ناوهڕۆك
ناساندن
کاترینا ڕیارۆ سفۆرزا (بە عەرەبی: کاترینا سفورزا، بە ئینگلیزی: Caterina Sforza) خانمێکی شاهانەیی ئیتاڵی و حووکمداری شاری فۆرلی لە کۆماری دۆکی میلان و کەسایەتی دیاری شۆڕشی ڕۆشنگەریی ناسراو بە ڕێنیسانسە. کاترینا لە چەندین کتێب و یاداشتی خانەدانان بە "خانمی فۆرلی" ناسراوە، لە وەسفی بیرمەنداندا بە ژنە هاروهاجەکە یان ژنە قارەمانەکە یان ژنە بێ باکەکە ناوی هێنراوە، لە کتێبی میر لە نووسینی ماکیاڤێلی بە خانمی فۆرلی ناوی هاتووە کە ئەم ناسناوە لە بەڕێوەبردنی شاری فۆرلی پێیدرا کە دەکەوێتە کۆماری میلان.
زانیارییە گشتییەکان
ناوی تەواو | کاترینا ڕیارۆ سفۆرزا |
ساڵی لە دایکبوون | ١٤٦٣ |
شوێن | میلان - ئیتاڵیا |
مردن | ٢٨ ی ئایاری ١٥٠٩ |
شوێن | شاری فلۆرەنس - پایتەختی کۆماری فلۆرەنس |
تەمەن لە کاتی مردن | ٤٦ ساڵ |
هاوژینەکان | جیرۆلامۆ ڕیارۆ، جیاکۆمۆ فیۆ، جیۆڤانی دی مێدچی ئێل پۆپۆلانۆ |
منداڵەکان | بێرناردۆ، لودڤیکۆ، فرانسیسکۆ، بیانکا، ئۆتاڤیانۆ، سیزار، جیۆڤانی، گالیازۆ |
باوک | گالیازۆ ماریا سفۆرزا |
دایک | لوسریزا لاندریانی |
هەروەها سەرەتای ژیان منداڵی کاترینا ڕیارۆ سفۆرزا ساڵی ١٤٦٣ لە شاری میلان پایتەختی کۆماری میلان لە خێزانی شاهانەی ئەو کۆمارە لە دایکبووە. جیاوازترین منداڵی خێزانەکەیان بووە بەوەی کە هەمیشە وەڵامی دەمکوتکەری پێ بووە. و تا بڵێی لە تەمەنی منداڵیدا بە جووڵە بووە، کە لە هیچ منداڵێکی تری خێزانەکەیان نەچووە. خوێندن و پەروەردەکردنی کاترینا وەک خانمێکی شاهانە لەسەر دەستی دایکی بووە "لویسریزا لاندریانی" کە خانمێکی بە ڕەوشت و بەڕێز بووە و لە کاروباری پەروەردەکردندا ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە خێزانی شاهانەی کۆماری میلان و هەمووان خۆشیان ویستووە. ساڵی ١٤٦٦ پاش مردنی فرانسیسکۆی باپیری، گالیازا ماریا سفۆرزای باوکی بووە حووکمداری کۆماری میلان بەهۆی ئەمەشەوە منداڵەکانی لە نێو کۆمەڵی خەڵکدا ڕێز و پلە و پایەیان زیاتر بوو.
هاوسەرگیری یەکەم
ساڵی ١٤٧٣ کاترینا لەگەڵ گەنجێکی خێزانی ڕیارۆ بەناوی جیرۆلامۆ ڕیارۆ پەیوەندی بەست کە هەندێک دەڵێن هاوسەرگیرییەکەیان ناشەرعی بووە و بەر لە هاوسەرگیری کاترینا پاکیزەیی لە دەستداوە. لەم خێزانەدا پاپایەک هاتۆتە بوون بەناوی پاپا سیکتوسی چوارەم. دەڵێن کاترینا کاتێک ئاشنای ئەم خێزانە بووە بۆ قۆزترین و جوانترین کوڕی خێزانەکە گەڕاوە تا هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات. کە ئەم کارەی کاترینا کردوویەتی هەرگیز لە کۆمەڵگەی ئیتاڵی بە گشتی و میلان بە تایبەتی بوونی نەبووە کە ئافرەت بگەڕێت بۆ هاوژین. ساڵی ١٤٧٧ کاترینا لەبەردەم خودا و لە ڤاتیکان هاوسەرگیری فەرمی لەگەڵ جیرۆلامۆدا کرد. و ساڵی ١٤٧٩ یەکەم منداڵیان هاتە دونیاوە کوڕێک بوو و کاترینا ناوی نا ئۆتاڤیانۆ، ساڵی ١٤٨٠ جارێکی تر منداڵی بوو ئەم جارە کچ بوو و ناوی نا بیانکا کە ئەمە تاکە کچی بوو. ساڵی ١٤٨١ کوڕێکی تری بوو ناوی نا جیۆڤانی لیڤیۆ، ساڵی ١٤٨٤ بە کوڕێکی تر سک پڕ بوو و ناوی نا گالیازۆ، ساڵی ١٤٨٥ کوڕێکی تری بوو و ناوینا فرانسیسکۆ.
