ئایا پێویستە بۆن لە کوێ بدرێت؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-04-07-22:48:00 - کۆدی بابەت: 12466
ئایا پێویستە بۆن لە کوێ بدرێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆن (بە ئینگلیزی: Perfume، بە عەرەبی: عطر) تێکەڵەیەکە لە زەیتی سروشتی بۆنخۆش یان پێکهاتەی بۆنخۆش، ماددەیەکی شلی بۆنخۆشە بەشێوەیەکی گشتی لەو ڕۆنە بنچینەییانە پێکدێت کە لە گوڵ و چەند جۆرێکی بەهارات دەردەهێنرێن، بۆن بەکاردێت بۆ بەخشینی بۆنێکی خۆش و خوازراو بە لەشی مرۆڤ.

شوێنە سەرەکییەکانی لێدانی بۆن

لێدانی بۆن لەسەر خاڵەکانی لێدانی دڵ وادەکات بۆنەکەت زیاتر بمێنێتەوە، لەو شوێنانە گەرمی دەردەچێت ئەمەش وادەکات بۆنەکەت لە هەوادا بڵاوببێتەوە، ئەو شوێنانەش بریتیین لە:

پشتی گوێ: ڕاستەوخۆ بۆن لە پشتی گوێت بدە بۆ ئەوەی بۆنەکەت بەدرێژایی ڕۆژ لە دەوروبەری ڕووخسارتدا بمێنێتەوە، دەتوانرێت کەمێک لەسەر گوێیەکانیش بدرێت.

بنی قورگ: شوێنێکی گونجاو و نزیکی ڕووخسارە بۆ لێدانی بۆن، بۆنەکەت لە بنی قورگت لە خاڵەکانی لێدانی دڵ بپژێنە بۆ ئەوەی بۆنەکەی بە نەرمی بڵاو ببێتەوە.

پشتی ئەژنۆ: پشتی ئەژنۆکانیش خاڵی لێدانی دڵە، بۆیە ئەگەر قاچەکانت دەردەکەون دەتوانیت بۆن لە پشتی ئەژنۆکانت بدەیت تا بە بەشی خوارەوەی جلەکانیشتدا بڵاوببێتەوە.

مەچەک: لێدانی بۆن لە مەچەک ڕەنگە گونجاوترین شوێن بێت، چونکە خاڵی لێدانی دڵە و بەشێوەیەکی گشتی مەچەک زۆر دەردەکەوێت. تەنها سپڕایەکی ڕاستەوخۆ لە هەر یەکێک لە مەچەکەکانت بدە، بەڵام مەچەکت بەیەکدا مەخشێنە چونکە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی گەردیلەی بۆنەکە.

بەشی ناوەوەی ئانیشک: لەو کاتانەی کە قۆڵەکانت دەردەکەون لێدانی بۆن لە بەشی ناوەوەی ئانیشک شوێنێکی گونجاوە، بەڵام ئاگاداربە تا بۆنەکە وشک نەبێتەوە قۆڵت نەچەمێنیتەوە بۆ ئەوەی بۆنەکە تێکنەشکێت.

ناوچەکانی تر بۆ لێدانی بۆن

قژ: پژاندنی بۆن لە قژ زۆرجار دەکرێت و بۆنەکە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، بەڵام پێویستە ئاگاداری ڕێژەی کحوولی بۆنەکە بیت، ئەگەر بۆنێکی زۆر کە قژت بدەیت و ڕێژەی کحوولی بەرز بێت دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە قژت و قژ وشکدەکاتەوە. ئەگەر هەر دەتەوێت بۆن لە قژت بدەیت باشتر وایە بۆنەکە لە شانەی قژەکەت بپژێنیت و پاشان قژتی پێ شانە بکەیت.

سنگ: ئەگەر سەر سنگت لە جلوبەرگەکەتدا دەردەکەوێت دەتوانیت بۆنەکەتی بۆ بەکاربهێنیت.

