حوکمەتی سەربازی بەرازیل

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-05-20-19:38:00 - کۆدی بابەت: 15054
حوکمەتی سەربازی بەرازیل

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

حوکمەتی سەربازی بەرازیل(١٩٦٤-١٩٨٥)، کە بە دیکتاتۆری سەربازی بەرازیلیش دەناسرێت، قۆناغێکی مێژوویی گرنگ و کاریگەر بوو لە مێژووی بەرازیلدا کە لە ١ی نیسانی ١٩٦٤ بە کودەتایەکی سەربازی دەستی پێکرد و تا ١٥ی ئاداری ١٩٨٥ بەردەوام بوو. ئەم قۆناغە دیکتاتۆرییە کە بە "ڕژێمی سەربازی" ناسراوە، بۆ ماوەی ٢١ ساڵ بەردەوام بوو و لەم ماوەیەدا پێنج ژەنەراڵی سەربازی حوکمی بەرازیلیان کرد. کودەتاکە دژ بە سەرۆکی ئەو کاتەی بەرازیل، جۆاو گولارت کرا کە سیاسەتەکانی بەرەو چەپ و ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی بوون. ئەم کودەتایە لە چوارچێوەی کۆنتێکستی جەنگی سارد و بە پشتگیری ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی ئەنجامدرا.

هۆکارەکانی کودەتا

لە سەرەتای دەیەی ١٩٦٠دا، بەرازیل لە ناو قەیرانێکی ئابووری و سیاسی قووڵدا بوو. دوای دەستلەکارکێشانەوەی چاوەڕواننەکراوی سەرۆک جانیۆ کوادرۆس لە ئابی ١٩٦١، جێگرەکەی، جۆاو گولارت، دەسەڵاتی گرتە دەست کە لایەنگری چاکسازی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ بوو. گولارت سیاسەتی خۆی ناونا "ڕیفۆرمە بنەڕەتییەکان" کە پێکهاتبوون لە: چاکسازی کشتوکاڵی، ڕیفۆرمی پەروەردەیی، نەتەوەییکردنی پیشەسازی نەوت و سنوورداری مافی کۆمپانیا بیانییەکان.
جەنگی سارد و ترس لە بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم لە ئەمریکای لاتین، بەتایبەت دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا لە ١٩٥٩، فاکتەرێکی سەرەکی بوو. ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگەکرتن لە "کوبایەکی دیکە"، ستراتیژیەکی بەرفراوانی گرتبووە بەر کە پشتگیری ڕژێمە دژە کۆمۆنیستەکانی دەکرد. سی ئای ئەی چەندین ئۆپەراسیۆنی نهێنی دژی حکومەتی گولارت ئەنجام دەدا، وەک یارمەتی دارایی بزووتنەوە دژبەرەکان و هاندانی سەربازەکان.
لایەنی ئابووری فاکتەرێکی گرنگی دیکە بوو. بەرازیل ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری توند ببووەوە کە بە هەڵاوسانی بەرز (نزیکەی ٨٠٪ لە ١٩٦٣) و نەمانی متمانەی خاوەن سەرمایەکان دەناسرایەوە. سیاسەتەکانی گولارت متمانەی بزنسی ناوخۆیی و بیانی لەدەستدابوو، کە وایکرد زۆربەیان پشتگیری سوپا بکەن.

