یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-19-14:55:00 - کۆدی بابەت: 2384
یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی

ناوه‌ڕۆك

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی

ئەم یاسایە، سەرەڕای بوونی چەندین کەموکوڕی یاسایی تیایدا کە پێویست بە پێداچوونەوەیان دەکات لە لایەن یاسادانەرەوە، تاوەکو بگونجێت لەگەڵ پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی نێو دەستوور، بە یەکێک لە یاسا گرنگەکانی هەرێم هەژمار دەکرێت.

ئەم یاسایە لەم چەند بڕگەی خوارەوە دەخەینە ڕوو

گرنگی ئەم یاسایە

یاسای بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی خێانی ساڵی ٢٠١١، کە لە دە(١٠) ماددە پێکهاتووە، یەکێکە لەو یاسایانەی کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردار کردنی دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە نێو کۆمەڵگەدا دەری کردووە، ئەو توندوتیژییەی کە لە لایەن تاکە کەسێکەوە دەرهەق بە کەسێکی تر کە پەیوەندییەکی خێزانی دەیانبەستێتەوە، وەک پەیوەندی هاوسەرێتی یاخود خزمایەتی تاوەکو پلە چوار یاخود ئەو کەسەی بەپێی یاسا خراوەتە پاڵ خێزانەکەی ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئەو توندوتیژیەی کە پێچەوانەی هەموو ئاینە ئاسمانییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤی نێو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە،
ئەم یاسایە بۆ پاراستی خێزان لە لەبەریەک هەڵوەشانەوە و بەرگرتن لە توندوتیژییە بەر لە ڕوودانی یاخود چارەسەر کردنی دوای ڕوودانی.

بیرۆکە و شێوەکانی توندوتیژی خێزانی بەپێی یاسا

لە ماددە یەکی ئەم یاسایە، توندوتیژی خێزانی بەوە پێناسە کراوە کە بریتییە لە (هەر کردارێک یان ووتەیەک یان هەڕەشەکردنێک، لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێزانییەکانی بونیاتنراو، لەسەر بنچینەی هاوسەرگیری و خمایەتی تاوەکو پلە چوار ئەو کەسەی بەپێێ یاسا خراوەتە پاڵ خێزان، بە جۆرێک زیانێکی جەستەیی یاخود سێکسی یاخود دەروونی بنێتەوە و داماڵینی ماف و ئازادییەکان لە خۆوە بگرێت).
مەبەست لە خێزان بریتییە لە: کۆمەڵە کەسێکی سروشتی کە پەیوەندییەکی هاوسەرگیری یاخود خزمایەتی تاکو پلە چوار دەیانبەستێتەوە، و هەر کەسێکیش بەپێی یاسا خرابێتە پاڵ خێزان.

مەبەست لە خزمایەتی تاکو پلە چوار بریتییە لە:

  • پلە یەک: (دایک، باوک، کوڕ، کچ) لەخۆدەگرێت.
  • پلە دوو: (خوشک، برا، کوڕی کوڕ، کچی کوڕ، باپیر، داپیر) لە خۆدەگرێت.
  • پلە سێ: (مام، پلک یان پوور) لەخۆدەگرێت.
  • پلە چوار: (منداڵی مام، منداڵی پلک یان پوور) لەخۆدەگرێت.
    پیادەکردنی ئەم یاسایە، مەرجە پەیوەندی نێوان کەسی تۆمەتبار و کەسی قوربانی لەسەر بنەمای هاوسەرگیری یاخود خزمایەتی تاکو پلە چوار بێت، یاخود هەر کەسێک بەپێی یاسا خرابێتە پاڵ خێزان.

