جیاوازی فەلەسەفەکاری ئاسایی و رێکخراو پوخت 

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-23-21:05:00 - کۆدی بابەت: 3599
جیاوازی فەلەسەفەکاری ئاسایی و رێکخراو پوخت 

ناوه‌ڕۆك

فەلسەفە

فەلسەفەکانی چالاکییەکی گشتی مرۆڤانەیییە، بەڵام چەند ئاستێکی هەیە، لەوانە ئاستی فەلسەفەکاری ئاسایی، یان ناتەیبەتمەد یان سادە، یان ناڕێک، ئەمەش ئەو ئاستەیە کە لای زۆرینەی خەڵک (رەمەکی خەڵک) دەردەکەوێت، هەروەها لە ڕێگەی (پەند) و قسەی نەستەقی باو و، لە داستانە دێرینەکاندا و لە هۆنراوە و هونەر بە گشتی دەردەکەوێت. بەڵام ئاستی (فەلسەفەکاری) ڕێکخراو و پوخت ئەوە لە فەلسەفە ناسراوەکان دەیانبینین و ناوی ئەو فەیلەسوفانەی بە درێژایی مێژوو ناسراون. 

گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان هەردوو ئاستی فەلسەفەکاری

١. کێشەی زمان

 لە کاتێکدا مرۆڤێکی ئاسایی بە زمانێکی سادە فەلسەفەیەکی ئاسایی دەردەبڕێت، کە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەیەتی، بەڵام فەیلەسووفەکان لە ڕێی زاراوەی هونەری ورد و پوختەوە بیروڕایان دادەڕێژنەوە، کە دەبێت فێرییان ببین، وەک چۆن فێری زاراوە تایبەتمەندەکانی هەر زانستێک دەبین، لە هەمان کاتیشدا ئەو زاراوە هونەرەییانە دەبنە گەورەترین کۆسپ و بەربەستی تێنەگەیشتن لە نێوان زۆربەی فەیلەسووفان و خەڵکی ئاساییدا، بەڵام ئەو کۆسپانە هەرزوو کەمدەبنەوە دوای فێربوونی زاراوە و خوێندنەوەی بەردەوام، زاراوە لە هەموو زانستێکدا گرنگە، وازلێهێنان و دەست لێبەردانی ئەستەمە، چونکە هێندە وردی و چڕی تێدایە، هەر زاراوەیەک جێی ڕستەیەکی تەواوی ئاخاوتنی ئاسایی دەگرێتەوە.

٢. بیرۆکە (هزر)

ئەو بیر و هزرانەی کە لە فەلسەفەی ئاساییدا هەن لێل و شاراوەو نادیارن، بەڵام لە هزر و بیری فەلسەفەی ڕێکخراو و پوخت دا ئاشکراو ڕوونن. فەلسەفە لە بیرکردنەوەی ئاساییدا، لە قۆناغی کۆرپەلە یان لەشێوەی سەرەتایی دایە، کەچی لە فەلسەفەی پوخت دا بوونەوەرێکی تەواو پێگەشتووە.

٣. کێشەی ڕێکخستن و گونجان

ئەو بیروڕایانەی لە ئاستی سادە، یان ئاساییدان، رێکخستن و گونجانییان تێدا نییە، کەچی لە ئاستی رێکخراو  و پوخت دا بە شێوەیەکی گشتی رێکخستن و گونجان و پێوەلکانێکی بەهێز دەبینین، ڕێبازی فەلسەفە لەم جۆرەدا بونیادێکی بتەوی هەیە.

