پێداویستییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-23-19:59:00 - کۆدی بابەت: 3594
پێداویستییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە

ناوه‌ڕۆك

پێداویستییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە

ڕامان و سەرسامبوون و واق وڕامان

گرنگترین سیفەتی مرۆڤ لە پاڵ گردبوونەوە و بەکۆمەڵ بوونیدا، لەوەدایەکە مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە، سەبارەت بە بوونی خۆی و شتەکانی دەوروبەری پرسیار بکات، مرۆڤ کە بۆ یەکەمجار هۆش و هەست دەکات بە جۆرێک خۆی دەسەلمێنێت کە پێویستی بە لێکدانەوە نەبێت، بەڵام ئەم حاڵەتە زۆر ناخایەنێت، چونکە دوایی پرسیار دەکات، ئەو پرسیارکردنەش بریتییە لە فەلسەفە، پرسیارکردن مرۆڤ تووشی سەرسامبوون و واق وڕامان دەکات، ئیتر چەند ئاستی بیرکردنەوەی نزم بێت، پرسیارەکانی لەمەڕ نهێنی ئەو شتانەی کەهەن کەمتر دەبێت، بەڵام چەندە هۆشیاری مرۆڤ ڕوون و فرەبێت، کێشەکەی بەلاوە گەورەتر دەبێت و، ئەو کاتە ڕامان و سەرسامییەکەی دەبێتە واق و وڕامان و دوای ئەوە بڕیاری ئەوە دەدات کە شت بزانێ. 

 گومان و تاقیکردنەوەی زانیاری

لە ڕاستیدا گومانکردن تایبەتمەندییەکی ژیرێتی مرۆڤە، گومان کاتێک سەرهەڵدەدات کە زانیارییە هەستییەکانی مرۆڤ وا دەکەونەوە کە خەڵەتێنەرن (وەک: تێنوو تەراویلکە (سەراب)ـی ئاو دەبینێ، تادار هەست بە تامی ئاو ناکات لە کاتی داگرتنی لەرزوتادا، بەچاو دیتنی قەبارەی خۆر وەک فتبۆڵێک، نەبینی ڕەنگ لە لایان کوێرانەوە، بەخواری، یان بە شکاوەیی دیتنی قەڵەمێک (پێنووسێک) لە نێو ئاودا ...هتد)، لەمەوە گومان لای مرۆڤ دروست دەبێت، چونکە وا هەست دەکات کە ژیریی و هۆشی مرۆڤ لە دژواریدایە، (هەروەک ئەم هەموو ڕاو بۆچوون و بڕیار و باوەڕە جیاجیانەی لە ئارادایە، تا ئەو ڕادەی فەرمان دانی جیاواز لەسەر تاکە شتێک دەدرێت لەلایەن کەسانێکی زۆرەوە). هەروەها مرۆڤ لای وایە، ئەو زانیارییانەی خەڵکی بە هۆی لاسایکردنەوە پەیدایان کردووە، پشت بە خۆبەدەستەوەدان دەبەستێت کەلەوانەیە هیچ بنچینەیەکی نەبێت، ئینجا گومان لە ناخ و بیریدا دەروژێنێت، بۆیە دەکەوێتە خۆی بۆ گەڕان بەدوای زانیارییە راست و دروستەکان (کە گومان هەڵناگرن).

 ترس لە کاری نەبینراو

بەشێکی زۆر لەو کێشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، کە مرۆڤ دەخاتە دڵەڕاوکێوە، وەک: مەرگ و نەخۆشی و ئێش و ئازار و تێکۆشان لە ژیاندا، ملکەچێتی بۆ ڕیکەوت و هۆکارە نادیارەکان و شتی دیکە، هەموو ئەمانە سەرچاوەیەکن لە سەرچاوە بنچینەکانی فەلسەفەکاری.

بەیەکگەیشتن و گفتوگۆی نەوەکان

بەیەکگەیشتن و پەیوەندی نەپساندن لە تەک کەسانی دیکەدا، گرنگترین هۆکارە و، یەکێک لە فەیلەسووفە نوێیەکان لەو باوەرەدایە بەهای فەلسەفە بەستراوە بە پەیوەندی خەڵکی بە یەکدییەوە، چونکە هەرچی فەلسەفە هەیە هەوڵی ئەوە دەدات بگاتە خەڵکی دی و خۆی بناسێنێت و دەربکەوێت و خەڵکی بیبیسن،  چونکە مرۆڤ بەیەکگەیشتن و پەیوەندی نەپساندن دەگاتە ئامانجی فەلسەفە. لە کۆتاییدا هەست بە هەموو ئامانجەکانی دیکەی دەکات لە تێگەیشتن لە بوون (الوجود) و ئارامبوون.


سەرچاوەکان



972 بینین