ئاشنا نەبوونی دایك و باوك بە زیانەكانی تەكنەلۆژیای سەردەم

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-21:03:00 - کۆدی بابەت: 2137
ئاشنا نەبوونی دایك و باوك بە زیانەكانی تەكنەلۆژیای سەردەم

ناوه‌ڕۆك

ئاشنا نەبوونی دایکان و باوکان بە زیانەکانی تەکنەلۆجیای سەردەم

شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی، لەبنەڕەتدا لە پێناو بەختەوەرکردنی مرۆڤ بەرپا بووە، واتە، بۆ ئەوە هاتووەتە ئاراوە، تاکو جوانی و خۆشی بە ژیان ببەخشێت و، مەینەتی و نەهامەتییەکانی جیهانی مرۆڤایەتی نەهێڵێت.
بۆیە کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە بکات، کە تەکنەلۆجیا توانی ژیانی مرۆڤ لە نەخۆشییەوە بەرەو خۆشی، لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی، لە سەختییەوە بەرەو ئاسانی، لە شەکەتییەوە بەرەو حەسانەوە ببات، چونەک ئاسانکارییەکی زۆری بۆ مرۆڤ کرد، تاکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و ڕیشەیی لە ژیانی خۆیدا بێنێتە کایەوە و بتوانێ بچێتە ناو قووڵایی دەریا و زەریا و بۆشایی ئاسمان و سەر پشتی ئەستێرە و هەسارەکان و، وا بکات کە زووتر و شایستەتر زامەکانی خۆی سارێژ بکات و دەردەکانی خۆی تیمار بکات و کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات و گرێکوێرەی خۆی بکاتەوە.
هەروەها تەکنەلۆجیا توانی مەودای نێوان کیشوەرەکان و وڵاتانی جیهان کەم بکاتەوە و جیهان بکاتە گوندێکی بچووک.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە تەکنەلۆجیا هیچ زیانێکی نەبێت، بە پێچەوانەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە سەرەدەری لەگەڵیدا نەکرێت و بە شارەزایی و زانایی و دانایی نەهێتە بەکارهێنان، زیانی زۆر لە قازانجی زیاتر دەبێت و بە زیانی مرۆڤ تەواو دەبێت، بە تایبەتی تەکنەلۆجیای ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و ئامێرە جەنگییەکان و کۆمەلکوژییەکان!!
مخابن! هەڵەیەکی دیکە، لەو هەڵە باوانەی کە هەندی لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئاشنا نەبوونیان بە زیانەکانی.

هۆكارەكانی

ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە:

  • ناوشیاری و بێئاگایی دایک و باوک لە زیانەکانی تەکنەلۆجیا.
  • ئاشنا نەبوون بە تەکنەلۆجیا، بە تایبەتی ئامێرە زیرەکەکان.
  • نەخوێندەواری و نزمیی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوە.
  • خۆ دەرخستن و خۆپەسنین.
  • بەناز پەروەردەکردنی منداڵ،
  • دەوڵەمەندی و هەڵڕشتنی پارە بەسەر منداڵەکانیاندا.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە سەرەدەری لەگەڵ تەکنەلۆجیا نەکەن، هەم بە زیانی منداڵەکانیان تەواوا دەبێت، هەمیش بە زیانی دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ لەسەر بەکارهێنانی ئامێرەکان ئالودە دەبێت و ناتوانێ دەستبەرداری بێت.
  • بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ لە لایەن مندالەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی هۆشی منداڵ جێدێڵێ.
  • منداڵ لە تەمەنی زوودا، نازانێ لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تەکنەلۆجیا لێک جیا بکاتەوە، یاخود خۆی لێ بپارێزیت، بۆیە بە خراپی بەکاری دەهێنێ و بە زیانی دەشکێتەوە.
  • خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی منداڵ و سنووردارکردنی توانا  زەینی و هزری و زانستی و ژیرییەکانەوە هەیە.
  • دەبێتە هۆکارێک بۆ چەقبەستوویی منداڵ و گۆشەگیر بوونی و دوورکەوتنەوەی لە دۆست و هاوڕێ و تەنانەت خوشک و برا و دایک و باوکیشی.
  • دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرنەکەوتنی منداڵ لە قوتابخانە و گشت بوارەکانی ژیاندا.
  • منداڵ تووشی لاساری و یاخیبوون و بەلاڕێداچوون دەبێت.
  • منداڵ دووچاری قەڵەوی و زیادکردنی کێش دەبێت.
  • مندال دووچاری زۆر نەخۆشی دەبێت، بەهۆی ئەو تیشکانەوە کە لە ئامێرەکانەوە دەردەچن و بەر جەستەی منداڵ دەکەون.
  • دەبێتە هۆی چاوکزی و تەمبەڵی منداڵ.

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە سەرەدەری لەگەڵ تەکنەلۆجیای نوێ بکەن و خۆیان و منداڵەکانیان لە زیانەکانی پارێزراو بن، پێویستە ئەم هەنگاوانە بهاوێژن:

  • پێویستە دایک و باوکەکان ئاشنا بن بە زیان و قازانجەکانی تەکنەلۆجیا، بۆ ئەوەی خۆیان و منداڵەکانیان لە زیانەکانی بپارێزن و سوود لە لایەنە ئەرێنییەکەی وەربگرن.
  • پێویستە بە وریایی سەرەدەری لەگەڵ تەکنەلۆجیا بکەن.
  • پێویستە چاودێری منداڵەکانیان بن و بە ڕەهایی تەکنەلۆجیا نەخەنە بەردەستی منداڵەکانیان، بە تایبەتی لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری.
  • پێویستە سوود لە ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا وەربگرن.
  • پێویستە نەچنە ژێر باری هەموو داواکارییەکانی منداڵەکانیان و تەنیا ئامێرە پێویستەکان بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.
  • پێویستە ئاشنا بن بە شێوازی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئامێرە زیرەکەکان.
  • پێویستە خۆیان لە پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵەکانیان بپارێزن.
  • دەبێ خۆیان لە بەناز پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بپارێزن.
  • دەبێ خاوەن ویست و بڕیاری خۆیان بن و لە کاتی پێویستدا بڕیار بدەن.
  • دەبێ هاوکاری و هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان دایک و باوک دا هەبێت.
  • دەبێ لە بری توندوتیژی و زمانی زبر، زمانی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکانیان بەکار بهێنن.
  • دەبێ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی مامناوەندی بێت، واتە، نە شیش بسووتێت نە کەباب.


سەرچاوەکان

200 بینین