ناوهڕۆك
ناساندن
بیردۆزی دەزوولەیی (بە ئینگلیزی : String theory) ئامانجی یەکخستنی میکانیکی کوانتەم و ڕێژەیی گشتییە، هەروەها لە دروستبوون و بنەڕەتی ماددە دەکۆڵێتەوە و کار لەسەر لەرینەوەی وزە دەکات لە بچووکترین ئاستدا.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زانایانی فیزیا درکیان بەوە کرد، کە بیردۆزی دەزوولەیی توانای ئەوەی هەیە کە هەر چوار هێزەکەی سروشت (هێزی کێشکردن، کارۆموگناتیسی، هێزی بەهێز و هێزی لاواز) و هەموو جۆرەکانی ماددە لە یەک چوارچێوەی میکانیکی کوانتەمدا جێگیر بکات.
بەپێی ئەم بیردۆزە، بنچینەی گەردوون تەنۆلکەکان نین، وەک(ئەلیکتڕۆن و کوارک)، بەڵکوو دەزوولەی بچووک و یەک ڕەهەندین؛ دەشڵێت هەموو شتێک لە دەزوولەیەکی بچووکەوە دروستبووە، کە لەرینەوە جیاوازەکانیان کاردەکەنە سەر هاتنەبوونی جۆرە جیاوازەکانی تەنۆلکەکان.
بیردۆزی دەزوولەیی بە یەکێک لە سەرکەوتووترین بیردۆزەکان دادەندرێت لە فیزیادا.
ئامانج و بنەماکانی بیردۆزی دەزوولەیی
زۆربەمان دەزانین کە ماددە لە گەرد و گەردیلەکان پێک دێت، ئەمانیش لە (ئەلیکتڕۆن، پڕۆتۆن و نیوتڕۆن) پێکدێن، کە ئەلیکتڕۆن لە خولگەیەکی کوانتەمیدایە لە دەوری ناوک، پڕۆتۆن و نیوتڕۆنیش لەنێو ناوکدان؛ لەناو پڕۆتۆن و نیوتڕۆنەکان تەنۆلکەی بچووکتریشمان دۆزیوەتەوە، کە پێیان دەگوترێت (کوارک : Quark)، لێرەدا بیردۆزی دەزوولەیی پێمان دەڵێت لە قووڵایی هەر تەنۆلکەیەک یان هەر کوارکێک شتێکی تر هەیە.
بۆ نموونە بە قووڵی سەیری ناوەوەی کوارکێک یان ئەلیکتڕۆنێک بکە، ئەم بیردۆزە گریمانەی ئەوە دەکات کە تۆ دەزوولەیەکی بچووک و باریک دەبینیت، وەک دەزوولەیەک لە وزەی لەراوە، ئەم دەزوولەیە دەتوانێ بلەرێتەوە و هەندێک جار کراوەیە و هەندێک جار داخراو، ئەم لەرینەوەیە و بڕی وزەکە، تایبەتمەندیی و ناسنامەی تەنۆچکەکە دیاری دەکەن؛ کەواتە بەم ڕێگەیە هەموو جۆرە جیاوازەکانی تەنۆلکەکان پەیدا دەبن لە لەرینەوە جیاوازەکانەوە.
گرنگییەکی تری ئەم بیردۆزە بۆ فیزیازانەکان ئەوەیە، کە دەتوانێت هەردوو بیردۆزی میکانیکی کوانتەم و ڕێژەیی بەیەکەوە ببەستێتەوە، کە ئەمەش یەکخستنێکی گرنگە بۆ یەکگرتنەوەی هەموو پرسەکان، هێزەکان و هەموو بیردۆزە ناسراوەکان و هێنانەدی ئەو خەونەی کە هەموو شتێک لە یەک هاوکێشەدا دابندرێت.
هەروەها چوارچێوەیەکە کە فیزیازانەکان بەکاریدەهێنن بۆ پێناسەکردنی ئەوەی کە چۆن ئەو هێزانەی کە بەزۆری لە ئاستێکی بەرزدا چەمکسازی دەکرێن، وەک هێزی کێشکردن، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر تەنە بچووکەکانی وەک ئەلیکتڕۆن و پڕۆتۆن هەبێت.
لە زۆر ڕووەوە بیردۆزی دەزوولەیی زمانێکە کە فیزیازانی بیردۆزی دەتوانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکۆڵینەوە لە بابەتە بیرکارییەکانی گەردوون بەکاری بهێنن.
