قۆناغی ڕاگواستنی ساڵانی (١٩٦٨-١٩٨٠)

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-19-23:30:00 - کۆدی بابەت: 2410
قۆناغی ڕاگواستنی ساڵانی (١٩٦٨-١٩٨٠)

ناوه‌ڕۆك

قۆناغی ڕاگواستنی ساڵانی (١٩٦٨-١٩٨٠)

ئەم قۆناغە بە توندترین و شۆفینیترین قۆناغی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی عەرەبی دادەنرێت، کە دەسەڵاتدارانی عێراق پێیان وابوو کێشەی کورد بە بنبڕکردنی کورد چارەسەر دەبێت، بۆیە سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن، لە مێژوو سیاسی عێراق دەچێتە قۆناغێكی جیاوازەوە. تا ئەندازەیەکی زۆر شێوازی بەعسیەکان لە جۆری ڕەفتارکردن لەگەڵ گەلە ژێر دەستەکانیاندا، لە تاکتیک و رێوشوێنی نازییەکان دەچوو. بۆ نمونە لە مادەی حەوت، کە لە کۆنگرەی دامەزراندنی یەکەمی حیزبی بەعس پەسەندکراو، (کوردستانی بە بەشێک لە نیشتمانی عەرەبی داناوە). ئەم قۆناغەی حیزبی بەعس بە دڕندانەتر لە قۆناغەکانی پێشتر دادەنرێت، لە کوشتن و سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان، بۆ نمونە لە (١٩ی ئابی ساڵی ١٩٦٩) هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هەردوو گوندی (دەکا) و (خورت)، کە دەکەونە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ لە ناوچەی ئاکرێ، بووە هۆی سوتاندنی هەردوو گوندەکەو ئاگرتێبەردانی (٦٧) شەست و حەوت ژن و منداڵ و پیر، کە لە ئەشکەوتێکی نزیک گوندەکە خۆیان حەشار دابوو. لە (١٦-٩-١٩٦٩) هێرش بۆ سەر گوندی (صوریا) لە سێگۆشەی سنووری عێراق و تورکیا و سوریا، (٦٠) کەس لە دانیشتوانە سڤیلەکەی گوللەباران کران. 
هەرچەندە مانگی ئاداری ١٩٧٠ ڕێکەوتننامەی ئادار لە نێوان بزوتنەوەی کورد و حکومەتی عێراق مۆرکرا، کە دانپێدان بوو بە مافی ئۆتۆنۆمی گەلی کورد لە هرێمی کوردستان. بەڵام بەر لە ڕاگەیاندنی یاسای ئۆتۆنۆمی ژمارە (٣) ساڵی ١٩٧٤، حکومەت دەستیکرد بە جێبەجێکدنی بە پەلەی سیاسەتی بە عەرەب کردن و ڕاگواستنی دانیشتوانی ناوچەکانی کەرکوک و خانەقین و زمار و شەنگال و شێخان. لە ساڵی (١٩٧١-١٩٧٢) زیاتر لە (٤٠٠٠٠)چل هەزار کوردی فەیلی ناسنامەی هاووڵاتی بوونی عێراقییان لێسەندرایەوە و ڕەوانەی سنوورەکانی ئێران کران. ئەم ژمارەیەی کوردە دەرکراوەکان تا کۆتای ساڵی (١٩٨٠) گەیشتە نزیکەی (٢١٥٠٠٠) دووسەد و پازدە هەزار کەس. بە پێی ئامارەکانی خاچی سوورد و مانگی سووری نێودەوڵەتی بە (٤٠٠٠٠٠) چوارسەد هەزار هاوڵاتی مەزەندە دەکرێت. لە ساڵی (١٩٧٣) هەڵمەتی گرتن  و ڕاوەدوونانی کوردی ئێزیدی لە دەڤەری شەنگال دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن زێدی خۆیان چۆڵبکەن و بەرەو ناوچە کوردنشینەکانی تر کۆچ بکەن. بە بەردەوامبوونی لەسەر ئەم سیاسەتە ناوچەکانی ئاکرێ و شێخانیشی گرتەوە، هەروەها حکومەتی عێراق هەر بەوەشەوە نەوەستا لە ڕێکەوتی (٢٤/٣/١٩٧٤) هێرشیکی ئاسمانی دڕندانەی کردە سەر شاری قەڵادزێ، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی (١٦٣) سەد و شەست و سێ کەس و بریندارکردنی (٢٥٠) دووسەد و پەنجا هاووڵاتی> لە ژمارەیەکی زۆری خوێندکاری زانکۆی سلیێمانی تێدابوو، زانکۆکەشی بە تەواوی خاپوورو وێرانکردن، هەر لەم ماوەیەدا لە سنووری شاری کەرکوک چەندین گەرەکی نوێ بۆ نیشتەجێکردنی خێزانە عەرەبە هاوردەکان دروستکران. جێی باسە هەر لە چوارچێوەی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان، بەعس هەڵمەتێکی بەرفراوانی ناوگۆڕینی شار و شارۆچکە کوردیەکانی دەستپێکرد، وەک نمونە: قرە هەنجیر : (الربیع)، سەرگەڕان: (القدس) ...هتد.
دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر ساڵی (١٩٧٥) و هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول، دەستی حکومەتی عێراق کراوەبوو، بۆ جێبەجێ کردنی زیاتری سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد، بەڵام ئەمجارەیان  بە پێی نەخشەیەکی پلان بۆ دارێژراو ئەنجامدرا، نەک لەو ناوچانەی کە فرە نەتەوەبوون، بەڵکو ئەمجارەیان ناوچە زۆرینە کوردییەکانیشی گرتەوە. بە ڕاگوێزانیان بۆ کۆمەڵێک شوێنی دیاریکراو، کە بەعسییەکان ناویان نابوو (گوندی هاوچەرخ)، کەچی لە ڕاستیدا ئۆردوگای زۆرەملێ بوون. بێجگە لەم ژمارە زۆرەی هاوڵاتیانی کورد، کە بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق، بە تابیەتی هەدوو شاری (ناسریە و دیوانیە)، ساڵی (١٩٧٥) زیاتر زیاتر لە (٢٠٠٠٠٠) دووسەد هەزار  کورد لە کوردستانەوە بەرەو ناوچەکانی باشووری عێراق ڕاگوێزران. لە مانگی یازدەی ١٩٧٥ کۆمەڵەی گەلانی هەڕەشەلێکراو لە ئەڵمانیا - گویتنگن، لەگەل کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە هۆڵەندا، ڕایانگەیاند ژمارەی ڕاگوێزراوان گەیشتۆتە (٢٠٠٠٠٠)دووسەد هەزار کەس و (١١٦) دەد و شازدە گوند وێرانکران. (٢٥٠٠٠) بیست و پێنج هەزار کوردی ئێزیدیش  لە شەنگال ڕاگوێزران. ئەم شاڵاوی ڕاگواستنە بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک تا سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ ژمارەی کوردە ڕاگوێزراوەکان دەگاتە (٧٠٠٠٠٠) حەوت سەد هەزار کەس، کە لە (١٢٢٢) هەزار و دووسەد بیست و دوو گوند شاڵاوەکە ئەنجامدرا. 


سەرچاوەکان



1095 بینین