پڵنگ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-07-15:03:00 - کۆدی بابەت: 577
پڵنگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پڵنگ (بە عەرەبی: نمر، بە ئینگلیزی: tiger)، ئەندامێکە لە چوار ئەندامە سەرەکییەکەی تیرەی پشیلەکان، و بچووکترینە لە ڕووی قەبارەوە بە بەراورد بە سێ جۆرەکەی دیکە کە بریتین لە شێر و جاگوار (پڵنگە بەڵەکی ئەمریکی) و panthera (جۆرێکی دیکەی پڵنگ)، لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەرەکی پڵنگەکان لە ئەفریقادا بڵاوبوونەتەوە بە دیاریکراوی لە باشووری بیابانی گەورە، هەروەها لە هەندێک ناوچەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە هەندێک هەرێمی دیاریکراوی پاکستان، هیندستان، چین، مالیزیا و ئیندۆنوسیا و باشووری نیمچە دورگەی عەرەب، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕابردوودا هەموو وڵاتەکانی ئەو ئاستەی دەگرتەوە هەر لە نیمچە دوورگەی کۆریاوە هەتا باشووری ئەفریقا، واتە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و هەموو ناوچەکانی ئەفریقا، هۆکاری خێرا نزمبوونەوەی ژمارەی پڵنگەکان دەگەرێتەوە بۆ ڕاوکردن و لەدەستدانی جێگەی نیشتەجێبوون بەهۆی بە شارستانییەت بوونی زۆربەی ئەو جێگایانەی کە نیشتیمانی پڵنگەکان بووە، ڕێکخراوی جیهانی پارێزگاریکردن لە سروشت پڵنگی پۆلێنکردووە بە یەکێک لە ئەو ئاژەڵانەی کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیان زیاترە لە هەموو ئەندامەکانی دیکەی تیرەی پشیلەکان کە ئەوان مەترسی و ڕووبەڕووبوونەوەیان بۆ لەناوچوون زیاترە.

شێوەی دەرەوە و نیشتیمان

پڵنگ خاوەن چوار پەلی کورتە لەگەڵ جەستەیەکی درێژ بووەوە و کەللە سەرێکی گەورە، لە شێوەی دەرەوەیدا بەڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی جاگوارە، بەڵام جاگوار بچوکترە و کەمتر قەڵەوە، فەرووی پڵنگ خاڵدارە بە خاڵی پەمەیی بەڵام خاڵی ناوەڕاستی نییە وەک ئەوەی لە جاگواردا هەیە، هەندێک لە پڵنگەکان لە دایک دەبن بە بۆهێڵێکەوە کە ڕەنگێکی تاریکی پێدەدات، ئەم پڵنگانە یان بەتەواوەتی ڕەشن یان تاریکن، بە جۆرێک کە تەنها کاتێک لە ژێر ڕووناکی خۆردا بێت  خاڵەکانی دەبینرێت، و هەریەک لە پڵنگ و جاگوارەکان لەم بۆهێڵەدا هاوبەشن، و ئەم ئاژەڵە تاریکانە بە " پڵنگە ڕەشەکان" ناسراون.

هۆکاری سەرکەوتن و بڵاووبونەوەی ئەم جۆرە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ ئاکاری هەلقۆستنەوەی لە ڕاوکردندا و توانای بۆ جێگیربوون لەگەڵ شێوازی جیاواز لە کەش و هەوا و نشینگە، لەگەڵ ئەوەی توانای هەیە لە کاتژمێرێکدا ٥٨ کم (٣٦ میل) ببڕێت، پڵنگەکان هەر ئاژەڵێک کە بتوانن ڕاوی بکەن دەیکەن بە ژەمی خۆراکی، بە جۆرێک کە قەبارەی نێچیرەکانی لە نێوان قالۆنچەیەک هەتا کەرێکی کێوییە، نشینگە پەسەندەکانی ئەم ئاژەڵە لە نێوان دارستانە باراناوییەکان بۆ ناوچە بیابانییەکانە، پڵنگەکان ڕۆڵێکی ژینگەیی هاوشیوەی شێرەکانی ئەمریکایان هەیە.

