فەلسەفەی لۆژیک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-23:07:00 - کۆدی بابەت: 3679
فەلسەفەی لۆژیک

ناوه‌ڕۆك

لۆژیک (المنطق)

ئەگەر فەلسەفەی ڕەوشت چاکە بێت و بابەتی فەلسەفەی جوانی، جوانی بێت، ئەوا بابەتی لۆژیک ڕاستییە. لۆژیک وا پێناسە کراوە کە زانستی بیرکردنەوەی ڕآستە، یان زانستی یاساکانی بیرە، جا بابەتی بیر هەرچییەک بێت. ئەم پێناسەیە بە پێی لۆژیکی شێوەیی راستە، ئەو لۆژیکەی کە ئەرستۆ بنچینەکانی داناوە تا دەرکەوتنی جۆرەکانی لۆژیکی نوێ باو بوو. لۆژیک ناسانی نوێ نکۆلی لەوە ناکەن کە لۆژیک زانستی بیرکردنەوەیە کە ڕاست و هەڵە لەیەک جیادەکاتەوە، بەڵام بەرنامەی تاقیکاریان لەگەڵ داوە، لەبەر ئەمە لای ئەمان بووە بە زانستێکی ستایشانە، کەچی لای پێشووەکان زانستێکی پێوانەییانە بوو، واتە لێکۆڵینەوەیەکە دەربارەی ئەوەی کە بیرکردنەوەی دروست چۆن بێت، بۆیە پێشووەکان وایان داناوە کە زانستێکی پێوانەیی یان تەراوزوو یاخود ساغکەرەوەی بیرە، بیرناسانی پێشوو لۆژیکیان بە ئامڕاز و دەروازەیەکی زانستەکانیان دانابوو، ئێستاکە لۆژیک لەو بابەتانە کە لە ناخی فەلسەفە دەداتە لۆژیکی کۆن بە (شێوەیی) ناوبراوە، چونکە بابەتەکەی شێوەی زانستە.

یاساكانی بیر

یاساکانی بیر بە پێی لۆژیکی کۆن سێ پرەنسیپە:

• یەکەم: پرەنسیپی خۆیەتی (یاخود ناسنامە)، مانای ئەوەیە هەموو شتێک ئەوەیە کە هەیە، بە دەربڕینێکی دیکە شتەکە خۆیەتی (ئەلف ئەلفە). بوون نەبوون نییە، یاخود هیوا هیوایە و کەسی دیکە نییە.
• دووەم: لەوەی یەکەم پرەنسیپی دووەم وەردەگرێت کە (پرەنسیپی پێچەوانە)ـیە، شتێک ناشێت ئەو بێت و ئەو نەبێت لە یەک کاتدا (ئەلف با نیە) بوون نەبوون نییە، (هیوا ناهیوا نییە).
• سێیەم: پرەنسیپی لابراو: شتێک یان دەبێت یان نابێت (یان ئەلفە یان ئەلف نییە) واتە هیوا یان زیندووە یان مردووە ناشێت لە هەمان کاتتدا زیندوو بێت و مردووش بێت یان لە هەمان کاتدا دیار بێت و دیار نەبێت، یاخود ئامادە بێت و ئامادە نەبێت.

ڕوونكردنەوەكانی لۆژیك

جا لەبەر ئەوەی کە بابەتی لۆژیک بریتین لە کردەوەکانی ژیریی هۆش لە رووی دروستی و نادروستی. لە هەمان کاتدا کردەوەکانی ژیریش کە سێ شت بن کە بریتین لە تێڕوانین، پەسەندکردن یان بڕیاردان، بەڵگە هێنانەوە، کەواتە لۆژیک واتای ئەم سێ شتانە ڕوون دەکاتەوە:

١. تێڕوانین

زانینی ڕاستی شتە بێ ئەوەی حوکمی لەسەر بدرێ بە ئا یان نا، کە لێکۆلینەوەی چەمکەکان لەڕووی چییەتی و پێناسەکردنیان دەگرێتەوە. تێڕوانین یەکەم کاری ژیرییە کە بریتییە لە هەستکردن بە شتەکان و ڕوانین بۆ ماناکەی، و درک پێکردنی تاکە وەک هیوا، ئەگەر ماناکە زۆری دیکەی گرتەوە ئەوا دەبێتە (چەمک) وەک چەمکی مرۆڤی لە هیوا و نازدار.

