کانزاکاری

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-24-13:42:00 - کۆدی بابەت: 3616
کانزاکاری

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری کانزاکاری

بە دەرهێنانی کانزای ناوجەرگەی زەوی دەگوترێت (پیشەی کانزاکاری)، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چآخەکانی پێش مێژوو، کاتێک کە ئادەمیزاد خەریکی کانزاکاری بوو بۆ دروستکردنی پێویستییەکانی خۆی و یەکەم کانزاش کە سەرنجی ئادەمیزادی ڕاکێشاوە زێڕ بووە، کە لە ژیانی کرداری خۆیدا سوودی لێ وەرنەگرتووە، و لە دوایدا کانزای مسی ناسیوە، ئینجا تەنەکە دۆزرایەوە و کارتێکردنی کانزا لە ژیانی مرۆڤدا بە ئاشکرا دەرکەوت و وردە وردە بۆ دروستکردنی چەک و قاپ و قاچاخ و کاسە و کەوچک بەکاری هێناون. چاخەکانی پێشکەوتنی مرۆڤ بە ناوی ئەو کانزایانەوە ناونراوە کە بەکارهێنراون. کانزا بەردەوام دەورێکی باڵای لە ژیانی مرۆڤدا بینیوە، تا وای لێهات لە کاتی ئێستادا پێویستترە لە جاران و مرۆڤ دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی کانزای ئەوتۆ کە لەمەوبەر نەیناسیون و لە پیشەسازییە گەشە کردووەکەی بەکاریهێنان.

ئەو بنچینانەی لە کانزاکاریدا پشتیان پێ دەبەسترێت

  1. ئەو نیشآنە سروشتییانەی کە لە کانزا خاوەکانی ژێر زەویدا هەن، ئەمەش ڕێگەی بەکارهێنان و دەرهێنانی ئەم کانزایانە دیاری دەکات، هەروەها کار دەکاتە سەر ڕواڵەتی مرۆڤیش لە ڕێگەی گواستنەوە و کارگە و خانوەکانەوە.
  2. نرخی ئابووری کانزا خاوەکان ئەمەش شوێنی پێکهێنانە کانزاییەکان ڕێژەی کانزاکە لە خاوەکەدا و بڕی ئەو کانزایەی کە هەیە دەگرێتەوە. ئەمە سەرەڕای چەند هۆیەکی تری وەکو ئاسانی بەکارهێنان و داواکردنی کانزاکە و ئاسانی گواستنەوە و هۆیەکانی تر.

ڕێگەکانی کانزاکاری

ڕێگەی کانزاکاری پشت بە چەشنی کانزاکە و پێشکەوتنی هونەری کانزایی و پیشەسازییەوە دەبەستێ. هەندێک کانزا بۆ دەرهێنانیان لە ناو جەرگەی زەوی پێویستیان بە چەند ڕێگەیەکی ئاڵۆز و گران هەیە، بەڵام هەندێكی تریان تەنها پێویستیان بە کرداری ئاسان هەیە بۆ دەرهێنانیان.

  • ڕێگەی کانزاکاری لەو کانانەی کە کراوەن

ئەگەر کانزا خاوەکە لە ڕووی زەوییەوە نزیک بوو، باشترین ڕێگە بۆ کانزاکاری بریتییە لە لابردنی چینەکانی سەرەوەی توێژاڵی زەوی و هەوڵدان بۆ وەبەرهێنانی کانزاخاوەکە. ئەم ڕێگەیەش لە زۆر ناوچەی جیهاندا پەیڕەو کراوە و بە ڕێگەیەکی ئابووریش دادەنرێت چونکە خەرجی بەرهەم هێنان کەمترە و هیچی ناوێت تەنیا مەکینە و ئامێری تایبەتی نەبێت بۆ لادانی چینەکانی سەرەوەی توێژاڵی زەوی. باشترین نموونەش بۆ ئەوە کانزاکاری ئاسنە لە ناوچەی (میساپی) لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای دەریاچەی سۆپەریۆر کە پێکهاتووە ئاسنەکان لە ڕووی زەوییەوە زۆر قوڵ نین، هەروەها ناوچەی (کیرۆنا جلڤاری) لە سیود و (کریڤۆری ڕۆج) لە ئۆکرانیا، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەم ڕێگایە تایبەتە بە کانزاکاری ئاسنەوە، بەڵو بۆ دەرهێنانی کانزاکانی تریش بەکاردێت، وەک مس، هەروەها لە دەرهێنانی خەڵووزیشدا پەیڕەو دەکرێت.