پڵنگی تاڵانکەر پتەوە و چاوتێبڕە لە جوڵەدا، سەرای ئەوەی قەبارەکەی بچوکترە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی توخمی پڵنگەکان، بەڵام هێشتا توانای ڕاوکردنی نێچیری هەیە کە قەبارەکەی لە خۆی گەورەترە بەچەند جارێک بە هۆی کەللە سەرە گەورەکەیەوە کە شەویلگە ماسولکەی زۆر بەهێزی تێدایە، جەستەی پڵنگ درێژترە بە بەراورد بە شێری ئەمریکی، وە پەلەکانی بچوکترن بەبەراورد بە قەبارەی جەستەی، کە درێژییەکەی بە سەرییەوە لە نێوان ١٢٥ بۆ ١٦٥سم دەبێت، لە کاتێکدا کە درێژی کلکی لە نێوان ٦٠ بۆ ١١٠ سم، بەرزی ئەم ئاژەڵە لە نێوان ٤٥ بۆ ٨٠ سم دایە، هەروەها نێرینەکان گەورەترن لە مێینەکان بەنزیکەیی ٪٣٠، بە جۆرێک کە نێرینەکان ٣٧ بۆ ٩١کگم دەبن و مێینەکان ٢٨ بۆ ٦٠کگم، هەروەها پڵنگەکان قەبارەیان گەورەتر دەبێت لە ئەو ناوچانەی کە تێیدا ڕکابەری بەهێزی تێدانەبێت بە دیاریکراوی شێر و شێری ئەمریکی.

پڵنگ شێوەی زۆر لە پشیلە کێوییەکانی دیکەوە نزیکە باشترین خاڵی جیاکەرەوەش بریتییە لە هەبوونی خاڵی پەمەیی تێیدا کە پشیلەکانی دیکە نییانە، هەروەها کلکی پڵنگ ئەوەندەی نیوە یاخود زیاتری درێژی جەستەی دەبێت، هەروەها پڵنگ خاڵی سپی تایبەتمەندی هەیە لە بەشی خوارەوەی کلکی کە مێینەکە بەکاری دەهێنێت بۆ پەیوەندی کردن بە بێچووەکەیەوە کاتێک بە نێو گژ و گیادا دەجوڵێن.

ڕەنگ

ڕەنگێکی زۆر ناسراو هەیە بۆ پڵنگەکان کە بریتییە لە ڕەنگێکی کراوە و کاڵ، کە لەلایەن بۆهێڵێکەوە دەستی بەسەردا کێشراوە، کە دەبێتە هۆی بەزاندنی ڕەنگی ژەنگی و دووبارەشی دەکاتەوە، هەندێکیان ڕەنگیان ڕەشە پێیان دەوترێت پڵنگی ڕەش، لە ناوچە شاخاوییەکان و دارستانە باراناوییەکاندا دەژین، هەروەها ڕەنگێکی دیکەی ناسراویان هەیە کە بریتییە لە کاڵێکی درۆزن، فەرووەکەی بە خاڵی گەورە و لەتەنیشت یەک ڕیزبوو داپۆشراوە،  پڵنگەکان بە دەگمەن ڕەنگەکانیان سپییە کە ڕەنگێکی باو نییە. 

پۆلێنکردن و پەرەسەندن

وەک هەموو ڕەگەزە جیاوازەکانی سەر بە تیرەی پشیلەکان ڕەگەزی پڵنگەکانیش ڕووبەڕوی گفتوگۆ و ڕای جیاواز و گۆڕانکاری بوەتەوە لەگەڵ بەرەوپێش چوونی توێژینەوە تایبەتمەندەکان لە زانستی زیندەوەرزانی و بەشەکانی، هەتا ئێستا پەیوەندی دیاریکراو لە نێوان چوار جۆرە گەورەکەی خێزانی پشیلەکان ناڕوونە، هەندێک بەڵگە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بۆماوە ماددەی زانیارییەکانەوە بەدەست کەوتووە ئەوە دەردەخات کە شێر، پڵنگ، جاگوار، پڵنگی سپی، پڵنگی خاڵدار و panthera (جۆرێکی دیکەی پڵنگ)، خاوەن هەمان باوانن کە ١١ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە ژیاون، گەشەسەندن و دەرپەڕینی ئەو جۆرانە دروست بووە لە ئەنجامی دابەشبوونی بنچینەیی تیرەی پشیلەکانەوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بە بەردبووەکان ئەوە دەردەخات کە ڕەگەزی پڵنگەکان دەرکەوتووە لە ملیۆنێك بۆ ٣.٨ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە، واتە لەماوە تازەکانی ڕابردوودا.  