ئەو کردەوانەی کە بەپێی ئەم یاسایە بە توندوتیژی خێزانی هەژمار دەکرێن لەگەڵ مەرجەکانیان

لە ماددەی دووی ئەم یاسایەدا هەندێک شێوەی ئەو کردەوانە خراونەتە ڕوو، ئەگەر ئەنجام بدرێن ئەوا بە توندوتیژی خێزانی هەژمار دەکرێن، چ زیانی جەستەیی یاخود دەروونی یاخود سێکسی بنێتەوە، مەرجە تاوەکو کردارێک بە (توندوتیژی خێزانی) هەژمار بکرێت، لە لایەن کەسێکەوە دژی یەکێکی تر ئەنجام بدرێت کە هەردووکیان پەیوەندی هاوسەرێتی یاخود خزمایەتی تاکو پلە چوار بیان بەستێتەوە یان هەر کەسێک بەپێی یاسا خرابێتە پاڵ خێزان، بەدەر لەم حاڵەتە کردارەکە بە توندوتیژی خێزانی هەژمار ناکرێت، ئەم کردارانەش یاسا ئەنجامدانی قەدەغە کردووە و سزای دیاری کراویش بەسەر کەسی ئەنجامدەر دەسەپێنێت، کە بریتین لە:

بە زۆر بەشوودان

نابێت کەس ناچار بکرێت شوو بە کەسێکی تر بکات لەسەر بنەمای ئەوەی کەوا هاوسەرگیری لەسەر ڕەزامەندی و ئازادی هەڵبژاردن بونیات نراوە، هەرتاکە کەسێکی تر لە نێو بازنەی خێزاندا ناچار بە شووکردن بکات، ئەوا بە ئەنجامدەری تاوانێک لە تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی هەژمار دەکرێت و سزا دەدرێت، سەرباری پووچەڵ بوونی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە، ئەگەر پیاوەکە نەچووبێتە لای هاوسەرەکەی، ئەگەر چووبێتە لاشی ئەوا گرێبەستەکە بە ڕاوەستاو لەسەر مۆڵەتی ئەو کەسەی زۆری لێکراوە هەژمار دەکرێت، ئەویش بەپێی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ساڵی ٢٠٠٨.

ژن بە ژنی و بەشوودانی بچووک

مەبەست لە ژن بە ژنی ئەوەیە کە هەردوو گەورە کاربەدەستی خێزان مەرج بکەن بەوەی بەرامبەر مارە بکات، بۆیە یەکێکیان بەوەی تر دەڵێت: لێم مارە بکە، لێت مارە دەکەن، بۆ نموونە دەڵێت: کچەکەتم لێ مارە بکە، کچەکەم لێت مارە دەکەم، یاخود بڵێت: خوشەکەکەتم لێ مارە بکە، خوشکەکەم لێت مارە دەکەم، بەم چەشنە، یاسا ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەی قەدەغە کردووە و بە توندوتیژی خێزانی هەژمار کردووە، هەروەها یاسا بەشوودانی بچووکی قەدەغە کردووە و هەڵسان بەم کردارەشی بە یەکێک لە حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی هەژمار کردووە کە ئەم یاسایە سزای بۆ داناوە.

بەشوودان لە بری خوێن

بریتییە لە حاڵەتی بەشوودانی ئافرەتێک بە پیاوێک بە بێ ڕەزامەندی، بەڵکو زۆرەملێی لێکراوە تاوەکو ببێتە بەرامبەرێک یاخود بەدیڵێک بۆ بنبڕ کردنی دوژمنایەتی نێوان دوو بنەماڵە، بۆیە لە بری پێدانی پارەی خوێن، هەڵدەستن بە سوڵح کردن لە ڕێگەی بەشوودانی یەکێک لە ئافرەتەکانی ئەو عەشیرەتە یاخود بنەماڵەیە بە پیاوێکی بنەماڵەکەی تری خاوەن مافی تۆڵە. ئەم کردارەش بە یەکێک لە کردارەکانی توندوتیژی خێزانی قەدەغە کراوە بەپێێ ئەم یاسایە هەژمار کراوە کە بکەرەکەی سزا دەدرێت. 

