ئەرستۆکرات

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-01-16:08:00 - کۆدی بابەت: 1543
ئەرستۆکرات

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەرستۆکرات (بە عەرەبی: ارستوقراط، بە ئینگلیزی: Aristocrat) پێشی دەگوترێت نەجیب زادە یان چینی خانەدان و باڵای کۆمەڵگە. جۆرێکی حووکمرانی کردن و دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتییە. کە لە سنوورێکی جوگرافیدا ئەم چینە هەموو دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردنی هەیە و هێز و توانایەکی لە ڕادەبەدەر زۆری هەیە و هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت سنوور بۆ کار و چالاکییەکانیان دابنێت.

زاراوەی ئەریستۆکرات لە چییەوە هاتووە؟

بنچینەی زاراوەکە لە یەکگرتنی دوو وشەی  گریکی "ئەریستۆس" کە واتای باشترین و وشەی "کراتۆس" واتای یاسا دەدات. لە کۆمەڵگەی ئەرستۆکراتیدا یاسا و دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ خانەدانترین خێزان و دەوڵەمەندترینی کۆمەڵگەکە. واتا دابەشوون لە نێوان پێکهاتەکان ڕوودەدات. ئەوەی زۆر خانەدان بێت ئەوا دەبێتە ئەرستۆکرات و حووکمی پێکهاتەکانی خوار خۆی دەکات. هەرگیز ڕێگە بەوە نادەن کەسێکی نوێ لە چینی کرێکار و هەژاران ببێتە خاوەنی دەسەڵات.

ئەرستۆکراتی لە مێژوودا

گریک

گەر سەیری مێژوو بکرێت، سەدان و هەزاران نموونەی ئەرستۆکراتی بەرچاو دەکەون. بۆ نموونە یۆنانی کۆن نموونەی باڵای ئەرستۆکراتی بوو، هەر شارێکی یۆنانی کۆن، خۆی بە باڵاتر لە شارەکانی تر دەبینی، بۆ نموونە خەڵکی ئەسینا، تەنها دانیشتوانی ناو شاری ئەسینا ڕێزلێگیراو بوون، خەڵکی دەرەوەی شارەکە بە ئەسینی قبوڵ نەدەکران و هیچ مافێکیان نەبوو. چینی ئەرستۆکرات بەم شێوەیە مامەڵەی دەکرد، ئەرستۆکرات دەبوو لە بنەچەدا لە سەنتەری شاری ئەسینا لە دایکبووبێت، دانیشتووی شارێکی تر گەرچی خانەدان بووبێت لەناو شاری ئەسینادا وەک هاوڵاتییەکی ئەسینایی قبووڵ نەدەکرا. لە گریکدا، ئەرستۆکرات واتای خێزانی خانەدانی دەدا کە هێز و دەسەڵاتی کارگێری و ڕامیارییان هەبوو.

کۆماری ڕۆم

لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمدا، دابەشبوونی کۆمەڵایەتی بە جۆرێکی تر بوو، گەرچی ئەوانیش نموونەی ئەرستۆکراتیان تێدابوو کە پێیان دەگوترا "پاتریسیان" و "سێنیتەکان" بەڵام لە سەراپای ئیمپڕتۆریەتییەکەدا هەموو کەسێک بە ڕۆم قبووڵ دەکرا ئەگەر هاتبا ئەو کەسە زمان و نەریت و کولتووری ڕۆمی قبووڵ کردبایە، بەم جۆرە هاوڵاتی ئاسایی لە چوارچێوەی ئەو یاسایەی بۆی دانرابوو دەژیان، ئەرستۆکراتەکانی ڕۆم هێز و دەسەڵاتیان زۆر بوو، وەک دەبینرێت زۆرینەی کودەتاکانی بەسەر ئیمپڕاتۆرەکاندا کراون بەهۆی ئەرستۆکراتەکانەوە بوون.

سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەورووپا بە ڕژێمی پاشایەتی ئەرستۆکراتیدا تێپەڕبوو، کە خێزانێک دەبووە دەسەڵاتدار و نەوە دوای نەوە دەسەڵات بە پشتاوپشتی تێیدا دەگوازرایەوە، کە ئەمەش لە زمانی ئینگلیزی پێی دەگوترێت Royal blood واتا خوێنی شاهانە نابێت قەتیس بێت و کۆتایی بێت. ئەم خێزانە پاشایەتییە، واتای هەموو شتێک بوون بۆ ئەو وڵات و کۆمەڵگەیە. خۆیان بە بەرزتر دەبینی و هاوڵاتیانیان وەک کۆیلە دەبینی، بە ڕستەی باقوبریق هەڵیان دەخەڵەتاندن و ملکەچیان دەکردن. هەر ئەمە وای کردبوو کە خێزانی شاهانە لە هەر شانشین و وڵاتێکدا بۆ سەدان ساڵ پارێزگاری لە خوێنی شاهانەی خۆی بکات.

لە ئەورووپا، خێزانە ئەرستۆکراتییەکان خاوەنی هەموو شتێک بوون، خاک و زەوییە کشتوکاڵییەکان، بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان، کارخانە و کارگەکان. کاتێک قەیرانێک ڕووی دەدا هێندەی خەمی زیندوومانەوەی خۆیان دەدا، هێندە بەلایانەوە گرنگ نەبوو منداڵێکی ساوا لە برسا مردبێت! بەروبوومی جووتیاران دەبرانە کۆگای ئەرستۆکراتەکان، لە کارخانە و ناوەندە بازرگانییەکان باجی لە ڕادەبەدەر زۆر کۆ دەکرانەوە کە بەپێی یاسایەکی ڕێکخراویش کار نەدەکرا هەر ناوەندە و بە بڕێکی جیاواز باجی لێ دەسەندرا، خۆ ئەگەر بەرهەڵستی بکردبا یان باجەکەی لە کاتی خۆی نەدابووایە سەرباز ڕەوانەی شوێنەکە دەکرا و کەلوپەلەکانی دەسووتێندران و ناوەندەکەش دادەخرا، تاوەکو هەموو خاوەن کارخانە و ناوەندەکان ملکەچ بکەن. 