دوو زانای چینی "یوو" و "زانگ" لە ٢٠٠٥ ئەوەیان پێشنیار کردووە کە پڵنگ زیاتر پەیوەندی هەیە بە پڵنگی سپییەوە بە بەراورد بە جۆرە گەورەکانی دیکەی خێزانی پشیلەکان، بەڵام لێکۆڵینەوە زانستییە دانپیادانراوەکان، وەک "شیردەرەکانی جیهان"، هێشتا پڵنگی سپی لەژێر ناو و ڕەگەزی تایبەت بە خۆی دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی کە ناجێگیرە، بە جۆرێک کە چەند زانایەکی دیکە کە لێکۆڵینەوەی دانپیادانراویان ئەنجامداوە، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە پڵنگی سپی لە ڕەگەزی پڵنگە، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە دەڵێن لە ڕەگەزی panther (جۆرێکی پڵنگ)ـیە.

باوەر وایە کە یەکەم تیرەی پشیلە کە دەکرێت پۆلێنبکرێت لە ئاسیا دەرکەوتووە، دواتر پڵنگەکان بە باو و باپیرەوە و جۆری دیکە لە پشیلەکان کۆچیان کردووە بەرەو ئەفریقا، وا دادەنرێت کە پڵنگی ئێستا لە ئەفریقا گەشەی کردووە لە نزیکەی ٨٢٥٠٠٠ بۆ ٤٧٠٠٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، دواتر بڵاوبونەتەوە بە نێو ئاسیادا لە نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ بۆ ١٧٠٠٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا.

توخمەکانی ڕابردوو

لە سەدەی هەژدەیەمەوە زاناکان دەستیانکردووە بە پۆلێنکردن کە بەبەردەوامی ژمارەی توخمەکان لەزیادبووندا بووە هەتا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کە تێیدا نزیکەی ٢٧ توخمیان پۆلێنکرد لە پڵنگەکان، کە زۆربەی توخمەکان لە ئەمڕۆدا لە پۆلێنی پڵنگەکانی دیکەدا دانراون.

بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێنکرابوون لە ڕابردوودا:

ئەو توخمانەی لە ئەمڕۆدا لە پۆلێنی توخمی هیندیدان:

  • توخمی کشمیری
  • توخمی نیپاڵی

ئەو توخمانەی لە ئەمڕۆدا لە پۆلێنی توخمی فارسیدان:

  • توخمی ئەنادۆڵی
  • توخمی بلوشستانی
  • توخمی قۆقازی
  • توخمی فارسی ناوەڕاست
  • توخمی سینائی

ئەو توخمانەی لە ئەمڕۆدا لە پۆلێنی توخمی ئەفریقیدان:

  • توخمی پڵنگی
  • توخمی ئەفریقای ناوەڕاست
  • توخمی سەری چاکەخواز
  • توخمی کۆنگۆیی
  • توخمی سۆماڵی
  • توخمی کەنارەکان
  • توخمی ئیرتیری
  • توخمی زنجباری
  • توخمی ئۆگەندی
  • توخمی ئەفریقی ڕۆژئاوایی
  • توخمی دارستانی

توخمەکانی ئێستا

لە ساڵی ١٩٩٦ هەندێک لە زاناکان پێداچوونەوەیان کرد بە ئەو پۆلێنەی لە ڕابروودا کرابوو، وە لە ئەنجامدا ژمارەی توخمەکانیان کەمکردەوە تەنها بۆ ٨ دانە، بە گوێرەی شیکردنەوەی بۆماوە زانیارییەکانیان، کە هەتا ئێستا ئەو پۆلێنە بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ کۆمەڵێک لە زاناکان پێشنیاریان کرد کە پڵنگی عەرەبی سەر بە پڵنگی فارسی پۆلێنبکرێت نەک بە توخمێکی جیاواز دابنرێت، بەڵام هەتا ئێستا کار بە پێشنیارەکەیان نەکراوە و جێبەجێنەکراوە، ئەو زانایانە دەڵێن کە ئەم پۆلێنەی ئێستا هەیە بەهۆی خراپ مەزندەکردنەوە ئەنجامدراوە، بەهۆی سنوردانان بۆ توخمی پڵنگەکانی ئەفریقا، لە ئەنجامدا دەکرێت چەند ژمارەیەکی جیاواز لە توخمی ئەفریقی هەبێت.

