پێغەمبەر (د.خ) چ وانەیەکی فێری هاوەڵان کرد؟

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-02-12:56:00 - کۆدی بابەت: 59
پێغەمبەر (د.خ) چ وانەیەکی فێری هاوەڵان کرد؟

ناوه‌ڕۆك

کۆبوونەوەکان

پێغەمبەر(د.خ) كاتێك وانەیەكی فێری هاوەڵان دەكرد و لە ماڵی ئەرقەم كۆی دەكردنەوە، چەند وانەیەكی گرنگی فێر دەكردن، گرنگترینیان ئەمانە بوون

 

باوەڕبوون بە خوای گەورە و پشت بەستن بە خوا

پێغەمبەر(د.خ) فێری دەكردن كە تەنها خوایەك ئەم ئاسمان و زەوی و شتانەی دروست كردووە و دەیانپارێزێت، تەنها (الله) یە، خودا مرۆڤەكان دروست دەكات و گیانیان بە بەردا دەكات و ڕۆزیان دەدات هەروەها ئاینی خۆی دەنێرێت بۆیان تا وەری بگرن و گومڕا نەبن، جا هەر كەسێك باوەڕی هێنا بەو ئاینە ئەاو خوای گەورەی لە پشتە و خوای گەورە دەیپارێزێت یان ئەوەیە خوای گەورە سەری دەخات بەسەر بێ‌ باوەڕاندا و لە دواڕۆژیشدا دەیخاتە بەهەشتی بەرینەوە، یان ئەوەیە خوای گەورە شەهیدی پێ‌ دەبەخشێت و بە دەستی بێ‌ باوەڕان دەكوژرێت، ئەو كات خوای گەورە یەكسەر دەیباتەوە بۆ لای خۆی و چی دەوێت بۆی دەكات و لە بەهەشتدا شوێنێكی بۆ دادەنێت، خوای گەورە موسڵمانانی خۆش دەوێت و لە گوناهەكانیان خۆش دەبێت.

 

خۆشەویستی موسڵمانان بۆ خوا و پێغەمبەر(د.خ)

موسڵمانان لە وانەكان ئەوە فێر دەبوون كە خوای گەورە و پێغەمبەر(د.خ)یان لە هەموو كەس زیاتر خۆش بوێت، چونكە تەنها ئەوە سوودیان پێ‌ دەگەیەنێت، هەر كەسێك خوا و پێغەمبەری خۆش بوێت، لە ڕۆژی دوایی لەگەڵ ئەواندایە، هەر كەسیش ڕقی بێت لە خوا و پێغەمبەر(د.خ) ئەوا دۆزەخ شوێنیەتی، بەڵكو دەبێت موسڵمان خوا و پێغەمبەری لە دایك و باوكی و برا و خوشكی و خۆیشی زیاتر خۆش بوێت، نەوەك دایك و باوكی یان خۆی زیاتر خۆش بوێت چونكە ئەوە تاوانە.

 

سوود و زیان

پێغەمبەر(د.خ) فێری دەكردن كە هیچ كەس ناتوانێت سوود و زیان بگەیەنێت بە كەس، مەگەر بە فەرمانی پەروەردگار نەبێت، بێباوەڕانیش ناتوانن زیان بگەیەنن بە موسڵمانان مەگەر خوای گەورە بیەوێت موسڵمانان تاقی بكاتەوە تا بزانێت كامیان واز لە ئیسلام دینێت و كامیان هەر موسڵمانە.


خۆڕاگری

دەبێت موسڵمان لەبەردەم سەختی و ناخۆشیەكانی ژیاندا خۆڕاگر بێت، ماندوو نەبێت و واز نەهێنێت، چونكە ئێمە كاتێك لەم دنیایە دەژین خوای گەورە تاقیمان دەكاتەوە تا بزانێت كاممان خۆڕاگرین و واز ناهێنین، ئەگەر هاتوو پارەمان نەبوو یان نان نەبوو بیخۆین یان دەوڵەمەند نەبووین ئەبێت نەچین دزی و تاوان بكەین یان ئازاری دایك و باوكمان بدەین و نەڵێین هەر دەبێت خەرجی و پارەمان بدەنێ‌ و خۆراكی خۆشمان دەوێت، چونكە ئەگەر دایك و باوكمان نەیانبوو ئەوا دەبێت ئێمەیش لەگەڵ ئەواندا خۆڕاگر بین و بڵێین دایە گیان بابە گیان خوای گەورە تاقیمان دەكاتەوە، دەبێت ئێمە واز نەهێنین، ئەگەر بێباوەڕان ئازارمان بدەن دەبێت هەر واز نەهێنین و بڵێین ئێمە موسڵمانین.