٤. پچران و بەردەوامێتی

فەلسەفەکانی ئاسایی پچرپچرە، بەڵام فەلسەفەکانی رێکخراو پوخت حاڵەتێکی بەردەوام و هەمیشەییە لای فەیلەسووف. فەلسەفەکاری هەروەک ئەوە وایە کە چۆن هیچ کەسێک بە شووشەچی، ناو نابەین، تەنیا ئەوانە نەبێت کە بەردەوام خەریکی شووشە تێگرتن و دروستکردنی شوشەن. هەرواش مامەڵە لە گەڵ فەلسەفەکاری دا دەکەین، ئەگەر بە وردی وشەی فەیلەسوود بەکاربێنین، ئەوا هەرگیز بەو کەسە ناڵێین فەیلەسووف کە جاروبار دەڕوانێتە شتەکان و لێیان ڕادەمێنێت، یان گومانیان لێدەکات، بەڵکو بەو کەسە دەڵێن فەیلەسووف کە هەمیشە و بەردەوام خەریکی ئەم کارەیە و وای لێکردووە ببێتە گرنگترین مەبەستی ژیانی، و لێکۆلینەوە لە بارەی سروشتی شتەکان دەکات وهۆکارێک بێت بۆ بیر و بۆچوونەکانی و زیادکردنی ئەو زانیاریانەی کەسانی دیکە لەوەو پێش پێی گەیشتوون و ئەوەی لەبارەی ئەو مەسەلانەی دەگوترێ و بیرمەندانی دیکە بیری لێ دەکەنەوە.

٥. ڕوونی هۆشیاری و لێڵیەکەی (نادیاری)

دەبینین مرۆڤ لە قۆناغەکانی یەکەمی ژیانیداو لە ژیانی ئاسای خۆیدا، گەلێ شێوەی هۆشیاری و جیاجیای تێدا هەبووە، لە هونار و زانست و ئەفسانە و بیروباوەڕ و شتی دیکەدا، بەر لەوەی هۆشیاری رێکوپوختی تێدا دەربکەوێ، لەو سەردەمەدا زانستێکی سەربەخۆ و تایبەی بە کۆمەڵ، یان سروشت، یان مرۆڤ نەبووە، هەروەها هەست و پێزانینی کۆمەڵایەتی تەنیا کەسێک لەتەک کۆمەڵ، یان خێڵ هاوجووت بوون واتە یەک بوون، لە بەر ئەوە هەست و هزریان و رەوشتیان و جوانی و جوانکاریشیان چوون یەک بوون ، بەڵام لەقۆناغی بیرکردنەوەی رێک  و پوخت دا، کە بەدوای قۆناغی یەکەمدا هاتووە ئەم هەست و پێزانییە لە ڕووی ناوەڕۆک و ڕووخسارەوە گۆڕدراوە، چوونکە دەزگا و رێکخراوەکان هاتونەتە گۆڕێ وەک دەوڵەت و پۆلید و سوپا، کردارەکانیش دابەش بوو بۆ هزری و جەستەیی، هەست و پێزانینی ڕێکخراو و پوخت سەرهەڵدەدات و زانستەکان لە یەک جیادەبنەوە، شتەکان بەلای مرۆڤی ئاساییەوە بەو شێوەیە بوو  کە دەیبینی، بۆ نموونە هیچ گومانی لەوەدانەبوو کە زەوی ناجوڵی واتە تێڕوانینی بەشێوەیەکی ئەوتۆیە کە هیچ شیکردنەوە و ڕەخنەیەکی بۆی نییە ئەمەش تێروانینێکی واقعیانەی سادەیە، هەروەها بۆچونەکانیشی پشت بە هەست و نەستی دەبەستێ و تێبینیەکانیشی پەرت و بڵاون، هیچ جۆرە چەمک و دەستەواژەیەکی گشتی لە بیردۆز و یاسا بە یەکیان نابەستێتەوە، بۆ نموونە ئاسن و مس و زێر دەناسێ و بەکاریان دێنێ، بەڵام هیچ جۆرە چەمکێکی گشتی بەکرداری لەبارەی کانزاو لە بەرەی ئەم یاسایانەوە لانییە کە حوکم بەو کانزایانەوە دەکەن.


سەرچاوەکان



1022 بینین