  • کانزاکاری بە شێوازی بیری قووڵەوە

ئەم ڕێگەیەش لەو ناوچانەدا بەکاردەهێنرێت کە کانزا نیشتووەکان لە ڕووی توێژاڵی زەوییەوە دوورن، بۆیە بیری قووڵ هەڵدەکەنرێت کە هەندێ جار دەگاتە (٣کم)، وەکو کانەکانی (رند) بۆ زێڕ لە باشووری ئەفریقا و کانە زێڕەکانی (میسۆر) لە هیندستان کە قوڵاییان دەگاتە (٣٠٠٠)م. گەلێک کانزا بەم ڕێگەیە دەردەهێنرێن و نزیکەی ٨٠٪ـی خەڵووزی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەم ڕێگەی دەردەهێنرێت. هەرچەندە کە ئەم ڕێگەیە زۆری تێدەچێت، چونکە پێویستی بە هۆی بەرهەمهێنانی گەورە و زۆر دەبێت، بەڵام چەند خاسییەتێکی تری هەیە، لەوانە، دەتوانرێت لە هەموو بارێکی ئاو و هەوادا دەربهرێنرێت، بە پێچەوانەی ڕێگەکەی تر کە باری سروشتی سنووری بۆ دادەنێت.

  • شێوازی کانزا پوختەکردن لە پێكهاتووە نیشتووەکاندا

بە ڕێگەیەکی ئاسان و کۆن دێتەدی، نە سەرمایەکی زۆر و نە ئامێری تایبەتی و ئاڵۆزیشی دەوێت، بەڵکو لە زۆر کاتدا پێویستی بەوە هەیە کە ڕووی ئاوێکی بەخوڕێ تێبکرێت تا کار بکاتە سەر ورد بوونی نیشتووەکانی و پاڵیان پێوە بنێت بۆ بەنداوێک کە ماوەی نیشتنیان دەدات، ئینجا کانزاکە کە لەسەر یەک دەنیشێ و لە پشت بەنداوەکە کۆدەکرێتەوە. ئەو کانزایانەش کە بەم ڕێگەیە پوختە دەکرێن زێڕ و تەنەکە و پلاتین و ئەڵماس و هی ترن. ئەم ڕێگەیە لە گەلێك ناوچەی جیهاندا بەکار دەهێنرێت و نزیکەی ١٠٪ـی زێڕی جیهان بەم ڕێگەیە دەردەهێنرێت، هەروەها پلاتینیش.

ئەو هۆیانەی کار دەکەنە سەر وەبەرهێنانی کانزا

هۆی جیۆلۆجی و جوگرافیایی بە ڕآدەیەکی زۆر کار دەکەنە سەر دیاری کردنی جۆر و ناوچەی ئەو کانزایانەی بەکەڵکی وەبەرهێنان دێن، بەڵام لێرەدا باری مرۆڤ کە پەیوەندی بە کانزا بەرهەمهێنانەوە هەیە، گرنگییەکەی لە هۆیەکانی پێشەوە کەمتر نییە، وەک پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی و سەرمایە و بازاڕ و سیاسەتی دەوڵەتان و شتی تر. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین لە بەرهەمهێنانی کانزادا دەستنیشانی گرنگترین هۆیە کاریگەرەکان بکەین

  • قەبارەی نیشتووەکان و ڕێژەی کانزا لە خاوەکاندا

ڕێژەی کانزا و پاکییەکەی بە ڕادەی برەوی وەربەرهێنانی دیاری دەکرێت. کان هەیە پلەی زۆر بەرزە وەکو ئەو کانە ئاسنانەی کە ڕێژەی کانزا لە خاوەکەیاندا لە ٥٠٪ زیاترە و مس لە نێوان ١-٥٪ و زێڕ لە ١-٠.٠٠٠٤   بەڵام ئەگەر ڕێژەکە لەمە کەمتر بوو، ئەوا کانزاکە لە رووی ئابوورییەوە بە نرخدار دانانرێت و وڵات ناچآر دەکات کە لەجیاتی ئەوەی بەرهەمی بێنێ، لە دەرەوە بیهێنێ.

  • دووری ماددە خاوەکە لە ڕووی زەوییەوە

دەرهێناننی کانزا لە کانە قووڵەکاندا زۆرتری تێدەچێ لەچاو وەبەرهێنانی ئەو کانزایانەی کە لە توێژاڵی زەویدان، یان لە توێژالی زەوییەوە نزیکن.

شوێنی جوگرافی

ئەم هۆیە دەورێکی دیار و بنەڕەتی لە بەرهەمهێنانی کانزادا دەبینێت. کانزا هەیە بە باشی شوێنەکەی جیادەکرێتەوە، لە بارەی هۆی گواستنەوە و کۆبوونەوەی دانیشتوان و نزیکی لە مەڵبەندەکانی چالاکیی پیشەسازییەوە، هەر وەکو لە هەرێمی میسڕدا هەیە کە سامانە کانزاییەکانی لە دەشتی کەناری کەنداوی سوێس و دەشتە کەنارییەکانی دەریای سوور لە دۆڵی نیلدا. نزیک مەڵبەندەکانی ئاوەدانی و هۆی گواستنەوە و کۆبوونەتەوە. هەروەها لە ناوچەکانی ئاسن و کانەکانی خەڵووز لە ئینگلستان و ڕۆژئاوای ئەوروپادا. کانزای زۆر دەوڵەمەندیش هەیە کە شوێنە جوگرافییەکەی یارمەتی وەبەرهێنانی نەداوە وەکو کانزا خاوەکان لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکراتی (هەرێمی شابا) و زامبیا کە لە کەنارەوە دوورن. هەندێ جار، هەندێک کانە زێڕ لەم ڕێسایە دەردەچن، چونکە بەرهەم هێنانەکی تۆڵەی ئەو پارەیەش دەکاتەوە کە تێی دەچێت.

