تەنهایی لە کەسانی بەساڵاچوو: چۆن هاوکارییان بکەین؟

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-07-24-19:15:00 - کۆدی بابەت: 13681
تەنهایی لە کەسانی بەساڵاچوو: چۆن هاوکارییان بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەنهایی لە کەسانی بەساڵاچوو: چۆن هاوکارییان بکەین؟ (بە عەرەبی: الوحدة لدى كبار السن: كيف نساعد، بە ئینگلیزی: Loneliness in older people: how to helpزۆر ڕێگا هەیە کە دەتوانیت بەشداری بکەیت لە هاوکاریکردنی کەسانی بەساڵاچوو لە کۆمەڵگاکەتدا کە هەست بە تەنهایی دەکەن یاخود لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گۆشەگیرن. ئەو کەسەی هاوکاری دەکەیت سوودی تەندروستی بەدەست دەهێنێت و لەبەرامبەریشدا تۆ پاداشت و چاکەیەک وەردەگریت. ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی لەگەڵ ڕێکخراوێک کە یارمەتی کەسانی بەساڵاچوو دەدات ڕێگەیەکی گرنگە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە تەنهان یاخود لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گۆشەگیرن. بەڵام، تەنانەت گفتوگۆیەکی کورت و دۆستانە یاخود پەیوەندیەکی تەلەفۆنیش دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر باری دەروونی و تەندرووستیان.

سوودەکانی هاوکاریکردنی کەسانی بەساڵاچوو یاخود هەر تاکێکی دیکە

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەرخانکردنی کاتەکانت بەم شێوەیە دەتوانێت بەڕادەی ئەو کەسەی کە هاوکاری دەکەیت و سوودی لێ  وەردەگرێت، بەهەمان شێوە بەسوود و بەنرخ بێت بۆت. ئەگەری هەیە ئاستی بڕوا بەخۆبوون و هەستکردن بە ئامانج، واتا هەبوونی ئاراستەیەکی دیاریکراو لە ژیاندا، بەرز بکاتەوە. یارمەتیدانی کەسانی دیکە وا لە مێشکت دەکات سەرقاڵ بێت و بۆ ماوەیەک لە کێشەکانی خۆتت دوور دەخاتەوە. 

چەند ڕێگایەکی گرنگ بۆ هاوکاریکردنی کەسانی بەساڵاچووی گۆشەگیر و تەنها

دەستپێکردنی گفتوگۆ

هەمیشە ئاسان نییە، بزانین کێ پێویستی بە هاوکاری هەیە و چ جۆرە هاوکارییەکیش، بەڵام دەستپێکێکی باش ئەوەیە کە بێدەنگی بشکێنیت و لەگەڵ دراوسێیەکی بەساڵاچوو کە لە شەقامەکەدا ڕووبەڕووی دەبیتەوە گفتوگۆ بکەیت. ئەگەر هەستت کرد کەسێکی بەساڵاچوو کێشەی بیستنی هەیە یاخود کێشەی یادەوەری هەیە، دڵنیابە لەوەی بەشێوەیەکی ڕوون قسە بکەیت (بەڵام هاوار مەکە). ڕاوەستان لە نێوان ڕستە و پرسیارەکان بۆ ئەوەی دەرفەتیان پێبدەیت زانیاریەکان وەربگرن و لێکی بدەنەوە لە مێشکیان. هەروەها کەمێک کاتی زیاتریان پێبدە بۆ وەڵامدانەوە و پەلەیان لێ مەکە.

