غەزاکانی سوەیق، سولەیم، غەطەفان

له‌لایه‌ن: - نیهاد جه‌لال - به‌روار: 2021-05-17-14:45:00 - کۆدی بابەت: 26
غەزاکانی سوەیق، سولەیم، غەطەفان

ناوه‌ڕۆك

غەزوەى سوەیق

لە رۆژی یەکشەممە پێنجی ذولحیججەى ساڵی دووەمى کۆچیدا روویدا، ئەبووسوفیان هاودەم بە دووسەد سواری مەککەوە هەوڵیاندا تۆڵە بکەنەوە و هێرشیان بردە سەر دەوروبەری مەدینە و دوو کەسیان کوشت و باخە خورمایەکیان سووتاند و گەڕانەوە، موسڵمانانیش کەوتنەشوێنیان، بەڵام فریایان نەکەوتن.

غەزاى بەنى سولەیم

ماوەى پانزە شەوی پێ چوو، لە نیوەی مانگى موحەڕەمی ساڵی سێیەمى کۆچیدا بوو، هۆکارەکەشی ئەوەبوو پێغەمبەری خوا هەواڵی پێ گەیشت کە بەنى سولەیم و غەطه‌فانیەکان لە ناوچەی قەرقەرەتولکودر کۆبوونەتەوە دژ بە موسڵمانان، بۆیە بە دووسەد کەسەوە خۆی گەیاندە ئەوێ و سێ شەو لەوێ مایەوە، بەڵام جەنگ رووینەدا، پێغەمبەری خوا بە دەستکەوتێکی زۆری پێنج سەد وشتریەوە گەڕایەوە بۆ مەدینە و دابەشی کرد بەسەر بەشداربواندا.

غەزاى غەطەفان

ماوەى یانزە شەوی خایاند، لە موحەڕەمی ساڵی سێیەمى کۆچیدا پێغەمبەری خوا  هەواڵی پێگەیشت بەشێ لە غەطه‌فانیەکان کۆبوونەتەوە لە دژی، بۆیە بە چوارسەد و پەنجا کەسەوە بەڕێکەوت بەرەو ناوچەی ذى ئەمر.

ئەوانیش کە هەواڵەکەیان بیست، هەڵهاتن بەرەو شاخەکان، لەوێ بارانێکی زۆر باری و جلەکانى پێغەمبەری خوا تەڕ بوون و ویستی وشکیان بکاتەوە، موسڵمانانیش سەرقاڵ بوون، کەسێک بە ناوى دوعثور لە بێباوەڕەکان دەرفەتى هێنا و بە شمشێر هەڵیکوتایە سەر پێغەمبەر وتى کێ رزگارت ئەکات؟ ئەویش فەرمووی الله، ئەوەبوو شمشێرەکەی لەدەست کەوت، ئینجا پێغەمبەری خوا شمشێرەکەی هەڵگرت و فەرمووى کێ رزگارت ئەکات ئەویش وتی کەس، ئینجا شایەتومانى هێنا و بەڵێنی دا جارێکی تر لە دژی کۆنەبێتەوە.


سەرچاوەکان



2453 بینین