بەزۆر تەڵاقدان

بریتییە لە حاڵەتی بەزۆر ڕازی کردنی پیاو یاخود ژن لەسەر تەڵاقدانی نێوانیان لە ژێر پاڵەپەستۆی تاکەکانی خێزان بەهۆی کێشەی دیاری کراو یاخود بە پاڵنەری تۆڵە سەندنەوە یاخود بۆ دەستەبەر کردنی مەرامێکی دیاری کراو، بکەرەکانی دوای ئەم جۆرە تەڵاقدانەش سزا دەدرێن و بەپێی ئەم یاسایە بە شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژی خێزانی هەژمار دەکرێت.

پچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتی

بریتییە لە حاڵەتی هەڵسانی کەسێک بە هاموشۆ نەکردن و سەردان نەکردنی خزم و کەسوکارەکانی بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتی لەگەڵ تاک و بنەماڵە و خزمە نزیکەکانی، یاساش ئەم جۆرە کردارانەی بە کردەوەی توندوتیژی خێزانی قەدەغەکراوی هەژمار کردووە کە یاسا بکەرەکەی سزا دەدات.

ناچارکردنی ژن لە لایەن پیاوەکەیەوە بۆ ئەنجامدانی کاری لەشفرۆشی و بەپیشەکردنی داوێن پیسی

هەر کەسێک هەڵبستێت بە ناچارکردنی هاوسەرەکەی بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی ناڕەوا لەگەڵ کەسانی تر، لە ڕێگەی لەشفرۆشی و کاری داوێن پیسی، ئەوا یاسادانەر بە ئەنجامدەری توندوتیژی خێزانی هەژمار کردووە کە بەپێی یاسا تاوانە و سزای بۆ دیاری کراوە.

خەتەنەکردنی مێینە

خەتەنەکردنی مێینە دەست درێژییە بۆ سەر مافی ئافرەت لە سەلامەتی جەستەیی و دەروونی و سێکسیدا، بۆیە یاسادانەر کارێکی بآشی کردووە بە سزادانی ئەو کەسەی بەم جۆرە کارانە هەڵدەستن و بە تاوانێکی سزادراوی هەژمار کردووە و دەقی تایبەتی داناوە بۆ ڕێکخستنی سزای ئەم کردارە، ئەویش لە ماددەی شەشی یاسای ناوبراودا، بە جۆرێک خەتەنەکردنی مێینەی بە شێوەیەک لە شێوەکانی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی هەژمار کردووە.

ناچارکردنی تاکەکانی خێزان لەسەر بەجێهێشتنی فەرمانبەرایەتی یان کارکردن بە پێچەوانەی خواستیان

هەر کەسێک تاکێک لە تاکەکانی خێزانەکەی ناچار بکات فەرمانبەرایەتی یاخود کارەکەی بە بێ ویستی خۆی بەجێ بهێڵێت، ئەم یاسایە بە ئەنجامدەری کردارێک لە کردارەکانی توندوتیژی خێزانی قەدەغەکراو و سزادراو لەم یاسایە هەژمار کردووە.

ناچارکردنی منداڵان لەسەر کارکردن و سواڵکردن و واز‌هێنان لە خوێندن

هەر کەسێک منداڵێکی ناو خێزانەکەی ناچار بکات بە هەڵسان بە کارێک یاخود سواڵکردن یاخود وازهێنان لە خوێندن، ئەم یاسایە بە ئەنجامدەری کردارێک هەژماری کردووە بەپێی یاسا قەدەغەیە و بە کردارێکی توندوتیژی خێزانی سزادراو لەم یاسایە هەژمار کراوە.

خۆکوشتن لە دەرەنجامی توندوتیژی خێزانی

هەر کەسێک هەڵبستێت بە پیادەکردنی هەر چەشنێک لە توندوتیژی لە ناو تاکەکانی خێزانەکەیدا کە پەیوەندی خزمایەتی دەیانبەستێتەوە، و ببێتە هۆی هەڵسانی کەسی قوربانی بە خۆکوشتن، ئەوا ئەم کەسە بە ئەنجامدەری کردەوەیەکی تاوانکار و قەدەغەکراو و سزادراو بەپێی ئەم یاسایە، وەک شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژی خێزانی هەژمار کراوە.