دۆخی بەرازیل ژێر حوکمی سەربازی

لە ماوەی ٢١ ساڵی حوکمی سەربازیدا، بەرازیل گۆڕانکاری بەرچاوی بە خۆیەوە بینی. لە لایەنی سیاسییەوە، دەسەڵاتدارانی سەربازی سیستەمێکی سەرکوتکاریان دامەزراند کە تێیدا ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافە سیاسیەکان بە توندی سنوورداربوون. حکومەت کەوتە سەرکوتکردنی هەر جۆرە بەرهەڵستیەک و لە ساڵی ١٩٦٨، بە دەرکردنی فەرمانی دامەزراوەیی ژمارە ٥ (AI-5)، توندترین قۆناغی سەرکوتکردن دەستی پێکرد. لەم قۆناغەدا هەزاران کەس دەستگیر، ئەشکەنجە و زیندانی کران، و سەدان کەس "دیارنەمان".
لە ڕووی ئابوورییەوە، سەرەتای حوکمی سەربازی بە "دەرئاسای ئابووری بەرازیل" ناسراوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ و ١٩٧٣، بەرهەمی ناوخۆیی ناپوخت گەشەی سالانەی ١١٪ی تۆمارکرد. حکومەت لە ڕێگەی وەبەرهێنانی قورس لە پرۆژەی ژێرخانی گەورە (وەک بەنداو، ڕێگاوبان، و وێستگەی ووزە)، پشتگیری کۆمپانیا ناوخۆییەکان و بانگهێشتی وەبەرهێنی بیانی، توانی گەشەیەکی بەرچاو تۆمار بکات. بەڵام ئەم گەشەیە دابەشبوونی نادادپەروەرانەی داهاتی زیاتر کرد و کەلێنی نێوان دەوڵەمەند و هەژار فراوانتر بوو. هەروەها، دوای قەیرانی نەوتی ١٩٧٣، ئابووری بەرازیل دەستی بە لاوازبوون کرد و لە کۆتایی دەیەی ١٩٧٠ و سەرەتای ١٩٨٠، وڵات ڕووبەڕووی قەرزێکی دەرەکی گەورە، هەڵاوسانی بەرز و بێکاری بووەوە.
لە بواری کۆمەڵایەتی و کولتووریدا، حکومەتی سەربازی سانسۆرێکی توندی لەسەر میدیا، هونەر، ئەدەبیات و مۆسیقا سەپاند. سەرەڕای ئەمە، گەشەی ئابووری هاوکاری پەرەسەندنی ناوەندە شارنشینەکان و چینی ناوەندی کرد. هەروەها، حکومەت پرۆژەی فراوانکردنی زانکۆ دەوڵەتیەکانی دەستپێکرد و چەندین بەرنامەی پەروەردەیی و تەندروستی داڕشت. لەگەڵ ئەمەدا، نایەکسانی و هەژاری بەردەوام بوون، و کێشەکانی وەک گەندەڵی و ڕادەی بەرزی تاوان بوونە کێشەی سەرەکی شارە گەورەکان.

کۆتاییهاتنی حوکمی سەربازی

لە کۆتایی دەیەی ١٩٧٠ کاتێک کە قەیرانی ئابووری وڵاتی گرتبووەوە، فشار بۆ گۆڕانکاری سیاسی زیادی کرد. چەندین فاکتەر هاوکاری کردن لە کۆتاییهێنان بە حوکمی سەربازی. یەکەم، دۆخی ناهەمواری ئابووری و قەرزە زۆرەکانی وڵات، هەڵاوسان و بێکاری، ناڕەزایەتی گشتی بەرامبەر بە ڕژێمی زیاد کرد. دووەم، بزووتنەوەی کرێکاری و سەندیکا کرێکارییەکان بە تایبەت لە ناوچەی ABC (ناوچەیەکی پیشەسازی لە شاری ساو پاولۆ) بەهێز ببوونەوە و مانگرتنی بەرفراوانیان ڕێکخستبوو. هەروەها، کەنیسەی کاتۆلیکی کە پێشتر بێلایەن بوو، دەستی کرد بە ڕەخنەگرتن لە سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ.
لە کۆتاییدا، خودی سوپاش دابەش ببوو لەسەر داهاتووی سیاسی وڵات. ڕژێم ناچاربوو بە هێواشی و بە پلان پرۆسەی "کردنەوە" (abertura) دەستپێبکات. لە ساڵی ١٩٧٩، سەرۆک جۆن فیگیریدۆ یاسای لێخۆشبوونی گشتی دەرکرد و ڕێگەی دا بە دەیان هەزار دوورخراوەی سیاسی بگەڕێنەوە بۆ وڵات. لە ساڵی ١٩٨٢، هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بۆ گوبێرناڕەکان بەڕێوەچوو، و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێنا.
کۆتا قۆناغی گرنگ، بزووتنەوەی "مافی دەنگدانی ڕاستەوخۆ" (Diretas Já) بوو کە لە ساڵی ١٩٨٤ بە خۆپیشاندانی میلیۆنی داوای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتی دەکرد. هەرچەندە ئەم خواستە ڕاستەوخۆ جێبەجێ نەکرا، بەڵام لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٨٥، تانکرێدۆ نیڤێس وەک سەرۆکی مەدەنی لەلایەن کۆنگرێسەوە هەڵبژێردرا، و بەمە بە فەرمی کۆتایی بە حوکمی سەربازی هات. بەداخەوە، نیڤێس بەر لە وەرگرتنی پۆست کۆچی دوایی کرد و جێگرەکەی، خۆسێ سارنی، بووە سەرۆکی مەدەنی.