 توخمە دانپێدانراوەکان لە ئێستادا بریتین لە:

  • توخمی ئیندۆنوسی
  • توخمی هیندی
  • توخمی یابانی
  • توخمی سریلانکی
  • توخمی جاوی
  • توخمی ڕۆژهەڵاتی
  • توخمی پڵنگی
  • توخمی فارسی
  • توخمی عەرەبی

پەڕاندنیان لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی تیرەی پشیلەکان

پڵنگ بە دیل کراوی پەڕێنراوە لە پشیلە گەورەکانی دیکە وەک شێرەکان، جاگوارەکان، شێرە ئەمریکییەکان و panther (جۆرێکی پڵنگ)، بەناوبانگترین ئاژەڵیان ناسراوە بە کومەر یاخود کەنمەر، کە ئەنجامی لێکپەڕاندنی پڵنگ و شێری ئەمریکییە، و ئاژەڵێکی دووڕەگی دیکەی ناسراو بریتییە لە پڵنگی شێری، کە تێکەڵکراوی پڵنگی نێر و مێینەی شێرە.

جۆرە بەناوبانگەکانی پڵنگ

لە ئێستادا هەموو جۆرەکانی پڵنگەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لە سەدەکانی رابردوودا سێ جۆریان بە تەواوەتی لەناوچوون و ئەوانی دیکەش بە ڕێژەی %٩٥ ژمارەیان کەمبووەتەوە.

  • پڵنگی سیبیری: یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆرەکانی پڵنگ و گەورەترینە لە ڕووی قەبارەوە، فەرووەکەی پرتەقاڵییە و هێڵی قاوەیی تێدایە، بەڵام لە ناوچەکانی سنگ و سک و دەوری ملی ڕەنگی فەرووەکەی دەبێت بە سپی.
  • پڵنگی بنگالی: یاخود ناودەبرێت بە پڵنگی پاشایی بنگالی، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا دەژی، بەڵام زۆرینەیان دەکەونە وڵاتی هیندستانەوە، بە گشتی ڕەنگیان ئاساییە بەڵام هەندێکیان لە باری دەگمەندا دەکرێت ڕەنگیان سپی بێت.
  • پڵنگی چینی: لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵاتی چین دەژی و بە شێوەیەکی گەورە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
  • پڵنگی مالیزی: بە گشتی لە دارستانە شێدارەکانی ناوچەی هێڵی کەمەرەیی دەژی یان نیمچە کەمەرەیی وەک تایلەند و نیمچەدوورگەی مالیزیا، لەئێستادا تەنها نزیکەی ٦٠٠-٨٠٠ دانەیان ماوە.
  • پڵنگی هیندی چینی: قەبارەی ئەم پڵنگە لە جۆری بنگالییەکە بچووکترە بەڵام لە مالیزییەکە گەورەترە، نێرینەکەی کێشی دەگاتە نزیکەی ٤٠٠ کگم و مێینەکەی دەگاتە ٢٥٠ کگم.
  • پڵنگی سوماتران: ئەم پڵنگە لە دوورگەی سوماتەرەی ئیندۆنوسیا دۆزراوەتەوە، لەبەر ئەوەی فەروویەکی ڕەنگ تێری هەیە و هێڵی ڕەشی تێدایە ئەوا خواستی ڕاوکردنی زۆرە بۆ بەکارهێنانی فەرووەکەی لە دروستکردنی جلوبەرگدا، ئەم پڵنگە بچووکترین جۆری پڵنگە و لەئێستادا تەنها ٥٠٠ دانە یان کەمتری لە سرووشتدا هەیە.
  • پڵنگی بالی: ئەم جۆرە لەناوچووە و لە ئێستادا نەماوە.
  • پڵنگی جاوی: ئەم جۆرەش لەناوچووە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٧ دا پارێزگاری لێدەکرا بە شێوەیەکی فەرمی بەڵام دواتر بە تەواوەتی لەناوچووە و نەماوە.
  • پڵنگی قەزوینی: ئەم جۆرە لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا لەناوچووە و نەماوە.


سەرچاوەکان

1865 بینین