مێژووی سەرهەڵدانی بیردۆزی دەزوولەیی و پەرەسەندنی
سەرەتای بیردۆزی دەزوولەیی بە لێکۆڵینەوە لە لەرینەوەی دەزووەکانەوە دەستی پێکرد لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٩دا.
لە ساڵی ١٩٦٨ فیزیازانێکی ئیتاڵی بە ناوی (گابرێل ڤێنێزیانۆ) فۆڕمولەیەکی نووسی کە باس لە پەرشوبڵاوی چوار دەزوولە دەکات، کە ئێستا ئەم زانایە بەناوبانگە.
لە ساڵی ١٩٦٩ کاتێک زانایان(لیۆنارد سوسکیند، هۆلگەر بێچ نیلسن و جوێل شێرک) مۆدێلێکیان پێشنیار کرد بەشێوەیەکی سەربەخۆ، کە تەنۆلکە نیمچە گەردیلەیییەکان بە دەزووی یەک ڕەهەندی لەراوە وەسف دەکرد؛ ئەمە سەرەتای یەکەم بیردۆزی دەزوولەیی بوو.
لە ساڵانی دواتردا فیزیازانان لە سەرانسەری جیهان دەستیان کرد بە دووبارە لێکۆڵینەوە لەبارەی و هەڵدانەوەی بیردۆزی دەزوولەیی لە فۆڕمولەی یەکەمەوە.
لە ساڵانی حەفتاکان، هەشتاکان و نەوەدەکاندا چەندین بیرۆکەی نوێ و تێڕوانینی قووڵ سەریانهەڵدا و بیردۆزی دەزوولەیی تا ئێستاش بوارێکی چالاکە و هەزاران توێژەری هەیە لە سەرانسەری جیهاندا؛ هەروەها وەک پاڵێوراوێکی سەرەکی دەمێنێتەوە بۆ بیردۆزی هەموو شت، بە ئامانجی یەکخستنی میکانیکی کوانتەم و ڕێژەیی گشتی.
پەرەسەندن و وردەکارییەکانی ئەم بیردۆزە زۆر لەوە زیاترە کە لێرە باسمان کردووە.
دوو جۆرە سەرەکییەکەی دەزووەکان
١-دەزووە کراوەکان، کە دوو خاڵی کۆتاییان هەیە.
٢-دەزووە داخراوەکان، کە سووڕێکی داخراو پێک دەهێنن.
*ئەم دەزووانە تایبەتمەندی تەنۆلکەکان دیاری دەکەن.
ڕەهەندەکان لە بیردۆزی دەزوولەییدا
لە ژیانی ڕۆژانەدا سێ ڕەهەندی ڕوون و ئاشکرای بۆشایی هەیە(درێژی، پانی و بەرزی)، هەروەها بەپێی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین، بۆشایی-کات بە چوار ڕەهەند هەژمار دەکات؛ چونکە لە ڕێژەیی گشتیدا، بۆشایی و کات وەک بوونێکی جیاواز مۆدێل ناکرێت، بەڵکوو لەبری ئەوە یەکدەخرێن بۆ بۆشایی-کاتی چوار ڕەهەندی، بەم شێوەیە لە ڕێژەیی گشتیدا کات وەک ڕەهەندێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بیردۆزی دەزوولەیی گریمانەی ڕەهەندی زیاتر دەکات، ڕەهەندە زیادەکان یان ئەوەتا پەستێوراون یان چەماوەن، بەو پێوەرانەی کە زۆر بچووکترن لەوەی ئێمە بتوانین تێبینی بکەین.
بیردۆزەکانی دەزوولەیی پێویستیان بە ڕەهەندی زیاتری بۆشایی-کات هەیە بۆ یەکدەنگی بیرکارییان؛ لە بیردۆزی دەزوولەیی بۆزۆندا، بۆشایی-کات ٢٦ ڕەهەندییە، لە کاتێکدا لە بیردۆزی فرە دەزوولەدا (سوپەرسترینگ : Superstring) ١٠ ڕەهەندییە و لە بیردۆزی M ١١ ڕەهەندییە.
کێشە و ئاڵنگارییەکان
١-گشت دەزوولەکان وەک بۆزۆن ڕەفتار دەکەن، لە جیهانی خۆشماندا ئێمە جۆرێکی تری تەنۆلکەمان هەیە ئەویش (فیرمیۆن)ە؛ بەڵام ئەم بیردۆزە باس لە جووڵە و ڕەفتاری ئەم تەنۆلکانە ناکات.