پێشکەشکردنی هاوکاری بەشێوەیەکی کرداریی

ئایا کەسێکی بەتەمەن دەناسیت کە بە تەنیا دەژیت؟، بۆنموونە: بە دەگمەن دەچێتە دەرەوە، بەم دواییە تووشی ئازار و لەدەستدان بووە، تەندروستی خراپە، خاوەن پێداویستی تایبەتە، کێشەی بینین یاخود بیستنی هەیە، یاخود وا دەربکەوێت کە هیچ خێزانی نزیکی نییە کە لەنزیک ئەوەوە بژین؟ 

ئەگەر وایە، کەواتە پرسیاریان لێبکە کە ئایا پێویستیان بە یارمەتی هەیە لە کارەکانی وەک بازاڕکردن، ناردنی نامەکان لەڕێگەی پۆستەوە، وەرگرتنی ڕەچەتە و دەرمان، یاخود پیاسەکردن بە ئاژەڵە ماڵیەکەیان وەک سەگ. پێشنیار بکە کە لەگەڵیان بیت و یاوەرییان بکەیت یاخود بیانگەیەنیته شوێنی مەبەست لەکاتەکانی وەک چالاکیەکانیان، چاوپێکەوتنی پزیشک و کاروباری نەخۆشخانە، کتێبخانە، ئارایشتگا و سەرتاشخانە یاخود کاروبارە ئاینییەکان.

دابەشکردنی کاتەکانت

وەک خۆبەخش کار بکە بۆ ئەو رێکخراوانەی کە پاڵپشتی بەساڵاچووان دەکەن. زۆرجار بەرنامەی "بوون بەهاوڕێیەتی" یان هەیە بۆ یارمەتیدانی کەسانی بەساڵاچووی گۆشەگیر، هەروەها پشت بە خۆبەخشەکان دەبەستن بۆ وەڵامدانەوەی پەیوەندییە تاکە کەسییەکان، هەروەک پەیوەندی هاوڕێییەتی لەڕێی تەلەفۆن، سەردانیکردن، شۆفێری کردن، یاخود میوانداریکردن و ڕێکخستنی چالاکییە کۆمەڵایەتییە گروپییەکان.

دەتوانیت هەفتانە یارمەتیدەر بیت بە پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ کەسێکی بەساڵاچووی گۆشەگیر، یاخود سەردانیکردنیان بە بەردەوامی بۆ گفتوگۆکردن و یارمەتیدان لە بازاڕکردن، گەیاندنی کەسێکی بەساڵاچوو بۆ بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی یاخود ڕێکخستن و میوانداریکردنی کۆمەڵێک کەسی بەساڵاچوو بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و خواردنەوەی قاوەی بەیانیان. 

یارمەتیدان لە ئەرکەکانی ناوماڵ

بەساڵاچوویی دەبێتە هۆی قورس بوونی کارە سادەکانی ماڵەوە. بەساڵاچووان زۆر سوپاسگوزارن دەربارەی هەر یارمەتییەک کە بەرامبەریان دەکرێت لە کارە سەرەتاییەکانی وەک فڕێدانی خۆڵ و خاشاک، گۆڕینی گڵۆپ، قایمکردنی چوارچێوەی پەنجەرە، پاککردنەوەی بەفر لە ڕێڕەوەکان، هەڵواسین و دانانی وێنە و کارە هاوشێوەکانی دیکە.

هاوبەشیکردنی ژەمە خواردن

زۆرجار کەسانی بەساڵاچوو و گۆشەگیر پێویستیان بە یارمەتی هەیە لە ئامادەکردنی ژەمەکانیان، کەواتە بۆچی قاپێک چێشتی زیادەیان بۆ نەبەین لە خواردنی گەرمی کوڵاوی ماڵەوە یاخود ژەمێکی بەستوو کە دەتوانن بە ئاسانی گەرمی بکەنەوە، بە گەرمکەرەوە یاخود بە مایکرۆوەیڤ؟ 

جگە لەوەی ئەمە شتێکی کردارییە، لەهەمان کاتدا ڕێگایەکی باشە بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ دراوسێیەکت. هەوڵبدە لەکاتی بردنی ژەمێکدا، دەفرێک یاخود قاپێک بەکاربهێنیت کە پێویستت بە گەڕانەوەی دەفرەکە یاخود قاپەکە نەبێت، چونکە کارێکی قورسە بۆ هەردووکتان کە ئاگاداری قاپەکان و بیرهێنانەوە و گەڕاندنەوەیان بن. 



127 بینین