گرتنی سەینت ئەنجیلۆ
کاترینا لە ساڵی ١٤٨٦ کاتێک سکپڕ بوو و تەمەنی کۆرپەلەکەی نێو سکی حەوت مانگ بوو، هێرشی کردە سەر قەڵای سەینت ئەنجیلۆ بۆ لەناوبردنی نەیارانی هاوژینەکەی کە خۆی لە ڕیزی پێشەوەی سەربازەکانی پێشڕەوی دەکرد و توانی ئەو قەڵایە کە لە سەر ڕێگای ڕۆما بوو داگیربکات و بەربەستێک لەبەردەم نەیارانی هاوژینەکەی دابنێت کە لە ڕێگابوون بەرەو ڕۆما.
شاری فۆرلی
شاری فۆرلی لەلایەن مامی کاترینا "لودڤیکۆ ئێل مۆرۆ" بەڕێوەدەبرا. کە ئەندامێکی گرنگی خێزانی سفۆرزا بوو. کە دەکەوێتە ناو کۆماری میلان. ئەم شارە پاڵپشتی تەواوی هاوژینەکەی کاترینا بوون و بە یەکێک لە خۆیان ئەزانی، هەر لەبەر ئەمە تا ئەوکاتەی کوژرا لە ساڵی ١٤٨٨ تەواو هاوکاری بوون لە جەنگ و کۆکردنەوەی سەربازدا. کاترینا زۆربەی کاتەکانی لە فۆرلی بەسەردەبرد هەر لەبەر ئەم هۆیە لای خەڵکی شارەکە بە خانمی فۆرلی ناسراوە.
خانمی فۆرلی
ساڵی ١٤٨٨ پاش کوژرانی هاوژینەکەی ڕاستەوخۆ لەم شارە ڕۆڵی گرنگی بەدیارکەوت، کە نەیهێشت مردنی هاوژینەکەی کاری تێبکات منداڵەکانی خستە سەر ڕێڕەوی دەسەڵات و خۆیشی لەلایەن مامیەوە کرا بە حووکمداری شارەکە. کاترینا ناسناوی خانمە شێت و هارەکەی لێنرابوو چونکە وەک گەنجێکی هەرزەکار مامەڵەی دەکرد نەوەک خانمێک.
هاوسەرگیری دووەم
تەنها دوو مانگ دوای کوژرانی هاوژینەکەی کاترینا جارێکی تر چووە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری کردەوە ئەم جارەش دوو کەسی لە دڵدابوو Antonio Maria Ordelaffi و Giacomo Feo و لەگەڵ جیاکۆمۆ فیۆ هاوژینی پێک هێنا. لە تێبینییەکانی ماکیاڤێلی هاتووە کە بۆ ئەوە بووە منداڵەکانی بێ باوک نەبن. بەڵام زیاتر دەوترێت لەبەر حەزی سێکسی هاوژینی پێکهێنایەوە. ئەم هاوژینەشی گیانی لەدەست دا دوای ماوەیەک و هاوژینی سێیەمی پێک هێنا.
هاوسەرگیری سێیەم
ساڵی ١٤٩٦ کۆتا هاوسەرگیری خۆی ئەنجامدا و هاتە فلۆرەنسیا و لەگەڵ بنەماڵەی مێدچییەکان پەیوەندی بەست ئەم جارەش بە ئومێدی دۆزینەوەی گەنجێکی کەشخە و قۆز تا ببێتە هاوژینی، سەرەنجام لەگەڵ جیۆڤانی دی مێدچی هاوژینی پێکهێنا. و تا کۆتایی تەمەنی بەیەکەوەبوون.
بۆچی کاترینا سفۆرزا بێ باکە؟
ئەم پرسیارە لە زۆربەی کتێبەکانی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی هاتوون. کەوا کاترینا زۆر بێباک بووە. وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەمەیە. "کاتێک حاکمی شاری فۆرلی بوو ناپاکی لێ دەکرێت و شارەکەی دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە لەلایەن دەنگی ناڕازی و ناپاکەکان. و هەموو منداڵەکانی بەدیل دەگیرێن، خودی خۆی ئەو کاتە لەگەڵ بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی و یەکەی دزەکان بەرگری لە قەڵاکەی دەکرد. ناپاکەکان پێیان وت خۆت بدە بەدەستەوە ئەگەرنا دەتکوژین، ئەویش هاتە سەر سەکۆی قەڵاکە و خۆی ڕووت کردەوە و وتی "بڕوانن، من ئامێری منداڵ خستنەوەم هەیە، چەند منداڵم بوێت دەتوانم بیهێنمە دنیاوە، بیانکوژن باکم پێیان نییە".
مردن
ساڵی ١٥٠٩ بەهۆی تووش بوونی بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان لە بەرواری ٢٨- ئایار ١٥٠٩ کۆچی دوایی کرد. گرنگترین شت کە کاترینا لە ماوەی شۆڕشی ڕۆشنگەری ڕێنیسانسدا کردی ملی کەچ نەکرد بۆ هیچ دەسەڵاتدار و دوژمنێکی هەمیشە هەوڵی یەکپارچەیی خاکی میلانی داوە.