دڵسۆزی

پێغەمبەر(د.خ) لەوانەكانیدا هاوەڵانی فێری ئەوە دەكرد كە دڵسۆز بن و كەمتەرخەمی نەنوێنن، هەرچی كارێكیان پێ‌ دەكرێت بیكەن، بەڵام نابێت كاتێك كارێكی چاك دەكەن لەبەر ئەوە بیكەن كە خەڵك پێیان بڵێ‌ ئێوە چاكن، چونكە ئەوە سزاكەی دۆزەخە، بەڵكو دەبێت تەنها لەبەر خوا ئیشی چاك بكەین و چاوەڕێ‌ نەبین كەس پێمان بڵێ‌ دەستت خۆش یان تۆ چاكیت، چونكە ئێمە بۆ خوا ئیش دەكەین و پاداشتیش لەو وەردەگرین.


كاری چاكە كردن

وانەیەكی تر بوو كە پێغەمبەر(د.خ) فێری هاوەڵانی دەكرد، دەبێت موسڵمان هەمیشە كاری چاكە بكات و نەچێت بە لای خراپەدا، چونكە چاكەكردن لای خوا خۆشەویستمان دەكات و پاداشتی ڕۆژی دوایی هەیە كە بەهەشتە، جگە لەوەی لە دنیا خۆمان سوودی لێ‌ دەبینین بەڵام تاوانكردن مایەی زەرەر و زیانی دنیامانە و خوای گەورەش ئەڕەنجێت لێمان و ڕقی لێمان دەكەوێت، ئەگەر خراپەیەكمان كرد ئەبێت بە پەلە تەوبە بكەین و بڵێین خوایە گیان ئەمجارە ئەو تاوانە دووبارە ناكەمەوە و چاكە دەكەم، هەر كەسێك چاكە بكات لە لای خوای گەورە بە چاكە بۆی دەنووسرێت لە دەفتەری تایبەتدا ناوی دەنووسرێت كە ئەو كەسە چاكەی كردووە و دەبێت لە ڕۆژی دواییدا بچێتە بەهەشت، چونكە خوای گەورەو پێغەمبەر(د.خ) خۆشیان دەوێت.


دوعاكردن و پاڕانەوە لە خوای گەورە و میهرەبان

موسڵمان دەبێت هەر شتێكی ویست داوا لە خوای گەورە بكات تاكو پێی ببەخشێت، ئەگەر حەزی كرد فێری زانست بێت، دەبێت بچێتە لای مامۆستایەك فێری زانست بێت و خۆی كتێب بخوێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت داوا بكات لە خوای گەورە تا یارمەتی بدات زانستەكە فێر بێت، ئەگەر نا ئەو كات پاداشتمان لای خوا نابێت، چونكە هەموو شتێك هی خوایە، موسڵمان دەتوانێت لە هەموو كاتێكدا داوا لە خوا بكات و كەس ناتوانێت ڕێگەی لێ‌ بگرێت، چونكە خوای گەورە دەنگی دەبیستێت ئەگەر بە دەنگی زۆر نزمیش قسە بكات هەتا زۆریش داوا بكەی خوای گەورە زیاتر تۆی خۆش دەوێت، خوای گەورە زۆر حەز دەكات گوێ‌ بگرێت لە دوعا و نزای منداڵان و ستەم لێكراوان كاتێك منداڵێك دوعا دەكات خوای گەورە بە جوانی گوێی لێ‌ دەگرێت و ئەو منداڵەی زۆر زۆر خۆش دەوێت.

 

خوێندنەوە و خوێندەواری

پێغەمبەر(د.خ) موسڵمانانی فێر دەكرد كە با هەمیشە سەرقاڵی خوێندن و زانست بن، چونكە وڵات و جیهانی ئیسلامی تەنها بە زانست پێش دەكەوێت، خوای گەورە زۆر ئەو كەسانەی خۆش دەوێت كە فێری زانست دەبن، هەرچی فریشتەی خوا هەیە دوعا دەكەن بۆ ئەو كەسانەی دەگەڕێن بە دوای زانستدا و دواتر خەڵكی تریش فێر دەكەن.

 

 ڕاستگۆیی و قسە جوانی

پێغەمبەر(د.خ) فێری دەكردن كە هەرگیز نابێت موسڵمان درۆ بكات، بەڵكو دەبێت ڕاستگۆ بێت، چونكە خوای گەورە هەرگیز حەز ناكات درۆزن ببینێت، پێغەمبەر(د.خ)یش ڕقیەتی لە درۆزن، هەروەها دەبێت جنێو و قسەی ناشرین و غەیبەت نەكەین و قسەی جوان بكەین.

 

پشتگیری حەق و ڕاستی

پێغەمبەر(د.خ) موسڵمانانی فێر دەكرد كە هەمیشە پشتگیری حەق و ڕاستی بكەن، تەنانەت ئەگەر برا و خوشكیان خراپ بوون، نابێت پشتگیریان بكەن، بەڵێ‌ ڕۆڵە ئازیزەكانی ئیسلام و موسڵمانان، پێغەمبەر (پشتگیری حەق و ڕاستی) موسڵمانانی فێری ئەم ڕەوشتانە دەكرد، جا كامتان خوا و پێغەمبەری خۆش دەوێت با ئەم وانانە فێر ببێت و جێبەجێیان بكات تا خۆشەویست بێت لە لای خوای گەورە و پێغەمبەر(د.خ) قیامەتدا بچێتە بەهەشت.

 


سەرچاوەکان

1450 بینین