دەرەنجامەکانی حوکمی سەربازی

حوکمی سەربازی کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بەرازیل هێشت. لە لایەنە نەرێنیەکان، سەرکوتکردنی سیاسی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، و کوشتن و ئەشکەنجەدانی هەزاران کەس بوو. بەپێی کۆمیسیۆنی ڕاستی بەرازیل، لە ماوەی حوکمی سەربازیدا لانیکەم ٤٣٤ کەس کوژران یان "دیارنەمان" و هەزاران کەس ئەشکەنجە دران. هەروەها، ڕژێم سیستەمێکی گەندەڵی بەرفراوانی دامەزراند کە تێیدا کۆمپانیا گەورەکان و خاوەنە نوێکانی سەرمایە قازانجی زۆریان کرد، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک لە هەژاریدا دەژیان. قەرزی گەورەی دەرەکی و دابەشبوونی نادادپەروەرانەی سەرچاوەکان دوو لە خراپترین میراتەکانی ئەم ڕژێمە بوون کە هەتا ئێستاش کاریگەریان لەسەر وڵات ماوە.
لە لایەنە ئەرێنیەکان، فراوانبوونی پیشەسازی، پەرەسەندنی ژێرخانی وڵات (وەک بەنداوەکان، ڕێگاوبان، وێستگەی ووزە)، زیادبوونی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، و پەرەسەندنی سیستەمی خوێندنی باڵا لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ڕژێم بوون. هەروەها، گەشەی ئابووری بەهێز لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠ چینێکی ناوەندی نوێی دروستکرد و هاوکاری کرد لە دروستکردنی یەکێک لە ئابووریە هەرە گەورەکانی جیهان.
بەگشتی، میراتی حوکمی سەربازی بەرازیل ئێستاش جێگەی مشتومڕە لە کۆمەڵگەی بەرازیلیدا. لایەنگرانی ڕژێم جەخت لەسەر گەشەی ئابووری و سەقامگیری سیاسی دەکەن، لە کاتێکدا دژبەرەکان بە بیرهێنانەوەی پێشێلکارییە سیستەماتیکیەکانی مافەکانی مرۆڤ، گەندەڵی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن. یەکێک لە ئاڵۆزترین میراتەکانی قۆناغی دیکتاتۆری سەربازی، کاریگەری لەسەر کولتووری سیاسی بەرازیل بوو. لە لایەکەوە، تەجروبەی دیکتاتۆری جەختی لەسەر بایەخی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی بەرازیلیدا کردەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، دوالێزمی سیاسی و ناکۆکی کۆمەڵایەتی قووڵی کرد.


سەرچاوەکان



8 بینین