جلوبەرگ: ئەگەر پێش چوونەدەرەوە بۆن لە جلەکانت بدە، بە شێوەیەکی گشتی قوماش دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زیاتر لە پێستت هەڵبمژێت و بیپارێزێت، تەنها ئاگاداری ئەو قوماشانە بە کە بەکارهێنانی بۆن وەکوو ئاوریشم لەسەریان دەبێت بە پەڵە.

قەد: لێدانی بۆن لە ناوقەد یارمەتی مانەوەی بۆنەکە دەدات بۆ ماوەیەکی درێژ و بۆ بەرزبوونەوەی بۆن بۆ ئەو بەشەی جەستە.

ئەو شوێنانەی نابێت بۆنی بۆ بەکاربهێنیت

نزیک چاوەکان: هەرچەندە لێدانی بۆن لە نزیک چاوەکان باو نییە، بەڵام بۆ ئەوەی تووشی خوران نەبێت، خۆت بەدوور بگرە لە لێدانی بۆن لە هەر شوێنێکی نزیک چاوت. ئەو بۆنانەی کە کحوول و ئێتیلیان تێدایە، کاتێک بەرکەوتنیان لەگەڵ شوێنە زۆر هەستیارەکاندا هەیە زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنن.

ژێرباڵ: پێویستە بۆن بۆ ژێرباڵ بەکارنەهێنرێت، تێکەڵبوونی ڕژێنەکانی ئارەق و بۆنێک کە ڕێژەی کحوولی بەرز بێت دەبێتە هۆی خورانی زۆر.

دەوری ئەندامی زاوزێ: هەر کاتێک بۆن بەکاردەهێنیت لە شوێنە هەستیارەکانی بەدوور بگرە، چونکە دەبێتە هۆی سووتانەوە و خوران.

چۆنیەتی بەکارهێنانی بۆن

تەنها لەبەر ئەوەی شوێنی زۆر هەیە بۆ لێدانی بۆن، واتای ئەوە نییە پێویستە زیادەڕۆیی بکەیت، بەڵکوو پێویستە سەرنجت لەسەر چەند خاڵێک بێت، بەپێی ئەوەی ئەو ڕۆژە چی لەبەردەکەیت و سەرنج دەخەیتە سەر چی بەشێکی جەستەت.

چۆن وا بکەیت بۆنەکەت بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە؟

بەکارهێنانی لۆشن پێش بۆن لێدان: بۆ ئەوەی زیاتر بۆنەکەت بمێنێتەوە پێش بەکارهێنانی سەرەتا چینێکی تەنک لە لۆشن یان ڤاسلین لەو شوێنە بدە کە بۆنەکەی بۆ بەکاردەهێنیت، چەورییەکەی یارمەتی مانەوەی بۆنەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر دەدات.

پاش بەکارهێنانی بۆن ڕاستەوخۆ دەستی پێدا مەهێنە و مەیخشێنە: بەکارهێنانی بۆن بۆ مەچەکت و خشاندنی لە مەچەکەکەی ترت وادەکات بۆنەکە تێکدەشکێنێت، بۆیە پێویستە بۆن لە هەر مەچەکت بەجیا بدەیت.

زۆر لە دوورەوە بۆن بەکارمەهێنە: بەکارهێنانی بۆنەکەت زۆر دوور و لە هەوادا وادەکات کەمتر بۆنەکەت بمێنێتەوە.

ژینگەیەکی گونجاو بۆ دانانی بۆنەکەت لەبەرچاو بگرە: دانانی بۆن لە گەرماو و شوێنی شێداردا زیان بە بۆنەکەت دەگەیەنێت، چونکە شێ و گەرمی و ڕووناکی دەتوانن چڕی و کوالێتی بۆنەکەت تێکبشکێنن،  واتە پێویستە خۆت بەدوور بگرێت لە دانانی بۆنەکانت لەسەر پەنجەرە یان گەرماو، لەبری ئەوە بۆنەکان لە شوێنی فێنک و وشک و تاریکدا هەڵبگرە.


سەرچاوەکان



833 بینین