان دەستیبەسەرداگرتوون، لەکاتێکدا دەسەڵاتە گشتییەکان نوێنەر و بریکاری جەماوەرن لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا و مافیان نییە هیچ شتێک لە گەل بشارنەوە جگە لەو زانییارییانەی نهێنی و قەدەغەکراون و لە خزمەتی هێنانەدی بەرژەوەندی گشتیدا نین.

هەروەها مافی بەدەستهینانی زانیاری پێناسەدەکرێت بەوەی مافی پرسیارکردن و وەڵامدانەوەی هەر زانیاریەکە کە پێویستە لەلایەن دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن (حوکمەت) و یاسادانان (پەرلەمان) و دادوەرییەوە بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکرێت، ئیتر لەهەر فۆڕمێکدا بێت بەو مەرجەی پابەندبێت بەو سنورەی یاسا دیاریدەکات. ڕێکخراوەی (ماددەی ١٩ )ش مافی بەدەستهێنانی زانیاری بە "ئۆکسجینی دیموکراسی" ناودەبات و بڕوای وایە ئەگەر خەڵک نەزانێت چی لەناو کۆمەڵگاکانیاندا ڕوودەدات و ئەگەر کاری ئەوانەی حوکمڕانی دەکەن بەشێوەیەکی نهێنی بێت، ئەوکات بەشداریکردن لە کاروباری ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا ئاسان نابێت.

پێناسەیەکی دیکەش جەخت لەسەر ئەو بۆچونە دەکاتەوە و مافی بەدەستهێنانی زانیاری بە سیستەمێکی شەفاف ولێپرسینەوەوە دەزانێت. هەروەها سیستەمی ڕاگەیاندنی لیبراڵ لەسەر چەند بنەما و ئامانجێک دامەزراوە و گرنگترینیان ئەوەیە "مافی هاوڵاتییە (بزانێ ) و ئەوەش هاوشێوەی مافی ئاو و هەوا مافێکی سروشتی هاوڵاتیانە" و بۆ پیادەکردنی ئەم مافەش پێویستە هۆیەکانی ڕاگەیاندن سەربەخۆیی تەواوی خۆیان هەبێ دوور لە هەر کۆتوبەندێک کە لەدەرەوە دێت.

لەبواری ڕاگەیاندنیشدا مافی بەدەستهێنانی زانیاری بەیەکێک لە مافەکانی ڕۆژنامەوان دادەنرێت کە ئەمەش لەپێناو زەمینەسازییە بۆ گەیشتنی ڕۆژنامەوان بە سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری و ئامارەکان و پرسیارکردن لەبارەیانەوە، هەروەها ئاگاداربوون لەهەموو بەڵگەنامە فەڕمی و قەدەغەکراوەکان بەبێ هیچ کۆتوبەندێک، هەربۆیە نکۆڵیکردن لەمافی بەدەستهێنانی زانیاری نکۆڵیکردنە لە مافی جەماوەر لەو زانینەی ڕۆژنامەوان بەدەستیدەهێنێت. 

سەرباری ئەوەش ئەم مافە لەکاری ڕۆژنامەوانیدا بەندە بە دوو ئاڕاستەوە، یەکەم: مافە لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵات و دەتوانرێت بەمافی بەدواداگەڕان وەسفبکرێت، کە ئەویش ئاگاداربوونی هاوڵاتی و ڕۆژنامەوانە لە زانیارییە فەرمییەکانی دامەزراوەکانی دەسەڵات. دووەم: مافە لەنێوان هاوڵاتی و ڕاگەیاندندا کە ئەوەش دەتوانرێت بە مافی وەرگرتن وەسفبکرێت لەهەمانکاتدا پێدانی زانیاری ڕاست و دروستە بە هاوڵاتی لەلایەن ڕۆژنامەوانانەوە.


سەرچاوەکان



80 بینین