ناوهڕۆك
فەلسەفەی ڕەوشت چییە؟
ڕەوشت ناسی یان فەلسەفەی ڕەوشت زانستێکە ئەو مەرجانە دادەنێت کە پێویستە لە کردەوەکانی مرۆڤدا هەبن بۆ ئەوەی ببێتە بابەتێکی رەوشتی، یان ئەو زانستەیە کە نموونەی بەرز دادەنێت بۆ ئەوەی رەفتاری مرۆڤی پێ دیاری بکرێت. کەواتە زانستێکی (پێوانەکی)ـیە واتە لەوە دەکۆڵێتەوە کە هەڵسووکەوتی مرۆڤ دەبێت چۆن بێت، فەلسەفەی رەوشت بابەتێکە لە بابەتەکانی فەلسەفە کە لە سروشتی ڕەفتاری رەوشت و حوکم و مەرجەکانی رەوشت دەکۆڵێتەوە و ڕەوشت گرنگی بەوە دەدات بگاتە پرنسیپە گشتییەکان و چەمکە بنەڕەتییەکان کە رەفتاری مرۆڤی لەسەر دامەزراوە، بەڵام مەبەست لە ڕەفتاری رەوشت هەموو ئەو کردەوانەیە کە بە ئەنقەست لەلایەن کەسێکی هۆشیار ئەنجام دەدرێت کە لە دەرئەنجامەکانی ئەو کردەوانەی ئاگاداریشە کە ئەنجامییان دەدات.
بابەتەكانی
بابەتەکانی ئەم زانستە ئەمانە دەگرێتەوە:
1. بنچینەی هەستی رەوشتەکانمان.
2. ئەو پاڵنەرەی وامان لێدەکات کە هەستە رەوشتییەکانمان جێبەجێبکەین.
3. مەبەست و ئەنجامە کۆتاییەکان کە بە کارە ڕەوشتییەکانمان دەمانەوێ بیگەینێ.
4. ئەو پێوەرانەی بەکاری دەهێنین بۆ پێوانەکردنی کارەکانمان و حوکم لەسەردانی بە باش یان خراپ.
بە کورتی ڕەوشتناسان کۆک نین لەسەر سروشتی پرەنسیپ و بەهاکانی رەوشت چونکە هەندێکیان دەڵێن مرۆڤ دایناون دوایی بە پێی چەند ڕێسایەکی کردارەکی کە لەسەر کەڵک و بەرژەوەندی خۆیەتی دامەزرابوو پەرەی سەند بۆ چەند ڕێسایەکی دیکە کە لە سەر کەڵکی گشتی دامەزرا، تا کە کۆتاییدا بوو بە پرەنسیپە رەوشتییە چەسپاوەکان (جیگیرەکان) کە نەتوانرێ دەستکاری بکرێت، کەچی هەندێکی دیکە پێیان وایە رێژەییە، واتە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەش جیاوازە. بەڵام زۆربەی فەیلەسووفانی رەوشت بۆچوونیان وایە بنەما ڕەوشتییەکان (پێوەرەکییە) و رەهاو ڕیژەیی نییە، جیاوازی نێوان گەلان و سەردەمەکان پەیوەندی بە ناوەڕۆکی پرەنسیپ و بەها رەوشتییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە لێکدانەوەی ئەوەی پرەنسیپ و ڕێسا رەفتاری و دابونەریتەوە هەیە.
بەڵام چۆن کردارەکانمان پێوانە دەکرێ؟ فەیلەسووفەکان بۆ یاسای خۆدی تاکەکەسی دەیگێڕنەوە (واتە بۆ بوونی یاسایی رەوشتی لە سروشتی مرۆڤدا، بریتییە لە ویژدان، یاخود دەنگی ناوەوە یاخود دەنگی هۆشمەندی کە پێی دەڵێن (هۆشمەندییەکان)، فەیلەسووفانی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی و هەروەها (کانت)ـیش هەمان شتیان پێ وتووە، هەندێ لەم فەیلەسووفانە دەڵێن تەنها هۆش سزای سەرپێچی ئەرکەکان نادات، بەڵکو (هەست) یان هەست بە ئازارکردنی زۆری هەمەجۆر سزا بەخشە. دژ بەم یاسا خۆیەتی (خودیەتی)ـیە هەیانە باوەڕی بە یاسای دەرەکی هەیە لە جوای پەروەردگار یان سزای یاسا مەدەنیە داندراوەکانی دنیایی یان کۆمەڵگە و دەوڵەت بۆیە مەسەلەکانی ئازادی و دادپەروەری و یاساش هەر بەمانە بەستراونەتەوە.