منداڵ لەباربردن لە دەرەنجامی توندوتیژی خێزانی

مندال لەباربردنی بریتییە لە حاڵەتی مردنی کۆرپەلە لە ناو سکی دایکیدا یاخود لەباربردنی پێش کاتی لە دایک بوونی سروشتی ئەو کۆرپەلەیە، ئەم یاسایەش ئەو منداڵ لەباربردنەی کە دەبێتە دەرەنجامی توندوتیژی خێزنای لەسەر ئافرەتی سکپڕ، بە تاوانێکی سزادراوی ئەم یاسایەی هەژمار کردووە.

لێدانی تاکەکانی خێزان و منداڵان بە هەر بیانوویەک

هەر کەسێک هەڵبستێت بە لێدانی یەکێک لە تاکەکانی خێزان و منداڵ لەبەر هەر هۆیەک بێت، ئەم یاسایە بە تاوانێک لە تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی هەژمار کردووە کە بەپێی یاسا سزادراوە،. ئەویش بە مەبەستی پاراستنی تاکەکانی خێزان و منداڵان بە تایبەتی لە ئەزیەت و ئازاری جەستەیی و دەروونی کە لە ئەنجامی لێدان تووشی دەبن.

ڕیسواکردن و جنێو و سووکایەتی پێکردنی خزم و کەسوکار و بە کەم تەماشاکردنی ژن و ئەزیەتدان و خستە سەر گوشاری دەروونی و پێشێل کردنی مافەکانی و بە زۆر سەرجێکردنی هاوسەرێتی، زۆربەی ئەم حاڵەتانەی باسمان کرد دەکەونە ژێر جۆری توندوتیژی دەروونی دژ بە ئافرەت، ئەم کردارانەش لە ڕوو یاساوە قەدەغە کراون و بە شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژی خێزانی سزادراو هەژمار کراون، هەموو ئەو کردارانەی باسکراون، بە نموونە باسکراون نەک بە کۆگیری، واتە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی نین بەڵکو تەنها نموونەن، واتە هەر کردارێکی تر سەربارەی ئەو کردارانەی باسمان کردن، ببێتە هۆی گەیاندنی ئەزیەت بە ئافرەت، بەو چەشنەی کە لە ماددەی (یەک)دا هاتووە، لە چوارچێوەی خێزانەوە دەبێت، ئەوا بە توندوتیژی خێزانی هەژمار دەکرێت و بەپێی ئەم یاسایە سزای بۆ دانراوە.

ئەو ڕێکارانەی پێویستە بگیرێنەبەر لە کاتی ڕوودانی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی

کۆمەڵێک ڕێکار هەن کە لە کاتی ڕوودانی هەر تاوانێک لە تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی پێویستە بگیرێنە بەر، کە ئەم یاسایە لە ماددەکانی (٢، ٣، ٤، ٥، ٦، ٧، ٨) باسی کردوون، و بریتین لەم هەنگاوانەی خوارەوە:

  • لە لایەن کەسی زیانلێکەوتوو یاخود ئەوەی لە ڕووی یاساوە نوێنەرایەتی دەکات، داوا بەرز دەکرێەتوە لە ڕێگەی هەواڵدانێک کە پێشکەسی دادگا یاخود لێکۆڵەر یاخود بەرپرسی بنکەی پۆلیس یاخود داواکاری گشتی دەکرێت.
  • ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن لەم تاوانە لە بەردەم دادگایەکی تایبەتمەندکار بە کێشەکانی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی خێزانی ئەنجام دەدرێت، هەموو ڕێکارەکانی بەردەم ئەم دادگایەش نهێنیدەبێت بۆ پاراستنی بنەماڵە و خێزان.