  • بوونی هۆی گواستنەوە

ڕێگەی گواستنەوە بە هۆیەکی گرنگ دادەنرێت لە دیاریکردنی توانای وەبەرهێنانی کانزا لە ڕووی ئابوورییەوە، چونکە هەندێک کانزا کێشیان قورسە و قەبارەیان گەورەیە و کەم بایەخن بەگوێرەی کێش و قەبارەیان و هەروەها زۆربەی کانزا فلزییەکان لە کاتی پیشەسازییاندا کێشیان گەلێک کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر ماددەی خاو بگوێزرێتەوە بۆ وەدەستهێنانی فلزێكی کەم. لەبەر ئەمە هۆی گواستنەوە دەورێكی باڵە لام ڕووەوە دەبینێ. بوونی هۆی گواستنەوەی هەرزان و ئاسان بە تایبەتی گواستنەوەی ئاوی هانی وەبەرهێنانی کانزاکە دەدات و لەوانەیە وەبەرهێنانی بە ڕادەی ئاسانی گواستنەوەی خاوەکەیەوە بەند بێت. بۆ نموونە وەبەرهێنانی کانەکانی خەڵووزی مەنشۆریا بۆ ماوەیەکی زۆر خرانە پشت گوێ لەبەر ئەوەی گواستنەوەی خەڵووزەکە بۆ شوێنی بەکاربردنی زۆری تێ دەچوو. هەروەها هەمان شتیش دەگوترێت سەبارەت بە ئاسنی بەڕازیل کە تەنیا پێش چەند ساڵێک دەست کراوە بە بەرهەم هێنانی.

  • بوونی سەرمایە

بێگومان سامانی کانزا لە هەموو بوارە چالاکییە ئابوورییەکان زیاتر پێویستی بە سەرمایەی زۆر و زەوەند هەیە، چونکە پێویستی بە کرداری زۆر خەرجی هەیە بۆ گەڕان و پشکنین بە دوای کانزادا و دەرهێنانی لە کانەکاندا. زۆر جار پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت بۆ گەڕان بە دوای کانزادا پێش دڵنیایی پشکنینەکە سەرکەوتوو دەبن. 
سەرمایە کارێکی زۆر گەورەی هەبوو لەوەی کۆمپانیا مۆنەپۆڵە جیهانییەکان دەست بەسەر سامانی کانزای دەوڵەتەکانی جیهانی سێیەمدا بگرن و وەبەری بێنن، چونکە ئەو دەوڵەتانە  تازە پێگەیشتوون و سەرمایەیەکی تەواویان نییە بۆ بەرهەهمهێنانی سامانە کانزاییەکانیان و هەمووشمان ئەوە دەزانین کە چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بەسەر کانزای هەردوو ئەمریکا و هەندێ دەوڵەتی ئاسیا و ئەفریقادا گرتووە.

  • هۆی تر

وەکو بوونی سەرچاوەی وزە و سووتەمەنی پێویست کە وا هەندێ کانزا پێویستیان بە کۆکردنەوە و تواندنەوە و پاڵاوتن دەبێ لە نزیک مەڵبەندەکانی بەرهمهێنانەوە. جگە لەمەش ئاو و هەوا دەوری خۆی دەبینێ لە بەرهەمهێنانی کانزدا کە هەندێکیان دەکەونە ناوچە سەهۆڵبەندەکان یان بیابانەکان و وەبەرهێنانیان گرانە.
هەروەها بڕی یەدەگ کار دەکاتە سەر کرداری وەبەرهێنانی کانزاکە، چونکە تا یەدەگی کانزاکە زیاتر بێت پتر کرداری بەرهەم هێنان کۆدەکاتەوە. پێویستی زۆری جیهان بۆ کانزا پاڵی بە مرۆڤەوە ناوە کە کۆسپە سروشتی و ئابوورییەکان نەهێڵێت و کانەکانی بیابان و دارستانە دوورەکانی دەردەست کردووە، ئەمە سەرەڕآی دەردەستکردنی ئەو خاوانەی کانزایان کەم تێدایە، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە پیشەسازی پێویستی پێیانە و یەدەگی هەڵگیراوی ئەو کانزایانەش ڕوو لە کەمییە.


سەرچاوەکان

210 بینین