ڕۆما

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-07-16:30:00 - کۆدی بابەت: 7771
ڕۆما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆما (بە ئیتالی و لاتینی: Roma، بە ئینگلیزی: Rome)، پایتەختی وڵاتی ئیتاڵیایە، ژمارەی دانیشتوانی شاری ڕۆما 2,860,009 کەسە و ڕووبەرەکەی 1,285 کیلۆمەتر دووجایە، ئەم شارە ئاوەدانترین شاری وڵاتە و سێیەم ئاوەدانترین شاری یەکێتی ئەورووپایە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە کە 4,355,725 کەسی لێ نیشتەجێیە، شاری ڕۆما دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی ڕۆژئاوای نیمچە دوورگەی ئیتالیا، لە‌ناو لازیۆ و بەدرێژایی کەنارەکانی تیبەر. شاری ڤاتیکان (بچووکترین وڵاتی جیهان) دەوڵەتێکی سەربەخۆیە لە سنووری ڕۆما و تاکە نموونەی دەوڵەتێکە لەناو شارێکدا، زۆر جار ڕۆما بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە بە "شاری حەوت گردەکە" ئاماژەی پێ دەکرێت و هەروەها بە "شاری هەتاهەتایی"ـش ناودەبرێت، ڕۆما بە گشتی بە "لانکی کولتوور و شارستانی مەسیحی ڕۆژئاوا" و "ناوەندی کڵێسای کاسۆلیک" دادەنرێت.

مێژووی ڕۆما

مێژووی شاری ڕۆما دەگەڕێتەوە بۆ 2701 تا 2800 پێش زایین، لەکاتێکدا مێژووی ئەفسانەزانی ڕۆمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی ڕۆما لە دەوروبەری 753 پێش زایینی، ڕۆما یەکێکه لە کۆنترین شارەکانی ئەورووپا کە بەبەردەوامی خەڵکی لێ نیشتەجێ بووه و سێ هەزار ساڵه مرۆڤەکان لێی جێگیرن، دانیشتووانی پێشووی شارەکه تێکەڵەیەک بوون له لاتینییەکان خەڵکی ئیترۆریا و گەلی سابەین، لە کۆتاییدا شارەکە بوو بە پایتەختی شانشینی ڕۆمانی، کۆماری ڕۆمانی و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی، سەرەتا و لە سەدەی یەکەمی پێش زایینی پێی دەگووترا "شاری هەتاهەتایی"، هەروەها پێشی دەگوترا پایتەختی جیهان، لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی خۆرئاوا و دەستپێکی سەدەکانی ناوەڕاست شاری ڕۆما کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی سیاسی پۆستی پاپا، بەمەش لە سەدەی هەشتدا بوو بە پایتەختی ویلایەتەکانی پەیپڵ هەتا ساڵی 1870، پاشان لە چەرخی ژیانەوەدا شاری ڕۆما بوو بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی ئەم چەرخە، هونەرمەندان، وێنەکێشان، پەیکەرتاشان و تەلارسازانی بەناوبانگ شاری ڕۆمایان کردە ناوەندی چالاکییەکانیان و لە سەرتاسەری شارەکەدا شاکاریان دروست دەکرد، لە ساڵی 1871‌ ڕۆما بوو بە پایتەختی شانشینی ئیتالیا و لە ساڵی 1946دا بوو بە کۆماری ئیتالیا، شاری ڕۆما لە ساڵی 2019دا و لە ڕیزبەندی شارە هەرە سەردانکراوەکانی جیهاندا لە پلەی 11یەمدا بوو، 10.1 ملیۆن گەشتیار سەردانی کردووە و سێیەمین شاری هەرە سەردانکراوی یەکێتی ئەورووپا و بەناوبانگترین شوێنی گەشتیاری ئیتالیایە، سەنتەرە مێژووییەکەی لەلایەن یونسکۆوە وەکوو شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانی دادەنرێت. شاری ڕۆما لە ساڵی 1960ـەوە يارييە ئۆڵۆمپييە هاوینەكانی لێ ئەنجام دەدرێت.

کەشوهەوای ڕۆما

کەشوهەوای شاری ڕۆما تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە، مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و وشکن و مانگەکانی وەرزی زستان مامناوەند و شێدارن، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی لە کاتی ڕۆژدا 21 پلەی سەدییە و لە شەودا نۆ پلەی سەدییە، ساردترین مانگ کانوونی دووەمە و تێکڕای پلەی گەرمی لە ڕۆژدا 12.6 پلەی سەدییە و لە شەودا 2.1 پلەی سەدییە، هەروەها گەرمترین مانگ ئابە و تێکڕای پلەی گەرمی لە ماوەی ڕۆژدا 31.7 پلەی سەدییە و لە شەویشدا 17.3 پلەی سەدییە، مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات ساردترین مانگەکانی ساڵن، کە پلەی گەرمی ڕۆژانەی نزیکەی 8 پلەی سەدییە و بە گشتی پلەکانی گەرما لەماوەی ئەم مانگانەدا لە ڕۆژدا 10 بۆ 15 پلەی سەدییە و لە شەویشدا 3 بو 5 پلەی سەدییە، لەگەڵ ئەوەشدا بە دەگمەن بەفری لێ دەبارێت و کۆتا بارینی بەفر لە ساڵەکانی 2018، 2012 و 1986 بوو، هەروەها تێکڕای ڕێژەی شێی 75٪ـە، ئەم ڕێژەیە بەپێی مانگەکانی تەمووز و تشرینی دووەم دەگۆڕێت، لە مانگی تەمووزدا 72٪ و لە مانگی تشرینی دووەمدا 77٪.

چەند شوێنێکی گەشتیاری ڕۆما

  • کۆلۆسیۆم و تاقەکەی کۆنستانتین
  • شاری ڤاتیکان
  • پانتیۆن
  • ڕۆمان فۆروم یان مەیدانی ڕۆمان
  • فوارەی ترێڤی
  • کڵێسای سانتا ماریا ماجۆری
  • گردی پەلەتاین
  • گەرماوەکانی کاراکەلا
  • گۆڕەپانی ناڤۆنا
  • گەرماوەکانی مۆزەخانەی نەتەوەیی دایوکڵیشن


سەرچاوەکان



2085 بینین