مشک گرە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-09-14:07:00 - کۆدی بابەت: 748
مشک گرە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مشک گرە یان مشک خۆرە (بە ئینگلیزی: kite)، جۆرێک باڵندەی ڕاوکەرە، بە لایەنی کەمەوە ٢٥ جۆری جیاوازی هەیە،  کە لە سێ بەشی جیاواز پێکهاتوون و پێکەوە لە ژێر ناوی خێزانێکدا کۆبوونەتەوە، نشینگەکەی زۆرینەی ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەگرێتەوە، شوێنی ژیانکردنیشی دەکەوێتە ناوچە جیاوازەکانەوە لە پلەی گەرمی بەرز و نزمیش، دەکرێت لە هەریەک لە ساڤانا، لەوەڕگا، دارستان و دارستانە باراناوییەکاندا بژی، هەروەها ئەم باڵندەیە لەلایەن مرۆڤەکانەوە ماڵی ناکرێت، واتە خواست بۆ بەخێوکردن و پەروەردەکردنی مشک گرە نییە و دەگمەنە، چونکە گیانەوەرێک نییە کە بۆ ماڵێکردن شیاوبێت، پێویستی بە بڕێکی زۆر لە گۆشتی خاو و نوێ هەیە، یاخود هەندێک لە جۆرەکان پێویستیان بە ئاو هەیە بۆ خۆشتن و خاوێنبوونەوە، هەروەها پێویستیشی بە مەودایەکی فراوان هەیە بۆ فڕین، بۆیە ماڵیکردن یاخود کوشتن و ڕاوکردنی لە هەندێک لە جێگەکاندا بە تەواوەتی قەدەغەیە و یاسایی نییە، بەڵام دەکرێت لە باخچەکاندا ڕاگیربکرێت، کە خۆراک و جێگەی پێویستی بۆ دابینکرابێت، سەرەڕای ئەمانەش زۆرینەی ئەو مشک گرانەی کە لە باخچەکاندا هەن بریندار و ناساغن کە ناتوانن لە سروشتدا زۆر بەرگە بگرن.  

شێوەی دەرەوەی

مشک گرە سەرێكی بچووکی هەیە لەگەڵ ڕووخسارێکی ڕووت، کلک و باڵەکانی درێژ و باریکن و دەنووکیشی چەماوە و کورتە، چنگەکانی بە نینۆکی تیژ کۆتاییان هاتووە، قەبارەی باڵندەکە بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت، بە جۆرێکە کە بچووکترین دانەیان دەگاتە ٢٠ سانتیمەتر، لە کاتێکدا گەورەترینی دەگاتە نزیکەی ١٦٠ سانتیمەتر، پەڕەکانیشیان بە هەمان شێوە جیاواز و هەمەڕەنگە، هەندێکیان جەستەیان تەنها یەک ڕەنگە، ئەوانی تر ڕەنگی جیاواز و نەخش و نیشانەیان لەسەرە، ڕەنگەکانیش دەکرێت سپی، ڕەساسی، ڕەش، کرێمی، قاوەیی و سووری نزیک قاوەیی بێت.  

خۆراک

باڵندەیەکی گۆشتخۆرە و زۆرینەی جۆرەکانی لەسەر مێروو و قرتێنەر و خشۆکەکان دەژین، دەتوانن هەریەک لە مشک، جرج، مارمێلکە، مار و بۆقەکان ڕاوبکەن و بیانکەن بە ژەمی خۆراکی، هەندێک جۆریشیان هەیە کە تەنها یەک جۆر نێچیری دیاریکراو دەخوات، بەڵام بە گشتی زۆرینەیان دەتوانن جۆری جیاواز لە گیانەوەران بخۆن، ئەم باڵندەیە ڕۆژەکییە، واتە چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، یاخود دەکرێت لە کاتی خۆرئاوابووندا بێت، زۆرینەی کاتەکانیشی بە پشوودان و گەڕان بە دوای نێچیردا بەسەردەبات.

