خەیام

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-02-23:38:00 - کۆدی بابەت: 1058
خەیام

ناوه‌ڕۆك

خەیام ١٠٤٨ - ١١٣١ز

ناوی ئەبووفەتحی غەیاسەدینی عومەری کوڕی ئیبراهیمی خەیامی نیشابوورییە. زیاتر بە (چوارینەکانی خەیام) ناوی دەرکردووە، ئەم چوارینانەی بۆ زۆرینەی زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراون. بەڵام یەکێ لە کارە جوانەکانی مامۆستا هەژار وەرگێڕانی چوارینەکانی خەیامە، دیارە مامۆستا هەژار یەکەم کەس نەبووە کە چوارینەکانی خەیام بکات بە کوردی، بەر لەوە جەلادەت عالی بەدرخان، شێخ سەلام، مامۆستا گۆران و ئەحمە شاڵیش ئەم کارەیان کردووە، بەڵام هیچیان بە وێنەی وەرگێڕانەکەی هەژار جوان و قەشەن و بەنێوبانگ نین.
لەم ساڵانەش کتێبی (کورد و خەیام نەناسین)ـی خوسرەوجاف بە هەر چوار زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی و فارسی چاپکرا، لای من ئەمەی خوسرەو و جافیش شاکارێکی ناوازە و دانسقەیە، پێویستە خەیام نەناسان بەوپەڕی دڵگەریمییەوە بایەخی پێ بدەن، ئەگەرچی کەموکوڕیشی هەن.
لەم چەند کەسە بەدەر، کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. لە کوردستان نەمبینیوە و نەمبیستووە کەسێکی کوردزمان کتێبێک، یان باسێک، لەسەر خەیام بنووسێت، دەشێ هەبن، بەڵام من نەمزانی بێت، بۆ نا؟ ئەوەی جێگەی داخە هەروەک لە باسی مەلای مەشهوور و نووکتە و قسەی گاڵتەجاریمان دەکەوێتەوە بیر، لە باسی خەیامیش ڕاستەوخۆ مەیخۆری و مەیخانەمان دەکەوێتەوە یاد!
ئایا دەکرێ کەسێکی وا فرەزان و ئەستێرەناسێکی وەها مەز و زاهیدێکی هێندە ڕۆچوو لە عیرفان هەرخەریکی مەی نۆشین و ڕابواردن بووبێت؟ مامۆستا هەژار، دەڵێ: ''ئەو خەییامە کە خاوەنی ئەم هەموو بیر و عەقڵەیە، فەیلەسووف بووە و زۆر کتێبی زانستیی نووسیون و تەنانەت ڕۆژژمێری دروست کردووە، چۆن دەبێ بڵێین ئەوەندە سەرخۆش بووە، کە خستوویانەتە ناو سەبەتەیەک و بردوویانە بۆ گۆڕی زانایان بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، چحن ئەو ئینسانە هەر لە کونجی مەیخانە بووە؟'' دەڵێ: ''خەیام یا مەی نەخواردوەتەوە یان یەک کەڕەت بۆ تاقیکردنەوەی بووە، کە بزانێ ئەوەی شاعیران نێوی دەبەن و مەشایخ دەڵێن چییە و چۆنە!، خەییام سەرجۆشی لەو هۆشیارییە پێ باشترە کە بە شتی پووچەوە خەریک بن و نەزان بن. پیاو مەست بێ و خەبەر بێ، نەک بە ئەغیاری ئابڕووی دین و زانین بەرێ.''