٢-یەکێک لەو تەنۆلکانەی ئەم بیردۆزە پشتگیریی دەکات (تاکیۆن)ە [*ئەم تەنۆلکەیە دەتوانێ بە خێرایی ڕووناکی گەشت بکات].
بارستایی ئەم تەنۆلکەیە ژمارەیەکی خەیاڵییە، وەک (1-√)، ئەمەش کێشەیەکی بیرکارییە و پێویستە چارەسەر بکرێت.
٣-لە جیهانی ئێمەدا چوار ڕەهەند بوونیان هەیە، ئەوانیش سێ ڕەهەندەکەی شوێن لەگەڵ ڕەهەندێکی کاتن.
بەڵام ئەم بیردۆزە گریمانەی ئەوە دەکات ببینە خاوەنی ٢٦ ڕەهەند؛ لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەم بیردۆزە کەمێک دوورە لە شیکردنەوەی دیاردەکانی جیهانی ئێمە.
چارەسەرکردنی کێشەکان
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ئێمە تۆزێک قەبارەی ئەم بیردۆزە بچووک دەکەینەوە. هەڵدەستین بە دانانی (سپینەر : Spiner) بۆ ئەم دەزوولانە، ئەم سپینەرانە وەکوو خولێنکەیەک بەدەوری دەزوولەکان دەخولێنەوە؛ بەهۆی ئەم سپینەرانەوە ئێمە دوو کێشەمان بۆ چارەسەر دەکرێت.
بەهۆی هەبوونی سپینەر لەناو بابەتەکە، دەتوانین باسی هەبوونی فێرمیۆنەکانیش بکەین، بەم شێوەیە پێویستمان بە شتێک نامێنێت بە ناوی (تاکیۆن)، واتە تەنۆلکە خاوەن کێشەکە نامێنێت. ئەم بیردۆزە ئێستا تەواوترە و ناوێکی تری پێ بەخشرا، ئەویش (بیردۆزی فرە دەزوولە : Superstring theory).
بە دانانی سپینەر بۆ دەزوولەکان، ئەوا وێنەدانەوە لە نێوان فێرمیۆنەکان و بۆزۆنەکان دروست دەبێت؛ ئەمەش واتای ئەوەیە، کە ڕێژەی فێرمیۆنەکان یەکسانە بە ڕێژەی بۆزۆنەکان، بەمەش دەگوترێت(Super symmetry).
سەبارەت بە کێشەی سێیەم، بە بەکارهێنانی بیردۆزی فرە دەزوولە، ئەوا ٢٦ ڕەهەند کەم دەبێتەوە بۆ ١٠ ڕەهەند.
بەڵام هێشتا ئەم بیردۆزە یەکگیر نییە بەهۆی ئەوەی ئێمە گەردوونەکەمان تەنها ٤ ڕەهەندە؛ ئەگەر هاتوو ئەم بیردۆزە ڕاست بێت، ئەی کەوایە کوا ٦ ڕەهەندە نادیارەکەی تر؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، دەڵێین دەکرێت ئەم ٣ ڕەهەندەی شوێنی ئێمە بەشێک بێت لە ٩ ڕەهەندی شوێن لە گەردووندا، بەڵام ئێمە تەنها ٣ دانەی لێ ببینین؛ ئەوانی تریش لەگەڵ یەکتر گلیان خواردووەتەوە.
ئایە بیردۆزی دەزوولەیی سەلمێندراوە؟
هیچ تاقیکردنەوەیەک بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە نەیسەلماندووە کە بیردۆزی دەزوولەیی، بیردۆزی بنەڕەتی سروشت بێت، هەروەها هیچ بەڵگەیەکی تاقیکردنەوەیی ڕاستەوخۆ پشتگیریی ناکات؛ لەگەڵ ئەوەشدا بە یەکێک لە سەرکەوتووترین بیردۆزەکان دادەندرێت و ئومێد هەیە لە داهاتوودا بەڵگەی یەکلاکەرەوەی دڵخۆشکەرمان دەست بکەوێت.
لە ئێستادا توێژەران بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ گونجاندنە بیرکارییە کاریگەرەکانی بۆ تێگەیشتنمان لە سروشتی بنچینەیی گەردوون.