زۆربوون

مشک گرەکان بە گشتی گیانەوەرێکن کە بە تاک دەژین و کۆمەڵە پێکناهێنن، تەنها بە شێوەی جووت دەبن ئەویش لە وەرزەکانی زۆربووندایە، هەندێکیان تاک هاوژینن و هەموو ساڵێک لەگەڵ هەمان مێینەدا یەکگرتن ئەنجام دەدەنەوە، هەروەها باوەڕ وایە کە ئەم باڵندانە هەرێمین واتە سنوورێکی دیاریکراویان هەیە، و لە کاتی هەبوونی دوژمن یاخود بەربەریکار ئەوا دەجەنگێت و ناوچەکەی دەپارێزێت، مشک گرە هێلانەکەی لە بەرزایی درەختەکان یاخود لاپاڵەکاندا دروستدەکات، یاخود لە جێگەی هاوشێوە کە گەیشتن پێی سەختە، پاش یەکگرتن ڕێژەی دانانی هێلکە لەلایەن مێینەکەوە بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی ژمارەکەی لە نێوان ١-٣ دانە دەبێت، پاش یەک مانگ لە نیشتن لەسەریان بێچووەکان لە هێلکەکان هەڵدێن، هەندێکیان تەنها بۆ ماوەی مانگێک لەلایەن دایک و باوکیانەوە خۆراکیان پێدەدرێت، لە کاتێکدا هەندێکی تریان پێویستیان بە نزیکەی نۆ هەفتە دەبێت.

جۆرە سەرەکییەکانی

چەندین جۆر مشک گرە هەیە، هەر جۆرێکی لە ڕووی قەبارە و شێوەیەوە جیاوازە لە جۆرێکی تر، هەندێکیان تەنها باڵەکان یاخود کلکیان تیژ و ئاڕاستەکراوە، لە کاتێکدا جۆری تری هەیە کە هەردوو کلک و باڵەکانی تیژ و ئاڕاستەکراون، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە جۆرەکانییەتی:

  • مشک گرەی ڕەسەن: یاخود پێی دەوترێت مشک گرەی سوور، ئەم جۆرە دەنووکێکی باریکی هەیە و کۆتاییەکانی شەویلگەی سەرەوەی شەپۆلییە.
  • مشک گرەی هێلکە شەیتانۆکە: نشینگەکەی دەکەوێتە هەندێک لە ناوچەکانی فلۆریدا و ئەمریکای ناوەڕاست و ئەمریکای باشوورەوە، ناوە دەگمەنەکەی پەیوەندی بە شێوە و خێرایی باڵندەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خۆراکەوە، کە زۆرینەی ژەمەکانی پێکهاتووە لە هێلکە شەیتانۆکەی سێو.
  • مشک گرەی کلک پەرەسێلکەیی: ئەم جۆرە بە ئاسانی دەناسرێتەوە بەهۆی شێوەی کلکییەوە، لەبەر ئەوەی کلکی دابەشبووە بۆ دوو لای جیاواز و بە دوو ئاڕاستەدا ڕۆشتوون هاوشێوەی کلکی پەڕەسێلکە، پەڕەکانی جەستە و ژێر باڵەکانی ڕەنگیان سپییە، بەڵام کلک و کۆتایی باڵەکانی ڕەشە.
  • مشک گرەی کلک چوارگۆشەیی: هاوشێوەی ئەوەی لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت، کلکی ئەم جۆرەیان پەڕەکانی پێکەوە نووساون و فراونن کە لە شێوەی چوارگۆشەیەکدا دەردەکەون، هەروەها نشینگەکەی دەکەوێتە ئوستوڕالیاوە و لە چەندین ناوچەی جیاوازیدا دەتوانێت ڕاوبکات و بژی.
  • مشک گرەی یەخە سپی: ئەم جۆرە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەگمەنە، لە مەودایەکی کەمی کەنارەکانی بەڕازیلدا دەژی، بە گوێرەی ڕێکخراوە ئاژەڵییەکان تەنها چەند هەزار دانەیەکی ماوە لە سروشتدا، بۆیە لە ڕیزبەندی ئەو گیانەوەرانەیە کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.


سەرچاوەکان



868 بینین