٢. پەسەندکردن یان بڕیاردان

بریتییە لە گونجاندنی هزر (بیر) لەگەڵ واقیعدا و بڕیاردان لەسەر بەڕاست دانانی یان بەدرۆخستنەوەی، کە جۆرەها کێشە بە دوای خۆیدا دێنێ. پەسەندکردن بریتییە لە جیاوازی کردن یان بەرواردکردن لە نێوان دوو هزر، واتا بیسەلمێنن یان رەتی بکەنەوە کە خەڵووز ڕەشە یان ڕەش نییە.

٣. بەڵگە هێنانەوە

گوستنەوەی ژیرییە لەو کێشآنەی سەپێنراون بۆ هی دیکە کە لێیان وەرگیراوە، واتە ئەنجام دەرهێنانی نازانراو لە زانراو کە یان بەڵگە هێنانەوەی ڕاستەوخۆیە، وەک ئەنجام دەرهێنانی هەندی ئەفریقی مەغریبین لەوەی کە هەموو مەغریبییەک ئەفریقییە. یاخود بەڵگە ‌هێنانەوەی ناڕاستەوخۆیە ئەم دواییە پێوانەیە، دەبێت نێوانیێکیان ببێت وەک بڵێن: (هەموو مرۆڤێک نامێنێت و سۆکرات مرۆڤە، کەواتە سۆکرات نامێنێت).

ئامانجی لۆژیك

ئامانجی لۆژیک تەنها دۆزینەوەی ڕاستی نییە، جا ئەو ڕاستییە بیرکاری بێت یان فیزییایی و مێژوویی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بێت، ئەمە ئەرکی زانایان و پسپۆڕانی هەر زانستێکە لەو زانستانە. هەر زانستە شێواز و بەرنامەی خۆی هەیە.

زانیاری لۆژیك

ئەوەی بەلای لۆژیکەوە گرنگ بێت زانینی ئەو مەرجانەیە کە وایان کردووە ڕاستی شیاو بێت. لەم ڕووەوە زانیاری لۆژیک سێ تایبەتمەندێتی هەیە.

• لۆژیک (المنطق): جۆرێکی زانیاری شیکارییە، واتا زانیاری لە درک پێکردنی ڕاستییەوە بۆ زانینی مەرجەکانی رآستی بەرز دەبێتەوە.

• لۆژیک جۆرێکی زانیاری رەخنەییە: هەوڵ دەدات راست و ناراست لەو مەرجانە کەیەک جیابکاتەوە و دەری بخات کامیان وردترن بۆ گەیشتنە راستی و دەربڕینی.

• لۆژیک جۆرێکی زانیاری پێوانەییە یان بەهاییە: نە لە بیرکردنەوە دەکۆڵێتەوە وەک کە هەیە، نە لە واقیع دەکۆلێتەوە بەڵکو لەبیری راست و دروست دەکۆڵێتەوە، واتا بیر دەبێت چۆن بێت لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەی کە وای لێدەکەن لەگەڵ خۆی و لەگەڵ واقیع دا گونجاوتر بێت. لێرەدا لۆژیکناس لەگەڵ دەروونناس و مێژووناس و سروشتناس جیاوازە، لە رووی ئەوەی ئەوان لە واقعی دەروونی و مێژوویی و سروشتی دەکۆڵنەوە وەک خۆیان کە هەن نەک وەک ئەوەی دەبێت وابن یان رووبدەن، کەچی ڕۆڵی لۆژیکناس بە دواچوونی ئەو هەنگاوە بیریانەیە کە هەریەک لەوان بۆ گەیشتنیان بەڕاستی پەیڕەویان کردووە.


سەرچاوەکان

2509 بینین