وڵهێڵم کۆنارد ڕۆنتگن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-07-00:54:00 - کۆدی بابەت: 1141
وڵهێڵم کۆنارد ڕۆنتگن

ناوه‌ڕۆك

وڵھێڵم کۆنارد ڕۆنتگن ١٨٤٥-١٩٣٢ز 

ڕۆنتگن زانای مەزنی ئەڵمانی، دۆزەرەوەی تیشکی (x) ، لە خانەوادەیەکی نەخوێنەوارەوە پێدەگات. باوکی قوماش دەفرۆشێت و لە نزیک رووباری (ڕاین) ژیان بەسەر دەبات، ڕۆنتگن لە منداڵیدا بە ھۆی پێکەنین و گەپ لە قوتابخانە دور دەخرێتەوە، دەڵێن جارێک یەک لە ھاوڕێ قوتابییەکانی کاریکاتێرێک بۆ بەڕێوبەر دەکێشێت، ئەویش لە قاقای پێکەنین دەدات و فشیەی پێ دەکات ئائەمە دەبێتە ھۆی دەرکردنی لە قوتابخانە.
ھەرچەندە ئەو لە منداڵی ھیچ بڕوانامەیەک بە دەست ناھێنێت، بەڵام لە پەیمانگای ھونەری (زیورخ) وەزیفەیەکی زۆرباشی دەست دەکەوێت، ھاوکات وانەی ھەندەسی میکانیکشی دەخوێنێت. لە تەمەنی 24 ساڵیدا توانی دکتۆرا بەدەست بێنێت، لە ھەموو لەیەک ناوبانگی بڵاوبووەوە، لە ئەڵمانیا کرا بە مامۆستای فیزیا.

دۆزەرەوەی تیشکی (x) 

لە زستانی ساڵی ١٨٩٥ز لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا چەندان تاقیکردنەوەی گرنگی لەسەر تیشکە (کاثۆدەکان) ئەنجامدان. ڕۆنتگن لوولەی تیشکە (کاثۆد)ـەکەی ڕوپەڵێکی ئەستور داپۆشی، بۆ ئەوەی ھیچ ڕووناکیەکی لێوە دەرنەچێت. بینی ئەو گڵۆپە فلۆرسنتەی کە بە تەنیشتییەوە بوو، ڕووناکی دەدات و لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە. ھەرکە تەزووی کارەبای دەبڕی ئەو گڵۆپەش خامۆش دەبوو. لێرەوە بۆی ڕون دەبێتەوە کە دەبێت تیشکێکێ شاراوە ھەبێت.  
ئەو ھێمای (x)ی بۆ ئەو تیشکە شاراوە دانا و بە چەند ئەنجامێکی زۆر باش گەیشت، بە نموونە :  
تیشکی ئێکس توانستی بڕینی چەندان تەنی تاریکی ھەیە.  
تیشکی ئێکس دەتوانێ چەندان ماددە ڕووناک بکاتەوە . 
ئەم تیشکە بە ھێڵێکی ڕاستدا دەردەچێت .  

سوود وەرگرتنێکی خێرا

توێژینەوەکانی ڕۆنتگن بە چەند بەشێک چاپ کران و بڵاوکرانەوە، لە ھەموو لایەک دەنگیان دایەوە، ڕۆنتگن خۆی نێوی تیشکی ئێکسی لێ نابوو. کەچی زانا ھاوچاخەکانی سووربوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت بە ناوی خۆی بکرێت، ئەویش ئەوەی پێ ناخۆش بوو، بە بیستنی ئەو قسەیە ڕەنگی سوور ھەڵدەگەڕا و خەجاڵەتیی بە دەموو چاویەوە دیاربوو، ئەو لە موحازەرەیەکی گشتیدا ھەموو ئەو ناو و نازناوانەی ڕەتکردنەوە و ھەر مکووڕ بوو لەسەر ئەوەی بە (ئێکس) نێو دەر بکات . 
بە پێچەوانەی ھەموو ئەو دۆزینەوە و داھێنانەی کراون، کە چەندان ساڵ و مانگیان خایاندوە، دواتر چەندان ساڵ و مانگیان پێ چووە تاکوو کەوتوونەتە کار، بەڵام ئەو دۆزینەوەی ڕۆنتگن زۆری زۆری نەبردوە ھەر دوای یەک دوو مانگ لە دۆزینەوەی کەوتووەتە گەڕ.

بۆ یەکەم جار لە نەخۆشخانەی (ھامبشیر) بەکارھێنراوە، ئەو بە تەنیشت ئەو دۆزینەوە مەزنە، چەندان توێژینەوەی دیکەی مەزنی ئەنجام دا، وەک مامۆستایەکی فیزیای چەندان توێژینەوەی لە بارەی کاریگەریی موگناتیسیی لەسەر دیاردەی کارەبایی لە کریستاڵەکاندا کردوون .  
ڕۆنتگن دواتر دچێتە (میونخ)، کورسیەک بۆ وتنەوەی وانەی فیزیا بە دەست دێنێ، لە تەمەنی حفتاوحەوت ساڵیدا کۆچی دوای دەکات .  
سێ ساڵی کۆتای ژیانی بە گۆشەگیری بردەسەر. ئەو ئەگەرچی ژنی ھێنا، بەڵام وەجاخ کوێر بوو .  
ئێستە تیشکی ئێکس بۆ زۆر بوار بەکار دێت، بەڵام لە زانستی پزیشکیدا زۆرتر وەکار دێت، ھەموو خەڵک لە جیھاندا ناوی ئەو تیشکەیان بیستووە، یان نەختێک زانیارییان لەسەری ھەیە، لە کاتێکدا سەدەیەک بەر لە ئێستە شتێکی نەزانراو بوو، تەنانەت بە نیسبەت زانا بە نێوبانگەکانی جیھانیش ھیچ شتێک لەو بارەیەوە نەبووە.

کورتەیەک لە ژیانی 

لە ساڵی ١٨٦٨ز. دکتۆرا وەر دەگرێت.
لە ساڵی ١٩٠١ز. یەکەم کەس دەبێت لە بواری فیزیادا خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت . 
بە ھۆی بەرکەوتنی تیشک ، تەندروستی خۆی و یاریدەدەرەکەی تێک دەچێت .


سەرچاوەکان



987 بینین