دادگای تایبەتمەندکار، بۆ پاراستنی کەسی قوربانی لە کاتی پێویست یاخود لەسەر داواکاری هەر تاکێک لە تاکەکانی خێزان یاخود ئەوەی نوێنەرایەتیان دەکات، فرمانێک دەردەکات وەک ڕێکاریکی کاتی بۆ پاراستنی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی، بە مەرجێک ئەم فرمانە ماوەی پاراستنەکە لە خۆوە بگرێت، دادگاش بۆی هەیە ئەم ماوەیە لە کاتی پێویست درێژ بکاتەوە.

ئەم فرمانەش ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:

  1. بەڵێننامەیەک لە کەسی سکاڵا لێکراو کەوا نزیکی کەسی زیان لێکەوتوو یاخود هەر تاکێک لە تاکەکانی خێزان نەکەوێتەوە.
  2. گواستنەوەی کەسی قوربانی لە کاتی پێویست یاخود لەسەر داوای کەسی قوربانی، بۆ نزیکترین قوربانی یاخود بنکەی تەندروستی بۆ چارەسەری.
  3. بە بڕیاری دادگا، بۆ ئەو ماوەیەی کە بە پێوستی دەزانێت، ڕێگە نادرێت کەسی سکاڵا لێکراو بچێتە ناو مەنزڵگەی خێزانی ئەویش لە حاڵەتی مەترسیداربوونی کەسی سکاڵا لێکراو یاخود هەر تاکێک لە تاکەکانی خێزان.
  4. لە حاڵەتی سەرپێچی کردنی فرمانی پاراستنی دەرکراو لە لایەن دادگای تایبەتمەندەوە ئەوا کەسی سەرپێجیکار بە بەندکردن یاخود بە غەرامەکردنی کە لە (سێ سەد هەژار دینار کەمتر نەبێت) سزا دەدرێت

پێویستە لەسەر دادگای تایبەتمەند لایەنەکانی سکاڵا ڕەوانەی لیژنەیەک بکات کە لە چەند شارەزا و پسپۆڕێک پێک دەهێنرێت بۆ چاکسازی نێوانی هەردوو لایەن پێش ڕەوانەکردنی کێشەکە بۆ دادگای تایبەتمەند، ئەویش لەو کێشانەی کە دەشێ سوڵحیان تیابکرێت کە لە ماددەی (٣)ی یاسای بنەچەکانی دادگایکردنە تاوانکارییەکاندا دەقی لەسەر کراوە، جگە لەم تاوانانە، لایەنی تاوانەکانی تری توندوتیژی خێزانی ڕەوانەی لیژنەی چاکسازی نێوان لایەنە ناکۆکەکان ناکرێت، بەڵکو دادگا ڕاستەوخۆ سەیری داوایەکە دەکات.
لە حاڵەتێک ئەگەر لە لایەن دادگاوە ئەو کردەوەی ڕوویداوە بە شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژی خێزانی بەپێی مەرجەکانی نێو ئەم یاسایە هەژمار کرا، ئەوا بکەرەکەی سزا دەدرێت، سزایەکەش لە هەردوو ماددەی (٦، ٧)ی ئەم یاسایەدا بە سزای بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (شەش مانگ کەمتر و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت و غەڕامەکەیک کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یاخود بە یەکێک لەم دوو سزایە) دیاری کراوە، لەگەڵ بەجێهێنانی هەر سزایەکی توندوتر کە لە یاسادا بەرکارەکانی هەرێمدا دەقی لەسەر کراوە، هەروەها بۆمان دەردەکەوێت یاسادانەر دەقێکی تایبەتی دەربارەی سزای خەتەنەکردنی مێینە دیاری کردووە، کە بەپێی ماددەی شەشی ئەم یاسایە لە هەندێک حاڵەتی دیاری کراودا سزایەکی توندتر کردووە.

 


سەرچاوەکان



7287 بینین