ڕای گشتی

له‌لایه‌ن: - سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2020-06-20-18:14:00 - کۆدی بابەت: 284
ڕای گشتی

ناوه‌ڕۆك

ڕای گشتی 

ڕای گشتی به‌ ئینگلیزی ( public opinion ) گوایە ئەم چەمکە یەکەم جار لەسە زاری وەزیرێکی لویسی شەشەمی فەڕەنسیی بەکارهاتووە، دوایی ئه‌وه‌ی لە شۆڕشی فەڕەنسیی 1789 باو بوو، بەڵام دەبێ ئاگادا بین ڕای گشتیی مێژووی زۆر کۆنە بە ناوی تر. سەردەمی ئێستا زیاتر بەو ڕا و بۆچوون و دەنگ و باسە دەگوترێ کە لە ناو زۆرینەی خەڵکی وەک ڕاستییەک باوی دەبێت، بەشێکی تر بە جۆرێکی دیکەی یاسایی پێناس دەکەن وەک؛ شێوەی بیرکردنەوەی گشتی ئەندامانی لەشی کۆمەڵایەتی، بەشێکی تر پێیان وایە: ئەو کۆمەڵە تێڕوانین و باسانەیە کە لەناو خەڵک بڵاوە و ڕاستیشی نەسەلمێنراوە. مەرج نییە ئەو ڕا و سەرنج و هەڵوێستانە گوزارش بکرێ یان خەڵکی دەریببڕن هەروەک بەشێک کردوویانە مەرج. بەڵام پەیوەستە بەو خەڵکە، واتە زیاتر مەسەلەکان سیاسی و کۆمەڵایەتی و عەقیدەییە، نەک زانستی و فەلسەفی و پسپۆڕی. لەو سەردەمەی جیهانگریییدا، ڕای گشتیی بە ڕای وڵاتانی جیهانیش دەگوترێ لە بارەی کێشەیەک، ئیتر ئەو ڕایە گشتییە لەسەر هەردوو ئاستی جیهانی و ناوخۆیی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ بەتایبەتی لە وڵاتانی تەواو دیمۆکراسی.

پێناسه‌ی ڕای گشتی 

ڕای گشتی بە کۆمەڵێک لە بیر و بۆچوون و تێڕوانینی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگەیەک دەوترێ کە لەسەر بابەتێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کولتووری و … وەک یەک بچێ و هەست و سۆزیان ببزێوێ و ببێ بە پەرچە کردارێک کە ڕەد فێعلێکی هاوشێوەی لێ بکەوێتەوه‌ .

جیاوازیی نێوان هاوڕابوون و ڕای گشتی

هاوڕا بوون واتا پشتیوانی کردنی زێهنی و زمانی لە بابەتێک، بەڵام ڕای گشتیی پارچە کردارێکە کە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە بەرامبەر بە بابەتێک، جا بابەتەکە چ نێوخۆیی بێ یان پەیوەست بێ بە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم کۆمەڵگەیە.
تۆماس هابز، فیلسووفی بەناوبانگی سەدەی حەڤدەهەم لە پێناسەی ڕای گشتیدا دەڵێ کە ڕای گشتی بەڕێوەبەری ڕاستەقینەی جیهانە و سەرچاوەی هێزە.

جیاوازییەکانی نێوان پرۆسەی ڕێفراندۆم و ڕای گشتی چییە

  • ڕێفراندۆم هەوڵێکی یاساییە کە سیستمە سیاسییەکانی وڵاتان بۆ پرسە گرینگەکانی ئابووری و سیاسی کەلکی لێ وەردەگرن و لە ئەگەری دەنگ هێنانەوەیان دەبێ بە یاسا، بەڵام ڕای گشتی لایەنی یاسایی بە خۆیەوە ناگرێ.
  •  ڕای گشتی زۆر جار لەسەر بزووتنەوەی هەست و سۆز دێتە ئاراوە بەڵام ڕێفراندۆم پرۆسەیەکی ئەقڵانییە.
  •  ڕای گشتی زیاتر دەربڕی بارودۆخی ئاشکرا و بیندراوی بابەتێکە، لە کاتێکدا کە ڕێفراندۆم لایەنی شاراوەی بیری تاکەکانی نێو کۆمەڵگەیە.

