ئەسپی دەریا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-10-17:37:00 - کۆدی بابەت: 3045
ئەسپی دەریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەسپی دەریا (بە ئینگلیزی: hippopotamus)، گەورەترین شیردەری وشکاوەکی سەر ڕووی زەوی نییە، بەڵام گەورەترین نەوەی فیلە تاک قۆچەکانە، نێرینەی ئەم ئاژەڵە بە درێژایی تەمەنی لە گەشەکردن بەردەوامە، کە تەمەنی دەکرێت بگاتە ٥٠ ساڵ، بەڵام مێینەکان لە نیوەی تەمەنیاندا دەگەنە ئەوپەڕی گەشەکردنیان واتە لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا گەشەکردنی دەوەستێت، ناوی ئەسپی ئاوی لێنراوە لە لایەن یۆنانییەکانەوە چونکە خواستێکی زۆری هەیە بۆ مانەوە لە نێو ئاودا، هۆکاری دووەمیش دەنگیەتی کە هاوشێوەی حیلەی ئەسپە، دوو جۆری سەرەکی هەیە باوترینیان ئەسپی دەریای باو و بڵاوە کە لە ڕووبار و دەریاچەکانی ئەفریقا و باشووری بیابانی گەورە دەژین، جۆری دووەم ئەسپی دەریای کورتەباڵایە کە قەبارەکەی هاوشێوەی بەرازێکی گەورەیە، ئەم جۆرە کاتی کەمتر بەسەردەبات لە ئاودا بەبەراورد بە جۆرە سەرەکییەکە، بەڵام ژمارەیان زۆرترە و لە لیبیریا دەژین، لە ئێستادا تەنها ئەم دوو جۆرە هەن بەڵام لە ڕابردوودا ئەسپە دەریاییە کورتەباڵاکان ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازیان هەبووە، کە هەندێکیان قەبارەیان زۆر گەورەتر بووە و هاوتا بووە بە مانگایەکی مەدەغەشقەری.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی هاوشێوەی لوولەیەکی گەورەیە لەگەڵ پەلی کورت کە لەسەریڕاگیربووە، نێرینە گەورەکان دەکرێت کێشی بگاتە ٣ تەن واتە ٣٠٠٠ کیلۆگرام، درێژییەکەی بگاتە ١٧ پێ واتە نزیکەی ٥ مەتر و بەرزییەکەی دەگاتە ١٥٠ سانتیمەتر، بەڵام مێینەکەیان قەبارەیان بچووکترە بە جیاوازییەکی کەم، کە هاوشێوەی نێرینەکان بەهێزن و توانای بەرگریکردنیان هەیە، لەگەڵ قەبارە و کێشە گەورەکانیاندا دەتوانن بە درێژایی ڕووبارەکان مەلە بکەن، هەروەها بازدەدەن کە شێوازی بازدانەکەیان هاوشێوەی بەرازەکانە.

خۆراک

ئەم ئاژەڵانە ڕووەکخۆرن و بە شەودا چالاکن، دوای خۆرئابوون دەتوانن ٦ میل ببڕن بۆ خواردنی گژوگیا و خۆراکی پێویست، بە شەوێک زیاتر لە ٣٦ کیلۆگرام خۆراک دەخوات، بەڵام جۆرە بچووکەکان واتە ئەسپی دەریای کورتەباڵا گەڵا و چڵی درەخت دەخوات لە بری گژوگیا، لەکاتی گەشتکردن بۆ خۆراکیان هەموو نێرینەکان دەچن، مێینەکان تەنها یەک دانەیان دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاری کردن لە بێچووەکان و ئەوانی دیکەش هاوشێوەی نێرینەکان بۆ خۆراک دەڕۆنە دەرەوە.

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەکان هەموو دوو ساڵ جارێک یەک بێچوویان دەبێت، لەتەمەنی ٣ یان ٤ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، ماوەی سکپڕییەکەی نزیکەی ٨ مانگ دەخایەنێت، بێچووەکان کاتی لەدایکبوونیان کێشیان نزیکەی ٤٥ کگم دەبێت، دەکرێت لە وشکانیدا شیری پێبدێت، لەنێو ئاویشدا کە گوێچکەکان و لوتیان دادەخەن، بێچووەکان ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوونیان توانای مەلەکردنیان هەیە، دایک و بێچووەکان دەگوازرێنەوە بۆ جێگەی پارێزراو و دوور لە تیمساح و شێر و کەمتیارەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕاوکردنی بێچووەکانیان، دوای ٦-٨ مانگ لە شیر دەبڕێنەوە و توانای خواردنی گژوگیایان دەبێت.

تایبەتمەندییەکانی

ئەسپە دەریاییەکان پێکەوە و بە کۆمەڵە دەژین، ڕۆژانە ١٦ کاتژمێر لە نێو ئاودا دەمێننەوە بۆ پاراستنی جەستە گەورەکانیان لە تیشکی خۆری بە هێز و گەرمی ئەفریقا، زۆرینەی کاتەکەش خەوتون، هەروەها دەتوانن هەناسەدانیان ڕابگرن بۆ ماوەی  ٥ خولەک، لە کاتی خۆرئاوابووندا دەڕۆنە دەرەوەی ڕووبارەکان و دەجوڵێن بەرەو وشکانی، ئەسپی دەریا لە ناوچەی برۆکانیدا ترشێکی سوور و پرتەقاڵی دەردەدات پێی دەترێت ئارەقی خوێن کە بۆ پاراستنی جەستەیەتی لە بەکتریاکان و تیشکی خۆر و هێشتنەوەی بە شێداری، بەهۆیەوە قسەڵۆک لە نێو خەڵکیدا هەیە بەوەی ئارەقی ئەسپی دەریا خوێنە، کە لە ڕاستیدا دروست نییە و ئەسپە دەریاییەکان هیچ ڕژێنێکی تایبەت بە ئارەقکردنەوەیان نییە، هەروەها ئەسپی دەریا لە کاتی هەستکردن بە مەترسی دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٣٠ کیلۆمەتر ببڕێت.

مەترسییەکانی ئەسپی دەریا

سەرەڕای ئەوەی قەبارەیەکی زۆر گەورەی هەیە و دەبێتە مەترسی بۆ ئەوانەی کە نزیک دەبنەوە و دەچنە ناوچەی نیشتەجێبوونییەوە، بەڵام ئەسپی دەریاکانیش مەترسی لەناوچوون و هەڕەشەیان لەسەرە بەهۆی ڕاوکردنیانەوە، ئەسپی دەریا لە زۆرترینی ئەو شیردەرانەیە کە بە بکوژ ناسراون، ساڵانە لە ئەفریقا نزیکەی ٥٠٠ کەس دەکوژن، و لە کاتی پاراستنی بێچووەکەیدا مەترسیدارترە کە کەڵبە و ددانەکانی بەکاردەهێنێت و ئاژەڵ بێت یاخود مرۆڤ دەیکوژێت، هەروەها لە کاتی گەڕان بەدوای خۆراکدا بەهۆی گەورەیی قەبارەی جێی پەلەکانی جێگەیەکی زۆری ناوچە کشتوکاڵی و چێنراوەکان زیانیان پێدەگات.


سەرچاوەکان

1009 بینین