من لە میانەی خوێندنەوە چڕوپڕن بۆ هەموو ئەو کتێبانەی دەربارەی خەیام نووسراون، نەمبینی قوتابی و هاوڕێ و هاومەشرەب و هاوچەرخانەی خەیام بە وشەیەکیش باسی مەیخۆری و ڕابواردنی خەیام بکەن، بەڵکوو هەموو ئەمانە بە کەسێکی ڕەوشت بەرز دەیخەنە ڕوو. دوای کۆچیدوایی خەیام، یەکەم شتێک لەسەر نووسرابێت، (چهارنامە مقالە)ی ئەحمەد عومەر نیزامی قوتابییەتی، دوای ئەویش کتێب گەلێکی تری لەسەر نووسراون، هیچ لەم کتێبانە باسی مەیخۆری و ڕابواردنی خەیامیان نەکردووە. لێرەدا پرسیارێکی زل خۆی دەخزێنێتە نێو ئەم باسە و دەڵێت: ئەی بۆچی چوارینەکانی خەیام زۆربەی زۆریان لە باسی مەیخۆری و مەیخانە و ڕابواردن دەخولێنەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەم چەند خاڵە دەخەینە ڕوو:
یەکەم: ئێمەی کورد کە مێژوودا کەسانێکمان هەیە، هیچ هەقیقەتێکیان نییە، کەچی دنیایەک شیعر و هەڵبەستیان بە دەمەوە کراوە و گوتراوە، بە وێنەی خەج و سیامەند و شیرین و خەسرەو و ...تاد. دەی بۆچی کێچت دەکەونە کەوڵی گەر بڵێین: زۆربەی چوارینەکانی کە بە نێوی خەیامی شاعیر بە هەموو جیهاندا پەڕشبوون فڕیان بەسەر خەیامەوە نییە! گەر بەم قسەیەشم ڕازی نیت شتێکی دیکەت بۆ باس دەکەم، پەیامهێنی ئیسلام (س.خ) سەدان یار و هاوەڵی دڵسۆزی لە دەوروبەر بووە، کەچی هەزاران وتەی بە زمان هەڵبەستراوە. زانایانی فەرموودە ناس چەند هێنایان و بردیان نەیانتوانی بە تەواوی فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ) ساخ بکەنەوە، بە دڵنیاییش تا دنیا دنیایە هەموو دفەرموودەکانیان پێ ساخ ناکرێتەوە، ئیتر ئەمە ڕیخنی مرۆڤە، هەر شتێک کەوتە باوەشی مێژوو سەدان و گوێچکە سەر و قاچی بۆ دەخولقێنن، پاڵەوان دەکەنە ترسنۆک و ترسنۆکیش دەکەنە پاڵەوانی زەمانە.
دووەم:  بە گوێرەی سەرچآوەکان تاکوو تێپەڕبوونی سێ سەدە و نیو هیچ دیوانێک بە ناوی خەیام بەرچاو نەکەوتووە، بەڵام چونکە خەیام باسی کۆدەکانی گەردوون و ئەستێرە و مەرگ و ژیانی کردوە، لەم دەرچەوە هاتوون بە ناوی خەیام دەیان چوارینەیان لەسەر ڕیتم و مینوالی چەند شیعرێکی کەمی خەیام هۆنیوەتەوە، کێ وەڵامیان بداتەوە، قوتابیەکانی،  مامۆستاکانی، هاوچەرخانی؟ بێگومان هیچیان! سێیەم: دژایەتیێکی تون لە نێو چوارینەکانی خەیام هەس پێ دەکرێت، ئەوەی بە وشیاریی بیانخوێنێتەوە زۆر بە سانایی ئەمەی بۆ ڕوون دەبێتەوە، لە هێندێک شوێن نکووڵی قەبر و قیامەت و خودا دەکات. لە هێندێک شوێنی دیکە باسی یەکتایی خودا دەکات.