هۆکارەکانی بزاوتنی ڕای گشتی

ڕووداوێکی سیاسی یا ناسیاسی دەتوانێ هۆکارێکی سەرەکی بێ بۆ وەخۆخستنی ڕای گشتی. ڕوودانی لە ناکاوی کۆدەتایەکی سەربازی بەدژی ڕێژیمێکی یاسایی، دەست بەسەر کردن و ڕاوەدوونان و یان کوشتنی ڕێبەرانی سیاسی، ڕووناکبیر و نوخبەکانی نێو بزووتنەوەیەک یان گرووپێک یاخود حیزبێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی، یان لە قاودانی گەندەڵییەکی ئابووریی گەورە کە لە لایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتێک کرابێ و، یان ڕاگەیاندنی سیاسەتێک کە خەڵک لێی زەرەرمەند بێ یان خود تەنانەت بێڕێزی کردن و شکاندنی کەسایەتیی تاکێک یان سیمبولێک دەتوانێ هۆکاری سەرەکی بێ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕای گشتی.
ڕای گشتی زۆربەی کاتەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆڕسکن بەڵام ئەم حاڵەتە حاڵەتی گشتی نییە، زۆر جار دەبیندرێ کە دەسەڵاتداران و تەنانەت سیاسەتمەدارەکانیش ڕای گشتی وەک چەکێکی بەهێز بەکار دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و پشت ئەستوور دەبن بە ڕای گشتی.
لەم شێوەیەدا کە دەوڵەت و دەسەڵات ڕای گشتی وەک چەکێکی بەهێز بەکار دێنێ بۆ پێڕەویی کۆمەڵگە لە سیاسەتەکانی خۆی، بە شێوەیەکی سروشتی بەهێزتر دەردەکەوێ لە شێوە خۆڕسکەکەی، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵات و حکوومەت هەر هەموو ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و پڕوپاگاندای لە بەردەستە و پێشوەخت دەتوانێ بە دانانی پلانێکی داڕێژراو هەنگاو بە هەنگاو و بە مەبەستێکی تایبەت هەوڵی بۆ بدا.
ئەمە بەو مانایە نییە کە تەنیا دەسەڵاتە کە دەتوانێ کەلک لەم ئامرازانە وەر بگرێ، زۆر جار ئۆپۆزیسیۆنیش بەو ئامرازانە دەتوانێ ئەم کارە بکا.

گرنگی ڕای گشتی 

لە دنیای ئەمڕۆدا کە چرکە بە چرکە بەرەو پێشچوون لە هەموو بوارەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا و ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی خەڵک لە هەڵکشان دایە و، بەدواداچوون بۆ هەموو بابەتەکان دەکرێ و گەیشتن بە هەواڵی نوێ و ئاپدەیت بوونەوە بە چرکە و ساتە، بابەتی ڕای گشتی بابەتێکی جێگەی سەرنجە بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئابووری ناسان و مێژوونووسان و چالاکانی بواری میدیایی و سیاسی و ژینگە پارێزی و کۆمەڵناسان و دەروونناسان.
ئەم تایبەتمەندییە ڕاستییەکمان بۆ دەسەلمێنێ کە ڕای گشتی بابەتێکی گشتگیرە و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەم بابەتەوە تەنیا پێوەندی بە چینێکی تایبەتەوە نییە و بۆ هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بابه‌تێكی گرنگ و جێی سه‌رنجه‌ .

لایەنە گرینگه‌كان لە ڕای گشتیدا

  •  پانتایی: واتە تا چ ڕادەیەک کۆمەڵگەی لە پشتە .
  •  گرینگی: واتە تا چ ڕادەیەک کۆمەڵگە گرینگی بە بابەتەکە یان ڕووداوەکە دەدات.
  • جەهەت: واتە لایەنی بەرامبەری بابەتەکە کێیە.
  •  خاوەنەکەی: واتا چ لایەنێک خاوەنداری لە بابەتەکە دەکات.

بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ بڵێین کە ڕای گشتی هێزێکی سیاسییە کە بەشێکی بەرچاوی وزەی نێوخۆیی نەتەوەیەک یان پێکهاتەیەک پێک دێنێ. ئەم هێزە شاراوەیە لە دەستووری هیچ وڵاتێکدا ئاماژەی پێ نەکراوە، بەڵام ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە چەسپاندن یان لاواز کردنی هێزی دەسەڵاتدا.
ڕای گشتی هەردەم بە یەک شێوە نییە و لە کاتێک بۆ کاتێکی تر یان لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا دێ. ڕای گشتی جاری وایە ڕۆڵی ڕووخێنەر، درووستکەر، ڕادیکاڵ، نەرم و نیان و یان پڕ هاتوو وریا و یانیش بێدەنگ بە خۆیەوە دەبینێ. ڕای گشتی شتێک نییە جگە لە دەنگی خەڵک، هەر وەکوو ماکیاوێلی لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا میر «شهریار» دەڵێ دەنگی خەڵک دەنگی خودایە. ڕای گشتی هەڵقوڵاوی بەستێنی ئەو یاسا و ڕێسا سیاسی و کولتووری و ئایینییەیە کە بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵن.
گرینگیی ڕای گشتی لە کاتی جەنگ و شەڕدا زیاتر دەبێ. وەکوو بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە هەوڵەکانی ئەمریکا بکەین کە پێش هێرشکردنە سەر ڕێژیمی سەدام حوسێن بۆ هاوڕا کردنی ڕای گشتی جیهانی لەگەڵ خۆی هەوڵی دا.
بەکورتی دەتوانین بڵێین کە ڕای گشتی وەک لافاوێک وایە کە لە دوندی چیایەک بەرەو داوێنی دێتە خوارێ و هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر ڕێگایەتی لەگەڵ خۆی ڕای دەماڵێ. هەر وەکوو ناپێلئۆن بناپارت بە جوانی دەڵێ دەتوانین بە زۆری سەرنێزە دەسەڵات بەدەستەوە بگرین بەڵام بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات پێویستیمان بە پاڵپشتیی ڕای گشتی هەیە.


سەرچاوەکان

6296 بینین