ناوهڕۆك
ناساندن
هەرزەکاری کەی کۆتایی دێت؟ (بە ئینگلیزی: When is adolescence going to end، بە عەرەبی: متى ستنتهي المراهقة) هەرزەکاری بە قۆناغی گواستنەوە لە منداڵییەوە بۆ گەورەیی پێناسە دەکرێت، ئەم قۆناغە گۆڕانکاری زۆر لە ژیانی مرۆڤدا دەگرێتەوە وەک گۆڕانکاری جەستەیی، هزری، سۆزداری و کۆمەڵایەتی، کە دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسنامە و کەسایەتی مرۆڤ.
قۆناغەکانی هەرزەکاری
- سەرەتای هەرزەکاری لە تەمەنی ١١-١٤ ساڵیەوە.
- هەرزەکاری ناوەڕاست تەمەنی ١٥-١٧ ساڵی.
- درەنگانی هەرزەکاری، لە تەمەنی ١٨-٢١ ساڵییەوە، دوا قۆناغی هەرزەکارییە.
گۆڕانکارییەکان
قۆناغی هەرزەکاری یەکێکە لە قۆناغە سەختەکانی ژیانی منداڵە دایک و باوکیان و دەبێت گۆڕانکارییەکانی ئەم قۆناغە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
گۆڕانکارییە جەستەییەکان
ئەمانە ئەو گۆڕانکاریانەن کە بەهۆی گۆڕانی ئاستی هۆرمۆنەکان لە جەستەدا ڕوودەدەن بۆ کچان، ڕەنگە مەمکەکانیان دەست بە گەشەکردن بکەن، سوڕی مانگانەشیان دەست پێبکات. سەبارەت بە کوڕان ڕەنگە دەست بە دەرکەوتنی موو لەسەر ڕووخسار و گەشەی ماسولکەکان و زیادبوونی کێشی لەش بکەن، هەروەها ڕەنگە هەردوو ڕەگەز تووشی کێشەی زیپکە و بۆنی جەستە ببن، کە ڕەنگە بە ئاشکرا دەرکەون، بۆیە لەم ماوەیەدا گرنگە دایک و باوک گرنگی بە ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتانە و گۆڕانکارییەکان بدەن بۆ منداڵەکانیان.
گۆڕانکاری سۆزداری
گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکاندا کاریگەری جەستەیی هەیە، هەروەها کاریگەری سۆزداری لەسەر هەرزەکارەکە هەیە، ڕەنگە هەرزەکاران سەرلێشێواو بن لە نێوان ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیەکانیان وەک گەورەساڵان، هەرزەکاران زیاتر کارلێکی سۆزدارییان لەگەڵ هەموو شتێکدا هەیە هەستکردنە بە دڵخۆشی، دڵتەنگی، توڕەیی.
گۆڕانی ڕەفتار
قۆناغی هەرزەکاری ئەو قۆناغەیە کە منداڵەکە دەست دەکات بە گەڕان بەدوای خۆسەلماندن و سەربەخۆیی خۆیدا کە بە چەقبەستوویی دەردەکەوێت و هەوڵدەدات بەپێی ئەو شتانەی کە پێی وایە ڕاستە ئەوانە ئەنجام بدات، سەلیقەیان لە جل و بەرگ و خواردن و دەرکەوتنیان بەگشتیش دەگۆڕێت، هەروەها ڕەنگە جۆری مۆسیقاکەش بگۆڕێت کە پێیان باشە و ئەمە زۆرترین گۆڕانکارییە کە ڕەنگە دایک و باوک ڕووبەڕووی ببنەوە و گرنگە متمانە بە منداڵەکانیان بکەن، سەربەخۆییان پێبدەن و پشتگیری پێویستیان بکەن.