سەردەمی هاوچەرخ

لە سەردەمی هاوچەرخدا، دیارترین نموونەی ئەرستۆکراتی مابێت خێزانی شاهانەی بەریتانیایە. کە بە درێژایی مێژوو پارێزگاریان لە خوێنی شاهانە یان تەختی شاهانەی خۆیان کردووە، ئەم خێزانە هێشتا وەک سەردەمە دێرینەکان ڕەفتار دەکەن، خۆیان تێکەڵ بە هاوڵاتی ئاسایی ناکەن، تەنها لە بۆنە گرنگەکاندا دێنە ناو خەڵک ئەویش لە دوورییەکی زۆرەوە کە بە هێزێکی زۆر پارێزگاریان لێ دەکرێت دەردەکەون و سڵاو لە خەڵکەکە دەکەن. خێزانی شاهانەی بەریتانیا پارێزگاری لە نەریتێک دەکەن کە لە شۆڕشی فەڕەنسا کە ساڵی ١٧٨٩ڕوویداوە، نەماوە! 

تایبەتمەندییەکانی چینی ئەرستۆکراتی

یەکەم: دەسەڵات لە چوارچێوەی یەک خێزانی خانەدان دەگوازرێتەوە

کە بە شێوەی پشتاوپشتە یان هەر ئەندامێکی ڕەسەنی ئەو خێزانە بە شێوەی خوێنی شاهانە. واتا ئەگەر کەسێک هاوسەرگیری کردبێت و کوڕی پاشایەک بێت مردبێت، دەسەڵاتی پاشایەتی دەدرێتە کوڕەکەی و هاوژینەکەی هیچ دەسەڵاتێکی نییە گەرچی پێشی دەگوترێت شاژن. هەروەکو خێزانی شاهانەی بەریتانیا، دوای مردنی شاژن ئیلیزابێسی دووەم کە هاوژینەکەی دەسەڵاتی نەبوو، پاش مردنی شاژنیش، شازادە چارلزی کوڕی دەسەڵاتی وەرگرت و هاوژینی پاشا چارلز تەنها ناسناوی شاژنی هەیە ئەگەرنا خوێنی شاهانە بۆ پاشا چارلزە. 

دووەم: سامان و خاوەنداریەتی زەوی

خێزانی ئەرستۆکراتی دەبێت خاوەنی زەوی بن و سامانێکی زۆریان هەبێت، ئەمەش ناسنامەی گشت ئەرستۆکراتێکە، کە لە ڕێگەی دەست بەسەردا گرتنی زەوی و بازاڕ و هێزی پارە حووکم دەکات. خاوەن زەوییەکان بە درێژایی مێژوو سەرچاوەی یەکەمی دەسەڵات بوون لە چینی ئەرستۆکراتیدا. 

سێیەم: پەروەردە 

چینی خانەدان و ئەرستۆکرات پەروەردەی تایبەتیان هەبوو، وەک وانەی هونەری و کولتووری و ڕامیاری و یاسایی و کارگێری. وەک ئەرستۆکراتەکانی جۆسۆن بە نموونە کە خێزانی شاهانە منداڵەکانیان فێری فەلسەفەی چینی دەکرد و لەمەوە ڕایان دەهێنان کە فێری بەڕێوەبردنی وڵات ببن. بە شێوەیەکی تر ئەرستۆکرات واتا خوێنەوار و تێگەیشتوو بەڵام چینەکانی تر واتا نەخوێنەوار و گومڕابوو.

چوارەم: کاریگەری ڕامیاری

لە ڕامیاریدا دەسەڵاتێکی ڕەهایان هەیە، هەر ئەمەش خاڵی ناسینەوەی ئەرستۆکراتییەکانە. هەموو ئەندامانی خێزانی ئەرستۆکرات دەسەڵات بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر جەماوەردا بسەپێنن.

پێنجەم: هەرەمی کۆمەڵایەتی 

لە کۆمەڵگەی ئەرستۆکراتیدا، ئەرستۆکرات چینی باڵای کۆمەڵگەیە، چینەکانی تر دەکەونە خوارووی ئەو. هیچ گۆڕانکارییەکیش لەم چینانەدا لاوازە و گۆڕانکاری زۆر ڕوونادات چونکە چینی باڵا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت. 

هێز و دەسەڵات لای ئەرستۆکراتەکان

لە مێژوودا هەوڵی زۆر دراوە کە خێزانێکی فیوداڵیزم و ئەرستۆکرات لا بدرێت، هەروەکو فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ کۆتایی بە ئەرستۆکرات هێنا. بە پێی ڕووداوەکانی مێژوو زۆر جار کە کودەتا کراوە و ڕەخنە لە ئەرستۆکراتەکانی شارێک، هەرێمێک، وڵاتێک گیراوە، خۆیان بە جۆرێک نیشانداوە کە ڕسق و ڕۆزی و ژیانی خەڵکەکە بە دەست ئەرستۆکراتەکانە و ئەگەر بەرهەڵستی بکەن ئەوا لە برسا دەمرن. ئەم جۆرە وتانە زیاتر و زیاتر خەڵکی ملکەچ دەکرد.


سەرچاوەکان



2787 بینین