هەر خانمێک دەبێت چەند ستیانی هەبێت؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-13-17:55:00 - کۆدی بابەت: 12894
هەر خانمێک دەبێت چەند ستیانی هەبێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەر خانمێک دەبێت چەند ستیانی هەبێت؟ (بە ئینگلیزی: How many bras should each woman have، بە عەرەبی: كم عدد حمالات الصدر التي يجب أن تمتلكها كل امرأة). بەگشتی تەواوی خانمان لەدوای تەمەنی پێگەیشتنەوە پێویستیان بە ستیان دەبێت و بەکاری دەهێنن. ستیان یەکێکە لە پێویستییەکانی ئافرەتان و بە بەردەوامی لەبەردەکرێت. هەربۆیە وەک هەر جلێکی تر پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکرێت دەبێت چەند ستیانت هەبێت و چۆن هەڵیبگریت و بەکاریبهێنیت. 

خانمێک دەبێت چەند ستیانی هەبێت و پێوەری هەڵبژاردنییان چییە؟

بەگشتی ژمارەیەکی دیاریکراو نییە بۆ ئەوەی بوترێت ئافرەتێک دەبێت ئەوەندە ستیانی هەبێت. بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەبێت چەند ستیانت هەبێت دەبێت سەیری شێوازی ژیانت بکەیت، و بەپێی ئەوە بڕیار بدرێت، کە ئەمانەن:

  • شێوازی ژیانی ڕۆژانەت، واتە ڕۆژانەت چۆن تێدەپەڕێنیت.
  • بەپێی کارەکان و ئەو جلە جیاوازانەی لەبەری دەکەیت، بۆ نموونە ئەگەر لە هەفتەیەکدا سێ بۆ چوار ڕۆژ وەرزش دەکەیت، پێویستە دوو بۆ سێ ستیانی وەرزشیت هەبێت کە گونجاو بێت لەگەڵ جۆری وەرزشەکەتدا تاکوو دووربیت لە شۆڕبوونەوەی مەمک و کێشەکانی تر. هەروەها بۆ چوونە دەرەوەی ئاسایی و بۆنە و ئاهەنگەکان هەڵبژاردنی ستیان جیاوازە و دەبێت بزانیت چۆن بەکاریان دەهێنیت.

پێویستە ستیانەکانت چۆن هەڵبژێریت؟

سێ بۆ چوار ستیانی ئاسایی ڕۆژانە

مەبەست لەم جۆرە ستیانانە ئەوانەن کە ڕۆژە ئاساییەکان لەبەردەکرێن، واتە زۆرینەی ڕۆژەکان ئەمانە لەبەردەکرێن، دەبێت چەند تایبەتمەندییەکی هەبێت وەک ئەوەی هەست بە ئاسوودەیی بکەیت، هەروەها گونجاو بێت لەگەڵ جل و ڕەنگەکەیدا، بۆیە واباشە سێ بۆ چوار دانەت هەبێت و مەرجیش نییە هەموو ڕۆژێک ستیان بپۆشیت، واباشە لە چەند ڕۆژێکدا ڕۆژێک نەیپۆشیت.

دوو بۆ سێ ستیانی وەرزشی

ئەگەر کەسێکیت ڕۆژانە وەرزش دەکەیت پێویستە ستیانی وەرزشیت هەبێت، ستیانی وەرزشی تایبەتمەندی خۆی هەیە و توندتر مەمک دەگرێت و ناهێڵێت زیانی پێ بگات لە کاتی ئەنجامدانی وەرزشدا. کە ئەمەش دەبێت بەپێی جۆری وەرزشەکە دیاری بکەیت. ئەگەر وەرزشی ئاسان و ئاسایی دەکەیت دەکرێت توندی ستیانەکە کەم بێت و ئەگەریش بۆکسێن و کاراتی یاخود هەر جۆرێکی تری وەرزشی قورس دەکەیت، واباشە توندی ستیانەکەت زۆر بێت.

ستیانی کلاسیک

ئەم جۆرە ستیانانە ڕووپۆشێکی زۆر جوانیان هەیە و لەگەڵیشیدا ئیسفەنجی تێدایە و شێوازێکی کلاسیکی هەیە، کە بە ئۆیە و نەخش دەورەدراوە، ئەم جۆرە بۆ ئەو کەسانە زۆر گونجاوە کە خاوەنی مەمکێکی بچووکن. هەروەها لەبەرکردنیان خۆش و ئاسوودەیە.

ستیانی تایبەت بە خانمی هاوسەردار  

زۆر گرنگە ئەو خانمانەی هاوسەرگیریان کردووە گرنگی بەم جۆرە ستیانانە بدەن و چوار بۆ پێنج دانەیان هەبێت لە ماڵەوە، ئەم جۆرانە زۆر ناسکن و شێوازێکی جوانیان هەیە. لەبەرکردنیان زۆر سەرنجڕاکێشە.

ستیانی تایبەت بە بۆنەکان

بەگشتی خانمان بەپێی قەبارەی مەمکیان دیاریدەکەن ئایا ستیانەکەیان ناوپڕ بێت یاخود ناوپڕ نەبێت واتە ئیسفەنجی تێدا نەبێت، بەگشتی ئەوانەی مەمکیان بچووکە ناوپڕ بەکاردەهێنن. بەڵام ناوپڕەکانیش شێوە و جۆری جیاوازیان هەیە. ڕێژەی ئیسفەنجەکەیان دەگۆڕێت، بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان کاتێک جلێکی جیاواز دەپۆشیت و دەتەوێت سنگت زۆر ڕێک و جوانتر دەربکەوێت، واباشە ستیانی ناوپڕی تایبەت بە بۆنەکان بکەیت و جیا بێت لەو ستیانانەی ڕۆژانە دەیانکەیت.


سەرچاوەکان



3743 بینین