چوارەم: دەشێت ئەم چوارینانە ڕاست بن، وەک مامۆستا هەژار باسی دەکات،لە ڕێگەی ئەم چوارینانە بە کۆلکە مەلا و شێخۆلکەی سەردەمی خۆی گوتووە، ئەوانەی سەرخۆش و مەست لە ئێوە باشترن، چوون ئێوە بە وشیاریی هەزاران کاری لە مە بەدتر دەکەن، لە ڕقی ئێوە من مەی فڕ دەکەم بۆ ئەوەی لە کار و ئاکارە دزێوەکانی ئێوە بێ ئاگابم.
لە چاخی خەیامدا زانستی کەلام جۆشی دەخوارد، ئەشآعیرە و موعتەزیلە و حەنابیلە و جەبرییە لە نێو کێشمەکێشم دا دەکوڵان، بزوتنەوەی باتینییە سەریان بەسەر هەموو کون و کەلەبەرێک گرتبوو. نامەکانی (ئیخوان صەفا) بە هەموو لایەکدا بڵاوکرابوونەوە، ەڵک بە تاسەوە پێشوازییان لە زانست و هونەر دەکرد، گرفتی نێوان دین و فەلسەفە تا دەهات بەرەو قووڵی دەڕۆیشت، لە نێو ئەم نێوەندە تەم و مژاوییە خەییام ژیا و سەری نایەوە. کەواتە دەکرێ خەیام هەست و نەستی خۆی بۆ ئەم ڕەوشە ئاڵۆزکاوە بە شیعر دەربڕێت و ڕەخنەی لەو کەسانە بگرێتە کە بە نێوی دین، دیا حەپەلووش دەکەن.
وەک ئاشکرایە خەیام جاری دووەم لە خۆراوا لە دایک بوو، ڕۆژهەڵاتیش لە پێناس و پەسندی ئەوانەوە، خەیامیان ناسی، گەرنا بۆ بۆچوونی من ئێستا خەیام ناو و نیشانێکی هێندە زلی نەدەبوو. ئێمەی خۆرهەڵات لەم بارەوە لە گرفتێکی گەورەدا دەژین، هەرچی خۆراوایی بیڵێن، ئێمە (تصدیق)ـی دەکەین، بێگومان ئەوانیش بە گوێرەی ئادۆلۆژیی خۆیان ئاواز دەچڕن و بەقەد باڵای خۆیان کاڵا دەبڕن. نەک هەر خەییام زۆرێک لە ساعیر و نووسەران و گەورە پیاوان دوای کۆلۆنیالیزمی ئینگلیز دەیان قسە و بوختان و شتی سەمەرەیان بە دوادا هەڵبەسترا. چونکە ئەوان نەهاتن دەنیا خاک داگیر بکەن، بەڵکوو ئەو ئیمکانیەتە زۆرەی لە باری نووسین و چاپەمەنیدا هەیان بوو هەمووینا خستە گەڕ بۆ ژەهراویکردن و گوماناویی کردنی مێژوو، بەمەیش تاسەی تینوەتینا شکا و ئامانجی خۆیان پێکا.
مامۆستا عەبدولسەلام محەمەد خۆشناو دیوانێکی شیعری بە ناوی (شەوێک لەگەڵ خەیام)ـدا هەیە، من شەوێک چوومە خزمەتی و مشتومڕمان لەسەر چوارینەکانی خەیام درێژەی کێشا، یەکێک لە دانیشتووانی مەجلیس هەڵیدایەوە و وتی: ئەرێ مامۆستا تۆ هێندە باسی مەینۆشین و مەیخانە دەکەی، دیارە تۆ مەیخۆری؟ بە خەندەوە وتی: بەڵێ سەلام مەیخۆرە! منیش گوتم چۆن؟ گوتی: مەیخۆری چڵەپۆپەی خودا پەرستییە. ئینجا شیعرێکی ئەوم بە نموونە هێنایەوە:

مەیگێڕ دە وەرە مەیم بۆ تێکە
بەم مەیە ئاڵە ئەندامم سڕ کە
کاڵای ئایینم هاجڕ بە چڕکە
پێم بڵێ مەیە و خێراکە فڕکە

 


سەرچاوەکان

1321 بینین