ئەلموهەیمن ـ چاودێر و پارێزەی هەموو شتێک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-18-23:29:00 - کۆدی بابەت: 12933
ئەلموهەیمن ـ چاودێر و پارێزەی هەموو شتێک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتای ناوەکە

موهەیمن یان ئەلموهەیمن یان موهەیمین (بە عەرەبی: المهيمن یان الْمُهَيْمِنُ، بە ئینگلیزی: Al-Muhaymin) ناوێکە لە ناوەکانی خوای گەورە، واتا ئاگادار و دەسەڵاتدار و چاودێرە بەسەر هەموو بەندە و دروستکراو و بوونەوەراندا. لە زمانی عەرەبیدا ناوی موهەیمن واتای زاڵ و بینەر و چاودێری دەبەخشێت، خوا بینەرە بەسەر بەندەکانییەوە و ئاگای لە بارودۆخی هەموانە.

خوای گەوەرە ئەو زاتەیە کە هەموو شتە شاراوەکان دەبینێت کە لە بەندەکانی شاراوەن، بەهەمان شێوە ئەو شتانەشی کە بەندەکانی دەیشارنەوە و دەیپارێزن و کەس هیچی لەسەر نازانێت خوای گەورە لە بارەیانەوە زانایە، ئاگاداری کردەوەی بەندەکانی خۆیەتی و چاودێرییان دەکات، بۆیە خودا پاداشتی هیچ کەسێک بەفیڕۆ نادات کە کاری چاکەی کردووە، بە بارودۆخی هەموو ستەملێکراوێک زانایە و ئاگاداری ئەو نادادپەروەرییەیە کە بەدەست ستەمکارەوە دەیچێژێت، هیچ کات ستەملێکراو لەبیرناکات و لە ڕۆژی دوایی ستەملێکراو پاداشتی ئارامگری وەردەگرێت و ستەمکاریش سزای نەبڕاوەی تووش دەبێت. بۆیە خوای گەورە لە هەموو کار و کردەوەی بەندەکانی ئاگادارە و چاودێرێکی دانایە.

هاتنی ناوی ئەلموهەیمن لە قورئاندا

  • لە قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە ناوی ئەلموهەیمنی وەکوو وەسف بۆ زاتی خۆی یەک جار بەکارهێناوە لە سوورەتی (الحشر) لە ئایەتی ٢٣ دەفەرموێت: (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ  سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ)، واتا خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نییه‌ و پاشای هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌، پاك و بێگه‌رد و پوخته‌ و ئاشتیخوازە، ئاسایشبه‌خش و په‌ناگای ئیماندارانه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ و چاودێری دروستکراوه‌کانیه‌تی، باڵاده‌سته‌ و خاوه‌نی خێری بێسنووره‌، گه‌وره‌یه‌ و خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت، پاکی و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌یه‌ له‌وه‌ی تینه‌گه‌یشتوان هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن.
  • لە  سوورەتی (المائدة) لە ئایەتی ٤٨ واتاکەی زیاتر ڕوون کردووەتەوە و خوای گەورە دەفەرموێت (وَأَنزَلْنَآ إِلَيْكَ ٱلْكِتَـٰبَ بِٱلْحَقِّ مُصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ ٱلْكِتَـٰبِ وَمُهَيْمِنًا عَلَيْهِ)، واتا ئه‌م كتێبه‌ی کە قورئانە له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕاستییه‌كدا بۆ تۆمان دابەزاند، ڕاستی و دروستی كتێبەکانی پێش خۆیشی دیاری دەکات و چاودێر و پارێزه‌ر و شایه‌تیشه‌ بۆیان.


سەرچاوەکان



2819 بینین